آخرین خبرها
خانه / اخبار و رویدادها / دانیشتنی تاوتوێکردنی ڕەوتی مێژوونووسیی کوردی بەڕیوە چوو

دانیشتنی تاوتوێکردنی ڕەوتی مێژوونووسیی کوردی بەڕیوە چوو

دانیشتنی تاوتوێکردنی ڕەوتی مێژوونووسیی کوردی بەڕیوە چوو

بە پێی راپۆرتی دەزگای هەواڵنێڕیی ماڵی کتێبی کوردی نیوەڕۆی چوارشەممە ١٣ی خەزەڵوەر، لە درێژەی زنجیرە دانیشتنە تایبەتییەکانی توێژینگەی کوردستان‌ناسیی زانکۆی کوردستاندا، جڤینی تاوتوێکردنی ڕەوتی مێژوونووسیی کوردی لە لایەن گرووپی لێکۆڵینەوەی میژوو و چاندی توێژینگەوە لە هۆلی فیردەوسی کۆلێژی زانستە مرۆیی و کۆمەڵایەتییەکانی زانکۆی کوردستاندا بەڕیوە چوو.
دانیشتنی تاوتوێکردنی ڕەوتی مێژوونووسیی کوردی، کە کۆمەڵێ لە مامۆستایانی زانکۆ و خوێندکاران و توێژەران و خوێنەرانی مێژووی کورد تێیدا بەشدار بوون، بریتی بوو لە پێشکەشکردنی دوو وتار لە لایەن دوکتۆر ئیسماعیل مەحموودی توێژەری بواری مێژووی هاوچەرخی کوردستان و مێژووی ئەندیشە و ڕووناکبیریی کوردی و دوکتۆر ئومید بەهرامی‌نیا ئەندامی لێژنەی زانستیی گرووپی مێژووی زانکۆی کوردستان و پسپۆڕی مێژووی کوردستان لە سەدەکانی ناوەڕاستدا.

فەرشاد سەلیمی توێژەری مێژووی هاوچەرخی ئێران وەک بەڕێوەبەری دانیشتنەکە لە دەستپێکی جڤینەکەدا وێڕای بەخێرهاتنی ئامادەبووان، بۆ ورووژاندنی مژارەکە ئاوردانەوەیەکی خێرای سەبارەت بە ئالۆزیی چەمکی مێژوونووسی بە گشتی و ڕەوتی مێژوونووسیی کوردی وەک ئەزموونێکی تایبەتی خستە ڕوو. پاشان لە یەکەم وتاردا دوکتۆر ئیسماعیل مەحموودی لە ژێر ناونیشانی ” لە ڕووداونووسیەوە بۆ گوتاری مێژوونووسانی کوردی”، وێڕای تیشک خستنە سەر هەندێ چەمکی تایبەت بە بواری مێژوونووسیی کوردی، و کێشە و گرفتەکانی دیارنەبوونی پێوەر و پێودانگەکانی قۆناغبەندیی مێژوویی لە مێژوونووسیی کوردیدا، باسی لەەوە کرد کە ڕەوتی مێژوونووسیی کوردی سەرەتا لە قۆناغی رووداونووسی میرنشینەکانەوە دەست پێدەکات و پاشان لە سەرەتای سەدەی بیستەم بەدواوە وردە وردە ڕووناکبیرانی کورد لە ژێر کاریگەریی گۆرانکارییەکانی سەردەمی نوێدا واتایەکی نوێ بە ڕەوتی مێژوونووسیی کوردی دەبەخشن کە داڵغەی شوناسی کوردی و چەمکەکانی نەتەوە و گەڵ و هتد دەبنە چەمکی بنەمایی مێژوونووسیی کوردی . دیاریکردنی تایبەتمەندی هەر یەک لەم قۆناغانە و شرۆڤەی نموونە و بەرهەمەکانیان بەشێکی دیکەی گرنگ لە وتەکانی دوکتۆر مەحموودی بوون کە لە دووتوێیدا تیشکی خستە سەر گواستنەوەی گوتاری مێژوونووسیی کوردی لە قۆناغی پێش مۆدێڕنەوە بۆ قۆناغی نوێ و هاوچەرخ.

دکتۆر ئومید بەهرامی لە دووهەمین وتاری کۆڕەکەدا، لە بابەتێکدا بە ناونیشانی ” از حدیث دیگران تا حدیث خویشتن؛ تاملی در تاریخنگاری کوردی” کە بە زمانی فارسی پێشکەشکرا، سەرەتا لە ڕوانگەیەکی خەسارناسانەوە بە وردی وێناکردنەوەی سیمای مرۆڤ و کۆمەڵگای کوردی لە بەرهەمە مێژوونووسیەکانی سەدەکانی ناوەڕاستدا، وەک وەک وێناکردنەوەیەکی چەواشەکراوی ئەویدی لە کورد خستە ڕوو و باسی لە هۆکار و دەرهاویشتەکانی ئەم دیاردەیە کرد. پاشان قۆناغی نووسینی مێژووی کوردی لە لایەن کوردانەوە باس کرد؛ واتا ئەو قۆناغەی کە ئیدی کورد هەوڵ دەدات کە مێژوونووسیی لە ڕکێفی ئەویدی دەربێنێت و خۆی بیگێڕێتەوە. لە وتەکانی دوکتۆر بەهرامی‌دا قۆناغی “حدیث خویشتن” لە مێژوونووسیی کوردیدا واتا قۆناغی گێرانەوەی مێژوو لە لایەن خودی کوردەوە خۆی دابەش دەبێت بە سەر دووبەشی پێش مودێڕن و هاوچەرخدا کە لە سەردەمی هاوچەرخدا ئیدی یەکەی توێژنیەوە و شیکاری نەتەوە و گەڵی کوردە و مێژوونووسانی کورد هەول دەدەن بنەماکانی مێژووی نەتەوەیی دابنێن.

بە پێی خشتەی جڤینەکە، دوای پێشکەشکردنی وتارەکان، ئامادەبووانی پرسیار و تێبینییەکانیان خستە ڕوو و لە لایەن دوکتۆر مەحموودی و دوکتۆر بەهرامییەوە وڵام درانەوە.

درباره‌ی خانه کتاب کُردی

همچنین ببینید

«با کتاب گفت‌وگو کنیم» شعار سی‌وچهارمین هفته کتاب جمهوری اسلامی ایران است

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *