خانه / اخبار و رویدادها / کتێبی رێبازی لێكۆڵینەوە بۆ ئامادەكردنی لێكۆڵینەوەی زانستی

کتێبی رێبازی لێكۆڵینەوە بۆ ئامادەكردنی لێكۆڵینەوەی زانستی

کتێبی رێبازی لێكۆڵینەوە بۆ ئامادەكردنی لێكۆڵینەوەی زانستی

عومەر رەسوڵ خدر

کتێبی (رێبازی لێکۆڵینەوە، ئامادەکردنی لێکۆڵینەوەی زانستی) لە نووسینی دكتۆر تالیب حسێن-ە،  نووسەر لەم كتێبەدا زۆر بە وردی باس لە رەوش‌ و رێڕەوی لێكۆڵینەوەی زانستی دەكات‌ و پەی بەوە بردووە هەموو لێكۆڵینەوەیەكی زانستی‌ و بەپێز، بنەما‌ و شێوازێكی تایبەت بە خۆی هەیە و تەنها لەو رێگەیەوە دەتوانرێت ئامانجەكان دەستەبەرببن‌ و دروستییان دیار بكەوێت. راستە مرۆڤ بە پشتبەستن بە ئەزموون ‌و لێكدانەوەكانی خۆی لە دەمێك ساڵەوە توانیویەتی رێبازی لێكۆڵینەوەكانی بخاتەسەر رێڕەوی دروستی خۆی، بەڵام سەبارەت بە رەوشی زانستی بەدڵنیاییەوە تەنها لێكۆڵینەوە لەسەر ئاراستەیەك‌ و فۆرمێك لەوە ناچێت بەسەر هەموو بوارەكانی سەردەمی تەكنۆلۆژیا و ئینفۆرماتیكدا جێبەجێ بكرێت‌ و تەواو بەرئەنجامی دروست بدات بەدەستەوە، بۆیە دەشێ بەپێی سەردەمەكان شێوازی لێكۆڵینەوە ئەكادیمییەكانیش گۆڕانیان بەسەردا بێت. 
ئەوەی ئێمە لێرەدا دەمانەوێت زیاتر تیشكی بخەینەسەر، لێكۆڵینەوەكانی بواری زانستە مرۆییەكانە، كە بە مانا بەرفراوانەكەی توێژینەوە و پشكنین‌ و بەدواداچوون ‌و ساغكردنەوە و  تاوتوێكردنیش لەخۆدەگرێت. دكتۆر تالیب زۆر لێزانانە پەی بە هەموو لایەنەكانی شێوازی لێكۆڵینەوەكان بردووە و پێماندەڵێت: كە بابەتێك پەیوەندی بە ئەدەبیاتی كۆنەوە هەبوو، دەبێت كەسی لێكۆڵەر، پسپۆڕیی  تەواوی لەسەر مێژووی ئەدەب هەبێت ‌و ئاشنایەتی تەواوی لەگەڵ ئەو سەردەمەدا هەبێت، كە دەقەكەی تێدا نووسراوە، بەتایبەتی ئەگەر لێكۆڵینەوەكە لەسەر شاعێریك، یان چیرۆكنووسێك‌ و…هتد، كرابێت. دەبێت كاریگەری‌ و دۆخی ئەو قۆناغە لەبەرچاو بگیرێت، لەسەرووی هەمووشیانەوە ئەوەیە لێكۆڵەر كاریگەری رێبازیك، یان قوتابخانەیەكی سەردەمی رابردوو  لەسەر ئەدەبی كوردی، لەبەرچاوبگرێت‌ و بزانێت هەلومەرجی ئەو رۆژگارە چۆن بووە، تەنانەت لایەنی زمان‌ و رەوانبێژیش رەچاو بکات.

دواتر دكتۆر تالیب ئاماژە بەوە دەكات، دەبێت لێكۆڵەر ئەو بابەتەی هەڵیدەبژێرێت، سەرەتا ئەم خاڵانەی خوارەوە بزانێت: ئایا ئەو بابەتەی هەڵیدەبژێرێت شایانی ئەوەیە خۆی لەپێناودا ماندوو بكات؟ ئایا ئەو بابەتە لە توانای رۆشنبیریی ئەودایە و پێیدەوێرێت؟  دەبێت حەزی لێبێت‌ و پلانی پێشوەختەی بۆ داڕشتبێت ‌و كەرەستەی تەواوی بۆ كۆكرابێتەوە، وەك: كتێب ‌و گۆڤار و رۆژنامە و بڵاوكراوە و دۆكیۆمێنتاری ‌و سەرچاوە ئەرشیفكراوەكان. ئەوەی ماوە بیڵێین، ئەم كتێبە شایانی ئەوەیە خوێنەران بە گشتی ‌و زانكۆ و پەیمانگاكان بەتایبەتی، كەڵكی لێوەربگرن. خوالێخۆشبوو دكتۆر تالیب حسێن بۆ نووسینی ئەم كتێبە، كەڵكی لە چەندین سەرچاوەی متمانەداری ئەكادیمی وەرگرتووە و بەشێوەیەكی پرۆفیشناڵانە شێوازی لێكۆڵینەوەی ئەدەبی دەستنیشانكردووە. ئەمەش ئەو راستیەمان پێدەڵێت، ناوبراو كەسێكی دڵسۆز و خەمخۆر‌ و بەپەرۆش  بووە بۆ فەرهەنگ ‌و رۆشنبیری كوردی. ئەوەی جێگای داخە هەتا ئێستا كەس بە جددی ئاوڕی لە نووسینە ئەكادیمییەكانی ئەو نووسەرە نەداوەتەوە و زیاتر بە لەبیر چوونەوە سپێردراوە.

درباره‌ی خانه کتاب کُردی

همچنین ببینید

کتێبی شێعری «غوربەت» چاپ و بڵاو کرایەوە

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *