خانه / اخبار و رویدادها / سیستەمی جوانیناسانە لە گوتاری “سێبەری ئەوین”دا بەپێی ئاراستەی نیشانە- واتاناسی

سیستەمی جوانیناسانە لە گوتاری “سێبەری ئەوین”دا بەپێی ئاراستەی نیشانە- واتاناسی

سیستەمی جوانیناسانە لە گوتاری “سێبەری ئەوین”دا بەپێی ئاراستەی نیشانە- واتاناسی

 پێشەکی

بوارەکانی جوانیناسانەی دەقی وێژەیی، پێوەندییەکی چڕیان لەگەڵ ئاراستەکانی ڕەخنەی ئەدەبی و لێکدانەوەی دەق هەیە و لە ڕاستیدا هەر جۆرە لێکدانەوەی جوانیناسیی دەق، لێکدانەوەی دەقی ئەدەبی هەژمار دەکرێت. لەنێوان ئەم ئاراستانەی ڕەخنەی ئەدەبی و لە پێوەندیی نێوان دوو بواری نیشانەناسی و واتاناسی، لەم دەیانەی دواییدا، ئاراستەی نیشانە- واتاناسی بەدی هاتووە کە ئاخێزگاکەی، پێکهاتەخوازی و پاشپێکهاتەخوازییە. “نیشانە- واتاناسیی گوتاری و گێڕانەوەیی ئاکامی نیشانەناسیی پێکهاتەخوازیی سوسوری و پیرسی و نیشانەناسیی پاشپێکهاتەخوازییە” (حسین پور و دیگران، ٦٠ :١٣٩٨). یلمسلێڤ (L. Hjemslev)، زمانناسیی دانمارکی، تیۆری نیشانەناسیی سوسوری تەواو کرد و پێوەندیی پێواژۆییی دوو ئاستی دەربڕین و ناوەرۆکی لە جێی پێوەندیی دال و مەدلوولی دانا (شعیری، ٤١ :١٣٨٨). نیشانەناسیی یلمسلێڤی، بەپێچەوانەی نیشانەناسیی پێکهاتەخواز، بە بڕوابوون بە دوو ئاستی دەربڕین و ناوەرۆک، پێوەندیی نێوان جیهانی دەرەکی و ناوەکی کرد بە پێوەندییەکی هەستی- تێگەیشتنی[۱] و ڕەوان.

کەواتە نیشانە- واتاناسیی گوتاری لەسەر بنەمای کردەیەکە کە بەڕێوەبەرایەتیی زنجیرەپێواژۆی گوتاری لەئەستۆیە و واتا تێیدا نەتەنیا بەپێی ئامانجگەلێکی لەپێشدیاریکراو بیچمی گرتووە، بەڵکوو کارکردەکانی دۆخی گوتاریش تێدا کارتێکەرن. (شعیری، ٣٤ :١٣٨٨)

نیشانە و واتاناسی، جۆرێک یەکترپۆشییان هەیە کە هەر کامیان پێویستی بە ئەوی ترە. نیشانە، بانگهێشتی واتا دەکات و واتاش لە نیشانەدا دەردەکەوێت. کەواتە نە نیشانە بەتەنیایی بەکار دێت و نە واتا بەبێ نیشانە. نیشانە بە جێگرتن لە سیستەمی پێواژۆیی، دەست بە بەرهەمهێنانی واتا دەکات، واتایەک کە بێجووڵە و ڕاوەستاو نییە، چونکە ئەو پێواژۆیەی کە نیشانە- واتاکان تێیدا جێگیر دەبن هەڵسووڕ و لەبننەهاتوون. نیشانە لەو پێناسەیەدا، جۆریکی نەرم و شلک، ڕەوان، چالاک، بگۆڕ، فرەچەشن و فرەڕەهەندە. گشت ئەمانە واتا دەکەنە کارلێکی، پێواژۆیی، گۆڕانگر، هەڵسووڕ و فرەڕەهەندی. (شعیری، ٢ :١٣٩٥)

لە نیشانە- واتاناسیدا، بەپێچەوانەی نیشانەناسیی کلاسیک، نیشانەکان هەلی وەرگرتنی نیشانەی نوێیان دەبێت و لە نیشانە ئاسایییەکانەوە کە کارکردێکی باو و دووپاتەیان هەیە، دەبن بە نیشانەگەلێکی نوێ کە کارکردێکی جوانیناسانە و چاوەڕواننەکراوەیان هەیە. لە نیشانە- واتاناسیدا، نیشانەیەکی زمانی بایەخێکی لەپێش‌دیاریکراوی نییە و پاژەکانی تری ڕستەش کە گوتار وەک یەکەیەکی سەرتر لە ڕستە پێک دێنن، لە دەلالەتە واتایییەکەیدا ڕۆڵیان هەیە، نیشانە تەنیا دەلالەتێکی واتایی نییە، بەڵکوو دەتوانرێت هەم لە ڕواڵەت یان شێوەی (دەرەکی) وتە و هەم لە شێوەی ناوەکی وتە (دەلالەتی پاڵەکی) سرنجی پێ بدرێت؛ واتا نیشانە پێکهاتەیەکی دوولایەنی هەیە: هەم دەلالەتی واتایی هەیە و هەم دەلالەتی پاڵەکی (احمدی، ٥٤ :١٣٨٣).

 

پێواژۆکانی نیشانە- واتاناسیی گوتار

دزەکردنی ناجێگیری لە ڕستەگەلی نڤیساری دەبنە هۆی وەدیهاتنی گوتار، واتا ئەو ڕستە و (عیباڕەت)ەی بەپێی ئەو دۆخەی کە تێیدایە واتای جیاواز دەخاتە ڕوو. ئەم بارودۆخانە بریتین لە: گێڕەڕەوە، بەردەنگەکەی، کات و شوێنەکەی.

لە گوتاری گێڕانەوەییدا، واتا بە گۆڕان و گۆڕانکاری گرێ دراوە؛ چونکە بنەمای گوتار لەم سیستەمەدا، بەپێی گۆڕانکاری لە دۆخی هۆکارە گوتارییەکانی بەرهەمهاتوو لە کردەوە یان بەرنامەیەکی یەکپارچە و ژیربێژانە (لۆژیکی) بیچم دەگرێت. بەڵام خوێندنەوەکانی گریماس بریتینە لە تێپەڕین لە نیشانەناسیی پێکهاتەخواز بەرەو نیشانە- واتاناسیی گوتاری. ئەو جۆرە پەیوەندییە تایبەتییەی زمانی، خوێندنەوەی نیشانە لە دۆخی مکانیکی و لێکهەڵوەشاو دەردێنێت و دەیخاتە نێو ڕوانگەیەکی گوتاری. لەم ڕوانگەیەدا، نەتەنیا نیشانە دەچێتە نێو سیستەمێکی پێواژۆیی، بەڵکوو لەنێوان یەکەکانی نیشانەییشدا پلەیی و ڕەوانبوون ڕووی دەدات.

“سێبەری ئەوین” لە یەکەم ڕوانیندا، سیستەمێکی گوتاریی گێڕانەوەیی هەیە کە تێیدا، هۆکاری بکەری لە دۆخی سەرەتایییەوە دەگاتە دۆخی دووەمین و لە دۆخی ڕێکوپێکی دووەم، هێشتا دۆخی سەرەتایی لەبیر نەکردووە. ئەم گۆڕان و گۆڕانکارییە لە سێ ڕەهەندی هەستی- تێگەشتنی، سۆزدارانە و جوانیناسانەدا شیاوی لێکدانەوەیە چونکە ڕەوتی بەرهەمهێنانی واتا لە سیستەمی گێڕانەوەیی تێ پەڕیوە و ڕەوتی ڕووداوی بە خۆی دەگرێت و لەوێوەیە کە پێواژۆی گێرانەوەییی گریماسی بەرەوە نیشانە- واتاناسیی گوتاریی گریماسی دەچێتە پێش.

 

١. پێواژۆی هەستی– تێگەیشتنی

“تاوتوێکردنی پێواژۆی گوتار لە ڕەهەندی هەستی– تێگەیشتنیدا بە واتای بەکارهێنانی ڕوانگەی بوونی‌تەوەر (هستی‌محور) و قەبووڵکردنی هەبوونی هەستی- تێگەیشتنی لە پێوەندی لەگەڵ جیهانی دەوروبەری خۆت لە بەرهەمهێنانی واتادایە.”(آیتی، ١١١) ڕوانگەی نیشانە- واتاناسی، گرینگییەکی تایبەت بە سەرچاوەکانی تێگەیشتنی هەستی- دیاردەناسانە لە بەرهەمهێنانی واتا دەدات و هەرچەند ئەو هەستانە بەهێزتر بن، چالاکیی گوتاری چالاکتر دەبێت. ئاراستەی دیاردەناسانە لە ڕەوتگەلی تێگەیشتنی هەستی وەک هەوێنی بەرهەهێنانی واتا لە شوێنێک سەرچاوە دەگرێت کە “گریماس” لە کتێبی “کەمایەسیی واتا”دا ڕەوتی “ڕاکردن لە ڕاستی” پێ دەڵێت؛ چونکە واتای ڕاستەقینەی نیشانەکان لە پێوەندیی لەگەڵ شتێک دەشاردرێنەوە و جگە لە شێوە و بیچمێک لێی وەرناگیرێت. بە وتەیەکی تر، چاولێکردن لە شتێک لە هەر گۆشەنیگایەکەوە، دەبێتە هۆی لەدەستدانی گۆشەکانی تری و هەر بۆیە واتای شتێک، واتای ناتەواو و چەوتی شتێکە.

جۆرەکانی هەستی- تێگەیشتنیی بەشدار لە بەرهەمهێنانی گوتاردا پێویستە سێ مەرجی سەرەکییان هەبێت: ١. گەڵاڵەی کەشی مشتومڕئامێز ٢. هەبوونی جەستانەیی (جسمانەای) ٣. گەڵاڵەی شێوازەکانی هەبوون.

کەشی مشتومڕئامێز یان هەر کەشی “تورکیا” وەک بنکەی ناوەندی بۆ دەربڕین هەستەکان دەکەوێتە کار و دەبێتە هۆی بیچمگرتنی واتا لەگەڵ ڕەوتێکی بێپسانەوە و ئاراستەمەند بەرەو قووڵایییەکی دوولایەنە. کات و شوێن ڕۆڵێکی ڕاستەخۆیان لەگەڵ کەشی مشتومڕئامێز هەیە و جۆرێک دەبێتە هۆی “پێش هۆنینەوە” یان “پاش هۆنینەوە”. مەمدووح سەلیم بەگ بە گەڕان لەسەر شەقامە سپی و بەردینەکانی حەلەبدا لە پاش‌هۆنینەوەیدا داهاتووی دێنێتە پێش چاو و ئاوای لە لاپەڕەی (٤٠)دا وێنا دەکات: “خانووێکی بچووک و خنجیلانە لە بناری گۆلی واندا ئاوا دەکاتەوە. ئەستێرەی زێڕین بە سەریەوە شەوق ئەداتەوە. دنیا  لە بەرانبەریدا سەما دەکا. چارەنووسی خۆش دەگەڕێتەوە لای. کەیفخۆشیی مەمدووح سەلیم بەگ دوایی نایێ.”

ئاراستەی دیاردەناسانە و تاوتوێکردنی ڕۆڵی ڕەوتەکانی تێگەیشتنی هەستەکی، وەک هەوێنی سەرەتاییی بەرهەمهێنانی واتا لەوەوە سەرچاوە دەگرێت کە بەپێی ئەوەی کە گریماس لە کتێبی “کەمایەسیی واتا”دا ڕەوتی ڕاکردن لە ڕاستی پێ دەڵێت، هەمیشە لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ شتێک، واتا ڕاستەقینەکەی دەشاردرێتەوە و واتا “لاوەکی”یەکەی دەردەکەوێت؛ واتا لە پێوەندی لەگەڵ نیشانە، بە هۆی دەستڕانەگەیشتن بە دەروون یان وجوودی سەرەکیی نیشانە، تەنیا دەست بە بیچمێک لە نیشانەکە ڕادەگات. کەواتە پێوەندیی دال و مەدلوولی ناتوانێت وەڵامدەری بەرهەمە واتایییەکان بێت (شعیری، ١٣٥ :١٣٨٤). لە ڕوانگەی هوسرلەوە، یەکەم قۆناخی بیچمگرتنی واتا سێرەگرتنە کە بە چێکردنی جۆرێک پێوەندیی لەنێوان دەستپێک بەرەو مەبەست و وەدەستهێنانی تێگەیشتن لە ڕێگەی پێنج هەستەکانەوە دەتوانێت ببێتە هۆی بیچگرتنی واتا.

١-١. هەستی بیسیاری:

مەمدووح سەلیم بەگ لە ڕێگەی بیستنەوە بە جۆرێک واتا دەگات کە هەستەکانی تریش بە یارمەتیی دروستکردنی ئەم پێوەندییە دێت. هەڵسووڕ لە کەشی مشتومڕئامێزدا، لە ڕێگەی کردەوەی “ئامادەکردنی نائامادە” (حاضرسازی غایب) ئەو حەز و ویستە دەروونییانەی کە لە سەرەتاوە لە وجوودیدا بیچمیان گرتووە بە بیستی کەمانچە زیندوو کردووەتەوە و ئاوای لە لاپەڕەی (٢٧)دا وێنای کردووە: “مۆسیقا … مۆسیقا … کەمانچە. دەنگی کەمانچە مەمدووح سەلیم بەگ سەرخۆش دەکات و ڕۆحی گەش دەکاتەوە. ئەو تکای لە هاوڕێیانی کردووە لەو شەوەدا دەرگای دڵیان تەنیا بۆ دەنگی کەمانچە بکەنەوە. پاشان دەڵێ: “گەورەم! بە ساقەسەری چوار دەنگەوە ژیان هێشتا ژیانە: دەنگی دڵ، ژن، مۆسیقا و ئاو.”  هەستی بیستن بە یارمەتیی مەمدووح سەلیم بەگ هاتووە، هەتا ئەو داهاتوویەی کە ساڵانێکە بەدوایەوەیە و ژینێکی ئازاد و سەربەخۆ و سەرفراز و بەختەوەرە، دەستەبەر بکات.

گۆڕەپانی کردەوەی بیسیاری، ناوەندێکە کە لە دوو جۆری لێکدژی دیار و نادیار پێک هاتووە. دیار نیشانەی هەبوونی دەنگە و نادیار نیشانەی نەبوونیەتی. ئەو دەنگانەی جاری وایە هەن و نابیسترێن  و ئەو دەنگانەی نین و دەبیسترێن لەو ناوەندە جێگیر دەبن. “کاتێک باسی ڕابردوو دەکا، چاوەکانی پڕئەسرین دەبێ. دەنگی لەنێو هاواری دڵیدا دەتاسێت. هەناسەی لێ دەبڕێت.” “بێدەنگی، کاتی بێدەنگی، لەپاش بێدەنگیدا دەنگی دڵ و قوڵتەی گەروو هەڵدەستێ” (ل ٥١).

پێواژۆی دووەم بە دەنگی “ترای لای لای، ترای لای” وەک گوشارێکی دەروونی (تنش) بەدی دێت. دۆخی هەستیاری واتا هەیەجانی دەروونی مەمدووح سەلیم بەگ و تاسەی بینینی کەمانچەژەن دەبێتە سەرەتای پێواژۆی مشتومڕئامێز. “مەمدووح سەلیم بەگ ڕادەچڵەکێ، مۆسیقا، کەمانچە، دەنگی کەمانچە” “ئەو لێدوانی هاوڕێیەکەی دەبڕێت. تێکڕا جەستە دەلەرزێت. ڕۆح دەهەژێت. دەنگی خۆشەویستی و مۆسیقا تێکەڵن” (ل٥٢). قووڵاییی کەشی مشتومڕئامێز لەم پێواژۆیەدا دوولایەنە بوو، کە بە پێش‌هۆنینەوە بۆ ڕابردووی ئەستەم و کارتێکراو لە یاسای دابونەریت و بە پاش‌هۆنینەوە بە ڕزگاربوون لە کۆت و بەند و گەیشتن بە دۆخی دڵخواز کە تا ئەوسات مەمدووح سەلیم بەگ بە تێکەڵاوبوونی مۆسیقا و خۆشەویستی هەستی پێ کردبوو، گرێ دەدرێت و بۆ هەمیشە خەو لە چاوەکانی دەڕفێنێت. “تێکەڵاو، تەواو تێکەڵاوی. بەڵام تێکەڵاوییەکی خۆش و جوان، یانی نە بەپێی دابونەریتی کۆن، نە بەپێی شێوازی کلاسیکی ١٧٠٠ و ١٨٠٠، بەپێچەوانەی شۆڕشگێڕی، نوێبوون و نوێکردنەوە، پەیامی تازەی دەستپێکی ١٩٠٠ی زایینی” (ل ٥٢). “دەنگی کەمانچە بوو بە دڵۆپێک ئاوی سارد و ڕژایە نێو ڕۆحی تینوو و وشکی دنیای دژایەتی و دڕەندەیی، جارێکی دیکە دەکەوێتە بەرچاو. پێش ماوەیەک پەژارە و خەم، ئێستا سەرمەستی و سەرخۆشی و شادی” (ل ٥٣).

ئەم پێواژۆیە هەروەها دەربڕی هەبوونی جەستانەیییە کە وەک سنووری هاوبەشی نێوان دوو جیهانی دەرەکی و ناوەکییە، (جەستانە واتا ئەو شوێنەی کە هەست و تێگەیشتنی سووژە لەوێدا جێگیر بووە) و لەوێوە سنوورە واتایییەکان جێگۆڕکییان پێ دەکرێت و بواری تێپەڕین لە نیشانەناسیی پێکهاتەخواز بەرەو نیشانە واتاناسیی گوتار دەڕەخسێت. لە ڕەوتی بیچمگرتنی واتا لە “سێبەری ئەوین”دا ڕۆڵی جەستانە  لە پێوەندیی نێوان جیهانی دەرەکی واتا (دەنگی جوانی فەریحا) و جیهانی ناوەکی (لێدانی دڵ و خۆشەویستیی فەریحا)، کە لە لاپەڕەی (٥٤)دا بەم شێوەیە وێنای دەکات: “دەنگی جوان دەگاتە گوێی مەمدووح سەلیم بەگ. دڵی بەتوندی لێ دەدات، وەختە لە سینگی بێتە دەرەوە. ئاخ دڵ! دەنگی دڵ … دڵی ئەوندە بەهێز لێ دەدات کە ترسی هەیە باوک و کچ دەنگی دڵی ببیستن!” لەلای هەڵسووڕ بەتەواوی ئاشکرایە. ئەم هەبوونە جەستانەیییە دەبێتە هۆی وەجووڵەخستنی جۆرێ چالاکیی هەستی- جووڵەیی کە دوو هەستی دەرەکی و ناوەکی لەخۆ دەگرێت. گوشاری سۆزدارانەی بیستنی دەنگی فەریحا و هەروەها ئەو گوشارەی دابونەریت دەیخاتە سەری هەتا بینین و لێدانی دڵ و هەست بە خۆشەویستی لە هاتوچۆدایە. گوشارەکان یان هەر ئەو وزە دەروونییە ڕەهەندی چۆنیەتیی تێگەیشتن و پانتایی یان جێگیربوون لە دۆخەکانی  کەش- کاتدا، ڕەهەندی چەندێتیی تێگەیشتن چێ دەکەن. گوشارەکان کەم و زۆر دەبنە هۆی تامەزرۆیی و سەرزیندووییی تێگەیشتن و پانتاییی ڕەوتی تێگەیشتنی بکەری ناسراو بەرەو ئاراستەیەکی تایبەت دەبات (فۆنتنی و زیلبرگ، ١٤ :١٩٩٨). هەرچەندە هەڵسووڕ لە تەوەری چۆنیەتیدا بچێتە پێش و بەوپەڕی هەبوونی سۆزدارانە بگات، لە ژیانی ئاسایی و هەرڕۆژەیی دوور دەبێتەوە و بەرەو شەیدایی و حەزی زۆرتر بەرەو گۆڕان و نوێبوونەوە دەڕوات. ئەم گۆڕان و نوێبوونەوەیە بەم شێوەیە لە لاپەڕەی (٥٦)دا وێنا دەکات: “دەرگای دڵی بۆ دەنگ و خۆشی و جوانیی شێعرەکان کردووەتەوە. شاییی دڵ دوایی نایێ، دڵ کەوتووەتە فڕین. لەسەر هەورە سپییەکان سەما دەکەن.”

“بێدەنگی، دەنگی هەستە داماوەکان، دەنگی جەستەکان.” (١٤٠)

٢-١. هەستی ساوایی

لە چالاکیی هەستی- ساواییدا، دوو جۆر ڕەوتی “من و غەیری من” هەیە. بەم پێیە، ئێمە لەگەڵ جۆرێک پێوەندی لەنێوان “من” و “ئەوی تر” ڕووبەڕوو دەبینەوە. “پێکەوە تەوقە دەکەن، گەرمای دەستەکان هەست پێ دەکەن” (ل ٥٤). لێرەدا کۆتاییی یەکەمین پێوەندیی هەستی- ساوایی (گرتنی دەستی فەریحا) دەبێتە هۆی چێبوونی جیاوازیی نێوان خۆیی و ناخۆیی، بەڵام تەنیا کۆتاییی پێوەندی و کۆتاییی کردەکە لەم کارەدا کارتێکەر نییە. گەرمای دەست و گوازتنەوەی هەستی گەرمبوون لە فەریحاوە بۆ مەمدووح سەلیم بەگیش، بووەتە هۆی چێبوونی جیاوازیی نێوان خۆیی و ناخۆیی. هەروەها هێندێک پێوەندیی تر لە پێواژۆی چێکردنی ئەم پێوەندییە لە ڕەهەندی هەستی- ساواییدا بۆ هەڵسووڕی سۆزدارانە[۲] وەدی دێت، هەر وەک لە (ل ١١٧) وێنای دەکات: “پاش ئەوەی کە ئەو چراکە لەسەر مێزەکە دادەنێت، دەستیان پێک دەگات. ئەو کاتە، ئەو کاتە کورتە، بەڵام پڕ لە خۆشی وەکوو بەهەشت. چەند جار دەستیان دەکەوێتە لەرزە، وەکوو ئەوەی دەیانەوێت ئەو کاتە خۆشە درێژتر ببێتەوە. چاوە پڕتاسەکانیان لە یەک دەڕوانن، لێوەکان دەکەونە لەرزە و حەزکردن.”

“هەردوو دەستی دەخاتە نێو دەستەکانی و ماچیان دەکات” (ل ١٤٠). “دەستەکانی مەمدووح سەلیم بەگ لەنێو قژەکانیدایە. بە دەستی هێدی هێدی پەلکەکانی دەکاتەوە” (ل ١٤٢).

٣-١. هەستی دیتنی (بینگەیی)

مەمدووح سەلیم بەگ لە یەکەم چاوپێکەوتنیدا، لە ڕێگەی هەستی دیتنی بە جۆرێک واتا، لە چاوەکانی فەریحا دەگات و ویستە دەروونییەکانی کە لە سەرەتاوە تێیدا بیچمیان گرتووە بە ڕوانین لە چاوەکانی فەریحا و تێکهەڵقانی چاوەکان وەگەڕ دەکەون و بەم شێوەیە وێنای دەکات: “چاوە جوانەکانی سەرسووڕمان دەکرێنەوە. چاو بۆ ماوەیەک لە چاوانی مەمدووح سەلیم بەگ دەڕوانن. چاوانی مەست و حەزین. تامەزرۆ.” “چاوانی مەست یانی دەرگای بەهەشت. گەرما دەداتە لەشی مەمدووح سەلیم بەگ. ناتوانێت لەبەر ڕوانینی چاوە مەستەکانی خۆی ڕاگرێت.” “پاش ماوەیەک دیسان دەیەوێت خۆی بخاتە بەر هەستی چاوان. “هەر بژیت، جوان لێتان دا” (ل ٥٥). هەستی دیتن دێتە یارمەتیی مەمدووح هەتا لە زایەڵەی نیگای فەریحادا بە ویستی دڵ بگات کە دابونەریت لە بەردەمی ڕاوەستاوە و ناهێڵێت پێی بگات. “ڕوخساری ڕووناک و چاوانی جوان بۆی دەڕوانێت. گەرمایەک کە بۆ ماوەیەکی زۆر لێی دوور بوو، تووشی دەبێت” (ل ١٢٨). “خەزاڵ دێتە پاڵ مەمدووح سەلیم بەگ و بە دلۆڤانییەوە بۆی دەڕوانێت” (ل١٤٠). “چاوەکانی خەزاڵ بۆ دەست، لێو، سمێڵ و چاوەکانی مەمدووح سەلیم بەگ دەڕوانێت” (ل١٤١).

 

٤-١. هەستی بۆنایی:

ڕەوتی بۆنایی بە هۆی پانتایییە زۆرەکەی خۆی، وای بۆ دەچن چالاک و لە حاڵی جووڵەدایە. بەدیهێنەر و سەرچاوەی هەناردەکاری بۆن، وەرگیری بۆنەکە گەمارۆ دەدەن. مەمدووح سەلیم بەگ بۆنێک هەڵدەمژێت کە گەمارۆی دەدات و بەم شێوەیە وێنای دەکات: “بۆن، بۆنی گەڵا و دار، بۆنی سەوزایی، بۆنی چەم.” لەم کاتەدا مەمدووح سەلیم بەگ لە دلۆڤانیی شاردا نوقم بووە” (ل ٤٤).  دوورکەوتن لە سێبەری قورسی غوربەت و ژێردەستبوون، لەژێر سێبەری ئەو یاسا تاقەتپرووکێنانەی زلهێزەکان و داگیرکەرەکان هێنابوویان دڵخۆشکەرە، تەنانەت ئەگەر بۆ ساتێکیش بێت. “لەپێش چاوی هەموویانەوە مەمدووح سەلیم بەگ چۆک دادەدا و دەچەمێتەوە سەر زەوی و سێ جار خاکەکە ماچ دەکاتەوە. قورس قورس پاش ماچکردنی خاک، مشتێک خاک هەڵدەگرێ و بۆنی دەکا. بۆ ماوەیەکی زۆر ئەو بۆ خاک، ئاڵا، چیا و شەرڤانە کوردەکان دەڕوانێت” (ل ١٧٩).  سێ هەستی ساوایی و بۆنایی و دیتنی تێکەڵ دەبن و پێکەنین دەخاتە سەر لێوەکانی، هۆکاری بکەری بڕوای بە گۆڕانکاری لە دۆخەکدا هەیە و هیوای بە گۆڕانکاریی هەیە و بڕوای گەیشتن پێی، هەست بە ڕازیبوونی تێدا دەورووژێنێت و هەستی ساوایی بەسەر هەستەکانی دیدا زاڵ دەبێت، تا ئەو شوێنەی خۆیشی دەیهەوێت بۆنی ئاڵاکە بگرێت و لە سێبەری ژێردەستی ڕزگاری بێت: “گەورەم ئێحسان! دەمەوێت ئاڵای سەربەستی و ئازادیش ماچ بکەمەوە، ئەم چاکەیەش بۆ من بکە. بێزەحمەت ئەوم بۆ بێنە ماچی بکەم و بۆنی بکەم، بۆنی سەربەستی و ئازادی بگرم” (ل١٧٩). “بۆنی میسک و عەنبەر” (ل١٤٣ ).

هەستی بیسیاری بەپێچەوانەی ئەوەی کە دوو سەرجەمی دەستپێک و مەبەست لەخۆ دەگرێت، تایبەتمەندیی بازنەیی هەیە و تەنیا دزەی هۆکارە ناخۆیییەکان لە خۆییدا نایێتە بەرباس، بەڵکوو دەتوانێت جەستەی خۆییش بخاتە ژێر کاریگەرییەوە و کاریشی تێ کات.

 

٥-١ هەستی چێژایی

تامی تاڵی نەریتی کۆنی هاتنی کۆمەڵێ ژن لەگەڵ فەریحا و نەڕەخسانی هەلێک بۆ ونبوونی چاوەکان لە یەکتردا، بە جۆری هەستی- ساوایی بە چێشتنی دەنکە جوان و گەورەکانی دارهەنارەکانی وان دەگۆڕدرێتەوە. هەبوونێکی جەستانەیی لە چالاکیی هەستی– تێگەیشتنی کە لە هەستی ساوایییەوە بە چێژایی دەگات پێویستە، کە لەم چالاکییە هەستییە و تێگەیشتنە ناوەکییەدا بیچم دەگرێت و بە هۆیەوە ڕەگەزەکانی هۆکاری، کاتی و شوێنی زیندوو دەبنەوە. لێرەدا جۆری هەستی ساوایی کە شێوەی دەرەکیی وتەیە (چێشتنی دەنکەکانی هەنار) دەبێتە هۆی هەست و تێگەیشتنێکی ناوەکی (شیرینی هەنار دەبێت بە تێگەیشتنێک لە تامی شیرینی جیهان) و نماکانی هۆکاری (ئاسوودەبوونی دڵ)، کات (دوای لێکڕوانین و پێکگەیشتنی چاوەکانی مەمدووح سەلیم بەگ و فەریحا) و شوێن (وان) دەبێتە شانۆیەک و گشت وێناکانی تێدا دەردەکەوێت. “ئێوە دارهەنارەکانی “وان” ببینن! خودایا چ دارانێکی جوانن! ئەوانە چ گوڵانێکی جوانن! ئێستا دەوروبەری “وان” بە ڕەنگە جوانەکان سەرلەنوێ دەژیێتەوە، چێژی هەناری “وان” … دەنکە جوان و گەورەکانی ئەو دارهەنارانە لە زاری مرۆڤدا وەکوو شەکرە” ( ل٦٧). شیرینی دەنکە جوان و گەورەکانی هەنار گوشارەیەکی بەرزیان هەیە کە لەگەڵ چێشتنیان، هەست بە شیرینییەکی وەک شەکر دەکات و دەبێتە هۆی گۆڕانکارییەک لە دۆخی ناوەکیی بکەری مەبەست (مقصد) واتا (وەرگرتنی چێژێکی زۆر).

 

٢. ڕەهەندی سۆزدارانەی گوتار

جۆرە سۆزدارانەکان بە بارودۆخ و پێکهاتەگەلێکی زمانیی تایبەت بەستراوەتنەوە کە نیشانەی واتاناسیی گوتار لە ناسینیاندا یارمەتیمان دەدات. خوێندنەوەکانی گریماس و فۆنتنی دەری دەخات کە جۆرە سۆزدارانەکانی گوتار شێوازمەندن و بە شێوەی پێواژۆیی هەڵسوکەوت دەکەن و هۆکارگەلێک وەک کارە کارتێکەرەکان، ڕیتم و نما، جەستانە، دیمەن سۆزدارانەکان، قووڵایی و وەستاوی (سکون) لە بەرهەمهێنانیان کارتێکەرن (فۆنتنی ٦٧ :١٩٩٩). ژاک فۆنتنی لەسەر ئەم بڕوایەیە کە “گەڵاڵەی بینای ڕەهەندی سۆزدارانەی وتە کە ڕێکخستنی پێواژۆی سۆزدارانەی گوتاری لەئەستۆیە، بە کۆبوونەوەی دوو لایەنی سۆزدارانە، واتا پێکهاتەکان و مشتومڕەکان(تنش)ەوە پێوەندی هەیە. پێکهاتە سۆزدارانەکان کە هەر نیشانەکانی کرداریی کارتێکەرن، شوناسی هەڵسووڕە سۆزدارانەکان دیاری دەکەن و نما مشتومڕئامێزەکان کە هەر پانتایی یان گوشارە سۆزدارانەکانن، ئاواز، نەوا و خاڵی پاڵوێدان (نقطع اتکا) لە پێواژۆی سۆزدارانە دیاری دەکەن” (شعیری، ١٧٢:١٣٩٢).

خوێندنەوەی ڕەوتی سۆزدارانەی گوتار بە واتای خوێندنەوەی سۆزدارانەی کەسایەتییەکانی چیرۆک نییە؛ بەڵکوو بە واتای تاوتوێکردنی بەرهەمهێنان و پێکهاتەی سۆزدارانەی بیچمگرتنی ڕێکارەکان بۆ وەدیهێنانی واتایە؛ هەر بۆیە لە کاتی بەرهەمهێنانی گوتارە زمانییەکان، بوونی وشە سۆزدارانەکان بۆ باس لەسەر پێکهاتەی سۆزدارانەی گوتار بەس نییە؛ بەڵکوو دەبێ لەسەر ئەو ڕێکار و بەکارهێنانە سۆزدارانەیە بدوێن کە شیاوی خوێندنەوەن (عباسی، ١٥٤ :١٣٩٠). کەواتە دەتوانین قۆناخەکانی پێواژۆی سۆزدارانە کە لە هەر چیرۆکێکدا، بیچمێکی تایبەت بە خۆی پێشکەش دەکات، بەم شێوەیەی خوارەوە گەڵاڵە کەین:

 

٢-١. وشیاریی سۆزدارانە

گوتاری سۆزدارانە لە یەکەم قۆناخی خۆیدا بریتییە لە وشیاریی سۆزدارانە کە بە درێژاییی ئەم قۆناخە هەڵسووڕی سۆزدارانە دەکەوێتە “دۆخ” (حاڵەت)ی هەستکردن بە شتێک، هەستیارییەکەی وشیار دەبێتەوە و هەبوونێکی سۆزدارانە لە گوشارە و پانتاییدا تێیدا بیچم دەگرێت و گۆڕانکاری لە ڕیتم و ئاوازی وتەدا دەتوانێت شکڵ بەم پێواژۆ سۆزدارانەیە بدات.

وشیاریی سۆزدارانە لە مەمدووح سەلیم بەگدا، بە بیستنی دەنگی کەمانچە لە شەونشینیی ماڵی هاوڕێ چەرکەزییەکەی دەست پێ دەکات. لە ڕاستیدا یەکەمین مشتومڕی سۆزدارانە، لەلایەن هەستی بیسیارییەوە سەر هەڵدەدات. “مەمدووح سەلیم بەگ ڕادەچڵەکێ، مۆسیقا، کەمانچە، دەنگی کەمانچە.” “دەنگی جوان دەگاتە گوێی مەمدووح سەلیم بەگ. دڵ بەتوندی لێ دەدات، وەختە لە سینگی بێتە دەرەوە. ئاخ دڵ! دەنگی دڵ … دڵی ئەوندە بەهێز لێ دەدات کە ترسی هەیە باوک و کچ دەنگی دڵی ببیستن!” (ل ٥٢). بە یارمەتیی هەستی دیتنی ئەم هەستە بەردەوام دەبێت: “چاوانی مەست یانی دەرگای بەهەشت. گەرما دەداتە لەشی مەمدووح سەلیم بەگ. ناتوانێت لەبەر ڕوانینی چاوە مەستەکانی خۆی ڕاگرێت” (ل ٥٣). هەرچەند هەستەکانی دیکەش دێنە یارمەتیی وەدیهاتنی ئەم پێوەندییە سۆزدارانەیە، بەڵام بێگومان هەستی بیسیاری دەبێتە پێشەنگی هەستەکانی تر و دەتوانێت ڕێگەی هاتنە ژووری جۆرە هەستییەکانی تر بکاتەوە. لەم قۆناخەدا هەڵسووڕی سۆزدارانە تووشی هەستێکی تایبەت دەبێت و هەبوونێکی سۆزدارانە لە ڕووی پانتایی و گوشاری تێیدا بیچم دەگرێت. مەمدووح سەلیم بەگ لە دەنگ و چاوانی فەریحادا ئەو شتەی ساڵانێک بوو بەدوایەوە بوو، دەدۆزێتەوە و چێبوونی ئەم هەستە سۆزدارانەیە بۆ جووڵە ئامادەی دەکات. بەم شێوەیە. ئاواز و جووڵەی تووشی گۆڕان دەبێت. “دەرگای دڵی بۆ دەنگ و خۆشی و جوانیی شێعرەکان کردووەتەوە. شاییی دڵ دوایی نایێ، دڵ کەوتووەتە فڕین. لەسەر هەورە سپییەکان سەما دەکەن” (ل ٥٦).

٢-٢ لەباری یان تواناییی سۆزدارانە

هەڵسووڕی سۆزدارانە بە هۆی ئەم وشیارییە سۆزدارانەیە، بەرەو قۆناخی دواتر کە تواناییی سۆزدارانەیە ڕێنوێنی دەبێت و خۆی بۆ وەدەستهێنانی شوناسی سۆزدارانە تەیار دەکات و شوناسی کارتێکەری پێویست بۆ وەدیهێنانی هەستێکی تایبەت لە خۆیدا وەردەگرێت. تواناییی سۆزدارانەی مەمدووح سەلیم بەگ بە ڕۆیشتنی زۆرتر بۆ ماڵی چەرکەزان دەست پێ دەکات: “ڕێگا لە مەمدووح سەلیم بەگ کرایەوە، چاوپێکەوتنی زۆرتر دەبێت. لانی کەم حەوتەی ڕۆژێک و دوو ڕۆژ بەرەو ماڵی چەرکەزان دەچێت. خەون دەبێ درێژەی هەبێت، ون نەبێت. هۆکاری ڕۆیشتن بۆ ماڵی چەرکەزان زۆرە. سەردان، کتێب، هەواڵی نوێ، مزگێنییەکی خۆش، چایێ، دڵتەنگی، ڕاوێژ، قەرزی شتێک، یانێ بیانووی ڕۆیشتن. بیانووی نزیکبوونەوە لە خەزاڵ …” (ل ٦٠). بەم شێوەیە مەمدووح سەلیم بەگ چوو نێو دۆخی وەدەستهێنانی شوناسی سۆزدارانە. ئەم جووڵە بەرەو پێشەی هەڵسووڕی سۆزدارانە ئەو لە شوناسی سۆزدارانە نزیک دەکاتەوە.

 

٢-٣. شوناسی سۆزدارانە

هەڵسووڕی سۆزدارانە بە وەسفکردنی پێوەرە کاتی و شوێنییەکان، بە جۆرێک پێوەیە ترس و گومان و دیاریکردن بخاتە نێو مێشکەوە. ناتەبایی (پارادۆکس) و مشتومڕی دەروونیی مەمدووح سەلیم بەگ لە ڕێگەی کاری کارتێکەری “ویستن” بەرەو چوون و دەستپێکی قۆناخێکی نوێ لە ژیانی دەچێتە پێش: “بەڵێ مەمدووح سەلیم بەگ ئەمشەو، شەوی سەر ساڵی نوێ دەزگیرانی دەکا، بەڵێن دەدرێت. هەنگاوێکی نوێ بەرەو سەردەمێکی نوێ هەڵدەگرێت” (ل ٦٣). “مەگەر ئەو دەیەویست دەزگیرانی کێ بێت؟” “بێگومان لەگەڵ خەزاڵدا، لەگەڵ گوڵی تازەپشکووت فەریحا. داخوازی دڵی بەدی هات. لە وڵاتی غەریبیدا ئەو بە دڵی خۆی ئەستێرەیەکی دۆزییەوە. بەم شێوەیە دەبێت خەم و کوڵی وڵاتی غەریبی کەمتر ببێتەوە، خەم و پەژارەی خۆی دەرمان بکات. دەبێ بتوانێ لە وڵاتی غەریبیشدا سەرفەراز و کەیفخۆش ببێت و ژیانی تێپەڕ بکات” (ل٦٤).  بەم شێوەیە گۆڕانی سۆزدارانەی هەڵسووڕی سۆزدارانە ڕوو دەدات و بە شوناسێکی دیاریکراوەوە ئامادە دەبێت.

 

٢-٤. هەیەجانی سۆزدارانە

گۆڕانی دۆخ و شوناسی سۆزدارانە لە مەمدووح سەلیم بەگدا، دەبێتە هۆی دەرکەوتنی هەیەجانگەلێک کە لە جەستەی هەستیاردا ڕووی دەدات. ئەم قۆناخەی دەربڕینی جەستەیی، ئەنجامی بەدەستهێنانی هەستیاریی سۆزدارانەیە کە دەبیندرێت. مەمدووح سەلیم بەگ دوای ئەوەی بەهیواوە دەچێتە نێو قۆناخی هەیەجانی سۆزدارانەوە و لەگەڵ نەبوون و شووکردنی فەریحا ڕووبەڕوو دەبێتەوە، تووشی جۆرێک چالاکیی جەستەییی تایبەت بە ناوی “بێئۆقرەیی” دەبێت؛ دەڵێی ئیتر جەستەی بەرگەی ئەو هەمووە نیشانانەی دووری ناگرێت و جەستە لێوانلێوی هێرشی نیشانەکان، ئۆقرەی لێ دەبڕێت: ” مەمدووح سەلیم بەگ لەم ئێوارە خراپتری نەبینیوە؟ ئاواتی مەرگ دەخوازێ، پاش ئەم ئێوارە مردن باشترە. خۆزگە بەڕاستی لەسەر چیای ئاگری بکوژرابا، بۆمبێکی فڕۆکەیەک بەڕاستی بکەوتبایە بە سەریدا … ئەم ئێوارە دنیای ئەو هەڵوەشیابا. ئاوات و هیوای زۆر گەورە، زۆر خۆش و زۆر پیرۆزی شکا. دنیا لە بەرچاوی ڕەش بوو، ماڵی هاوڕیی چەرکەزی لێ بوو بە جەهەندەم. دڵۆپی بارانی دەرەوە بوون بە بڵێسەی ئاگر و تێی بەربوو …” (ل ٢٢٢). دوای ئەوەی دایک و باوکی فەریحا لە ئاگردا سووتان، مەمدووح سەلیم بەگ و فەریحا دوای ماوەیەکی دوورودرێژی دابڕان بۆ یەکەم جار یەکتر دەبیننەوە: “بەڵام ئەو خۆشی، فرمێسک دەڕێژێت. فرمێسک لە چاوانی مەمدووح سەلیم بەگیشدا دێتە خوارەوە. ئەویش و فەریحاش خۆ ڕاناگرن، کوڵەی گریان بەرۆکیان دەگرێت” (ل٢٥١). ئەو هەڵسوکەوتە جەستەیییانە کاردانەوەیەکە کە دەبیندرێت و هەڵسووڕی سۆزدارانە دوای بەدەستهێنانی شوناسی سۆزدارانە دەری دەبڕێت کە بەپێی هەستیاریی سۆزدارانە بەدەستی هێناوە و ڕێژەی بەرگەگرتن و بەرگەنەگرتنی خۆی نیشان دەدات. مەمدووح سەلیم بەگ یان هەر هەڵسووڕی سۆزدارانە، بەهیواوە دەچێتە نێو قۆناخی سۆزدارانە و چاوەڕوانی گەڕانەوەی فەریحا دەبێت بەڵام کاتێ لێی بێهیوا دەبێت و حەوت مانگ دوای ژنهێنانەکەی فەریحا دەبینێت، دیسان تووشی چالاکیی جەستەیی دەبێت: “دیسان دڵی لە قەفەس دەرکەوت، دیسان ناڵەی لێ بەرز بووەوە، دیسان فرمێسکی چاوانی هاتە خوارەوە و زامی کۆنی هاتە سۆ. یەکتریان دیت و پاش ماوەیەک باس و لێدوان، خۆیان بۆ ڕانەگیرا و بە لای خەڵکەوە دایان بە ژێر پرمەی گریاندا. ئەوان دەبێت چ بڵێن؟ باسی چ بکەن؟” (ل٢٧١).

 

٢-٥. هەڵسەنگاندنی سۆزدارانە

هەیەجانی سۆزدارانە وەک ڕووداوێک دەتوانرێت ببیندرێت کەواتە شیاوی هەڵسەنگاندنە. ئەم هەڵسەنگاندنە دەتوانرێت لەلایەن هەڵسووڕی سۆزدارانە خۆی، دەوروبەرییەکانی و یان تەنانەت لەلایەن کۆمەڵگاوە بکرێت و ئەگەری هەیە لە هەر قۆناخێک لە پێواژۆی سۆزدارانەوە بکرێت. هەڵسەنگاندنی سۆزدارانە لە هەستیاریی مەمدووح سەلیم بەگ لەلایەن خۆیەوە دەکرێت و بەوپەڕی بێهیوایی دەگات: “گەورەم! ئیتر ژنهێنان بۆ من نابێت، بۆ من شەرمە، مرۆڤ جارێک دەژی، … جارێک دێتە دنیا، جارێک گەورە دەبێت، جارێک لەسەر ژیانی بڕیار دەدات، لەگەڵ ڕاستی و درۆکاندا جارێک پیر دەبێت و جارێک دەمرێت … من زۆربەی ئەوانەم تێ پەڕاندووە و بەجێم هێشتووە، ئەوەی کە بە من دەکرێت ئەوەیە کە چاوەڕێی مردن بم، نە ژنهێنان … چارەنووسی منیش وەها بوو” (٢٦٤). هەڵسەنگاندن و دادوەری لە قۆناخی تواناییی سۆزداراانە دەکرێت و لەم توانستەدا لەگەڵ لەمپەرگەلێک ڕووبەڕوو دەبێتەوە کە دەبێتە هۆی دەرکەوتنی هەیەجان و ئاکاری جەستانەیی و گێڕەڕەوە ڕاوبۆچوونی خۆی لەپاڵ ڕای هەڵسووڕی سۆزدارانە و دەوروبەرییەکان و کۆمەڵگا  لە لاپەڕەی (٢٥٧)دابەم شێوەیە دەردەبڕێت: “لە ژیانی مەمدووح سەلیم بەگدا گۆڕانکارییەکی ئەوتۆ نەبوو. ساڵانێکی پڕ لە نامورادی، خەم و پەژارەی تێ پەڕاند. نامورادی، خەم و پەژارە سێ کۆڵەکەی بنەڕەتیی خەزانی تەمەنی مەمدووح سەلیم بەگ.” هەروەها لەلایەن دەوروبەرییەکان و ژنانی کۆمەڵگاوە لە لاپەڕەی (٢٢٦)دا بەم شێوەیە هەڵدەسەنگرێت: “دەبینن مەمدووح سەلیم بەگ چەندە پیر بووە … ڕوومەتی چرچ و لۆچی تێک کەوتووە. چاوەکانی سۆمای نەماوە، پشت و ملی چەماوەتەوە …” “دەڵێن لە هوتلێکدایە، شەو و ڕۆژ لەوێیە، نایێتە دەرەوە، شەو هەتا بەیانی چراکەی دەگڕێت …”

٣. ڕەهەندی جوانیناسانەی گوتار

ڕەهەندی هەستی- تێگەیشتن بنەما و بنچینەی ڕەهەندی جوانیناسانە پێک دێنێت و پێوەندیی ڕاستەوخۆی ڕەهەندی جوانیناسانە لەگەڵ ڕەهەندی هەستی- تێگەیشتن حاشاهەڵنەگرە. گریماس لەسەر ئەو بڕوایەیە کە: “تێگەیشتنی جوانیناسانە جۆرێک ویستنی دوولایەنەیە، جۆرێک چاوپێکەوتن لە ڕێگەیەکدایە کە بکەر و بەرکار کەوتوونەتە سەر ڕێگای یەکتر و سەرنجیان بەرەو یەکتر ڕادەکێشرێت” (گرماس.٢٨ :١٩٨٧). ئەو ڕەوتی جوانیناسانە وەک ڕووداوێک وەسف دەکات کە لە مێشکی هەڵسووڕدا[۳] ڕووی داوە و دەلاقەیەک بەرەو گوورانی[۴] واتا دەکاتەوە؛ چونکە ئێمە هەمیشە لەگەڵ واتاگەلێکی هەڵاتوو (گریزان) ڕووبەڕووین، لە کاتێکدا ئەو واتایەی کە لە ئەنجامی کارلێکی بکەر و جیهان لە تێگەیشتنێکی جوانیناسانەدا بەدەست هاتووە، ئەو لە جیهانی ڕاستەقینە جیا دەکاتەوە و واتایەکی شاراوەی بۆ دەردەخات. پێواژۆی جوانیناسانە لە چەندین قۆناخدا لە گوتاری مەمدووح سەلیم بەگ و فەریحادا لە جۆری هەستی- ساوایی ڕووی داوە. بۆ نموونە لە لاپەڕەی (١٤٢)دا بەم شێوەیەی وێنا دەکات: “خەزاڵ لە جێگای خۆی هەڵدەستێ و دێتە بەرانبەری، لەسەر کورسییەک دادەنیشت و دەستی دەگرێت و ماچی دەکات. دەستەکانی مەمدووح سەلیم بەگ لەنێو قژەکانیدایە. قژی وەکوو حەریر نەرم و شلە. بە دەستی هێدی هێدی پەلکەکانی دەکاتەوە. دڵی مەمدووح سەلیم بەگ و قژ هەڵدەفڕن. قژی زێڕین بە ڕیتمی مۆسیقای بێدەنگی سەما دەکا، پاش ماوەیەکی درێژ مەمدووح سەلیم بەگ بەرەو لای دەچێت، ڕای دەوەستێنێت و بێدەنگ تاڵێک لە قژی درێژی دەکێشێ، ماچی دەکات و پاشان لەسەر مێزەکە دای دەنێت و بۆ لای خەزاڵ دەگەڕێتەوە. چاو، ماچێک، ماچێکی دیکە …”

ئەگەر جوانیناسیی گوتار بەدوور لە تاوتوێکردنی گوتار بێت، کە یەکەیەکی سەرتر لە ڕستەیە و تەنیا لە ئاستی وشەکاندا ئەنجام بدرێت، دەبێت بە خوێندنەوەیەکی نیشانەییی بێجووڵە و ڕاوەستاو. بەڵام ئەگەر بمانهەوێت خوێندنەوەیەکی سۆزدارانە و جوانیناسیی گوتاریمان لێی هەبێت، پێویستە سەرنج بدەینە سیستەمێک و کۆمەڵێک لە نیشانەکان کە لە کارلێک لەگەڵ یەکتر ڕەوتێکی واتادار چێ دەکەن کە تایبەتمەندی و تایبەتمەندیی سۆزدارانەیان هەیە. بینیمان کە لە ڕۆمانی “سێبەری ئەوین”دا واتا بەجوانی لە پێواژۆی جوانیناسیدا بیچمی گرتووە و چالاک دەبێت.

 

٣-١. بەرزێتی یان هەڵتۆقیوی (برجستگی)

گریماس و کورتز (١٠١ :١٣٩٩) لەسەر ئەو بڕوایەن کە تا ئەوکات کە هەڵتۆقیوییەکی تایبەت نەکەوێتە نێوەوە، ڕەوتێکی بێپسانەوە و پێکەوەلکاو (پیوستە)ە. لە گوتاری هۆکاری بکەریی (مەمدووح سەلیم بەگ) دوای شووکردنی فەریحا هەڵتۆقیوییەکی تایبەت دەبینرێت کە لەگەڵ دەرکەوتە (شاخص)ی پێداگری لەسەر کۆتاییی بەختەوەری بەدی دێت. مەمدووح سەلیم بەگ، ژیان بە بوون لەگەڵ فەریحا دەدۆزێتەوە و چاوە مەستەکانی فەریحا گڕی تێ بەردەدات و گەرما بۆ ژیانی دەگەڕێنێتەوە؛ بەڵام هەموو شت بە شووکردنی فەریحا کۆتایی پێ دێت. ئەو ڕاتەکانە سەیروسەمەرەیەی مەمدووح سەلیم بەگ تووشی دەبێت، نیشاندەری ئەو خەم و پەژارە گەورەیەیە کە مەمدووح سەلیم نەیدەویست ئەو دۆخەی تێیدا بوو لەدەستی بدات. ئەم دۆخە لە لاپەڕەی (٢٢٢، ٢٢٣) بەم شێوەیە وێنا دەکات: “مەمدووح سەلیم بەگ لەم ئێوارەیە خراپتری نەبینیوە؟ ئاواتی مەرگ دەخوازێ، پاش ئەم ئێوارەیە مردن باشترە. خۆزگە بەڕاستی لەسەر چیای ئاگری بکوژرابا، بۆمبێکی فڕۆکەیەک بەڕاستی بکەوتبایە بە سەریدا … ئەم ئێوارەیە دنیای ئەو هەڵوەشابا. ئاوات و هیوای زۆر گەورە، زۆر خۆش و زۆر پیرۆزی شکا. دنیا لە بەرچاوی ڕەش بوو، ماڵێ هاوڕێی چەرکەزی لێ بوو بە جەهەندەم. دڵۆپی بارانی دەرەوە بوون بە بڵێسەی ئاگر و تێی بەربوو …” “هەندێ ڕۆژ، شەو یان کاتی ڕابردوو هەیە کە لە ژیاندا شوێنێکی قووڵ زۆر قووڵ دەهێڵنەوە. هەندێ هەواڵ هەیە کە وەکوو بەرقێک، وەکوو تیرێک دەچەقێتە دڵی مرۆڤ و لە دڵیدا برینێکی قووڵ و هەتاهەتایی دەکاتەوە.”

لێرەدا وشەی “مەرگ” دەبێتە هۆی لەرزۆکی و شکێنەری لە ڕەوتی ئەو ژیان و بەختەوەرییەی کە بەر لەمە بۆ مەمدووح سەلیم بەگ هاتبوو پێش، جۆرێک قوت دەکاتەوە کە دەبێتە هۆی چێبوونی پێوەندییەکی جوانیناسانە لەنێوان بکەری جوانیناس (مەمدووح سەلیم بەگ) و بایەخی دەرەکی (ژیانی بەبێ ئەوین). گۆڕانی دۆخی بکەر بە شێوەیەک قوت کراوەتەوە کە پێواژۆی جوانیناسانە ڕەوتەکەی بەرەو پێش دەبات. ئەو خاڵەی لە پێواژۆی جوانیناسیی ئەم هەڵتۆقیوییە شایانی گرینگیپێدانە، ئەو ڕەوتەیە کە بە ڕۆیشتنی فەریحا لە ڕۆحی گەش و پڕشنگداری مەمدووح سەلیم بەگدا ڕوو دەدات و بەرەو گیاندان و مەرگ ڕای دەکێشێت. جگە لەمە، ئەوە گۆڕانی دۆخی مەمدووح سەلیم بەگە کە وێنا دەکرێت و جگە لە یەک دوو شوێن دۆخی فەریحا وێنا نەکرێت کە خۆی نیشاندەری ئەمەیە کە سرنجی نووسەر لەسەر مەمدووح سەلیم بەگ بووە نەک فەریحا؛ کەواتە هەرچەند هۆکاری بکەری لە ڕۆیشتندا فەریحایە بەڵام بکەری ئەرزشی یان بایەخی مەمدووح سەلیم بەگە.

 

٣-٢. ڕۆڵی کات لە جوانیناسیی گوتاردا

کات لە سێبەری ئەویندا چالاکە و لەگەڕدایە. کاتێک کە کاتی ژیانە. کاتێک لە بەرچاو نییە. ئەم کاتە لەلایەن مرۆڤەوە پەرەی پێ دراوە. کاتێک کە هەرگیز دانابەزێت، کاتێک کە وەستاو نییە. لە لاپەڕەی (١٥ و ١٦)دا بەم شێوەیە وێنای دەکات: “کات نادیار، جێ و شوێن نادیار، یان تەمومژاوی. هەم ئێرە و هەم ئەوێ، هەم ئێستا، هەم دوێنێ و هەم پێرێ. هەم نزیک و هەم دوور.” “لەسەر جێگای خۆی ڕاکشاوە و بۆ هیچ کوێ ناچێ، بەڵام شت و جێ و کاتی لێ شێواوە، شت و جێ و کات تێکەڵاون. ئەو لەناو شت و جێ و کاتی تێکەڵدا کۆچ دەکا. ئێستا و ڕابردوو تێکەڵاون.”

کاتی بزۆز بێوچان بەرهەم دێت. کاتی ژیان، کاتێکی داخراو و لێڵ نییە، بەڵکوو ڕوونە و دەتوانی دزەی تێدا بکەی. هیچ کەس ناتوانێت بانگەشەی ئەمە بکات کە لە کاتی ژیاندا دەمرێت. بە بڕوای ئێریک لاندوفسکی، نیشانە- واتاناسی فەڕانسەوی، گێڕەڕەوە بۆ هۆی زمان، هەبوونێک دەردەخات کە دەربڕی پێوەندیی ئەو لەگەڵ جیهان و لەگەڵ ئەوی ترە. ئەم پێوەندییە لە کاتدا بیچم دەگرێت. هەبوون لە کاتدا پتەو و بەردەوام دەبێت، ئاراستەمەند دەبێت و بیچم و ناوەرۆک لەخۆ دەگرێت. لە لاپەڕەی (٢٣٢)دا بەم شێوەیە وێنا دەکات: “پێش لە من کات نەبوو، پاش منیش کات نابێت. کات لە منەوە دەست پێ دەکات و بە منەوە تەواو دەبێت …”

کات بە شێوەیەکە کە دەتوانێت بزوێنەرێک بۆ داڕشتن و درێژەی جووڵە چێ کات. هەر وەک لە لاپەڕەی (٢٣٣)دا بەم شێوەیەی وێنا دەکات: “کاتی ماڵوێران هەموو شتی گۆڕیوە، ڕەنگ تەنیا بووەتە ڕەنگی ڕەش و مردوو، بۆن تەنیا بووەتە بۆنی گەنیو، تام و چێژ تەنیا تام و چێژی تاڵی، تیژی و تورشی، دەنگ تەنیا دەنی ناخۆش و هەست تەنیا هەستی مردووە … مەمدووح سالیم بەگ چی دەوێت؟ چلۆن خۆی لە بەرامبەر هێرشی کاتدا ڕاگرێت؟ … کات دەبێ ڕابوەستێ، کات دەبێ بە ئەمەوە دەست پێ بکا و بەمەوە تەواو بێت، وەکوو ئەو دێڕانەی لە ڕۆژانی پاریسدا نووسراون. بەڵام چلۆن؟ مرۆڤ چلۆن دەتوانێ کات ببەزێنێ؟”

 

٣-٣. پێوەندیی کات و شوێن

لە نیشانە- واتاناسیدا، کات بەبێ شوێن یان شوێن بەبێ کات، ماکەگەلێکن کە بیچمیان نەگرتووە. دەزانین کات لەگەڵ وەڕێکەوتن بەرەو گوتار لەگەڵ شوێن تێکەڵ دەبن؛ چونکە ڕووداوی واتایی لە بۆشاییدا ڕوونادا. لە لاپەڕەی (٢٣٣، ٢٣٤)دا یەکێتیی نێوان کات و شوێن بەم شێوەیە وێنا دەکات: “مەمدووح سەلیم بەگ و کات، تۆڵەی کات و مەمدووح سەلیم بەگ. تووڕەییی کات و مەمدووح سەلیم بەگ. لە مەیخانەی ئەرمەنییەکان. لەنێوانی شەوی تاریکدا لەبەر غەزەب و تۆڵەی کاتدا، بریندار، سەرلەخوار، دڵشکاو، تووڕە، بێهیوا، شکۆی چاوەکان دامردووە، بەڵام پێکەنینێکی پڕ لە چرچولۆچی ڕوخسار.”

 لە لاپەڕەی (٢٣٤)دا کاتی گوتار، کاتێکە کە ڕەگەزە دنیایییەکان دەتوانن لە کارلێک لەگەڵ یەکتردا کاتی گێڕەڕەوە بئافرێنن و ڕەوتی جوانیناسانە بە شێوەیەک شکڵ دەدەن کە ئیتر وەسفی جۆرەکانی دەرەکی نییە بەڵکوو خۆتێهەڵقورتانی گێڕەڕەوە و ساخت‌وپاختی ئەو لە پێواژۆی کارلێکی لەگەڵ جیهان بۆ دەستپێڕاگەیشتن بە شتێک سەرتر لە دووپاتەبوونەوەیەکی ئاسایییە؛ کە بەم شێوەیە وێنای دەکات: “مرۆڤ لە دەوراندا دەژی، لە ڕووباری دەورندا دەچێت، بەڵام مەمدووح سەلیم بەگ دەبێ خۆی ببێتە ڕووبار. دەوران ئاگرە، دەسووتێنێ، بەڵام مەمدووح سەلیم بەگ دەبێ خۆی ببێتە ئاگر. دنیا هەیە، دەوران هەیە، مەمدووح سەلیم بەگیش هەیە. یان نە … بەڵام چلۆن؟” دەوران، ڕووبار، ئاگر، دنیا، لەژێر ڕەگەزەکانی چوون و سووتان ئامانجێک لە کاتدا دەئافرێنن کە هەر گەیشتن بە سەربەستی و ڕزگاربوون لە کۆت و بەندی ڕۆژگار و غوربەتە؛ کە خۆی ڕۆڵێکی شیاو و گرینگ لە بیچمگرتنی ڕەوتی جوانیناسانە لە گوتاردا دەگێڕن.

 

٣-٤. پێوەندیی هێماکان لەگەڵ ڕەوتی جوانیناسانە

“سێبەری ئەوین” چیرۆکی وڵاتێکە و زۆربەی بیر و بڕواکانی خۆجێیی لەم ڕۆمانەدا دەبینرێت یەکێک لە هێمان (ماکە) سەرەکییەکانی ڕۆمان کە لە ڕەوتی جوانیناسانەی چیرۆک ڕۆڵێکی کارتێکەری هەیە مۆسیقایە. هەر وەک دەزانین مۆسیقا لەنێو فەرهەنگ و کەلتووری کوردەواریدا پێشینەیەکی زۆر کۆنی هەیە، دەتوانین بڵێین لەوەتا کورد بووە مۆسیقاش لەگەڵی لەدایک بووە و هاودەمی ساتە خۆش و پڕ لە کارەساتەکانی بووە. گێڕەڕەوە لەسەر ئەم بڕوایەیە کە یەکێک لە ماکە سەرەکییەکانی ژیان مۆسیقایە، هەر وەک لە لاپەڕەی (٢٧)دا بەم شێوەیەی وێنا دەکات: “گەورەم، بە ساقەسەری چوار دەنگەوە ژیان هێشتا ژیانە: دەنگی دڵ، ژن، مۆسیقا و ئاو”. لە ڕاستیدا ڕوانگەی گێڕەڕەوە بۆ مۆسیقا ڕوانینێکە کە لە مێژووی گەلەکەی لەوەتا هەبووە ڕەنگی داوەتەوە و ئەوان بە چاوێک لە مۆسیقا و چیا سەربەزەکانیان دەڕوانن؛ مۆسیقا ئەو ماکە هەتاهەتایییە کە تا بووە ئەوان خۆیان و مێژوویان و خەم و تراژێدی و کارەساتەکانیان پێ گێڕاوەتەوە؛ هەر وەک لە لاپەڕەی (٢٠١)دا بەم شێوەیەی وێنا دەکات: “ئێوارە لەژێر ڕووناکیی ئەستێرەکاندا گۆرانییەکی بەسۆز، لەتەنیشت خێوەتە داگیرکراەکانی سەر شاخان، ئەو گۆرانیبێژی هەزار ساڵان، گۆرانی و دەنگی گەلێکی لەمێژینە لەنێو شەڕدا. داستانی بنەوشی نارین و جەمبەلی حەکاری.” هەروەها لە لاپەڕەی (١٨٥)دا دەڵێت: “گوێ بۆ بیستنی گۆرانی، وشە و وتنی گۆرانی لەسەر ڕووداوە نوێیەکان، بەڵام ڕیتم و شێوەیەکی کۆن. ڕیتم و شێوەی چیرۆکە سەدساڵەکان.” ئەم بڕوامەندییە و قەبووڵکردنی ئەم بڕوایە ئەنجامی هەر ئەو پێوەندییە هەستی- تێگەیشتنییەیە کە گێڕەڕەوەی سۆزدارانەی بیسیاری لەگەڵ ئەو جیهانەی کە لەگەڵی ڕووبەڕوویە، دای دەمەزرێنێت.

 

٣-٥. ڕۆڵی هەستەکان لە ڕەوتی جوانیناسانەدا

ئەوەی کە دەیبینین، دەیبیسین، دەیچێژین، دەستی لێ دەدەین یان بۆنی دەکەین، دەتوانێت واتادار بێت. واتای کردەیەک، ڕەوتێکی ڕامیاری، نیگارێک، مۆسیقایەک و … کەواتە واتاگەلێکی جیاواز لەپشت هەستەکاندا خۆیان حەشار داوە و لەپەنای ئەو شتەی کە هەستی پێ دەکەین، واتایەکی شاراوە، یان هەر واتای “نائامادەبوون” شاردراوەتەوە. کەواتە واتا ناتوانێت ڕاوەستاو بێت چونکە تێگەیشتن لەپشت پێوەندییەکی هەستیدا دەتوانێت بۆ هەر کەس جیاواز بێت. لە لاپەڕەی (١٨٦)دا دەڵێت: “یەکێتیی دەنگەکان، دەنگی با و باهۆزی چیای ئاگری، دەنگی سووتانی چڵ و دار و دەنگی گۆرانیبژ.” هەروەها لە لاپەڕەی (٢٠٢)دا دەڵێت: “دەنگی مۆسیقاش وەکوو دەنگی لووتکەی ئاگری هەتاهەتایی، بێوێنە و بەهێزە، مرۆڤ لەگەڵیدا دەچێت و سەرخۆش دەبێت و دەکەوێتە نێو دنیای ڕەنگینی و لە کانیاوی ئەوین دەخواتەوە.” دەنگی مۆسیقا جگە لە دەنگە بەرهەست و بیسیارییە ئاسایییەکەی واتایەکی شاراوەشی لە خۆیدا حەشار داوە کە هەر ئەو یەکێتی و سەربەستییەیتی کە دەنگێکی یەکدەست و سەربەستی لێ دەخوڵقێت کە دوای خوڵقانی هیچ کەس ناتوانێت یەکێتی و سەربەستییەکەی بخاتە ژێر ڕکێفی خۆی و لەو واتا هەمیشەیییەی کە ژیانە دووری بخاتەوە. شەعیری لە کتێبی (تجزیە و تحلیل نشانە- معناشناسی گفتمان)دا لەسەر ئەو بڕوایە کە ئامادەنەبوونی واتا بە واتای نەبوونی واتا نییە، بەڵکوو واتا کونێکی نادیارە کە شتەکان بە گۆشت و پێستیانەوە هەڵدەلووشێت و تەنیا نەختێکیان لێ دەهێڵێتەوە کە زۆرتر لە ورکەئێسکێک یان لەکەخوێنێک نییە. لە بەرکەوتنی جیهان و مرۆڤدا، هەستێک هەیە کە وشیار دەبێتەوە و ئەم وشیارییە شتێک بەرەو دەمی هەڵدەلووشێت و دەیشارێتەوە و بەم شێوەیە ڕەوتێکی جوانیناسانە ڕووی دەدات.  کاتێک مۆسیقا لە کاتی گیانەڵڵا و بێدەنگییەکی ڕەهاشدا وەبەر گوێی مەمدووح سەلیم بەگ دەکەوێت و هەستی پێ دەکات، ئەو واتا شاراوەیە قووڵتر دەبێت، واتایەک کە لە دەرەوەی چاوەڕوانیی ئیمەدایە و بەم شێوەیە ڕەوتی جوانیناسی بەهێزتر دەبێت:  “دەشتەکە قەت دار و ئاوی لێ نییە، لەو دەشتەدا شتی زۆر خۆش دەنگی مۆسیقایە. دەنگی مۆسیقایەکی تێکەڵ لە دوورەوە لەو خاڵەی کە دەشت و ئاسۆ یەک دەگرن، باش هەست دەکرێت کە دەنگ، دەنگی مۆسیقایە، بەڵام کامە مۆسیقا؟ … دەشت و مۆسیقا بەپێی یەک دەگۆڕێن. خاک و ڕەنگی دەوروبەر و گیانلەبەران بەپێی مۆسیقا دەگوڕدرێن؛ بەڵام دەنگی مۆسیقا زۆر لە دوورەوە دێ. یانی لەنێو بێدەنگیدا دەنگی مۆسیقا …” (ل ١٩). ئەم گۆڕانی سروشتە کە بەپێی مۆسیقا دەگۆردرێت واتایەکی دوورخراوی هەیە کە دووبارەخوێندنەوەی تەنیا بە یارمەتیی کردەی هەڵسووڕ بەدی دێت و هۆکاری بکەری کە بە بزە و هێمنییەوە بەرەو دوایین کۆچی واتا بەرەو سەربەستی و ڕەهایی لە کۆت و بەند و دابونەریتەکانی کۆمەڵگا و داگیرکەران دەڕوات، ئێمە بەرەو دەرکەوتنی ئەو واتا شاراوەیە دەبات.

بەڵام ئەوەی کە شیاوی گرینگیپێدانە، نیشانە- واتاناسی کاتێک دیمانەی جوانیناسانە چالاک و بزۆزتر دەکات کە پێواژۆکانی “ڕووبەڕووبوونەوەی جوانیناسانە” و “تێکەڵاوبوونی جوانیناسانەی جەستەکان” هەردووک ڕووی بدات.

بۆ یەکەم جار هەست بە گەرمای بوونی ئەو دەکات و دەست بە قژەکانی دادێنێت و بەم شێوەیە تێکەڵابوونی هەستیی جەستەکان شکڵ دەگرێت. گریماس لە شیکردنەوەی چۆنیەتیی ئەم پێواژۆیە دەڵێت هەستی ساوایی دەتوانێت کاریگەریی تایبەتی هەستی دیتنی درێژە پێ بدات: “ئەم هەستە لە قووڵترینی هەستەکانە، لە ڕەهەندی پێوەندیدا، دەربڕی گەرموگوڕترین پێوەندیی مرۆڤییە و لە بواری ناسینی و تێگەیشتن دەربڕی بەرزترین ویستی پێکگەیشتنە” (٢٦ :١٣٨٩) 

“ئەو ڕۆژانەی ماڵی مەمدووح سەلیم بەگ یەکێتیی جەستە و چاوەکان، چاوە مەست و ڕوونەکان” (١٧٢).

لە ڕاستیدا سێبەری ئەوین تەژی لە هەستگەلێکە کە هەر کامیان، سەرچاوەیەکی سەرڕێژ لە بەرهەمە گوتارییەکان دێنە ئەژمار. نیشانە – واتاناسی بەبێ پێگە و شوێنی هەستی– تێگەیشتنی پووچ و بێواتایە. چونکە هەست و تێگەیشتن ئاخێزگەی سەرەکیی نیشانە- واتاکان دێنە ئەژمار. تاوتوێکردنی ئەم جۆرەی ئەدەبی، لە سەلماندنی ئەم پرسەدا نیشان دەدات کە گۆڕانکاری لە مەمدووح سەلیم بەگدا بە هەستیی بیسیاری دەست پێ دەکات و لەنێوان هەستەکاندا، هەستی بیسیاری زۆرترین نەرمی و شلکی، فرەیی، ڕەوانبوون و بزۆزی لە پێواژۆی بەرهەمهێنانی واتادا هەبووە و بە یارمەتیی هەستەکانی تر بەتایبەت دیتنی لە کەشێکی مشتومڕئامێزدا بە ئامادەبوونی جەستانەیی کە سەرەڕای یەکپارچەییی نیشانە- واتاکان وەک سنووری هاوبەشی نێوان دەرەکییەکان و ناوەکییەکان هەڵسوکەوت دەکات و بە ڕەچاوکردنی شێوەکانی هەبوون، گوتار لە شێوەی گێرانەوەیی بەرەو ڕەوانبوون، گۆڕان و ڕەویوبوون (گریزان بودن)ی واتاکان دەبات.

گوتاری سۆزدارانە کە گوتارێکی ڕووداوییە، بەدوای پێگەیشتن و دابڕان یان گۆڕانی دۆخی یەکەم بۆ دۆخی دووەم نییە، بەڵکوو ڕێخۆشکەری جۆرێک هەبوونە و گرینگییەکەی لەو ڕووداوانەدایە کە دەیانئافرێنێت و جەستانە، دەکات بە شوێنی بەرهەمهێنانی گوشارە سۆزدارانەکان.

لە پێواژۆی جوانیناسیدا مەمدووح سەلیم بەگ لەگەڵ یاسا و ڕێسا و دابونەریتەکانی کۆمەڵگاکەیدا جۆرێک پێکەوەژیان ئەزموون دەکات و لەگەڵی دەکەوێتە ڕووبڕکێ (چالش) و لە کردەوەیەکی جوانیناسانە کە خۆی ئەنجامی پێواژۆی هەستی- تێگەیشتنییە، پچڕانی لێ ئەزموون دەکات؛ بەڵام بەداخەوە هەتا کۆتاییی ژیانی ناتوانێت لێی دەرباز بێت.

 

—————————–

سەرچاوەکان

١. کتێبی (ساختار و تأویل متن، بابک احمدی، تهران: مرکز)

٢. کتێبی (تجزیە و تحلیل نشانە- معناشناسی گفتمان. تهران: سمت)

٣. ڕۆمانی (سێبەری ئەوین، محەمەد ئوزون، سنە: مادیار)

٤. واتاری (بررسی الگوی نشانە- معناشناسی گفتمانی در شعر قیصر امین پور، عبداللە حسن‌زادە میر علی و ابراهیم کنعانی)

٥. وتاری (نشانە- معناشناسی گفتمانی شوشی در”لالایی لیلی”، زهرا جلالی طحان زوارە، شهلا خلیل اللهی)

٦. وتاری (نظام زیبایی‌شناختی گفتمان در هم کنشی صدا و نور بر مبنای قصە “یاری خواستن حلیمە از بتان”، ابراهیم کنعانی)

٧. وتاری (بلاغت کاربری نشانەها در فرایند زیبایی‌شناختی رمان کولی کنار آتش با رویکرد نشانە- معناشناسی گفتمان، زکیە رجبی، مهیار علوی مقدم، محمود فیروزی مقدم)

٨. وتاری (تحلیل ساختار روایی و کنش گفتمان رمان سمفونی مردگان بر باپەی نظریەی نشانە- معناشناسی روایی گریماس)

٩. وتاری (نظام حضور و برهم‌کنش در گفتمان بوف کور با تکیە بر رویکرد نشانە- معناشناسی هستی‌محور، اکرم آیتی، نجمە اکبری)

 

[۱] . حسی- ادراکی

[۲] . ئەم وشەیە لە باتیی (شوشگر یا کنشگر عاطفی) بەکار هاتووە.

[۳] . کنشگر.

[۴] . فراژوو، تکامل.

داگرتنی PDF

 

درباره‌ی خانه کتاب کُردی

همچنین ببینید

وتووێژ لەگەڵ سکرتێری باڵای دامەزراوەی کتێبخانە گشتییەکانی وڵات

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *