
حکومەتی ئەقڵ و شکۆی رۆح، مەلا ئەفەندی هەولێری لە بەرزایی مێژوودا
ئاوات قەرەداغی
کاتێک ئاوڕ لە مێژووی رووناکبیری و فکریی کوردستان و شاری هەولێر دەدەینەوە، بەر بەرزیی قەڵایەک دەکەوین کە لە ناخیدا مێژوویەکی دەوڵەمەندی لە زانست، حیکمەت و کارێزما کۆمەڵایەتی نیشتەجێ کردووە. لەنێو ئەو ناوە گەورانەی لە ئاسمانی هەولێردا وەک ئەستێرەی گەش درەوشاونەتەوە، ناوی پیرۆز و سەنگینی مەلا ئەبوبەکر ئەفەندی، ناسراو بە (مەلا ئەفەندی هەولێری)، وەک چەقێکی ناوەندیی دیپلۆماسی، فکری و ئایینی دەنوێنێت.
مەلا ئەفەندی هێمای قۆناغێکی زێڕینی تێکەڵاوبوونی «زانستی شەرعی» و «حیکمەتی ئەقڵی» و «دیپلۆماسییەتی نەتەوەیی»یە. ئەو نوێنەرایەتی سەردەمێک دەکات کە زانای کورد پەناگە و مەرجەعی رزگارکردنی کۆمەڵگە بووە لە قەیرانە گەورە رامیاری و نەتەوەییەکاندا. مەلا ئەفەندی لە خێزانێکی زۆر دیار و رەسەنی ئایینی و فکری لە هەولێر لەدایک بوو. ئەم بنەماڵەیە سەر بە ئال و ماڵێک بوون کە سەدان ساڵ خزمەتی زانست و خەڵکی ناوچەکەیان کردبوو. باوکی، حاجی مەلا عومەر ئەفەندی، کەسایەتییەکی بەناوبانگ و مامۆستای مزگەوتی گەورەی قەڵای هەولێر بوو.
لەو ژینگەیەی کە ئەقڵ و پێنووس بەهادارترین کەرەستەی ژیان بوون، مەلا ئەفەندی پەروەردە بوو. سەرەتای تەمەنی بە لەبەرکردنی قورئان و خوێندنی زانستە سەرەتاییەکانی نەحو، سەرف و لۆژیک دەستپێکرد. هێندە زیرەک و وردبین بوو کە لە تەمەنی بیست و هەشت ساڵیدا، دوای کۆچی دوایی باوکی لە ساڵی ۱۸۹۱دا، راستەوخۆ بووە مامۆستا و مەرجەعی مزگەوتی گەورەی قەڵا.
لە ساڵی ۱۹۰۸دا مزگەوتی گەورەی قەڵای نوێکردەوە و کردییە ناوەندێکی فکریی ئەوتۆ کە فەقێ و فێرخوازان لە تەواوی کوردستان و ناوچەکەوە روویان تێدەکرد. نەک هەر ئەوە، بەڵکو خەرجی خوێندنی فەقێکان و بەخێوکردنیانی لە ئەستۆی خۆی گرتبوو، تەنانەت ساڵانە زەمالەی تایبەتیشی هەبوو بۆ ناردنی دوو خوێندکاری دیار بۆ زانکۆی عەرەبی و ئیسلامیی ئەزهەر لە قاهیرە.
ئەوەی مەلا ئەفەندی لە زۆربەی هاوسەردەمەکانی جیا دەکاتەوە، ئاسۆی کێشراوی بیرکردنەوەی بوو. ئەو قووڵ بووبووەوە لە فەلەکناسی (ئەستێرەناسی)، بیرکاری، لۆژیک، گەردوونناسی و فەلسەفەدا. دەستنووس و بەرهەمە زانستییەکانی، وەک لێکۆڵینەوەکانی لەسەر (ئەسترۆلاب – ئامێری پێوانی ئەستێرەکان) و بیرکاریی کۆن و تەفسیرەکانی، گەواهی ئەوە دەدەن کە ئەو خاوەنی ئەقڵێکی میتۆدی و زانستیی بێگەرد بووە. خشتەی تایبەتی بۆ دیاریکردنی کاتەکانی نوێژ، دەستپێکی مانگە کۆچییەکان و دۆزینەوەی ئاراستەی دقیق بۆ قیبلە دادەنا، کە لەو سەردەمەدا بەبێ بوونی تەکنۆلۆژیا، تەنیا کارێک بوو لە ئەقڵە لێهاتوو و بەهرەدارەکان دەهات.
کتێبخانە دەوڵەمەندەکەی لە قەڵا و دواتر لە شوێنی نیشتەجێبوونی لە گەڕەکی (باداوا)، تژی بوو لە دەستنووسە دەگمەنەکان بە زمانەکانی کوردی، عەرەبی، فارسی و تورکی. مۆرکی فکری و زانستیی ئەو گەیشتبووە زانایانی گەورەی میسر، ئەفغانستان، تورکیا و دەوڵەتی عوسمانی.
مەلا ئەفەندی پیاوی مەیدان و رۆژگارە سەختەکان بوو. لە سەردەمی دەوڵەتی عوسمانیدا، بەهۆی ناوبانگ و بڕواپێکراوییەوە، سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەمی عوسمانی داوای لێکرد بۆ ناوبژیوانی لەنێوان هۆزە گەورەکانی کورددا کە تووشی چەندین شەڕی خوێناوی بووبوون. بەهۆی دیپلۆماسییەت و قسەرۆیشتوویی مەلا ئەفەندی، ئاشتی کەوتەوە نێوانیان. لەبەرامبەر ئەم خزمەتە گەورەیەدا، سوڵتانی عوسمانی مەدالیای گەورەی (خادمی حەرەمێن)ی پێبەخشی کە دووەم بەرزترین پلەی رێزلێنانی ئیمپراتۆرییەتەکە بوو.
کە ئینگلیزەکان هاتنە عیراق و ناوچەکە (دوای جەنگی جیهانیی یەکەم)، مێژوونووسان و فەرمانڕەوایانی بەریتانی لە یاداشتەکانیاندا زۆر بە هەیبەتەوە باسیان لە مەلا ئەفەندی کردووە. سێر روبێرت های (راوێژکاری سیاسیی بریتانیا لە هەولێر)، لە کتێبی: (دوو ساڵ لە کوردستاندا)دا، شێوازی قسەکردن و روئیای مەلا ئەفەندی بۆ ئاشتی بەرز دەنرخێنێت. هەروەها گێرتڕۆد بێڵ و ئارچیباڵد هامیڵتۆن (ئەندازیاری رێگەی بەناوبانگی هامیڵتۆن)، لە یاداشت و نامەکانیاندا وەک کەسایەتییەکی خاوەن فکر و هەیبەت ئاماژەیان پێکردووە.
لە ساڵی ۱۹۲۴دا، کاتێک لیژنەی کۆمەڵەی نەتەوەکان (League of Nations) هاتوونەتە هەولێر بۆ دیاریکردنی چارەنووسی ویلایەتی موسڵ و لکاندنی بە عیراق، یان تورکیا، مەلا ئەفەندی پێشوازیی لێکردن و بە توندی بەرگری لە مافی گەلی کورد و هێشتنەوەی ناوچەکە لە چوارچێوەی هەوڵە نەتەوەییەکاندا کرد.
یەکێک لە زێڕینترین لاپەڕەکانی مێژووی مەلا ئەفەندی، کە نیشانەی باوەڕی قووڵی بە پێکەوەژیان و مرۆڤدۆستی دەسەلمێنێت، هەڵوێستی بوو بەرامبەر هاووڵاتییانی مەسیحی لە ناوچەی عەنکاوە لە سەرەتای بیستەکانی سەدەی رابردوودا. کاتێک لەژێر کاریگەریی هەندێک ئاڵۆزیدا، مەترسی و هەڕەشەی دەستبەسەرداگرتنی زەوی و زاری مەسیحییەکان هاتە ئاراوە، مەترانی عەنکاوە و کەسایەتییە دیارەکانیان روویان کردە مەلا ئەفەندی لە مزگەوتی گەورە. مەلا ئەفەندی بە بێ دوودڵی سەرکردەی هۆزەکانی کۆکردەوە و وتەیەکی مێژوویی پێشکەش کرد، کە تا ئێستاش وەک پەند دەگوترێتەوە: (هەر پەلامارێک، یان دەستدرێژییەک بۆ سەر برا مەسیحییەکانمان لە عەنکاوە، وەک دەستدرێژییە بۆ سەر کەسایەتی و ماڵی خۆم). ئەم هەڵوێستە بووە هۆی کپکردنەوەی تەواوی ئاڵۆزییەکان و پاراستنی تەواوەتی مەسیحییەکان، کە تا ئێستاش لە مێژووی شاری هەولێردا بە شانازییەوە باس دەکرێت.
لە ساڵی ۱۹۱۳دا، مەلا ئەفەندی ماڵەکەی لە قەڵاوە گواستەوە بۆ گوندی باداوا (کە ئەو کات لە دەرەوەی شار بوو، ئێستا گەڕەکێکە لە هەولێر). ماڵی لە گەڕەکی باداوا بووبووە سەنتەرێکی گەورەی سیاسی و کۆمەڵایەتی.
پادشای عیراق، مەلیک فەیسەڵی یەکەم، لە ساڵانی ۱۹۲۴ و ۱۹۳۱دا سەردانی ماڵەکەی کرد و سوپاسی هەڵوێستە حەکیمانەکانی کرد، بەڵام وەرچەرخانی گەورە لە ساڵی ۱۹۴۱دا روویدا، لە کاتی کودەتاکەی رەشید عالی گەیلانی و تێکچوونی باری تەندروستی و رامیاریی بەغدا، خێزانی پادشایی عیراق (لەناویاندا مەلیک فەیسەڵی دووەم کە ئەو کات منداڵ بوو و شازادە و خێزانەکەی)، ماڵی مەلا ئەفەندییان لە گەڕەکی باداوا وەک ئارامترین و پارێزراوترین شوێنی عیراق هەڵبژارد. مەلا ئەفەندی ماڵەکەی خۆی چۆڵ کرد و پێشکەشی کردن، خۆیشی گەڕایەوە قەڵا. لە بەرامبەر ئەم هەڵوێستەدا، پاش گەڕانەوەیان بۆ بەغدا، (مەدالیای رافیدەین)ی پلە یەکی پێبەخشرا.
کاتێک مەلا ئەفەندی لە ۳۱ی کانونی یەکەمی ۱۹۴۲دا کۆچی دوایی کرد، شارەکە نوقمی خەم بووبوو. تەرمەکەی لە گۆڕستانی تایبەتی بنەماڵەکەی لە گەڕەکی باداوا بە خاک سپێردرا. شاعیرانی گەورەی کورد و عەرەب، لە سەروویانەوە پیرەمێردی نەمر، نیعمەتوڵڵا النعمه و عەبدولڕەحمان ئەلبەنا، هۆنراوەی بەرز و مەرسیەی بەئێشیان بۆ نووسی. پیرەمێرد لە مەرسیەکەی ساڵی ۱۹۴۳ دا ئاماژە بە کۆچی دوایی ئەم کەسایەتییە مەزنە دەکات و دەفەرموێت کە بە رۆیشتنی، رۆژگارێک لە زانست و شکۆ ئاوا بوو.
ئەمڕۆ کاتێک بە شەقامەکانی هەولێردا تێدەپەڕین و ناوی مەلا ئەفەندی لەسەر خوێندنگە، نەخۆشخانە، یان شەقامەکان دەبینین، پێویستە بزانین ئەمە وەفادارییە بۆ هێمایەک لە مێژووی رووناکبیریی کولتورەکەمان. مەلا ئەفەندی هەولێری فێری کردین کە زانستی ئایینی کاتێک بەرەو لوتکە دەچێت کە لەگەڵ فەلەکناسی، لۆژیک، ئاشتیی کۆمەڵایەتی و مرۆڤدۆستیدا ئاوێتە بێت
خانە کتاب كُردی