خانه / دسته‌بندی نشده / مارف ئاغایی، ئەستێرەیەک کە زوو ئاوا بوو

مارف ئاغایی، ئەستێرەیەک کە زوو ئاوا بوو

مارف ئاغایی، ئەستێرەیەک کە زوو ئاوا بوو

یەکێک لە پێشەنگەکانی شیعری کوردی لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە دەیەی ۱۹۸۰ و ۱۹۹۰، مارف ئاغاییە. پێشەنگێک کە زۆر زوو ماڵئاوایی لە ئەدەبی کوردیی کرد، وەک ئەوەی مەرگی نابەوەخت میراتێک بێت لە سوارە ئیلخانیزادەوە بەجێ مابێت و کەسانی وەک مارف ئاغایی و ژیلا حوسێنی میراتگری بن.
 مارف ئاغایی هەر لە سەرەتای گەنجییەوە دەستی بە نووسین کرد، وەک شاعێرێکی دەروەست دەناسرا کە شیعرەکانی لەگەڵ ئەوەی لە باری فۆڕم و زمانی دەربڕینەوە نوێخوازیان تێدابوو، لە باری ناوەرۆکەوە هەڵگری خەم و ئازارەکانی کۆمەڵگا بوو، خۆشییەکانی کۆمەڵگا لە شیعرەکانیدا رەنگی دابووە. دیوانە شیعرەکەی کە بەرهەمی چەند ساڵی کەمی کاری ئەدەبی ئەم شاعیرە گەنجەی تێدایە، ئاوێنەی باڵانوێنی کۆمەڵگایە. دیوانەکەی کە  ناوی  (زەوی سەخت و ئاسمان دوور)ە، یەکێکە لەو دیوانە شیعرییانەی لە سەرەتای چاپ بوونییەوە زۆر پێشوازیی لێکرا. 

مارف ئاغایی ۲۲ی جێنیڤەری ۱۹۶۶ لە شاری نەغەدە لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە دایکبوو. بە پێی رۆژژمێری هەتاوی ۲ی رێبەندانی ۱۳۴۴، ساڵڕۆژی دامەزرانی کۆماری کوردستان رۆژی لە دایکبوونی ئەم شاعیرە هەست ناسکەیە. مارف لە گوندی وەزەنێ سەر بە شاری نەغەدە لە ناوچەی سندووس لە دایکبوو.
خوێندنی سەرەتایی و ناوەندیی لە شاری نەغەدە تەواو کردووە و لە گەرمەی خوێندنی ناوەندیدا لەگەڵ بنەماڵەکەی چووەتە شنۆ. لەوێش لە قۆناغی ئامادەییدا ساڵێک زیندانی کراوە، زیندانیکردن بوو بە هۆی ئەوەی لە خوێندن داببڕێت و نەتوانێت و بۆی نەکرێت درێژە بە خوێندن بدات.

ساڵی ۱۹۸۵ یەکەم بەرهەمی لە گۆڤاری سروەدا بڵاوکردەوە. ئەو کاتە گۆڤاری سروە تاکە گۆڤاری ئەدەبی بوو لە رۆژهەڵاتی کوردستان، سەرەتا کەسانێکی وەک مامۆستا هێمن موکریانی و ئەحمەد قازی کاریان تێدا دەکرد. ساڵی ۱۹۸۷ بووە بە ئەندامی دەستەی نووسەرانی گۆڤاری سروە. کارکردنی لە گۆڤاری سروەدا بوو بە هۆی ئەوەی خوێنەرانی ئەم گۆڤارە زیاتر بن و لە راستییدا کاریگەریی لەسەر گۆڤارەکە هەبوو. ساڵی ۱۹۸۸ لەگەڵ (ئازەر سەمسایی) زەماوەندیان کرد و بەرهەمی ئەم زەماوەندەش کچێک و کوڕێکە بە ناوەکانی  شەونم و پەیام. 
مارف ئاغایی لە ماوەی کارکردنی لە گۆڤاری سروەدا، هەوڵیدا سەرجەم زارە کوردییەکان بە باشی فێر بێت. ئاشنابوون بە سەرجەم زارە کوردییەکان، رەنگدانەوەی لە بەرهەمەکانیدا هەیە. 

راستە ئەو نەیتوانیبوو بچێتە زانکۆ و خوێندنی ئامادەیی تەواو نەکردبوو، بەڵام بە هەوڵ و ماندووبوونی خۆی، لە ورمێ فێری زمانی ئینگلیزی بوو، کتێبی (هەستی ناسیۆنالیستی کورد)ی لە زمانی ئینگلیزییەوە کردە کوردی. هەرچەند بەداخەوە ئەم کتێبە چاپ نەبووە و دەستنووسەکەی ون بووە.
یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی زمانی نووسینی مارف ئاغایی، ئەوەیە ئاغایی لەو نووسەرانە نییە کە فۆڕم بوو بێت بە کەڵکەڵەی سەرەکییان، یان ئەوەی فۆڕمیان لەبیر کردبێت، بەڵکوو ئەو هەم گرنگی بە فۆڕم و زیاتر گرنگی بە ناوەرۆک و مانا و پەیام دەدا. 

بەداخەوە مەرگی ناوادە، جوانەمەرگبوون مەودای نەدا ئەم ئەستێرە گەشەی ئەدەبی کوردی زیاتر خزمەت بە ئەدەبیات و شیعر بکات و رۆژی ۱۴ی شوباتی ۱۹۸۸ (۳۰ رێبەندانی ۱۳۷۶) لە تەمەنی ۳۲ ساڵیدا و لە گەڕانەوەی لە پرسەی (میناخانم) هاوژینی (پێشەوا قازی محەمەد) و لە رێگای مەهاباد – ورمێ، بە هۆی رووداوی هاتووچۆوە لەگەڵ دوو هاوڕێی تری بە ناوەکانی (جەعفەر قازی) و (سەرتیپ مەنسووری) کە پێکەوە لە گۆڤاری سروە کاریان دەکرد، گیانی لەدەستدا و ماڵئاوایی لە ژیانکرد و بۆ هەمیشە ماڵئاوایی لە خوێنەرانی شیعرەکانی و خوێنەرانی گۆڤاری سروە کرد و لەسەر وەسیەتی خۆی لە بەشی ناودارانی گۆڕستانی بوداغ سوڵتانی شاری مەھاباد لە نزیک گڵکۆی ھەژار و ھێمن بە خاک سپێردرا.

بێ تۆیی
شەوەکانم پڕن لە تەنیایی من و بێ تۆیی تۆ
 شەوێک دووریی لەگەڵدا بێ،
درێژترە لە سەختەڕێی لە دایکبوون هەتا مردن.
 ئەوە چرام کوژاندەوە، چاوم وێک نا، هەموو دونیام،
فەرامۆش کرد،
ئەوە خەوتم،
بەڵام چ بکەم، خۆ هەر شەو نا،
خەوەکانم پڕن لە تەنیایی من و بێ تۆیی تۆ.

مانەوە
ئەم خۆشەویستە دڵڕەقە عیشق پەروەرەی
نە دەتوانم وەکوو کیژێک بیخەمە پاشتەرکی ئەسپ و
لەژێر سایەی زێڕەوشانی تریفەی مانگەشەوێکدا هەڵیگرم،
نە دەشتوانم هەرگیز دڵی لێ بەردەم و
خۆم گیرۆدەی کۆلکەزێڕینەی شوێنێکی دیکە بکەم
ناوی: خاکە
 ئەم دەریایەی
نە دەتوانم لە جامی چاوەکانمدا رایگوێزم و
نە دەشتوانم لە دووریی ئەو
لە ئوقیانووسی هیچ شوێنێکی دیکەدا قومە ئاوێک
بخۆمەوە،
ناوی: خەڵکە
 من دەزانم دارستانی هەموو شوێنێک،
جریوەی گەرمی چۆلەکە و
رووباری هەموو وڵاتێک،
دەنگی تاڤگە و رەنگی کەف و پێچ و پەنای رێگەی بەرەو
دەریای هەیە،
بەڵام چ بکەم، لێرە نەبێ،
نە گوێم چاکیان دەبیسێت و
نە چاوم چاکیان دەبینێ و
نە گیانم چاکیان هەست دەکا.

درباره‌ی خانه کتاب کُردی

همچنین ببینید

دەربارەی هونەری پەروەردە

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *