چیرۆکی تەنیایی مرۆڤەکان لە (ماڵی پشیلەکان)دا
فەرحناز مەردانی
و/ لە فارسییەوە: مەریوان هەڵەبجەیی
هیوا قادر نووسەری رۆمانی (ماڵی پشیلەکان)، یوسفی کەسێتی سەرەکیی نێو رۆمانەکەی وەک گێڕەرەوە هەڵبژاردەوە و هەموو باری قورسایی گێڕانەوە و بارستایی تەنیایی مرۆڤی خستوەتە سەرشانی. ئەوکەسەی بۆ خۆسەلماندن و پێویستی خۆی کۆچ دەکات و دواجار وەک کۆچبەرێک لە غوربەت و تەنیاییدا دەژی، تەنیاییەکەی خۆی بچووکتر لە تەنیایی ئەو مرۆڤانە دەبینێت کە هاتوچۆی ماڵی پشیلەکان دەکەن.
چیرۆکی رۆمانەکە هەندێکجار لە گۆشەنیگای کەسی سێیەمی تاکەوە و لەڕێــی گێــــــڕەرەوەی هەمووشتزانەوە دەگێڕدرێتەوە، هەندێکجاریش نووسەر زۆر هۆشیارانە دەیگۆڕێ و دەیـــــــداتە دەست یوسف و ئەویش زۆر جوان و زیرەکانە گێڕانەوەکە دەباتە پێشەوە. ئەم دوو ئاستە لە گێڕانەوە هێندە قووڵ و بەهێز تێکەڵ و یەکانگیر و بەرجەستە دەبەن کە هەنـدێکجار پێویســـــــتی بە چەندینجار خوێندنەوەیە، تا بتوانیت لە یەکیان جیابکەیتەوە.
یوســـــــف کەسایەتی سەرەکیی رۆمانەکەیە لــــــــــە رێگای گێڕانەوەی چیرۆکەکانــــــــــی ناو رۆمانی (ماڵی پشیلەکان)ەوە، باس لە دۆخێکی تایبەتی مرۆڤەکان دەکات کە «تەنیایی»ە، هەر تەنیاییش دەکاتە ناوەندی گێڕانەوەی رۆمانەکە و لە رێگای ئەو کەسانەوە و لە زمانی ئەوانەوەی لەماوەی ئەو یەک مانگەی کارکردنی زۆرە ملێیدا لە (ماڵی پشیلەکان) ناســـــیوونی، لەوانەش لـــــــەڕێی«شـــاشـــتین»ی کنـجکـــۆڵەوە، چیرۆکەکان دەگێـــــــڕێتەوە. چیرۆکی کەسانێک کە ئەزموونی پڕ لە ئازار و رەنجیان هەبووە و لە ژیاندا پەراوێز خراون، هەریەکە و بەچەشنێک و بە رێگایەک، جۆرە ژیانێکیان هەڵبژاردوە لە دواجاردا سەرئەنجامەکەی دیسان ئەوان بەرەو تەنیایی زیاتر دەبات. لەم نێوانەدا شاشتین کە بەڕێوبەری (ماڵی پشیلەکان)ە زیاتر نهێنییەکان و کۆدەکان دەخاتە روو، بەتایبەت لە پەیوەندیی نێوان ژنان و پشیلەکاندا، چونکە لەو نهێنیانەدا هاوبەشە لەگەڵ مرۆڤەکان کە دواجار لە کۆتایی چیرۆکەکەدا ئاشکرا دەبێت. شاشتین لە ژێرلێوەوە دەڵێت: «ئاغای شەریفی….زیبا خانم…..چاوەڕوانی…..من و زیبا» لاپەڕە ۲۲۸
(ماڵی پشیلەکان) ئەوجێگایە یـــــە کە تێیدا ئاشنا دەبین بە مرۆڤەکان و نهێنییەکانی ژیانیان، وەک ئەوەی مەحشەرێک بێت و پەردە لەسەر نهێنییەکانی ژیان هەڵبداتەوە تا بگات بە تەنیایی مرۆڤەکان، تەنیاییگەلێک کە بە بوونی پشیلەیەک پڕ و بە تاڵ دەبێتەوە. هەروەها چیرۆکی ئەو ژنانەی لەڕاستیدا هیچکامیان عاشقی پشیلەکان نین، بەڵکو پشیلەکان دەستبەسەر دەکەن بۆ ئەوەی تەنیایی خۆیانیان لەگەڵ دابەش بکەن، یان تەنیایی خۆیانیان پێ پڕبکەنەوە. تەنیا کەسێک لەم نێوانەدا دەکرێت بڵێین بە جۆرێک عاشقی پشیلەکانە، ئەویش خاتوو«پیا»یە، کە بۆ کاری خۆبەخشانە دیتە ئەوێ و چێژ لەوە وەردەگرێت کە لەگەڵ پشیلەکاندایە، بەڵام دواجار ئەویش لەنێوان پشیلە و هاوسەرەکەیدا، هاوسەرەکەی هەڵدەبژێرێت و پـــــــــــێ لە عەشق و خۆشەویستی بۆ پشیلەکان دەنێت و بە غەم و حەسرەتەوە ماڵئاوایی لە (ماڵی پشیلەکان) دەکات.
شاردنەوەی هەســــت و سۆز، نیگەرانی و ترس، لە مەرگ و هۆشیاریی بەرامبەر مەرگ، ئەزموونی مەرگ، تەنیایی، رەنج و غەم و ئازاری ژیان، هەمووی پەیوەستە بە مرۆڤ و ئەزموونی ژیانییەوە کە بوونەوەرەکانی تر نامۆن پێی. هەر ئەمەش وادەکات مرۆڤ سەرەڕای کۆمەڵایەتیی بوونی، تەنیا و نیگەرانە و لەگەڵ ترسدا دەژی. هۆکارێکیش ئەوەیە مرۆڤەکان توانای قبوڵکردن و لێبوردەیی و پێکەوە بوونیان نییە. یوســـــف لە کۆتایی رۆمانەکەدا دەڵـــــێــت: «من توڕەبووم و ئەویش بێ ئەقڵیـــــی کرد»، هەر ئەو هۆکارە بوو بە هۆی ئەوەی یوسف ناچار بکرێت بە کاری زۆرە ملێ لە ماڵی پشیلەکاندا. کاتێکیش لەوێ هاتە دەرەوە وتی: « من توڕەبوونی خۆم و بێ ئەقڵیی ئۆزدین و شەڕەکەمانم لە بیرکرد، بەڵام نەمتوانی وەک رابردوو هەســــــت بە ئازادیی بکەم … هەموویم لەگەڵ خۆمدا هێنایەوە بۆ ماڵەوە و ئیدی ئەو پیاوە نەبووم کە تەنیایی بچووکی خۆمم هەبێت، بەڵکو تەنیایی کەسەکانی تریشم لەگەڵ خۆم هێنایەوە بۆ ماڵەوە»
(هارۆکی مۆراکامی) لــــــــــە رۆمانی «کافکا لە کەناردا» دەڵێت: «کاتێک تۆفان کۆتایی دێت نایەتەوە بیرت چۆن کۆتایی هات، بەڵام ئەوەی حەتمییە ئەوەیە کاتێک لە تۆفان هاتیتە دەرەوە، ئیدی ئەو کەسەی پێــش تۆفانەکە نیت». لـــــــە رۆمانی (ماڵی پشیلەکان)دا و پاش ئەوەی یوسف ماڵی پشیلەکان بە جێدەهڵێت، چیدی ئەو مرۆڤە کۆچبەرە تەنیایەی غوربەت نییە، بەڵکو لە تەنیاییەکی گەورەتر و قوڵتردا دەژی، فراوانتر و بێکۆتاترە لە تەنیاییەکەی خۆی، ئەویش هوشیاریی و ئاگابوونیەتی بەرامبەر «تەنیایی مرۆڤایەتی».
بۆی دەردەکەوێت، تەنانەت ئەو کاتەشی لەگەڵ دایکت و باوکت و لە نیشتیمانەکەتدا دەژیت، دیسان تەنیایی بە شێکی گەورەی ژیانتە، چونکە تەنیایی بە شێکە لە زاتی مرۆڤ، گەرچی رەنگە ئەوتەنیاییە بەشێوەیەکی کاتی و بە رێگا و هۆکاری جیاواز پڕببێتەوە، بەڵام هیچ کاتێک بەشێوەیەکی گشتی و بەتەواوی پڕنابێتەوە. تەنانەت عیشقیش ناتوانێت پڕی بکاتەوە، چونکە خودی عیشق هەڵهاتنە لە تەنیایی و تەنانەت ئەویش سکونایی و پەناگایەکی تەواو و کامڵ نییە. عیشق چارەسەرێکی کاتی و کورتخایەنە بۆ مرۆڤەکان و پاش ماوەیەک مرۆڤ دەگەڕێتەوە ناو تەنیاییە قووڵەکەی خۆی و ئەو جۆشو خرۆشە وەک بەفر دەتوێتەوە و کۆتایی دێت، وەک خۆشەویستی (ئاغای شەریفی و زیبای هاوسەری)، هەروەها عیشقی ئەو کچەی کە دەبێت لە نێوان پشیلەکە و هاوسەرەکەیدا یەکێکیان هەڵبژێرێت و پاش هەڵبژاردنی پشیلەکەش تووشی خەمۆکی و تەنیایی دەبێتەوە.
«ژیان پڕە لە رووداوگەلێک کە لەسەر هێڵی شەمەندەفەری زەمەن روو دەدەن، وەک سوتانی ماڵی پشیلەکان، وەک عاشق بوون کە جۆرێکە لە خۆکوشتن بەبێ ئەوەی بمریت و کاتێکیش کە زیندوو دەمێنیتەوە هەرگیز نابیتەوە بەو مرۆڤەی پێشوو»، ئەمە دیالۆگی کەسایەتییەکی تری رۆمانەکەیە، واتە (کارینا)، ئەو کەسایەتییەی ناتوانێت هەست و سۆزی خۆی نیشان بدات و پێی باشە پشیلە بێت و تە ناسوخ و دۆنا و دۆن ئەزموون بکات، تا ببێتە پشیلە، بەڵکو لەو رێگایەوە لە تەنیایی رزگاری ببێت.
دنیای سنوردار و بچووکی (ماڵی پشیەلەکان)، شوێنێکە هێندەی فراوانیی دنیا و مرۆڤەکان، کە تەنیایی خود و دەروونی مرۆڤ وەک نهینییەک لەناوەوەیدا حەشار دراوە و نووسەر زۆر بە باشی کەڵکی لێوەرگرتووە.
بەفر و سەروما و زەویی بەستوو، لەو مۆتیڤانەن کە نووسەر زۆر هوشیارانە و بەردەوام دووبارەیان دەکاتەوە، لە دووبارە بوونەوەیان کەڵک وەردەگرێت بۆ پەیوەندیی ساردی نێوان مرۆڤەکان و دەرک نەکردنی تەنیایی مرۆڤەکان و پەیوەندییان لەگەڵ یەکدا، سودی وەرگرتوە. موتیڤێکی تر چاوەکانە، ئەوچاوانەی دەتوانن ببینن و بڕۆنە قوڵایی ناوەوەی خۆیان، تا لە رێگای قووڵتر ناسینی خۆیانەوە، بتوانن بگەن بە ناسین و تێگەیشتنی مرۆڤەکان و دنیای دەوروبەریان کە لەڕاستیدا « خودەکەی تری» هەر مرۆڤێکە، بەڵام مرۆڤەکان زۆر بە کەمی کەڵکیان لێوەر دەگرن.
نووسەر زۆر بە جوانی عیشقی لەپەنای نەفرەت و تەنیایی، ژیانی لەپەنای مەرگ و پێکەوە بوونی لە پەنای جیابونەوە و دووریی و غوربەتدا وێنا کردووە، بەمەش زۆر بە قووڵی خوێنەر دەرگیری ئەو دنیایە دەکات کە زۆر ئەندێشمەندانە خولقاندویەتی، تا بڵێت: ئەمانە نایانەوێت جیاببنەوە و هەڵبێن لەیەکیر، بەڵکو دەیانەوێت پێکەوە بژین و بۆ لەگەڵ یەکبوون خوڵقاون.
(هیوا قادر)، رەنگە بیەوێت بڵێت: تەنیایی خودی مرۆڤ کە تایبەت بە خۆیەتی و هەرگیزیش لێی جیانابێتەوە، بەڵام هەندێکجار ئەو تەنیاییە بە پشیلە و شتی تر و تەنانەت بە مرۆڤی تر بۆ ماوەیەک پڕدەبێتەوە، هەروەها دەیەوێت بیهێنێتەوە یادی مرۆڤ و نیشانی بدات تا بیر لە رێگاچارەیەک بکاتەوە بۆ ئەو مەودایەی لە نێوان بوونی مرۆڤ و لەگەڵ ئەوەی دیکەدا دەیەوێت ببێت و نییە و تا ئێستا دەستی پێی ناگات.
(ماڵی پشیلەکان) رۆمانێکی تەواو فەلسەفییە، توانیویەتی زۆر بە جوانی فەلسەفەی تەنیایی کە دنیای هاوبەشی نێوان مرۆڤەکانە لە چوارچێوەی ژیانی کەسانێکدا بگێڕێتەوە و نیشانی بدات، سەر بە زمان و کەلتوری جۆراوجۆر و جیاوازن و کەسانێکن هەم پێکەوەن و هەم پێکەوە نین، لەگەڵ خۆیاندان و نین، تەنانەت هەندێکجار هەست دەکەیت بوون و خودێتی خۆشیان لە بیرکردووە.
*خانە گربەها، هیوا قادر، مترجم مریوان حلبچەای، چاپ پنجم، نشرثالث، ۱۴۰۳