کتێبی «بۆچی مەڕەکان ڕێچە ناشکێنن؟» چاپ و بڵاوکرایەوە
کتێبی «بۆچی مەڕەکان ڕێچکە ناشکێنن؟ چۆن لیبرالیزمی نوێ کۆمەڵگە و بناغەکانی ژیان هەڵدەتەکێتێت؟» لە نووسینی پڕۆفیسۆر ڕاینەر م و ئامادەکردن و وەرگێڕانی لە ئەڵمانییەوەی کەریم مەلا ڕەشید لە لایەن چاپخانەی کارۆ چاپ و لە لایەن ڕێکخراوی ئازادبوون بڵاو کرایەوە.
پوختەیەک لە ژیانی وەرگێڕ:
کەریم مەلا ڕەشید لە کەرکووک لەدایکبووە و هەر لەوێش قوتابخانەی سەرەتایی و ناوەندی و دواناوەندیی تەواو کردووە. پاشان لە کۆلێژی زانستی و لە بەشی فیزیکی زانکۆی سلێمانی درێژەی بە خوێندن داوە. کەریم مەلا ڕەشید دەڵێت: لەبەر ئەوەی زانکۆی سلێمانی گوێزرایەوە بۆ هەولێر، ئێمەش ئاهەنگی دەرچوونمان لە هەولێر گیرا. ساڵی ۱۹۹۵ لە وڵاتی ئەڵمانیا نیشتەجێ دەبێت و پاش دوو ساڵ لە ئەکادیمیای دامەزرێنەرانی ئەڵمانی لە شاری هانۆڤەر و لە بەشی IT واتا ئینفۆرمەیشن تەکنیک دەستی بە خوێندن کردۆتەوە. پاشان چەندین ساڵ لەو بوارەش کاری کردووە و دواتر چۆتە بواری پیداگۆگی لە ئامۆژگاری پێگەیاندن لە نیدەر ساکسن .ناوبراو ئێستا لەگەڵ هاوسەری لە شاری هانۆڤەر ژیان بەسەر دەبات و خاوەنی دوو کوڕ و کچێکە کە ئەوانیش دامەزراون.
کورتەیەک لەبارەی کتێبەکە بە قەڵەمی وەرگێڕ:
«هۆمیرۆس» یهكێک بوو لهوانهی بۆ یەکەمین جار وەکوو ئاماژەیەک بۆ جیاکردنەوەی گەل لە سیاسەتمەدارانی دەوڵەت ئەو مێتافۆرەی (لێکچواندن metaphor) بەکار هێنا. جگە لەوەش وشەی «شوانکارە» وشەیەکی لەبار و کاریگەرە. بهڵام ئایا بۆچی بیر لەوە کرایەوە کە گهل بکرێت بە ڕانەمهڕ و پاشان پێویستی بە شوانکارە بێت؟ ئایا چۆن و بە چ پێوەرێک شوان ڕۆڵی شوانکارەیی پێ دەدرێت؟ ئەی بۆچی پێویست به سهگی شوانكارەیی (سەگی پاسەوان) دەکات بۆ ئهوهی ئەو مێگهله ڕێچکە نەشکێنێت؟
لیبڕالیزمی نوێ بەراورد بە چەمکەکانی دیکەی بوواری سیاسی، وێڕای ئەوەی چەمکێکی زۆر گرنگی مێژووییە، بەڵام وەکوو زۆر چەمکی ئەگەر پەردەپۆش نەکرابێ، ئەوا دووچاری شیواندن کراوە. ئەو چەمکە لە نووسین یا لە گوتارەکاندا یا بەرچاو ناکەوێت یا زۆر بەدەگمن ئەگەر بەرچاو بکەوێ. لیبڕالیزمی نوێ ئایدۆلۆژیایەکی سیاسی ئابوورییە و زۆر بەقووڵی ئاوێتەی سیاسەتی ئابووری و سیاسی وڵاتان کراوە. هەڵبەتە نەک لە وڵاتانی ئێمەمانان، بەڵکو لە وڵاتانی ڕۆژئاوایی، نەک ڕووناکی ناخەنە سەر ئەو بابەتە، بەڵکوو بۆ قسەکردن لەبارەی ئەو ئایدیۆلۆژیایە و کاریگەرییە نەرێنییەکانی لەسەر سەرجەم بوارەکانی ژیانمان، لەکاتێکدا نیولیبراڵیزم توندڕەوترین فۆرمی سەرمایەداریی سەردەمە نایانەوێ چاوپێکەوتنیش لەگەڵ شارەزایەکی سیاسی ئەو بووارە ئەنجام بدەن. هەڵبەتە بەدرێژایی مێژوو هیچ ئایدیۆلۆژیایەکی سیاسی نەیتوانیوە بە ئەندازەی نیولیبراڵیزم بەرفراوان و کاریگەر بێت، بە ئەندازەیەکی ئەوتۆ، بتوانێت تەشەنە بکاتە نێو سەراپای بوارەکانی ژیانی ڕۆژانەمانەوە. بەبێ ئەوەی درکی پێ بکەین ناچارمان بکات ملکەچی کاریگەرییەکانی بین. لەم کورتە باسەی کتێبەکە گوتەیەکی (جین تسیگلەر) نێردەی پێشووی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان (UN) بۆ مافەکانی دەستەبەرکردنی خۆراک لەوبارەیەوە بەشدەکات کاتێ جەختی لەوە کردووە کە: «فاشیزمی ئەڵمانی پێویستی بە شەش ساڵ جەنگ هەبوو بۆ ئەوەی ۵۶ میلیۆن مرۆڤ بکوژێت – بەڵام سیستەمی ئابووریی نیولیبراڵی زۆر بەئاسانی تەنها لە ماوەی یەک ساڵ ئەنجامی دەدات.». بۆنمونە وشەکانی دیموکراسی و ئازادی کە بە ڕادەیەکی سەرسوڕهێنەری ئەوتۆ لێوانلێون لە بەڵێن و ئومێدی زۆر مەزن بۆ کۆمەڵگە سیخناخ کرابوون بەجۆرێک، ئیدی بۆیان هەیە بە وزەیەکی پڕجۆش گۆڕانکاری بەرپا بکەن. بەڵام ئەمڕۆکە لەسایەی نیولیبڕالیزمدا ئەو وشانە لە سێبەرێک بەولاوە، هیچ شتێکی دیکە بەو ئومێدانەی لە بنەڕەتدا پێشتر پێیانەوە هەڵچنرابوون و گرێیان خواردبوو نابەستێتەوە. باشە، ئەی چی ڕووی دا؟ دیارە بە هیچ کلۆجێک ڕووی نەداوە کە مرۆڤ بەو ئەندازە زۆرە و لە قووڵایی دڵەوە هیوا و ئومێدەکانی خۆی بە دوو وشەوە گرێ بدات، هاوکات بەو سەختییە لە بنجوبناوانەوە لەباری کۆمەڵگەییەوە لە واتا جەوهەرییەکانی ڕابردووی بەو ئەندازە و شێوازە خراپە بەتاڵ بکرێتەوە، ساختەی تیا بکرێت و ببێتە مایەی بەدکاری. لە هەمان کاتیشدا لە دژی ئەو کەس و لایەنانە بەکار بهێنرێتەوە بیرکردنەوە و هەڵوێستیانی پێ گەشاوەتەوە. لە ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا دیموکراسییەت ڕێک واتای هەڵبژاردنی ئۆلیگارشییەکانی نوخبە سەرەکییە ئابووری و سیاسییەکان دەبەخشێت، ئەوانەی چەق و ناوەندەکانی سەرجەم بوارە کۆمەڵگەییەکانیان بۆ خۆیان پاوان کردووە، بەتایبەتی بواری ئابووری، بە شێوەیەکی جەوهەریش لە هەموو جۆرە لێپرسینەوەیەکی یاسایی و کۆنترۆڵێکی دیموکراسییانە بەدەرن و پارێزراون. ئیدی ئەمڕۆکە ئازادی تەنها بە واتای ئازادیی ئەو لایەنانە دێتەوە کە دۆخ و باری ئابوورییان بەهێزە و خاوەنی دەسەڵاتن. دیموکراسیش لە دیموکراسیی نوخبەگەری چڕکراوەتەوە، ئەوەش هەموو بنەماکانی یەکسانی پێشێل دەکات و شتێک بەمانای بەشداریکردنی گەل لە پڕۆسە سیاسی بڕیارە چارەنوسسازە سیاسیەکان ناهێڵێ. هەڵبەتە لە دیموکراسیی نوخبەگەریدا تەنها بە ڕواڵەت توخمێکی فەرمیی دیموکراسی هەیە کە لەباری پێکهاتەییەوە بۆ نزمترین ئاست کەم کراوەتەوە.
کار و هەڵوێستی ئازادیخوازانەی سیاسی لە سایەی نیولیبراڵیزمدا، پێویستی بە بەرەنگاربوونەوە و خەباتێکی نەبەردانە هەیە. چونکە، وەک دەرکەوتووە، نیولیبراڵیزم بێئەندازە جیڕە و توانای خۆگونجاندنی هەیە، دەتوانێت مانەوەی خۆی بپارێزێت تەنانەت ئەگەر بار و هەلومەرجەکانی دەوروبەریشی گۆڕانیان بەسەردا بێت. هەر بۆیە ئەرکی جووڵانەوە سیاسییە ئازادیخوازەکان بریتیە لەوەی بتوانن زۆر چالاکانە، بەپێی هەلومەرج گۆڕانکاری بکەن و بیگونجێنن، ئاستی تێگەیشتنیان بەچاکی بخەنە گەڕ بۆ داهێنان و پەرەپێدانی ستراتیژێکی لەبار و گونجاو. لە هەمبەر ئەو دەسەڵاتدارێتییەی باڵی بەسەردا داوین و ئەو پاوانخوازی و ستەمکارییەی ئەو دەسەڵاتە تاکڕەوە دژ بە ئێمە بەکاری دەهێنێت، بەدڵنیایی لاسەنگییەک هەیە لەنێوان ئەو هێزەی حکوومڕانان و دەسەڵاتداران هەیانە لەگەڵ ئەو دەسەڵاتەی ئێمە هەمانە، بۆیە بەتەنیا و تاکوتەرایی یاخود وەکوو تاک بە مانای وشەکە، ئێمە دەستەوەسان و بێ دەسەڵاتین، تەنها بە هاوکاری، یەکڕیزی و یەکدەنگی کار و چالاکییەکانمان دەتوانین ڕادەی ئەو لاسەنگییە کەم بکەینەوە و بەپێی ڕەخسانی دەرفەت شکستیان پێ بهێنین. پێویستە بەشداریکردن و کاری پێکەوەیی ئەو چالاکییانە لە بۆتەی یەک ئامانجدا ئاوێتە بکرێن، هەروەها پێویستە بە جۆرێک پیادە و ڕێبەری بکرێت بە یەکگرتوویی بمێنێتەوە، پشوودرێژ و بەردەوامی هەبێت و جێگێر بن. ئەگینا وەکوو بڵقی سەر ئاویان لێ دێت، دوا جار بەراورد بە جێگیری و بنجداکوتانی لایەن و هێزەکانی دەسەڵاتدارێتیی سیاسی، کاریگەرییان نابێت.
ئێمە گەنجینەیەکی مێژوویی زۆر دەوڵەمەندمان هەیە بۆئەوەی بۆ کار و جوڵانەوەی سیاسی خۆمان بیوانین سودیان لێوەرگرین، ئەوەش بنەما و بیرۆکەکانی قۆناغی ڕۆشنگەریی ڕادیکاڵییە و لە ناوەڕۆکدا ڕەگوڕیشەیەکی مێژوویی قووڵیان هەیە و بە شێوەیەکی تایبەتی له سهروبهندی ڕۆشنگەریدا بە پوختەکراوی داڕشتنی بۆ كراوە، هەروەها لهو كاتهوه به بهردهوامی وردهكاری تیا كراوه و به زۆر ئاراستەدا بەرەو چاکی پەرەی پێ دراوە . ئەو بنەمایانە مەزنترین دەستکەوتی کۆمەڵگەیین. ئەو دەستکەوتانەی بەرەنجامی هەزاران ساڵ خەبات و تێکۆشانە بۆ هێنانەدی کۆمەڵگەیەکی شایستە بە سەروەری و شکۆمەندیی مرۆڤ.
ئەم کتێبە تەنها وەرگێڕانێکی پەتی نیە، بەڵکو لە زۆر جێگایدا بەپێی پێویست بە گەڕانەوە بۆ خوێندەوەکانم تێبینیەکانی خۆشم لەنێوان کەوانەیەکی تایبەتی نووسیون و لە پەراوێزدا ئاماژەم پێکردوون، هەروەها لەهەندێک جێگا پێوستی کردووە زانیاری لە سەرچاوەی دیکە وەرگرم بۆئەوەی بابەتەکەی پێ دەوڵەمەند بکەم، دیارە ئەوانەشم لە پەراوێزەکاندا ئاماژە پێکردووە.
بۆ وەرگێڕانی ئەم کتێبە دەبوایە بۆ خوێندەوەکانی دیکەم بگەڕێمەوە و پەنا بۆ هەندێک لەو سەرچاوانەش بەرم نووسەر ئاماژەی پێکردبوون، لەوانە چۆمسکی و ئینگەبۆرگ و هتد، بۆیە لە زۆر جێگایدا بەپێی پێویست تێبینیەکانی خۆشم لەنێوان کەوانەیەکی تایبەتی نووسیون و لە پەراوێزدا ئاماژەم پێکردوون. بۆیە ئەم کتێبە تەنها وەرگێڕانێکی پەتی نیە، بەڵکو زانیاری لە سەرچاوەی دیکەش تێدایە پەیوەست بە بابەتەکانی کتێبەکە هاتۆتە پاڵێ. گرنگی ئەم کتێبە بریتیە لەوەی بابەتەکانی لە ژیانی ڕۆژانەی خۆماندا هەیە، لێ ئەستەمە درکیان پێبکرێ.
لە پشتی بەرگی کتێبەکە ئەم تێکستە نووسراوە:
لەم کتێبەدا وشەی نوخبە Elite بە زۆری بە واتای هەڵبژاردە، هەڵکەوتوو یان پێشەنگ بەکار هاتووە. ئەو نوخبەیەی لەم کتێبەدا باس دەکرێت مەبەست لێی ئەو کەسە بەتوانایانەی لەم کتێبەدا ئاماژەی پێ دەکرێت لە لایەن نیۆ لیبرالیزمەوە وەکوو چەمکەکانی دیکە نوقمی ئایدیالۆژیا کراوە و تەنها نوخبەی دەسەڵاتدارێتی، حکوومڕانی و سەرمایەداران دەکرێتەوە، چونکە ئەوانە تەنها خودی خۆیان بە نوخبەی کۆمەڵگە دادەنێن و هەر خۆشیان بە خۆیان دەڵێن نوخبە.
ئامادەکردنی هەواڵ: ئەحمەد عەبدولحەکیمی