خانه / اخبار و رویدادها / کتێبخانەکەی ئەندازیار و شاعیر تەیب جەبار

کتێبخانەکەی ئەندازیار و شاعیر تەیب جەبار

ڕۆژێک دادێ تۆ دەبیتە شۆڕەبی

بەختیار حەمەسوور

هەرکات بیر لە کتێب و کتێبخانە دەکەمەوە یەکڕاست نووسەری ئەرژەنتینیی خورخێ لویس بۆرخیس دێتەوە یادم. بۆرخیس عاشقی کتێب بوو، بە جۆرێک کە ئیمکانبوونی بەهەشت بۆ ئەو، تەنیا لەو کاتەدا بەرجەستە دەبوو کە لە شێوەی کتێبخانەیەکدا بێت!.
ئەو هێندە عاشقی کتێب بوو، کاتێک دەچووە کتێب فرۆشییەک و دەستی دەدایە کتێبێک و ناونیشانەکەی دەخوێندەوە و دڵنیا دەبوو لەوەی لە ماڵەوە کۆپییەکی ئەو کتێبەی هەیە، خەفەتی دەخوارد. لەمەدا لەم ئەڤینە سووتێنەر و هەژێنەرەدا، بۆرخیس تەنیا نییە، زۆری تر لە پەنا و پەسێوەکانی سەر گۆی ئەم زەوییەدا هەن و بە هەمان رادەی بۆرخیس، دۆستایەتی لەگەڵ کتێبدا دەکەن، چەند ساڵ لەمەوبەر کە ئەندازیار و شاعیر تەیب جەبار- م ناسی، هەمان ئەو عەشقەم تێدا بینییەوە، زانیم ئەم پیاوە «بێ کتێب هەڵناکات».
هاوینی ئەمساڵ، کاتێک بە سەردان و میوانیی رێم کەوتە گەڕەکی هەوارەبەرزەی شاری سلێمانی، پاش بەخێرهێنان و دابی میواندارییەکی کوردانە و خواردنی شیرینیی و خواردنەوەی چا، دواتر بە پیلکانەدا بەرەو نهۆمی دووەمی خانووەکە سەرکەوتین و چووینە کتێبخانەکەیەوە، یەکەمجارە کتێبخانەی تایبەتیی و کەسیی لەو جۆرە ببینم، باسی ئەو کتێبخانانە ناکەم کە لە شاشەوە دیومن، بۆ وێنە کتێبخانەکەی د. مارف خەزنەدار، بەڵکو ئەو کتێبخانانەم مەبەستە کە خۆم پێم تێناون و ژووراو ژوور و پێچاو پێچ و بە نێوان رەفە پڕ کتێبەکانیدا سووڕاومەتەوە و تەنیا شتێکیش لە دەستم هاتبێت، سەرسامیی و دۆشدامان بووە. بینینی ئەو هەموو کتێبە، کە بە شێوەیەکی ئەندازەیی و رێکوپێک، بەپێی دەزگای چاپ و ژانر و نووسەر، بەش و دابەش کراون، نازانیت دەست بدەیتە کام کتێب و تەماشای بکەیت. کتێبخانە تایبەتییەکەی تەیب جەبار هەمەچەشنە، بە هەردوو زمانی کوردیی و عەرەبیی، سەرچاوە جیاوازەکانی وەک: شیعر، چیرۆک، رۆمان، مێژوو، ئایین، زمان، یادەوەریی، شێوەکاریی، هەندەسە، لێکۆڵینەوە، هونەر، موزیک، فەلسەفە، فیکر، زانست، کۆمەڵناسیی و… تاد گرتووتە خۆ، بە گەڕانێکی کەم و داگرتنی چەند کتێبێک، تێدەگەی ئەو کەسەی لەپشت کۆکردنەوەی ئەم کتێبانەوەیە، کەسێکی بەئاگایە، کەسێک نییە بۆ دیکۆر و دیزاین، ساڵانێک سەرقاڵی کۆکردنەوە و دروستکردنی ئەو کتێبخانەیە بووبێت، بەڵکو کتێبەکان گەواهیدەری ئەوەن خاوەنەکەیان ئینسانێکی تێگەیشتوو و رۆشنبیرە، خوێنەرێکی هەمەلایەن و جددییە، تەڵبژێر و گردوکۆی ئەم ژمارەیە لە کتێب، کە تێکڕا وزەی خۆراکی کەلتوریی و مەعریفین، گەشتێک دەگێڕنەوە کە سەرەتای هەیە، بەڵام کۆتایی نییە.
لەپشت هەر کتێبخانەیەکەوە دەیان چیرۆک هەن، ئەگەر وردتر بینووسم: لەپشت هەر کتێبەکەوە کە بە کڕین یان لە هەر رێیەکی ترەوە دەستی دەخەین، چیرۆکێک هەیە. نووسەرانی ئێمە کەمتر پەرژاونەتە سەر نووسینەوەی یادەوەریی خۆیان لەگەڵ کتێبدا، عەبدوڵڵا تاهیر بەرزنجی لەو نووسەرە دەستپێشخەرانەی ئێمەیە (وەک چۆن لە چەند بواری تریشدا نوێگەر و دەستپێشخەر بووە) چەندجار و لە چەند شوێندا دەربارەی کتێب و یادەوەریی لەگەڵ کتێبەکانی دواوە و نووسیویەتی. هەریەک لەو کەسانەی تەمەنێک لەگەڵ کتێب و کتێبخانەدا تێپەڕ دەکەن، دەکرێت حیکایەتی پشت کتێب و کتێبخانەکەیان ببێتە کتێبێک، کە تێیدا چیرۆکی خۆش و تراژیدیی هەموو ئەو کتێبانە بگێڕدرێتەوە هاتوونەتە ئەوێ و لەوێ نەماون. کاتێک بە مەبەستی دوان سەبارەت بە یادەوەریی لەگەڵ کتێب و کتێبخانەکەی پرسیارم لێ کرد، تەیب جەبار بە هێڵێکی درامیی، لە خاڵی ئەوەڵینەوە، لە منداڵییەکی دوورەوە تا هەنووکە، چەندان وردە بیرەوەریی خۆش و هاوکات ناخۆشی لە شێوەی لەدەستدان و فەوتان، تا ئاستی گسکلێدان لە تەواوی کتێبەکانی، بۆ باس کردم. من نامەوێ ئەو یادەوەرییانە بگێڕمەوە، بەقەد ئەوەی مەبەستمە لەم یادداشتەدا، پیاوێک پێشان بدەم کە تەمەنێکە لەگەڵ کتێبدا دەژی و ئێستاش بە هەمان گوڕ و تاسەی دەستپێکەوە، بە شوێن نوێترین کتێبدا کە لەوپەڕی دنیا چاپ دەبێت، عەوداڵە.
من خۆم وام، نازانم تۆی خوێنەری ئەم یادداشتەش وابیت یان نا، هەرکات بچمە هەر ماڵێک، خزم یان هاوڕێ و برادەر، یەکەم شت چاو بۆ کتێب و کتێبخانەکەی دەگێڕم، تەنانەت ئەگەر چەند کتێبی سادە و بازاڕییش، ناڕێکخراو لێرە و لەوێ ببینم، دڵم خۆش دەبێت، هیچ شتێک وەک چوونە ناو ماڵێک کە تاقە کتێبێکی تیدا نییە دڵم ناشکێنێت. هەڵبەت بە بێدەنگیی و بێ دەربڕینی پەیڤێک، پێچەوانەی ئەمەش هەر راستە. لە ماڵەکەی تەیب جەباردا کە بە یەکجار و چەند جار فریای تەماشای کتێبەکانی ناکەویت، لە دڵەوە ئاسوودە بووم، بە جۆرێک پێم خۆشبوو هەر لەوێدا، لە چەقی ئەو هەموو کتێبەدا، بۆ هەمیشە دابنیشم. 
تەیب جەبار لەو کەسانەیە زەینی روون و یادەوەریی زوڵاڵە، بەدەم تەماشاکردنی کتێبەکانەوە بۆم دەدوێت، لە ناوەڕۆکی کتێبەکە، باسی نووسەرەکەی یان وەرگێڕەکەی، باسی وەرگێڕانەکەی، کتێبەکانی تری هەمان نووسەر یاخود وەرگێڕ دەکات، داخی کتێبێک کە دەستی نەکەوتووە و چاپی نەماوە لە بازاڕ، کتێبێک کە فەوتاوە، یان برادەرێکی بردوویەتی و ئێستا گوێی خۆیی لێ خەواندووە، چەند نوسخەی لە کتێبێک، ئەوەش کە لە هەر شوێنێکی تر هەمان کتێب ببینێتەوە، دەیکڕێتەوە. چیرۆکەکانی دەوروبەری کتێبەکە: کتێبفرۆشییەکە، ناوی کابرای کتێبفرۆش، شارەکەی، پارەی کڕینەکەی، رەنگە کتێبەکە دیاریی و پێشکەش بێت، لە کێوە؟ چیرۆکی ئەو کەسە، رەنگە بە پۆستدا نێردرابێت، لە کێ و کوێوە؟ چیرۆکی ئەو کەسە و شارەکەی، رەنگە چەند دەستی کردبێت تا گەیشتووەتە ئێرە و ئێستا… چیرۆکەکان درێژ و درێژتر دەبنەوە، ماندوو نابێت، منیش ماندوو نابم، چیرۆکی پشت کتێبەکان هێندەی کتێبەکان جوانن.
کتێب کۆکردنەوە بەشدارییەکی کارایە لە رۆنانی کەلتوردا، کەسێک کتێب خڕ دەکاتەوە و لە ماڵەکەیدا کتێبخانە بونیاد دەنێت و کتێبەکان لە خانەبەندیی و ریزبەندیدا دەخاتەوە تەنیشتی یەک، بێ ئەوەی بیەوێ یان بزانێت، مۆزەخانەیەکیش دروست دەکات، مۆزەخانەیەک کە بە هەوڵی تاکەکەسیی خۆی دەیچنێت و دەبێتە شوناس بۆ ئەو. کتێبخانەکەی تەیب جەبار، جیا لە کتێبخانەیەک بە سەدان سەرچاوەی چەشناوچەشنەوە، هەستی مۆزەخانەیەکی هونەریی لا دروست کردم، هەستم کرد لە جێیەکدام پڕە لە دەنگ و رەنگ و نەفەس و ورتە، لە نزیکترین شوێن کە ئەم شارەیە، بۆ دوورترین شوێن کە کیشوەران و وڵاتان و شارانی ترە، هەستم بە ژیان کرد، بە جوانیی و گەرموگوڕیی، لە کۆنەوە بۆ ئێستا و چرکەساتی رۆژانە، پێم وایە مانای دروستی «ماڵ»یش هەر ئەوانە بێت.
یەکێک لە جوانییەکانی کتێب هاوڕێیەتییە، روونتر: ئەو هاوڕێیەتییەیە کتێب دروستی دەکات. یەکێک لەو وتارە سەنگینانەی دەربارەی «کتێب و هاوڕێکان» نووسراوە، وتارێکی رێبوار سیوەیلی یە لە کتێبی «دنیای شتە بچکۆلەکان»دا. لەو وتارەدا چەند ئایدیای بەراودکارانە لە نێوان کتێب و هاوڕێکانماندا چنراوە، لە جێیەکدا ئەم دێڕانە دەخوێنینەوە: «جوانترین لێکچوونی کتێبەکان و هاوڕێکان رەنگە لەوەدا بێت کە بەوپەڕی ئازادییەوە، بەبێ هیچ زۆرلەخۆ کردنێک و بەبێ هیچ لێکدانەوەیەکی گوماناویی دەیانبەینەوە ماڵ و شوێنی حەوانەوە و پشوودانمان، بەبێ ئەوەی هەست بە قورسایی و سەنگیان بکەین، هەردووکیان وەک بەشێکی جیانەکراوە، وەک پارچەیەکی دابڕنەبووی سروشتیی وان، کە ژیانی تایبەتیمان دەڕازێننەوە و ئارامیمان پێ دەبەخشن. بە مانایەکی تر، هاوڕێکان و کتێبە دەگمەنەکان لە ژیانماندا شوێن داگیر ناکەن، بەڵکو شوێنی خۆیان هەیە، شوێنێک کە هیچ شتێکی دیکە ناتوانێت پڕی بکاتەوە»، ئێمە لە رێی کتێبەوە کەسانێک دەناسین، بیروبۆچوون دەگۆڕینەوە، بەردەوام لەسەر ئەو کتێبانە گفتوگۆ دەکەین «رەنگە هەندێکجار توند تا ئاستی سووربوونەوەش، بەڵام بێ رق و کینە»، بەردەوام پێشنیاری ئەم کتێب دەکەین، پێشنیاری ئەو کتێبمان بۆ دەکرێ، هاوڕێیەتییەک کە پرد و رایەڵەکەی کتێبە، زیندووتر لە هەر هاوڕێیەتییەکە. قسە لەسەر هەمیشەیی بوونی ئەو هاوڕێیەتییە نییە، ئەو هاوڕێیەتییەش دەکرێت لە جێیەکدا بگاتە دواخاڵ، رێک مەبەست لەو ساتەوەختانەیە ئەو دوو کەسە تێیدا دەژین، کتێب کۆیان دەکاتەوە و مشتومڕی لەسەر دەکەن، تەنانەت پێم وایە بە کۆتاییهاتن و دابڕانیش، ئەو جۆرە هاوڕێیەتییە بتوانێت بەردەوامیی بە خۆی بدات، من ئێستاش هاوڕێم هەیە ساڵانێکە ئاگامان لە یەک نەماوە، بەڵام هەرکات کتێبێکی جوان دەخوێنمەوە دەکەومەوە یادی ئەو، لە زەینی خۆمدا پێشنیاری بۆ دەکەم هەمان کتێب بخوێنێتەوە، رەنگە ئەویش وا بکات، دڵنیام کە وا دەکات!
تەیب جەبار -م لە رێی کتێبەوە ناسی، ئێستاش هێزی نادیار و گەورەی هاوڕێیەتیمان کتێبە، ئەو دەقانەیە دەیخوێنینەوە، لەگەڵ یەک هاوبەشیی پێ دەکەین، پێشنیاریان دەکەین بۆ یەک، بۆچوونی ئەرێنی و نەرێنیان دەربارە دەڵێین، لە چاپ بوونی نوێترین کتێب یەکتر ئاگادار دەکەینەوە، پێم وایە لە توانای ئەم عەشقەدایە، عەشقی کتێب، جیاوازیی سی ساڵ تەمەن وەها بسڕێتەوە، کە هیچ کات ئەو هەستەم نەبێت لە بەرانبەر پیاوێکدام بە کوتەکی ژمارەی ساڵ و ئەزموون و ژیان، شوناسم بسڕێتەوە و نەتوانم خۆمبم و خۆم دەرببڕم.
کتێبخانەی تەیب جەبار ئەگەر لە دەگمەنترین و دەوڵەندترین کتێبخانەی ناو ماڵی کوردیی نەبێت، بێگومان لە لیستی یەکەمینەکاندایە. ئەو پیاوێکی دڵاوا و میهرەبانە، بەڵام لە بەخشینی کتێبدا نا، ئامادەیە هەمان کتێب بنێرێت بۆ شارێکی تر و پاشان پێشکەشت بکات بەس نوسخەکەی خۆی نەبەخشێت، رەنگە ئەمە پەیوەندیی بەو یادەوەرییەوە هەبێت کە هەر کتێبێک لەگەڵ خۆیدا هەڵیدەگرێت، داگرتنی کتێبێک لە رەفە و بەخشینی، لە زەحمەتترین بڕیارەکانە بۆ کتێبدارێک. بۆ من کە شایەتحاڵی بینینی ئەم وێنەیەم، بەسە بۆ ئەوەی هەست بکەم لە بەرانبەر ئینسانێکی کتێب دۆست و عاشق بە کتێبدام. بە دەستخستنی کتێبێکی دڵخواز، سیمای ئەم پیاوە چەشنی سیمای منداڵێکی لێ دێت کە باوکی، بە ورچێکی گەورەی سوورەوە، لەپڕ لە بەردەمیدا دەوەستێت!

درباره‌ی خانه کتاب کُردی

همچنین ببینید

فراخوان ارسال آثار به جایزه قلم هه‌ژار

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *