خانه / پێشنیاری ده‌سته‌ی نووسه‌ران / خوێندنەوەی دوو ڕۆمانی پێشبازیا چیرۆکێن نەقەدیایی و گابۆڕ بە گوێرەی تیۆریی ڕەخنەیی لویی ئاڵتوسێر

خوێندنەوەی دوو ڕۆمانی پێشبازیا چیرۆکێن نەقەدیایی و گابۆڕ بە گوێرەی تیۆریی ڕەخنەیی لویی ئاڵتوسێر

زمانی کوردی، ئایدیۆلۆجی و پێڤاژۆی بەسووژەبوون: خوێندنەوەی دوو ڕۆمانی پێشبازیا چیرۆکێن نەقەدیایی و گابۆڕ بە گوێرەی تیۆریی ڕەخنەیی لویی ئاڵتوسێر

مەزهەر ئیبراهیمی (ماستێری زمان و وێژەی کوردی زانستگەی ئارتوکلوی شاری مێردین)

توێژینەوەی بەردەست، پەرژاوەتەسەر پرسی زمان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان و باندۆری ئایدیۆلۆجی لەسەر پێڤاژۆی بەسووژەبوونی تاکی کورد لە ڕووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ ئەم پرسە گرنگەدا. بەم پێیە، دوو ڕۆمانی پێشبازیا چیرۆکێن نەقەدیایی نووسینی شەنەر ئۆزمەن و گابۆڕ بەرهەمی سەید قادر هیدایەتی، بە پێی تێگەهه ڕەخنەییەکانی “ئایدیۆلۆجی”، “دەزگای سەرکوت و ئایدیۆلۆجیکی دەوڵەت” و “سووژە” لە تیۆریی لویی ئاڵتوسێر، خوێندراونەتەوە. لێکۆڵینەوەکە دەری­دەخات، هاوکات لەگەڵ سەرکوتی فیزیکی، لە ڕێگەی دەزگایێن ئایدیۆلۆجیکەوە، پێڤاژۆی پەراوێزخستن یان پاکتاوکردنی زمانی کوردی بەرەو پێشەوە براوە. چوار دەزگای چالاکی هاودەستی دەوڵەت لەم پێڤاژۆیەدا، ماڵبات، خوێندنگە و دەزگای ئایینی و میدیایین، کە توانیویانە لە چێ­کردنی سووژەی ملکەچدا سەربکەون. ئەم سووژەگەلە، هاوکات لەگەڵ کردەی ئایدیۆلۆجیک، لە ڕێی بەکارهێنانی سەرکوتەوە، زۆرترین ئاستەنگیان بۆ سووژە سەربزێوەکان دروست کردووە.

سەرلەهەنگێن هەر دوو ڕۆمان، وەک سێ سووژەی زمانپارێز، ملکەچی ئایدیۆلۆجیی زاڵ نابن؛ بۆیە، دەکەونە بەر هەڕەشه و هێرش و یەکێکیان بە دەستی سووژەیەکی خاپێنراوی دەزگای ئایینی دێتە کوشتن و ئەوانی دیکەش، بە ناچاری ڕێی هەڵاتن دەگرنەبەر. سووژە گوێ­ڕایەڵەکان لە هەر دوو دەقەکەدا، لە ژێر کاریگەریی هەر دوو دەزگای سەرکوت و ئایدیۆلۆجیکدا هەڵسازراون؛ بەڵام لە گابۆڕدا، سەرکوت زاڵترە. لە دەقە کورمانجییەکەدا، دەزگەهێن ئایدیۆلۆجیک باڵادەستە و توانیویانە سووژەی دەستاژۆی زمانی بە شێوەی سەرکەوتووانەتر چێ بکەن؛ بە جۆرێ کە، سووژەکان بۆخۆیان، «ئازادانە» ڕەوشی داسەپاو بەرهەم دەهێننەوە. کەوابوو، بە سەرنجدان بە هێزی شاراوەی ئایدیۆلۆجی و توندتربوونی سەرکوتی زمانی لە باکووردا، دەسەڵاتی ئەوێ زیاتر ئامانجەکانی پێکاوە. لە گابۆڕدا، ئەگەرچی هەڵوێستی سووژە گوێ­ڕایەڵەکان لە هەمبەر زمانی نڤیسکی و پرتووکی کوردیدا تا ڕادەیەک بە هەمان شێوەیە، بەڵام ئەمان زیاتر لەبەر ترس و تۆقینیان لە دەزگای سەرکوت، دژایەتیی زمانی خۆیان دەکەن و ئایدیۆلۆجی نەیتوانیوە بە تەواوەتی مێشکیان داگیر بکات. بە گشتی، کەشی زاڵی گابۆڕ، سەرکوت، هیوا و شۆڕش­باوەڕی و کەشی زاڵی پێشبازیا چیرۆکێن نەقەدیایی، ئایدیۆلۆجی، ناهومێدی و دۆڕانە. بەڵام، سەرەڕای ئەمانە، پەشیمانیی بکوژ لە کوشتنی مامۆستاکەی و فام­کردنی ڕاستیی ڕوانگەکانی ئەو لەم ڕۆمانەدا و هەروەها مل­نەدانی پاڵەوانە سەرەکییەکانی گابۆڕ و سەرهەڵدانیان لە پێناو زمان، پیشاندەری بەردەوام­بوونی بەرەنگاری و بەرخۆدانن.

پەیڤێن سەرەکی: زمانی کوردی، ئایدیۆلۆجی، دەزگای سەرکوتی دەوڵەت، دەزگەهێن ئایدیۆلۆجیکی دەوڵەت، سووژە، پێڤاژۆی بەسووژەبوون، باکوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، پێشبازیا چیرۆکێن نەقەدیایی، گابۆڕ.

❗️ماڵی کتێبی کوردی: کورتەی تێزی ماستێری به‌ڕێز مه‌زهه‌ر ئیبراهیمی بە ناو نیشانی «زمانی کوردی، ئایدیۆلۆجی و پێڤاژۆی بەسووژەبوون: خوێندنەوەی دوو ڕۆمانی پێشبازیا چیرۆکێن نەقەدیایی و گابۆڕ بە گوێرەی تیۆریی ڕەخنەیی لویی ئاڵتوسێر» ، کە بە سەرپەرشتیی بەڕێزان پ.ی.د. بەختیار سەجادی و پ.ی.د. خەیروڵڵا ئاجار و بە داوەریی بەڕێزان پ.د. عەبدوڕەحمان ئاداک و پ.ی.د. ئایهان گەڤەری، لە ڕێککەوتی ١٠ی سێپتەمبەری ٢٠١٩ لە زانستگەی ئارتوکلوی شاری مێردین لە باکووری کوردستان پێشکەش کراوە، بۆ یه‌که‌م جار له‌  ڕێگای ماڵپه‌ڕی ماڵی کتێبی کوردی ده‌خرێته‌ به‌ ده‌ست ئه‌ندامانی هێژا!

پاش ڕووخانی ئیمپراتۆریی عوسمانی، زلهێزانی ئورووپایی بە هاوکاریی بەرژەوەندی­پارێزانی خۆجێییان، چەند وڵاتیان بە پێی سیستمی دەوڵەت-نەتەوە و بە بێ لەبەرچاوگرتنی جیاوازیی ئێتنیکی، زمانی و ئایینیی پێک­هێنا و بەم شێوەیە بەردی بنەڕەتی شەڕ و ململانێ و پاکتاوی هەمەلایەنەیان لە ناوچەکەدا دانا. بەرهەمی ئەم پەرگالە نوێیە بۆ گەلە پەراوێزخراوەکان، بە زۆری، چەوساندنەوە و هێرش و هەڕەشەی دەوڵەتە تازەدامەزراوەکان بوو لە دژی بوون، ناسنامە، زمان و فەرهەنگیان. کورد وەک یەکێک لە گەلە بێ­ماف­کراوەکان، زمان و فەرهەنگی ڕووبەڕووی پەراوێزخستن (بە زۆری لە باشوور و ڕۆژهەڵات) یان پاکتاو و یەکسان­سازی (بە زۆری لە باکوور و ڕۆژئاوا و تا ڕادەیێکیش لە ڕۆژهەڵات) بووەوە؛ بە چەشنێ کە بەڕێز مامۆستا ئەمیر حەسەن‌پوور بە «زمانکوژی» ناودێری کردووە (لە شێخولئیسلامی، ٢٠١٨: ٢١٩).

زمان پێکهێنەری سوبژێکتیڤیتەی تاک و ئەستوونی سەرەکیی ناسنامەی هەر گەلێکە. ترازانی ئەم ئەستوونە بە واتای لێکترازانی پاژە پێکهێنەرەکانی ناسنامەی ئەو گەلەیە. بە وتەی بەڕێز د. بەختیار سەجادی «زمان و ناسنامە هەر کامیان ئەوی تر بەرهەم دەهێننەوە…زمان ناسنامەی سووژە دەسازێنێ و دواتر دەور دەگێڕێت لە پێناو مسۆگەرتربوونی ڕەهەند و تایبەتمەندییەکانی هەمان ناسنامە. ناسنامەش بۆخۆی دیسانەوە لە ڕێگەی زمانەوە دەوری سەرەکی دەگێڕێ لە دووبارەبوونەوە و بەرهەمهێنانەوەی هەمان تایبەتمەندی و ڕەهەند لە زماندا» («زمان و ئایدیۆلۆژیا»، ٢٠١٨: ١١١). زمان لەمپەرێکی گرنگی سەر ڕێی یەکسانسازی بووە و پاوانخوازان بە بڕین و پەراوێزخستنی، هەوڵی چێ­کردنی دەوڵەت-نەتەوەیەکی یەکدەست و یەکدەنگی دڵخوازی خۆیان داوە. ڕۆژهەڵاتی ناوین، لەم سەد ساڵەی دواییدا تاقیگەیەکی گەورەی ئەم شێوە سیاسەتە بووە.

ئەگەرچی لەم ساڵانەی دواییدا ڕەوشی زمانی کوردی لە تورکیا و ئێران تۆزێک گۆڕاوە، بەڵام لەچاو گەورەیی کێشەکە و خێرایی پرۆسەی زمان­سڕینەوە، بە تایبەت لە باکووری کوردستاندا، ئەم هەنگاوە هێواشانە ئەگەرچی پێویست بەڵام نابنە چارەسەر و وەک ئاشکرایە گێژاوی زمانی سەردەستان هەتا دێت زیاتر زمانی کوردی بەرەو نغرۆبوون دەبات؛ بە چەشنێ کە «ئێستا ئەم زمانە بۆ پڕانی گەنجانی باکووری کوردستان و بۆ زۆربەی زۆری زارۆکان، زمانێکی نائاشنا و نەزانراوە» (چیچەک، زمانەک چما تێ قەدەغەکرن؟، ٢٠١٣: ١٤٢). ئەم ڕاستییە بۆ تاکی دەرەوەی کەشی ئایدیۆلۆجیکی تورکیا و باکوور ڕوونتر و هەست­پێکراوترە. کەسێ کە یەکەم جار سەردانی باکوور بکات، بویەرێ کە زۆر سەرنجی ڕابکێشێت، بە تورکی ئاخافتنی زۆرینەی کوردانی ئەوێیە لە بازاڕ و تەنانەت لە نێو ماڵاندا. ئاوەهایە کە پرسیارێک بەرۆکی پێ دەگرێت کە: چما شێوەی ڕووبەڕووبوونەوەی گەل لەگەڵ زمانی دایکیاندا وەهایە؟

ئەم لێکۆڵینەوەیە، بۆگەیشتن بە وڵامی ئەم پرسیارە، دوو ڕۆمانی دوو پارچەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستانی خستووەتە بەر ڕووناکیی چەمکگەلی «ئایدیۆلۆجی»، «دەزگایێن سەرکوت و ئایدیۆلۆجیکی دەوڵەت» و «سووژە» لە تیۆریی ڕەخنەیی لویی ئاڵتوسێر (١٩٩٠- ١٩١٨). بۆ ئەم مەبەستە، پێشبازیا چیرۆکێن نەقەدیایی (٢٠١٠) نووسینی شەنەر ئۆزمەن و گابۆڕ (چاپی یەکەم ٢٠١٥) نووسینی قادر هیدایەتی وەک نوێنەرەوەی جڤاکێن کوردی لە ئەم دوو پارچەیەدا، تاوتوێ کراون و هەوڵ دراوە هۆکارە بەرچاو و شاراوەکانی ڕەوشی داسەپاو ڕوون بکرێنەوە.

شەنەر ئۆزمەن، ڕۆماننووسی چالاک و نوێخوازی باکووری کوردستان، لە ساڵی ١٩٧١ لە باژارۆکی هەزەخ-ی سەر بە شاری شرناخ لەدایک بووە. ناوبراو بێجگە لە ڕۆمان، هەندێ بەرهەمی دیکەی لە بواری نیگارکێشان، ڕەخنە، هەڵبەست و وەرگێڕاندا بڵاو کردووەتەوە. ناوبراو بەرهەمەکانی بە دوو زمانی کوردی و تورکی نووسیوە. بەرهەمە کوردییەکانی لە ئەدەبی چیرۆکدا بریتین لە چوار ڕۆمانی ڕۆژنڤیسکا سپینۆزا (٢٠٠٨، پێشبازیا چیرۆکێن نەقەدیایی (٢٠١٠)، گرامەرا بێ‌حزوور (٢٠١٤) و غەیب (٢٠١٧) و کۆمەڵە چیرۆکی کەلەهـ (٢٠١٢). بەڕێز د. هاشم ئەحمەدزادە لە هەڤپەیڤێنێکدا ناوی شەنەر ئۆزمەن دەخاتە پاڵ ناوی کەسانێک وەک محەمەد ئوزون، حەلیم یووسف، ژان دۆست و حەسەنێ مەتێ و بە «رۆماننووسێن پڕ هێژا و باش» ناودێریان دەکات (جیهانی ڕۆمان، ٢٠١٥: ١٣٧).

نووسەری گابۆڕ، سەید قادر هیدایەتی، ڕۆماننووسی سەرکەوتووی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە ساڵی ١٩٧٦ لە بۆکان چاوی بە ژیان هەڵێناوە. ناوبراو بە بەرهەمە بەپێزەکانی، بە تایبەت بە ڕۆمانی گابۆڕ، سەرنجی ڕەخنەگرانی بۆ لای خۆی ڕاکێشاوە. «تایبەتمەندییەکانی ڕۆمانی بەردەست ئەوەمان پێ دەڵێ کە نووسەرەکەی لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا، بە باشی خۆی پەروەردە کردووە و بەرهەمی ئەدەبیی تۆکمەی زیاتریشی خوێندۆتەوە» (سەجادی، سێبەری زیندووی نووسین، ٢٠١٨: ١٤). هەروەها بەڕێز د. ئەحمەدزادە لە وتاری «ڕۆمان و ڕوانگە»دا لەسەر نووسەر و بەرهەمەکانی ناوبراو لە ئەدەبی چیرۆکدا دەنووسێت: «نووسەری گابۆڕ کە پێشتر بە نۆڤێلێتی دەنگی نوختەوە پێی نابووە ناو دونیای گێڕانەوەی کوردییەوە، بە بڵاوکردنەوەی دوو ڕۆمانی تۆقی عەزازیل و گابۆڕ، بۆ هەمیشە ناوی خۆی بردە نێو ناوە دیارەکانی ڕۆمانی کوردییەوە (سەرچاوەی پێشوو: ١٦٩)».

پێکهاتەی تێزەکە بەم جۆرەیە کە لە بەشی یەکەمدا، پاش شرۆڤەی گشتیی مژاری بەرباس، ڕۆمانێن هەڵبژێردراو و نووسەرێن وان ناسێندراون. پاشان، ئاوڕێکی کورت لە مێژووی ڕۆمانی کوردی دراوەتەوە و لە بنبەشی پێشینەی توێژینەوەشدا، چەند وتاری پەیوەندیدار بەم دوو ڕۆمانەوە تاوتوێ کراون. بەشی دووەمی تێزەکە، بۆ چوارچێوەی تیۆریک دانراوە، کە لە سێ بنبەشی ژیان و بەرهەم، بنەمای هزری و چەمکە ڕەخنەییەکانی ئاڵتوسێر پێک­هاتووە. بەشی سێیەم و چوارەم، خوێندنەوەی ڕۆمانەکانی لەخۆ گرتووە کە لە سێ بنبەشی پێشەکی، خوێندنەوەی دەقەکان و ئەنجام پێکهاتووە. لەم بەشەدا، باندۆری ئایدیۆلۆجی، دەوری دەزگای سەرکوت و دەزگا ئایدیۆلۆجیکەکانی دەوڵەت و پێڤاژۆی سووژە و بەسووژەبوون، بە نموونەهێنانەوە لە دەقەکان، شرۆڤە کراون. لە دوا بەشی تێزەکەشدا، ئەنجامی توێژینەوە و دەستکەوتەکانی خوێندنەوەی دوو ڕۆمانی بەرباس و پێشنیاری ڤەکۆڵینی زیاتر پێشکەش کراوە. لە درێژەی ئەم نووسینەدا، بەشێک لە ئەنجامی توێژینەوەکە دەخەینە بەر چاو. 

خوێندنەوەی پێشبازیا چیرۆکێن نەقەدیایی و گابۆڕ بە پێی چەمکێن ئاماژەبۆکراو و بەراوردکردنیان، گەلێک خاڵی هاوبەش و هەندێک جیاوازیمان بۆ دەردەخەن. ئەم دوو ڕۆمانە، تیشکیان خستووەتەسەر پێوەندیی چەوسێنەرانەی دوو لایەنی سەردەست-بندەست. ئەم دەقانە بە شێوەی وردبینانە ڕاستییەکانی جڤاکێن کوردی و ژیانی تاکی کوردیان لە ساڵانی هەشتای زایینیدا و لە گۆشەنیگای چەند کەسایەتیی نموونەییەوە تۆمار کردووە. لەم نێوەدا، پرسی زمان، وەک سەرەک­واتای دوو دەقی بەرباس، خراوەتە بەرچاو. بە کورتی، ڕۆمانی گابۆڕ بەسەرهاتی دوو تازەلاوی هۆگری زمان و وێژەی کوردی لە شاری بۆکان دەگێڕێتەوە و پێشبازیا چیرۆکێن نەقەدیایی ژی دەپەرژێتە سەر ژیانی زمانپارێزێکی بەر زریانی زمانبڕی. ئەم دەقانە، گەلێک دیمەنی شەڕ و پەڤچوون و چەوساندنەوە و بەرخۆدان و سەربزێوی و سەرشۆڕییان تێدا تۆمار کراوە (زمانی کوردی، ئایدیۆلۆجی و پێڤاژۆی بەسووژەبوون، ٢٠١٩: ٩١).

دەوڵەت-نەتەوەی تورکیا، لە بیستەکانی زایینییەوە بە دروشم و ئایدیای «یەک وڵات، یەک نەتەوە، یەک زمان»، سیاسەتی ئاسمیلاسیۆنی زمانیی پێڕەو کردووە و ئەم ڕەوشە بە گۆڕانکارییەکی کەمەوە هێشتاش هەر بەردەوامە. لە ئێرانیش، فارسی­تەوەری، زمانەکانی تر و لەوانە کوردیی پەراوێز خستووە و هەنووکەش دەرگای قوتابخانەکانیان لەسەر داخراوە. پەرگالی دەوڵەت-نەتەوە، لە پێناو چێ­کردنی نەتەوەی یەکسان، یەکڕەنگ و یەکگرتوودا بە دوو شێوە بەرەوڕووی ڕەنگامەیی ئێتنیکی، زمانی و فەرهەنگی بووەتەوە. یەکەم، شێوەی توندوتیژانە کە بە دەزگای سەرکوتی دەوڵەت دەستەبەر بووە و بە پێی تیۆری ڕەخنەیی ئاڵتوسێر، هێزێن چەکدار، حکوومەت، دادگە و زیندان و دام­ودەزگای دانان و بەڕێوەبردنی دەستووری بنەڕەتی دەگرێتەوە. دووەم، شێوەی بەڕواڵەت نەرم­ونیان و تا ڕادەیەک هەست­پێنەکراوی ئایدیۆلۆجی کە بە یارمەتی دەزگا ئایدیۆلۆجیکەکان بەڕێوە دەچێت و بریتین لە مزگەوت، ماڵبات، میدیا، خوێندنگە و دام­ودەزگای سیاسی، قانوونی و هەروەها دەزگای فەرهەنگی، واتە هونەر، ئەدەبیات و وەرزش (لێنین و فەلسەفە و وتارێن دن، ۱۹۷۱: ٩۷-۹۵).

لەم دوو ڕۆمانەدا، دەزگای سەرکوتی دەوڵەت، بە تۆخی، ڕەنگی داوەتەوە و هاوکات، بە بەرفراوانی کەڵک لە دەزگا ئایدیۆلۆجیکەکانیش وەرگیراوە. «لە گابۆڕدا، چالاکیی دەزگای سەرکوت بەرچاوترە؛ بۆیە، بەرەنگارییش زۆرترە». گێڕانەوەی هاوتەریبی کوشتارگا و سەربڕینی گاکان بە دەستی سەیدە سووری سەللاخ و لە کۆتاییدا هەڵاتنی گاکان، هێمای شوێنکاتی تەژی لە توندوتیژی و هەروەها سەرهەڵدانی بندەستانە. «لە پێشبازیا چیرۆکێن نەقەدیایی، ئەگەرچی سەرکوتی ڕاستەوخۆ لە گۆڕێدایە، بەڵام ئەو هێزەی بە شێوەی هەست­پێنەکراو و بە هەماهەنگی لەگەڵ دەزگای سەرکوتی دەوڵەتدا، بە ناخی کۆمەڵگەدا ڕۆچووە و زمانی گەلی بڕیوە، ئایدیۆلۆجییە» (زمانی کوردی، ئایدیۆلۆجی و پێڤاژۆی بەسووژەبوون، ٢٠١٩: ٩٧). لەم نێوەدا، «دەزگای ئایدیۆلۆجیکی ئایینی، زۆر زاڵە و دەوڵەت بە باشترین شێوە بەکاری هێناوە. ئەم دەزگایە، بە قۆزتنەوەی هەلی پاڵپشتیی دەوڵەتی، دەزگاکانی تری وەک خوێندنگەشی خستووەتە ژێر ڕکێفی خۆی. لەم پێوەندییەدا، هاوئۆلی لایەنی سەردەست و بندەست، دەرفەتێکی باشی بۆ دەوڵەت ڕەخساندووە تا بە سانایی سووژەی دڵخواز بەرهەم بهێنێت» (٩٩). ئەم ڕاستییە لە باکووردا بەرچاوترە و وەک دەبینین، حیزبی سەردەست لە هەڵبژاردنەکاندا زۆرترین سوودی لێ بینیوە. هەروەها هێرشی ئەم دواییانەی تورکیا و گرووپە ئیسلامییە هاوپەیمانەکانی بۆ سەر ڕۆژئاوا و باکووری سووریا، بە دروشم و ئایدیای جیهاد لە دژی کافران، دووپات­بوونەوەی هەمان دیاردەیە لە تەشەی فاشیزمێکی ئایین-ڕەگەزتەوەردا.

دەزگای ماڵبات ژی وەک یەکەم دەزگای چێکەری سووژە و باوک و دایک وەک یەکەم جێبەجێکارانی ئایدیۆلۆجیی زاڵ، لە پێناو بەرهەم‌هێنانەوەی بارودۆخی داسەپاودا باشترین ڕاژە پێشکەش بە دەوڵەت دەکەن. لە جیهانی ئەمڕۆدا، بە هاتنە مەیدانی ئامێری پێشکەوتوو و جۆربەجۆر، ئایدیۆلۆجی زۆر ساناتر و بەربڵاوتر خۆی دەخزێنێتە نێو ماڵانەوە. دەزگای بنەماڵە و هەروەهاش فێرکاری، بۆ بەجێ­گەیاندنی ئەرکە ئایدیۆلۆجیکەکانیان زۆر جار پەنا دەبەنە بەر توندوتیژی و وەک دەزگای سەرکوت دەجووڵێنەوە. ئەم شێوە مامەڵەیە لە کاردانەوەکانی میرزا هادی، باوکی موتەلیب­دا بەم شێوەیە ڕەنگی داوەتەوە:

ئەسڵەن زۆری ڕق لە کتێب بوو. هیچ کتێبێک جگە لە کتێبی دەرسی لە ماڵی ئێمەدا نەبوو. ئەو هەمووە سەعدی خۆش دەویست و تاریفی گوڵستان و بووستانی دەکرد، تەنانەت ئەوانیشی نەبوو. دەیکوت  تۆ عورزەی ئەوەت نییە دەرسەکانی خۆت بخوێنی ئێستا دەچی چوار لاپەڕە دڕاوی مەلا ڕەحمانی هەژار و سەیدی شێخەلیسلامم بۆ دەخوێنییەوە! پففف، مەسەلەن ئەوە خوێندیشتەوە، بە هیوای ببی بە چی؟!  گەڵ‌وقمچاغت ئەوەندە خاوێنە کوردایەتیم بۆ بکەی؟! کوڕڕدایەتی! ئای شیڕڕڕڕڕڕڕ! ئەوانەی کردیان حاڵیان زۆر خاوێن بوو! دیتمان، دیتمان، بەڵێ، دیتمان چییان لێ­هات و چییان بەسەر هات. (هیدایەتی، گابۆڕ، ۲۰۱۹: ١٧٠)

لە ڕۆمانەکەدا، میرزا هادی وەک پیاوێکی سامدار، ملهوڕ و سکەڕۆ وەسف کراوە کە جگە لە خۆی و شێخ سەعدی کەسی دیکەی قبووڵ نییە. ڕەفتاری لەگەڵ هاوژین و کوڕەکەیدا زۆر توندە و ئەوانیش زۆر لێی دەترسن. هەموو کار و کردەوەیەکی عەبدولموتەلیب، وەک سەرلەهەنگی ڕۆمان و سووژەیەکی سەربزێو و نادڵخوازی دەوڵەت، لە بن چاودێریی باوکیدایە؛ بۆیە، هەموو کارێکی بە نهێنییە. بۆ نموونە، دوور لە چاوی ئەو، لەگەڵ کەریم­دا، کتێبی کوردی دەکڕن و دەیخوێننەوە. میرزا هادی  زۆر ڕقی لە کتێبی کوردییە و ئەویش ناوێرێ بیباتەوە ماڵ و کەریم بۆی هەڵدەگرێت. جارێکیان دوو کتێبی کوردی بە ڕۆژنامە دادەپۆشێ و لە نێو کتێبە دەرسییەکانیدا دەیشارێتەوە؛ باوکی ڕاستیی ڕووداوەکەی بۆ دەردەکەوێت و بە تانە و تەشەر و جنێو و شەق و تف دەکەوێتە ویزەی و ئەم قسانە بە کوڕەکەی دەڵێت.

ماڵبات، یەکەم دەزگای چەسپێنەر و بەرهەمهێنەرەوەی ئایدیۆلۆجیی زاڵە. باوک و دایک، لە پاڵ گەورەکردنی منداڵان و پاراستنیان لە نەخۆشی و مەترسییەکانی تر، بێ ئەوەی خۆیان ئاگادار بن، تێدەکۆشن بە ئایدیۆلۆجییەک گۆچیان بکەن کە بۆیان دیاری کراوە و لە مێشکیاندا چێنراوە و پێویستە لە پێناو قازانجی سەردەستانی خاوەن هێز و ساماندا، بەردەوام بەرهەم بێتەوە. هەژیر (عەبدولموتەلیب)، کە هەوڵی چێکردنەوەی ناسنامەی خۆی دەدات و دەخوازێت لە ڕێگەی فێربوونی زمانی دایکی و ناسینی مێژووی ئەدەبی و سیاسیی گەلەکەیەوە لە تاریکیی ئایدیۆلۆجیی زاڵ ڕزگاری بێت، باوکی دەبێتە یەکەم ئاستەنگ و لەمپەری سەر ڕێی. لە ڕاستیدا، ئەو ئایدیاگەلەی دەوڵەت لە ڕێگای دەزگاکانی تری وەک قوتابخانە، مزگەوت و میدیاوە پرۆپاگەندەیان بۆ دەکات و پەرەیان پێدەدات، لە ڕێی خێزانیشەوە بە گوێی منداڵاندا دەدرێتەوە و لە مێشکیاندا جێگیر دەکرێت. لە گۆشەنیگایەکی ترەوە، میرزا هادی چالاکی و کاری فەرهەنگی بە  چالاکیی چەکداری و سیاسییەوە گرێ دەدات و بەم پێیە ڕێگری لە فێربوونی زمان و وێژەی کوردی دەکات (زمانی کوردی، ئایدیۆلۆجی و پێڤاژۆی بەسووژەبوون، ٢٠١٩: ٨٣). دیارە ئەم زەینییەتە لە بن باندۆری ئایدیۆلۆجیی زاڵدا چێ بووە؛ وەک چۆن ئەدەب و فەرهەنگی کوردان، لە لایەن دەسەڵاتدارانی دەوڵەت-نەتەوەگەلی تورکیا، ئێران، عێراق و سووریاوە تەنیا وەک چالاکیی سیاسیی دوژمنکارانە لەبەرچاو گیراون (ئەحمەدزادە، نەتەوە و ڕۆمان، ٢٠١٨: ١٦٣).  

دەزگایەکی تری پەرەپێدەری ئایدیۆلۆجیی زاڵ خوێندنگەیە. سەپاندنی زمانی سەردەست و سەرکوتی زمانەکانی تر زیاتر بە یارمەتیی دەزگای فێرکارییەوە جێبەجێ دەبێت. بیرەوەریی سەردەمی خوێندنی کەسایەتییە سەرەکییەکان، گرێدراوی زمانی سەردەستی «عالی گەل، عالی کوش» (عالی وەرە، عالی باز دە) و «چوپان دروغگو» (شوانی درۆزن) و «کوکب خانم»ی نێو کتێبە داسەپێنراوەکانە. ئەم دەزگایە، لە هاوسازیی لەگەڵ دەوڵەتدا، هەمیشە ئامادەی دابین­کردنی سووژەی پێویست بۆ بەڕێوەچوونی ڕێ­وڕەسمە دەوڵەتییەکانە. پاڵەوانی سەرەکیی ڕۆمانی پێشبازیا چیرۆکێن نەقەدیایی، لە ماوەی خوێندنی لە دەبستاندا، ئاڵای کۆماری پێ هەڵدەگیردرێت، سروودی نەتەوەیی پێ دەچڕدرێت، بە زۆرەملی بۆ جەژن و ڕێ­وڕەسم و ڕێپێوانەکان و تەنانەت سەیری تەرمی ڕووت و شێوێنراوی شەڕڤانان دەبرێت.

بەراوردی ئەم دوو دەقە ئەوەمان بۆ دەردەخات کە سەرکوتی پەتی، بە تاقی تەنیا، نابێتە هەڕەشەی جیدی بۆ سەر زمان؛ بەڵکوو ئەو مۆتەکە مەترسیدارەی دەتوانێت پێڤاژۆی زمانکوژیی سەرکەوتووانە سەربخات، ئایدیۆلۆجییە. سەرکوت و ئایدیۆلۆجی ئاوەڵدووانەی خێزانێکن و هەردەم کەمایەسییەکانی یەکدی قەرەبوو دەکەنەوە. دەتوانین ئەم هەڤۆکەی فوکۆ کە دەڵێت، «لە هەر کوێ هێز و دەسەڵات هەبێت، بەرخۆدان ژی هەیە»، لە پێوەندیی لەگەڵ پرسی زمان لەم دوو ڕۆمانەدا بەم شێوەیە دابڕێژینەوە و بڵێین: «لە هەر کوێ توندوتیژیی ڕاستەوخۆ و فیزیکی لە گۆڕێدایە، بەرخۆدان زیاترە؛ کەچی لە بەرامبەر هێزی هزرکوژ و بەلاڕێدابەری ئایدیۆلۆجیدا، زۆرینەی سووژەکان نەک هەر خۆ بەدەستەوە دەدەن، بەڵکوو دەبنە هاودەستیشی». (زمانی کوردی، ئایدیۆلۆجی و پێڤاژۆی بەسووژەبوون، ۲۰۱۹: ٩٧)

بە گشتی، کەشی زاڵی ڕۆمانی گابۆڕ، سەرکوتی فیزیکی و لێپێچینەوەی دەزگای ئایدیۆلۆجیکی بنەماڵە و خوێندنگە و لە بەرامبەردا، هۆشیاریی زمانی و شۆڕش‌باوەڕی و مل­نەدان و سەرهەڵدانی دوو سووژەی سەربزێو، واتە کەریم و هەژیرە. کەشی زاڵی پێشبازیا چیرۆکێن نەقەدیایی ژی، جێگیربوونی ئایدیۆلۆجی زاڵ بە پاڵپشتیی هەر دوو دەزگای سەرکوت و ئایدیۆلۆجیک، چاوبەست‌کردن بە یاریدەی دەزگایێن ئایینی، فێرکاری و ماڵباتی و لە بەرامبەردا، کەڵکەڵەی زمانپارێزی و کۆڵنەدان و بەرخۆدانی سووژەیەکی سەربزێو و دۆڕانی بەردەوام و ناهومێدییەتی لە شۆڕش (٩٩-٩٨).  ئەم ناهومێدییە لە پێشبازیا چیرۆکێن نەقەدیاییدا، بە پێچەوانەی گابۆڕ، چەند جار نوێندراوەتەوە. ڕەوش و وتەی «پیرا نا» (بوونەوەرێکی دەرئاسایی ڕۆمانی بەرباس کە ناوەناوە بە دەنگ و لە کۆتاییدا بە جەستە دەردەکەوێت)، دەرخەری ئەم ناهومێدییەیە. «پیرا نا» ئەو کاتەی لە ڕواڵەتی پیرەژنێکی قڕێژدا لەگەڵ سەرتاج-ی سەرلەهەنگی ڕۆماندا دەبێتە دەمەقڕەیان، دەڵێت: «ئەز داپیرا تە مە… ئەز دیا تە مە… ئەز وەلاتێ تە یێ کاڤلبوویی مە… ئەز شۆرەشا وە یا تێکچوویی مە…» (ئۆزمەن، پێشبازیا چیرۆکێن نەقەدیایی، ٢٠١٠: ۱۳۹). لە بەرانبەر ئەم ڕەوشەدا، سەرلەهەنگی ڕۆمان، ئاواتە وەدی­نەهاتووەکانی بەم چەشنە وێنا دەکات:

بەلێ، وەلاتەک هەبوو ب ناڤێ کوردستانێ و ئەو ل مەزنترین باژارێ وی وەلاتی ژ دایک بووبوو، ل باژارێ ئامەدا قەدیم. ئامەد کو سۆرگولا کوردستانێ بوو، ئەو هەلبەستەکە قەوی، مێژوویەکە خوەراگرتی و رابردوویەکە سەرگەڤەز بوو، بەری کو ببە کریستال و ئەلیف-لام-میم. وی دایکەک و باڤەک وەلاتپارێز هەبوو، خوەندا و تێگهشتی. ناڤێ دایکا وی زارشیرینێ، ناڤێ باڤێ وی ژی میرۆ بوو… دو خوشک (هەڤۆک و رەڤۆک) و دو برایێن وی یێن ژێ بچووکتر (سەردەست و کاوا) هەبوون و ئەو ژی د رێیا دێ و باڤێ خوە دە بوون. ژخوە ناڤێ وی ژی نە سەرتاج بوو… ناڤێ وی، ناڤێ کو باڤێ وی لێ کربوو فەرهەنگ بوو. فەرهەنگ ناڤەکی ب کوردی بوو و گەلەکی لێ دچوو. رۆژا کو ژ دایک بووبوو، فەرهەنگ­نووسەکی ناڤداری کورد ل سەر داخوازا باڤێ وی هین ئەو ل زانینگەهێ، د گوهێ وی یێ راستێ دە دوسەد پەیڤێن “مێ”، د گوهێ وی یێ چەپێ دە ژی دوسەد پەیڤێن “نێر” ژمارتبوون ژ فەرهەنگا خوە یا دەولەمەند. ئەو هین د بیست و چار سالیا خوە دە بوو و ب تەشویقا باڤێ خوە، وی دەست ب نڤیساندنا کورتەچیرۆکان کربوو، بێ­گومان ب زمانێ خوە یی رەسەن… (١١٢-١١١)

ئەم دێڕانە بەشێک لە جیهانی خەونەکانی سەرتاجمان بۆ دەگێڕنەوە، کە لەبەر شڵەژاویی دەروونیی بۆ دوکتۆر سارین-ی دەروون­پزیشکی دەگێڕێتەوە. سەرتاج لە وەڵامی پرسیارەکانی دوکتۆردا، ڕاستی و خەیاڵی لێ تێک­چووە و ژیانی ڕاستەقینە و چیرۆک و خەونەکانی تێکەڵ دەکات. ئەو کە کوڕی بچووکی زەکییە و فەتحی پۆستەچییە و لەگەڵ برایەکی ئاوەزناتەواوی مەزنتر و خوشکێکی بچووکیدا بە هەژاری لە گەڕەکی ژێرینی باژاری هەزەخ­دا دەژین، لە دنیای خەونەکانیدا لە کوردستانێکی ئازاد و خوەدی ماف و زمان و لە نێو ماڵباتێکی تێگەیشتووی نیشتمانپەروەردا مەزن بووە و ئێستا نەک چل ساڵان، بەڵکوو بیست و چوار ساڵیەتی و بە هاندانی باوکی، بە نووسینی چیرۆک بە زمانی کوردییەوە مژوولە. سەرتاج لە دنیای واقعیشدا، بە پێچەوانەی زۆرینەی زۆری هاوزمانەکانی، ئەوینداری زمانی کوردی و ئاواتەخوازی گەشەسەندنی نووسین بەم زمانەیە.

لە هۆکارەکانی تێکچوونی دەروونی و تووش­بوونی سەرتاج بە شیزۆفێرنیا، وەدی­نەهاتنی ئاواتەکانیە؛ بۆیە ئەم ئاواتانە لە خەیاڵیدا سەرهەڵدەدەنەوە. ئەو کە لە دنیای خەوندا بۆ بارودۆخێک ئاوەژووی ژیانی واقع دەگەڕێت، خۆی وەک ئەندامی خێزانێکی ئازادی نیشتمانێکی سەربەست و دوور لە دەزگای سەرکوت و ئایدیۆلۆجیک و دوور لە توندوتیژیی فیزیکی و هێمایین وێنا دەکات. بە گوێرەی ئەم خەونە، سووژەی گوێ­لەمستی ئایدیۆلۆجیی دەسەڵاتی زمانکوژ بوونی نییە. ماڵباتێکی ژیر و خوێندەوار و تێگەیشتوون. ناوی هەرهەموویان کوردییە و زمانی کوردییان بە لاوە گرنگە؛ بە چەشنێ کە تەنانەت لە جێی بانگ، دووسەد پەیڤی نێر و مێی کوردییان لە فەرهەنگێکی دەوڵەمەندی کوردیدا بە گوێی فەرهەنگ-ی زارۆکیاندا داوە. پەروەراندنی ئەم خەیاڵانە لە مێشکی سەرتاجدا، کە کەڵکەڵەی زمانی دایکی و دەوڵەمەندکردنی کتێبخانەی کوردیی هەیە، نیشانەی هیوابڕاوییەتی لە واقعی ژیان. واقعێک کە تێیدا کوردی­ئاخافتن، لە ڕوانگەی نەیارانەوە وەک تاوان و لە چاوی یارانەوە وەک دواکەوتوویی سەیر دەکرێت. واقعێک کە تێیدا کوردان شێلگیرانە و چالاکتر لە کارگێڕان و بەڕێوەبەرانی دەزگای سەرکوت و ئایدیۆلۆجیکی دەوڵەت، بەشداری لە پێشبڕکێی بڕینی زمانی خۆیان و منداڵەکانیان دەکەن (زمانی کوردی، ئایدیۆلۆجی و پێڤاژۆی بەسووژەبوون، ٢٠١٩: ٦٥-٦٤).

هەر وەک لە دەقی ڕۆمانەکەشدا خویایە، پێڤاژۆی پاکتاوی زمانی لە باکووردا زۆر توندوتیژانەتر بەڕێوە چووە. دیارە جیاوازیی هەلومەرجی باکوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لەسەر ڕەوشی ئامادە گەلێک کاریگەر بووە و بە دڵنیاییەوە ئەمە یەکێک لە هۆکارە گرنگەکانی ئاسمیلە و خۆئاسمیلەکاریی کوردانی ئەوێیە. بە وتەی بەڕێز د. کامران مەتین، «لە ئێراندا، بە هۆی دەوڵەمەندی و مێژینەبوونی زمان و فەرهەنگی فارسی، پێویست بە پێداگریی ڕەسمی و ستراتێژیک لەسەر «زنوفوبیا» یان «لەویدی‌‌تۆقاوی» لە گوتاری ناسیۆنالیزمی ئێرانیدا، بەو جۆرەی لە ڕووسیا، ئەڵمان و تورکیا ڕووی دا، نەکرا» («ناسیۆنالیزمی ئێرانی و مافی چارەی­خۆنووسین»، ٢٠١٣).

لە کۆتاییدا پێویستە بڵێین سەرەڕای سەرکەوتنی دەسەڵات لە چێ­کردنی سووژەی دەستاژۆی زمانی، بە تایبەت لە باکووردا و ئەگەرچی لە هەر دوو ڕۆمانەکەدا، سووژە زمانپارێزەکان بە شێوەی جیاجیا بەرەوڕووی هێرشی هەر دوو دەزگای سەرکوت و ئایدیۆلۆجیک دەبنەوە، بەڵام ئەم سووژانە، هێمای بەرگری و میناکی خۆپاراستنن لە هەمبەر ئایدیۆلۆجیی زاڵدا. «پاڵەوانە سەرەکییەکانی گابۆڕ، سەرەڕای هەڵس­وکەوتی توندوتیژانەی سووژە هەڵسازراوەکانی ماڵبات و قوتابخانە و لە ژێر چەپۆکی قورسی دەزگای سەرکوتدا، ناسنامەی خۆیان دەدۆزنەوە و بە فێربوونی زمانی دایکی، سیاسەتی سەپاندنی زمانی دەسەڵات لەسەر خۆیان، بە پێی توانست، پووچەڵ دەکەنەوە». لە کۆتاییشدا، ئەگەرچی بە تاوانی ملکەچ­نەبوون دەکەونە بەر شاڵاوی هەڕەشە، دەستهەڵگیری ئامانج نابن و لانی کەم، یەکێکیان بڕیار دەدات لە دەرەوەی سنووری دەسەڵاتی دەوڵەتدا درێژە بە تێکۆشان بدات (٢٠١٩: ١٠٠).

«لە پێشبازیا چیرۆکێن نەقەدیایی ژی، پاڵەوانی سەرەکیی ڕۆمان لە بن تەوژمی توندی زمانکوژیدا و وەک تاکێکی تەنیای نێو گەلێک سووژەی چاوبەستکراو، سەرهەڵدەدات» و لە ئەنجامدا بە هۆی گرتن و ئەشکەنجەی دەزگای سەرکوت و هەروەها ئازاری سووژە هەڵسازراوەکانی ئایین، ماڵبات، میدیا و خوێندنگە تێکدەچێت و لە کۆتاییشدا، بە دەستی سووژەیەکی دەستاژۆی دەزگای ئایدیۆلۆجیکی ئایینییەوە دێتە کوشتن. بەڵام بکوژ کە خوێندکاری خۆی بووە، دوابەدوای ئەم ڕووداوە، پەشیمان دەبێتەوە و لە بن باندۆری بیر و بڕوا جیاوازەکانی مامۆستاکەیدا، تەمی ئایدیۆلۆجیی پێش چاوی دەڕەوێتەوە و ڕووی ڕەشی هاندەرانی بۆ ئاشکرا دەبێت. پەشیمانی و تێگەیشتنی ئەم سووژەیە، نیشانەی بەردەوامیی بیری بەرهەڵستکارانەی سەرلەهەنگە و ئاماژەیە بۆ نەکوژانەوەی پشکۆی بەرخۆدان لەم ڕۆمانەدا (١٠١-١٠٠).

داگرتنی تێزه‌که‌ به‌ شێوه‌ی PDF

ناونیشانی تێز:

Ebrahimi, Mazhar. Zimanî Kurdî, Îdeolojî û Pêvajoy Besûjebûn: Xwêndinewey Dû Romanî Pêşbaziya Çîrokên Neqediyayî û Gaboȓ be Gwêrey Teorîy Rexneyî Louis Althusser. Teza Lîsansa Bilind bi Şêwirmendiya Doç. Dr. Bakhtiar Sadjadi & Doç. Dr. Hayrullah Acar, Şaxa Makezanista Ziman û Çanda Kurdî, Enstîtûya Zimanên Zindî yên li Tirkiyeyê, Zanîngeha Mardîn Artukluyê, ۲۰۱۹٫

 

هەندێک لە سەرچاوەکانی تێزی بەرباس

كوردی/ Kurdî

ئەحمەدزادە، هاشم.. جێهانی ڕۆمان. سلێمانی: ئەندێشە، ٢٠١٥.

—. “ڕۆمان و ڕوانگە”. لە: سێبەری زیندووی نووسین: کۆمەڵێک وتار لەسەر ڕۆمانی گابۆڕ. سەقز: گوتار، ٢٠١٨.

سەجادی، بەختیار. “سوبژێکتیڤیتە لە نێوان ئیپێفێنی و سنوورەکاندا”. سێبەری زیندووی نووسین: کۆمەڵێک وتار لەسەر ڕۆمانی گابۆڕ. سەقز: گوتار، ٢٠١٨a.

—. “زمان و ئایدیۆلۆژیا: هەڤپەیڤین لەگەڵ دوکتۆر بەختیار سەجادی”. ئامادەکردنی سامان درەفش. گۆڤاری بیر و هزر، ساڵی ٤، ژ. ٨ و ٩ )گوڵانی ٢٠١٨b)، لل. ١٠٦-١١٥.

—. «خودی ئایدۆلۆجیک وەک بەرێوەبەری ناسنامە». گۆڤاری بیر و هزر، س. ١، ژ. ١(خاکەلێوەی ٢٠١٦)، لل. ٩٧-١٠٠.

شێخولئیسلامی، جەعفەر. “زمانناسیی کۆمەڵایەتی لە نووسینەکانی د. ئەمیر حەسەن­پووردا”. دەروازە، ژ. ٢ (نیسانی ٢٠١٨)، لل. ٢٢١-٢٠٠.

ناوخۆش، سەلام. “لینگویساید و دیالێکتی کرمانجی باکوور لە قۆناغی کۆلۆنیالەوە”. ڕامان، ژ. ۲۵۰ (۵/ ۳/ ۲۰۱۸)، لل. ۱۰۹-۱۱۵٫

هیدایەتی، سەید قادر. گابۆڕ. چاپی سێیەم. سەقز: گوتار، ٢٠١٩.

Barak, Weysî. “Siyasetên Zimannasîyê û Kurdî”. Le komele witarî Konferansali ser Zimanê Kurdî. Koln: Weşanên Komkar, 2002, rr. 62-87.

Çîçek, Cuma. Zimanek Çima Tê Qedexekirin?: Polîtîkayên Zimanî û Rewşa Kurdî li Tirkiyeyê ji Înkarê Ber bi Nasînê. Stenbol: Peywend, 2013.

Ozmen, Şener. Pêşbaziya Cîrokên Neqediyayî. Stenbol: Lîs, 2010.

Seydo Aydogan, Îbrahîm. Guman 2: Wêjeya Kurdî û Romana Kurdî. Stenbol: Rûpel, 2014.

 

فارسی:

آلتوسر، لویی. علم و ایدئولوژی. پژوهش، گزینش و برگردان مجید مددی. تهران: نیلوفر، ٢٠١٧.

احمدزاده، هاشم. از رمان تا ملت. ترجمه­ی بختیار سجادی. چاپ دوم

درباره‌ی ماڵی کتێبی کوردی

همچنین ببینید

کتێبی «کەس خۆی بۆ تەرک ناکرێ» بڵاوکرایەوە.