آخرین خبرها
خانه / اخبار و رویدادها / کتێبی «مانای ژیان و مەرگ» بڵاوکرایەوە

کتێبی «مانای ژیان و مەرگ» بڵاوکرایەوە

کتێبی «مانای ژیان و مەرگ» بڵاوکرایەوە

ناسنامەی کتێب: «مانای ژیان و مردن»، مایکێڵ هاسکێلێر، وەرگێڕانی شۆرش فەرامەرزی، چاپەمەنی ڕێگا، بانە ۱۴۰۵ هەتاوی.

گرنگیی ژیان چییە؟ کاتێک هەموومان بزانین کە لە کۆتاییدا دەمرین و هیچ شتێک لە دەستکەوتەکانی ژیانمان بۆ هەمیشە نامێنێتەوە، ئەوا بۆچی دەبێت هەوڵ بدەین، تێ بکۆشین شتێک بەدەست بێنین و ژیانمان بە مانادار بزانین؟ ئایا هەر کارێک کە دەیکەین دەتوانێت گرنگییەکی هەبێت؟ یان پێویستە لە بنەڕەتدا پرسیارەکە بە شێوەیەکی دیکە دابڕێژین؟

کتێبی «مانای ژیان و مردن»ی مایکێڵ هاسکێلێر هەوڵێکە بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارانە، بەڵام نەک بە پێشکەشکردنی تەنیا یەک وەڵامی کۆتایی. هاسکێلێر خوێنەر دەباتە ناو جیهانی بیرکردنەوەی دە فەیلەسووف و نووسەرەوە کە هەر کامەی لە ڕوانگەی خۆیەوە لە مانای ژیان و مردن و شێوازی ژیانی مرۆڤ بیری کردووەتەوە: شوپێنهاوێر، ویتگێنشتاین، نیچە، تۆڵستۆی، داستایێفسکی، هێرمان مێلڤیل، ویلیام جەیمز، ئالبێر کامۆ، کییرکێگۆ و مارسیل پڕۆست.

کۆکردنەوەی ئەم ناوانە لە یەک کتێبدا خۆی سەرنجڕاکێشە. شوپێنهاوێر و نیچە فەیلەسووفن، ویتگێنشتاین فەیلەسووفی زمانە، ویلیام جەیمز لە فەلسەفە و دەروونناسییەوە دێت و تۆڵستۆی و داستایێفسکی و مێلڤیل و پڕۆست و کامۆ بە بەرهەمە ئەدەبییەکانیانەوە لەگەڵ پرسیارە قووڵەکانی بوونی مرۆڤ دەژین؛ بەڵام ئەوەی ئەمانە لە یەک بەستێندا کۆ دەکاتەوە پرسیارێکی سادە و لە هەمان کاتدا قووڵە: مرۆڤ بۆچی دەژیت؟

کتێبەکە هاوکات لەگەڵ پرسیاری مانای ژیان، خەریکی پرسیاری مردنیش دەبێت و لێی دەکۆڵێتەوە. مردن تەنها ئەو ڕووداوە نییە کە لە کۆتایی ژیاندا ڕوو دەدات؛ ئاگاداریی مرۆڤ لە مردن دەتوانێت هەموو تێگەیشتنەکەی لە ژیان بگۆڕێت. ئەگەر ژیان سنووردارە، ئەوا بەها و ئامانج و خۆشی و ئازار و هەڵبژاردنەکانمان چ مانایەکیان هەیە؟ ئەگەریش هیچ مانایەکی گەردوونی و پێشوەختە بۆ ژیان نەبێت، ئایا ئەمە کۆتایی بە ماناداربوونی ژیان دێنێت؟

لە «مانای ژیان و مەرگ»دا خوێنەر لەگەڵ دەنگێکی یەکگرتوو بەرەوڕوو نابێتەوە، بەڵکوو لەگەڵ جۆرێک لە کۆڕی بیرکردنەوە ڕووبەڕوو دەبێت کە تێیدا فەلسەفە و ئەدەبیات لەسەر پرسیارێکی هاوبەش گفتوگۆ دەکەن. هەندێک لەو بیرمەندانە مانای ژیان لە بەها و ئەزموونی خودی ژیاندا دەبینن، هەندێکیان لەگەڵ پووچی و بێمانایی ڕووبەڕوون و هەندێکیان پرسیارەکە بۆ ئاستی زمان، خود، باوەڕ و ئەزموونی تاک دەبەن، لەبەر ئەمە، کتێبەکە تەنیا بۆ خوێنەری پسپۆڕی فەلسەفە نییە، بەڵکوو ئەوەی حەزی لە ئەدەبیات هەیە، ئەوەی بە پرسیارەکانی بوونی مرۆڤەوە خەریکە و هەر کەسێک کە جارێک لە خۆی پرسیوە «بۆچی دەژیم؟»، دەتوانێت خۆی لەناو ئەم گفتوگۆیەدا بدۆزێتەوە.

ئەم کتێبە ڕاستەوخۆ لە زمانی ئینگلیزییەوە، بۆ کوردیی ناوەندی وەرگێڕدراوە؛ لە وەرگێڕانەکەدا هەوڵ دراوە وردی و تایبەتمەندیی زمانی زانستیی دەقی سەرچاوە بپارێزرێت؛ بەڵام لە هەمان کاتدا زمانی دەقی وەرگێردراو سادە، ڕاشکاو، ڕەوان و خۆشخوێن بێت؛ لە ڕستەی دوورودرێژ و دەستەواژەی قورس دووری کراوە، بۆ ئەوەی واتای دەق بە ئاسانترین شێوە بگاتە خوێنەر، بێ ئەوەی وردییە فکری و زانستییەکەی لەدەست بدات؛ هەروەها گرنگی بە فامهەڵگربوون، ڕێنووس و ڕێزمانی تەواو و دروست، زمانی ستاندارد و ڕەوانیی دەربڕین دراوە، بۆ ئەوەی بازنەی خوێنەرانی کتێبەکە تا دەتوانرێت فراوان بێت.

«مانای ژیان و مەرگ» وەرگێڕانی کوردیی کتێبێکە کە دەیەوێت یەکێک لە کۆنترین پرسیارەکانی مرۆڤ بە زمانی ئەمڕۆی کوردی بخاتە بەردەم خوێنەر. ڕەنگە پرسیاری سەرەکی ئەمە نەبێت کە مانای ژیان چییە؟ بەڵکوو ئەمە بێت «ئەگەر بزانین بێگومان دەمرین، ئەوا بۆچی هێشتا دەژین؟»

 ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە ڕێگە پێدراوە.

  https://t.me/kurdishbookhouse

درباره‌ی خانه کتاب کُردی

همچنین ببینید

خەڵاتی نێودەوڵەتی مەستوورە تایبەت بە ناساندن و ڕێزلێنان لە ژنانی ناوداری کورد بەڕێوە دەچێت

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *