نوێترین کتێبی د. فەرهاد شاکەلی بە ناونیشانی «بادەمان بەدەستی ئەو نۆشی» بڵاوکرایەوە
ناسنامەی کتێب: «بادەمان بە دەستی ئەو نۆشی؛ لێکۆڵینەوەیەک لەبارەی سەردەم، ژیان و شیعری شاعیر و سۆفیی کورد مەلای جەزیری، نووسەر: دوکتۆر فەرهاد شاکەلی، ۳۳۰ لاپەرە، زانکۆی ئوپسالا، سوید ۲۰۲۴»
Shakely, F. 2024. We Drank the Wine from His Hand. Studies on the time, life and poetry of the Kurdish Sufi poet Malā-yē Jazīrī. Studia Iranica Upsaliensia 43. 329 pp. Uppsala: Acta
Universitatis Upsaliensis.
ISBN: 978-91-513-2204-9.
نوێترین كتێبی نووسەر و شاعیر د. فەرهاد شاكەلی بە ناونیشانی «بادەمان بە دەستی ئەو نۆشی» لە لایەن زانكۆی ئوپسالاوە لە سوید بە زمانی ئینگلیزی چاپ و بڵاوكرایەوە.
ئەم لێکۆڵینەوەیە لە بنەڕەتدا تێزی دکتۆرای فەرهاد شاکەلییە کە ساڵی ۲۰۲۴ بە زمانی ئینگلیزی پێشکەشی زانکۆی #ئوپسالا لە سوید کراوە.
مەلای جەزیری
ئەم توێژینەوەیە لەبارەی سەردەم، ژیان و شیعری شاعیر و سۆفیی كورد مەلای جزیرییەوەیە. مەلای جزیری ساڵی ۱۵۷۰ لە جزیری بۆتان لەدایک بووە و ساڵی ۱۶۴۰ کۆچی دوایی کردووە. شیعرەکانی مەلای جزیری وەکوو دەستپێکی شیعری کلاسیکی کوردی دادەنرێن. بە مەبەستی تێگەیشتن لە سەردەم و بەرهەمی ئەم شاعیرە، پاشخانی فەرهەنگی، ئایینی و سیاسی ئەو سەردەمە کە وەکوو قۆناغێکی گرنگی مێژووی کوردستان دادەنرێ، باس کراوە. مەلای جزیری لە سەردەمێکدا ژیاوە کە میرنشینە کوردییە نیوەەسەربەخۆکان وەک لێکەوتەی کێشە و ڕکابەریی نێوان دوو دەسەڵاتی سەفەوی و عوسمانی دامەزران و گەشەیان کرد.
مەلای جزیری لە شاری جزیر ژیاوە، کە ئەم شارە پایتەختی میرنشینی بۆتان بووە. هەروەها مەلای جزیری زۆر نزیک بووە لە بنەماڵەی میرانی ئازیزان، بە تایبەت میرشەرەفخانی سێیەم کە دوو شیعری تایبەتیشی بۆ ناوبراو هۆنیوەتەوە.
لە سەردەمی ژیانی مەلای جزیریدا، دوو قوتابخانەی گەورەی فەلسەفی و سۆفیانە لە ئارادا بوون و چالاکانە دەوریان گێڕاوە. ئەم قوتابخانە فەلسەفی و سۆفیگەرایانە کە کاریگەریی زۆریان لە سەر بەرهەم و شیعری مەلای جزیری داناوە بریتین لە رێبازی نەقشبەندییە و هەروەهاش بیرۆکەی «وەحدەت ئەلوجوود» یان «یەکێتیی بوون»ی ئیبنی عەرەبی.
دەستنووسەکان و نوسخە چاپکراوەکانی دیوانی مەلای جزیری لەم بەرهەمەدا ناسێندراون. هەروەهاش لایەنە زمانی و شێوەییەکانی بەرهەمی مەلای جزیری خراونەتە بەر باس و لێکۆڵینەوە. سەرنجی زۆریش دراوە بەو بابەتەی کە مەلای جزیری بە چ شێوەیەک سیستەمی عەرووزی عەربیی لە شیعری کوردیدا بەکار هێناوە.
چەندین لایەنی جیاجیای شیعری جزیری لەم بەرهەمەی بەردەستدا شی کراونەتەوە و سەرنجی تایبەتیش خراوەتە سەر ڕوانگە سۆفیگەرانەکانی مەلای جزیری و هەروەها دەربڕینی جوانیناسانەی ئەو ئەزموونە مەعنەوی و فەلسەفییانە کە هەیبووە.
ئەم لێکۆڵینەوەیە لە پێشەکی و شەش بەش و ئەنجامێک پێکهاتووە.
دوکتۆر فەرهاد شاکەلی
دکتۆر فەرهاد شاکەلی شاعیر و زمانناس ساڵی ١٩٥١ لە دێی شاکەل، ناوچەی گەرمیان، لە دایک بووە. خوێندنی سەرەتایی لە شاکەل و ناوەندی و دواناوەندی لە شاری کفری تەواو کردووە. دواتر لە بەشی زمان و ئەدەبیاتی کوردی لە زانکۆی بەغدا خوێندوویەتی. هاوینی ١٩٧٥ وڵاتی بەجێ هێشتووه و دوو ساڵ لە شام و بەیرووت ژیاوه. نزیکەی ساڵێکیش لە ئاڵمانیا بووه، پاییزی ١٩٧٨ لە سوید گیرساوەتهوە. تا ئێستا ٨ دیوانی شیعر، کۆمەڵە چیرۆکێک و چەند کتێبی لێکۆڵینەوەی زانستی بە کوردی و ئینگلیزی بڵاو کردووەتەوە. شیعرەکانی بۆ زیاتر لە دوازده زمان وهرگێڕدراون. نزیکەی ٢٧ ساڵە مامۆستای زمان و ئەدەبی کوردییە لە زانکۆی ئۆپسالا لە سوێد.
هر نوع بازنشر این متن با ذکر منبع «خانه کتاب کُردی» مجاز است.