موپاسان ئومێدی به ئاینده نه‌ما
نووسه‌ری فه‌ره‌نسی گی دی موپاسان ساڵی (۱۸۵۰) له نۆرماندی له‌دایكبووه و هه‌ر له‌وێ خوێندوویه‌تی. وه‌كو یه‌كێك له پێشڕه‌وه گه‌وره‌كانی چیرۆك ناوی ده‌به‌ن. سه‌ره‌تا ژیانێكی چالاكی ئه‌ده‌بی نه‌بوو. كاتێك سه‌ربازی ته‌واو كرد و له هێزی ده‌ریایی وه‌كو كاتب دامه‌زرا، ئه‌وسا ده‌ستی به‌نووسین كرد. بوو به شاگردی گۆستاڤ فلۆبیر كه هاوڕێی خێزانه‌كه‌یان بوو، ئیتر چووه ناو هاوڕێكانی فلۆبێره‌وه. هاوڕێكانی وه‌كو (ئه‌میل زۆلا، ئه‌لفۆنس دوده و ئیڤان تۆرگنێف) ته‌كنیكی بابه‌تی و كورتنووسین له فلۆبیره‌وه فێربوو، به‌ڵام پاش ماوه‌یه‌ك وازی له شێوازی نووسینی فلۆبیر هێنا و رێگای سه‌ربه‌خۆی خۆی دۆزییه‌وه.
جمال میر صادقی
له فارسییه‌وه: محه‌مه‌د كه‌ریم
موپاسان به‌چاوی گومانه‌وه له‌و رێیازه ئه‌ده‌بییه‌ی ده‌ڕوانی كه فلۆبیر له‌سه‌ری ده‌ڕۆیشت، ئه‌م له مامۆستا وشك و جدی و خهڵوهكێشهكهی زیاتر حه‌ز و ئاره‌زووی هه‌بوو، له ژێر فشاری پێداویستیی ئابووری و لە هەڵپەی سه‌ركه‌وتنی مادی و ئه‌و چێژانه‌دا بوو كه لێی ده‌كه‌وتنه‌وه، ورده ورده رێگای تایبه‌تی خۆی گرته‌به‌ر و بوو بهنووسهرێكی پڕۆفیشناڵی خۆشه‌ویست كه هه‌رچه‌نده له سنووری ژانره‌كه‌ی خۆیدا نووسه‌رێكی به‌توانا و چالاك بوو، به‌ڵام نووسینه‌كانی ئه‌وه‌نده قووڵ و ره‌سه‌ن و تازه‌گه‌رانه نه‌بوون. موپاسان زۆرجار كاڵ و ره‌شبین و رووكه‌ش بوو.
له‌ناو ئه‌و كۆمه‌ڵه‌چیرۆكه‌دا كه زۆلا و هاوڕێكانی ساڵی ۱۸۸۰ چاپیان كرد، چیرۆكی (بول دی سویف) یان (ته‌پلی) بڵاوكرده‌وه كه ناوبانگی بۆ په‌یداكرد.
هه‌موو نووسه‌ران، چیرۆكه‌ی موپاسانانیان وه‌كو چیرۆكێكی تایبه‌ت له‌ناو ئه‌و كۆمه‌ڵه‌یه‌دا حساب كرد و زۆر ده‌ستخۆشیان لێ‌كرد. تۆرگنێف زۆر به باش له قه‌ڵه‌می دا و فلۆبێریش له (۱۸۸۰/۲/۱) یه‌كسه‌ر نامه‌یه‌كی بۆ هاوڕێ گه‌نجه‌كه‌ی نووسی كه له روانگه‌ی ئه‌وه‌وه ئه‌م چیرۆكه به شاكار له قه‌ڵه‌م ده‌درێت.
به گه‌نجی ماڵئاوایی له ژیان كرد
حه‌وت ساڵی تر له‌ناو بازنه‌ی هاوڕێكانی فلۆبێردا مایه‌وه و به‌رده‌وام چیرۆكی بڵاوكرده‌وه. له ساڵی ۱۸۹۰ ئیشی زۆر و سه‌ره‌ڕۆیی له‌ڕاده‌به‌ده‌ر له پێی خست و ئیفلیج و شێت بوو. سێ ساڵی كۆتایی ته‌مه‌نی له نه‌خۆشخانه‌ی ده‌روونی به‌سه‌ر برد له ساڵی ۱۸۹۳دا له ته‌مه‌نی ۴۳ ساڵیدا مرد.
له ماوه‌ی ۱۰ ساڵدا واته ساڵانی ۱۸۸۰ تا ۱۸۹۰ مۆپاسان ۳۰۰ كورته‌چیرۆك و ۶ رۆمان و چه‌ند شانۆگه‌رییه‌كی نووسی، كۆی ئه‌م به‌رهه‌مانه ده‌گاته سی به‌رگ. به‌شی سه‌ره‌كی ئه‌م به‌رهه‌مانه، كورتهچیرۆكن كه قه‌شمه‌ری به به‌ها و نه‌ریت و ژیانی چینی بۆرجوازی و لادێییهكانی نۆرماندی ده‌كات و هیچ و پووچی و نه‌گبه‌تی و ناشیرینییه‌كانی ژیانیان نیشان ده‌دات، به‌تایبه‌تی لایه‌نی توندوتیژی ژیانی سێكسیان زه‌ق ده‌كاته‌وه. ره‌خنه له چینی بۆرجواز ده‌گرێت و پێیان پێده‌كه‌نێت كه ده‌ستیان خستۆته هه‌موو جێگایه‌كه‌وه، چونكه له‌و باوه‌ڕه‌دایه ئه‌وان ره‌سه‌نایه‌تیان له‌ناوبردووه و دۆخێكیان هێناوه‌ته ئاراوه كه هه‌موو جێگایه‌ك له حوكمی بازاڕدا بووه‌ته شوێنی فڕوفێڵ و له شاره‌كاندا یانه‌ی رابواردنیان دروستكردووه ره‌واجیان به تاوان داوه.
بابه‌ت(Subject)ی چیرۆكه‌كانی موپاسان له‌وه زیاتر هه‌مه‌جۆره كه بتوانرێت ریزبه‌ندی بكرێت. دوو به‌شی دیار به‌ناوبانگترین كورته‌چیرۆكه‌كانی ئه‌ویان ده‌خوڵقاند، ئه‌و چیرۆكانه‌ی كه راسته‌وخۆ له ئه‌زموونی ئه‌و ماوه‌یه‌ی كارمهندییهوه سه‌رچاوه ده‌گرن و ئه‌و چیرۆكانه‌ی تایبه‌تن به جووتیارانی نۆرماندی كه موپاسان باشی ده‌ناسین. ئه‌م چیرۆكانه، زۆریان باسی رووداوی ده‌گمه‌ن و چاوه‌ڕواننه‌كراوی سێكسی، دڕنده‌ییه‌كانی جه‌نگ و یاخبوون ده‌كه‌ن، وێنه‌ی ژیانی كه‌سانی نه‌زان و ناله‌باری كۆمه‌ڵگا نیشان ده‌ده‌ن و له رووی به‌ها و به‌هێزییه‌وه ئاستیان نزمه، به‌پێی ئینسیلكلۆپیدیای كاسل:
«گی دی موپاسان، فۆرمی چیرۆكی تێك‌شكاند، ده‌ستی بۆ زۆر فۆرمی چیرۆك برد. له‌وانه‌یه له‌باره‌یه‌وه بتوانرێت بگوترێت چه‌ند چیرۆكێكی نایابی نووسی، زۆر چیرۆكی باشی خوڵقاند و گه‌لێ چیرۆكی خراپیشی له دوای خۆی به‌جێهێشت. به‌ڵام واقیع ئه‌وه‌یه چ له چیرۆكه كه‌مه نایابه‌كانی، چ له چیرۆكه باشه زۆره‌كانی و چ له چیرۆكه خراپه بێشومارهكانیدا، هه‌ستی ژیانی واقیعی هه‌یه و هه‌ر هه‌موو چیرۆكه‌كانی پێكه‌وه بهیادهێنهرهوهی ئازار وچێژن.»
مه‌رجه‌كانی پۆی خسته لاوه
ئه‌م هه‌سته‌ی ژیانی واقیعی، هه‌مان ئه‌و شته‌یه كه له چیرۆكه‌كانی ئه‌دگار ئالان پۆدا وجودی نییه. چیرۆكه‌كانی پۆ به‌شێوه‌یه‌كی گشتی په‌یوه‌ندیان به ژیانی واقیعییه‌وه نییه و ئیتر موپاسان چیرۆكی له چوارچێوه‌ی داخراوی چیرۆكه‌كانی پۆ هێنایه ده‌ره‌وه، یانی ئه‌و مه‌رج و كۆت و به‌نده قورسه‌ی پۆ بۆ كورته‌چیرۆكی دانابوو، له چیرۆكه‌كانیدا به‌كاری ده‌هێنا، موپاسان خستییه لاوه و له چیرۆكه‌كانیدا ژیانی واقیعی و كاروباری رۆژانه‌ی ره‌سم كرد.
كێشه‌ی ده‌روونیی موپاسان كه سه‌ره‌تای شێتی بوو، وای لێ‌كرد له خه‌ڵك و كۆمه‌ڵگا بێزار بێت و روویان لێ وه‌ربگێڕێت و به‌ره‌و پووچگه‌رایی میتافیزیكیا مل بنێت. له خه‌ڵك دوور كه‌وته‌وه و گومانی له مرۆڤ و مرۆڤایه‌تی په‌یداكرد، ئومێدی به ئاینده نه‌ما. له‌م روانگه‌یه‌وه چیرۆكه‌كانی تایبه‌تمه‌ندییه‌كی گاڵته‌جاڕی (Cynic) په‌یدا ده‌كات و كاره‌كته‌ری چیرۆكه‌كان و كرده‌وه‌كانیان توانجیان لێده‌درێت و گاڵته‌یان پێده‌كرێت، له روانگه‌ی لاوازی و كهموكووڕیانهوه باس ده‌كرێن و نزمی و هیچ وپووچی و بێتوانایی به‌ده‌نی و ده‌روونیان زه‌ق ده‌كرێته‌وه.
چیرۆكه‌كانی موپاسان زیاتر به زمانێكی ساده و راست و ره‌وان و كورت نووسراون، ورده‌كاریی روون و پێویستیان تیایه، ریتمی قسه‌كردنیان خێرا و تۆكمه‌یه. زیاتر توانجئامێز و رهشبینانهن، ده‌ربڕی بێهووده‌یی و توندوتیژی و سه‌رسه‌رێتی و بهرهڵایین، نموونه‌ی چێژی كاتی و تیژتێپه‌ڕ و بێداربوونه‌وه له خه‌وی غه‌فڵه‌ت پیشان ده‌ده‌ن. ئه‌م هۆشیاربوونه‌وه و بێدارییه له خه‌وی غه‌فڵه‌ت، ناوه‌ڕۆكی گێڕانه‌وه‌یه له زۆربه‌ی چیرۆكه‌كانی موپاساندا. ناوه‌ڕۆكی گاڵته‌جاڕی و دژه ئینسانی چیرۆكه‌كان زۆرجار ئاستیان نزم ده‌كاته‌وه، ته‌ركیزی زیاد له پێویست له‌سه‌ر رووداو (Accident) ئه‌گه‌رچی چیرۆكه‌كان خۆش و دڵگیر ده‌كات به‌ڵام له قووڵی و واقیعیبوونیان كه‌م ده‌كاته‌وه. كورته‌چیرۆكه‌كانی زیاتر ته‌ركیز له‌سه‌ر یه‌ك رووداوی سه‌رسوڕهێنه‌ر له شوێنێكی دیاریكراودا ده‌كه‌ن كه موپاسان شاره‌زای ئه‌و شوێنه‌یه و به‌وردییه‌كی ته‌واوه نیشانی ده‌دات.
ده‌ڵین: «چیرۆك به‌دوایه‌كداهاتنی رووداوی واقیعی و مێژوویی یان ده‌سكرده، به‌م پێیه كردار (Action) له رێگه‌ی خه‌یاڵه‌وه (Imagination) ده‌خاته‌ڕوو.»
به‌م پێیه چیرۆك بێ رووداو نابێت، رووداوه‌كه له‌وانه‌یه عه‌ینی بێت یان زه‌ینی، له راستیدا چیرۆك رووداوێكی دیاریكراو ده‌گێڕێته‌وه و فۆرمێكی دیاریكراوی پێده‌به‌خشێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی گرنگه، سه‌ركه‌وتنی نووسه‌ره له ره‌سمكردن و تهسهوركردنی رووداوه‌كه و مانا به‌خشیندا پێی، ئیتر رووداوه‌كه عه‌ینی بێت یان زه‌ینی. جیاوازی سه‌ره‌كی كورته‌چیرۆكه‌كانی موپاسان له‌گه‌ڵ كورته‌چیرۆكه‌كانی چیخۆف، هه‌مه‌نگوای، شروود ئه‌ندرسۆن، جۆیس و كافكا و په‌یڕه‌وانی ئه‌مانه له به‌كارهێنانی هه‌مان ئه‌م «رووداوه«و شێوازی خستنه‌ڕوویه‌تی.
قورسایی ده‌خاته سه‌ر رووداوی سه‌ره‌كی
موپاسان بۆ ئه‌وه‌ی خوێنه‌ر رابكێشێت، زۆرجار رووداوێكی بابه‌تی به‌كارده‌هێنێت و زه‌قی ده‌كاته‌وه و ده‌یخاته ناوه‌ندی چیرۆكه‌كه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رنجڕاكێش و دڵگیر بێت. له چیرۆكه‌كانیدا زۆرجار هه‌موو قورسایی چیرۆكه‌كه له‌سه‌ر په‌یكه‌ری رووداوه‌كه‌یه، واته رووداوێك ده‌كه‌وێته قورسایی چیرۆكه‌كه‌وه و رووداوه لاوه‌كی و بچووكه‌كانی تر بۆ ئاراسته‌كردن و ته‌واوكردنی رووداوه‌كه سه‌ره‌كییه‌كه به‌كار دێن، له‌م روانگه‌یه‌وه چیرۆكه‌كانی موپاسان ده‌چنه پاڵ حیكایه‌ت یان نوكته (Anecdote) و زیاتر وه‌كو به‌رهه‌می خه‌یاڵ خۆیان ده‌نوێنن تا ئه‌وه‌ی له ژیانه‌وه وه‌رگیرابن، ئه‌گه‌رچی هه‌ستی ژیانیان تێدایه. به‌ده‌ربڕینێكی دیكه به‌راورد به چیرۆكه‌كانی چیخۆف و په‌یڕه‌وانی، زیاتر ده‌ستكرد خۆیان ده‌نوێنن تا واقیعی.
له‌وه‌ش بترازێت له ژیانی ئه‌مڕۆدا كه‌متر رووداوی دڵگیر و سه‌رنجڕاكێش هه‌یه كه ببێته بابه‌تی چیرۆك. ژیانی رۆژانه و واقیعی خه‌ڵك زۆرجار بێ رووداو و یهكڕیتمه و رووداوه سه‌رنجراكێش و دڵگیره‌كان كه‌متر رۆڵیان له گۆڕانكارییه زه‌ینی و رۆحییه‌كانی ژیاندا هه‌یه. مرۆڤی ئه‌مڕۆ زیاتر گیرۆده‌ی خۆیه‌تی، له كاتێكدا گیرۆده‌ی حاڵه‌ته ده‌روونییه‌كانی خۆیه‌تی، گیرۆده‌ی بارودۆخی ئه‌و كۆمهڵگایهشه كه تیایدا ده‌ژی. له‌م رووه‌وه، نووسه‌رانی پێشڕه‌و و هاوچه‌رخ زیاتر ته‌ركیزیان له‌سه‌ر رووداوه ده‌روونی و زه‌ینییه‌كان و كرداری چیرۆكه، یانی خه‌تی رێڕه‌وی دروستبوونی بابه‌تی چیرۆك زیاتر ره‌نگدانه‌وه‌ی خاسیه‌ته‌كانی كاره‌كته‌ر و خولقی كاره‌كته‌ری چیرۆكه تا زه‌قكردنه‌وه‌ی رووداوێكی تایبه‌تی، به‌ده‌ربڕینێكی دیكه رووداو له چیرۆكی ئه‌م نووسه‌رانه‌دا رۆڵێكی كه‌می هه‌یه و زیاتر ته‌ركیز له‌سه‌ر بارودۆخ و كات و شوێن و حاڵه‌ته رۆحی و ده‌روونییه‌كانه، به‌تایبه‌تی كه هه‌ندێ له‌و چیرۆكانه‌ی له ته‌وه‌ری رووداودا ده‌خولێنه‌وه ده‌چنه پاڵ چیرۆكی نوكتهئاساوه (Anecdotal Story). ئه‌م جۆره چیرۆكانه‌ی كه‌متر ته‌ركیز له‌سه‌ر دهروونناسیی تاك و واقیعی ژیان ده‌كه‌ن و زیاتر بایه‌خ به رووداوی ناوه‌كی و به‌سه‌رهاتی ده‌گمه‌ن و رێكه‌وت ده‌ده‌ن، جگه‌له سه‌رقاڵكردنی خوێنه‌ر ئامانجێكی تریان نییه.
هه‌ندێك له چیرۆكه‌كانی موپاسان، له جۆری چیرۆكی نوكتهئاسان، وه‌كو كورته‌چیرۆكی عاشقبه‌ند و خشڵ. «ساده‌یی گرێچنی چیرۆكی به‌ناوبانگی عاشقبه‌ند ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی خوێنه‌ر تێنه‌گات بابه‌ته‌كه تا چ راده‌یه‌ك جێگای باوه‌ڕپێكردنه«
موپاسان پشت به كاریگه‌ریی و دڵگیریی و بینای ئاسانی چیرۆك ده‌به‌ستێت بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت له ده‌ستدانی مانای قووڵی چیرۆك له‌چاوی خوێنه‌ر بشارێته‌وه. له راستیدا موپاسان دوای ئۆ. هێنری به بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌م جۆره چیرۆكانه زیاتر بووه به بناغه‌دانه‌ری كورته‌چیرۆكی بازرگانیی نوێ.
ئه‌م جۆره چیرۆكه به‌هۆی دڵگیرییهوه، زۆرجار زه‌ینی خوێنه‌ر فریو ده‌دات و ته‌سه‌ورێكی ئاوا ده‌هێنێته ئاراوه كه جۆره چیرۆكی تر، چیرۆك نییه و راپۆرته. بێهۆ نییه كه ساڵانێكی زۆر دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی كورته‌چیرۆكه‌كانی شروود ئه‌ندرسۆن، هه‌مه‌نگوای و كافكا و … هێشتا كه‌سانێك په‌یدا ده‌بن كه به چیرۆكیان نه‌زانن و له‌م چیرۆكانه‌دا به‌دوای رووداوێكی بابه‌تی و سه‌رنجڕاكێش و مژۆڵكهردا بگه‌ڕێن.
ناوه‌ڕۆكی چیرۆكی مانگه‌شه‌و وه‌كو زۆربه‌ی چیرۆكه‌كانی دیكه‌ی موپاسان بێداربوونه‌وه‌یه له خه‌وی غه‌فڵه‌ت، یانی هه‌مان ناوه‌ڕۆكی زۆربه‌ی چیرۆكه‌كانی دیكه‌ی. چیرۆكی مانگه‌شه‌و له‌و چیرۆكانه‌یه كه پێی ده‌گوترێت رووداوی به‌ڕێكه‌وت یان چیرۆكی گرێچن (Plotting Story ). رووداوێكی ده‌گمه‌ن له ناوه‌ندی چیرۆكه‌كه‌دایه، ئه‌و رووداوه‌ی عه‌قڵیه‌تێك ده‌گۆڕێت و كاره‌كته‌رێك رادهچڵهكێنێت و ته‌واو ده‌یگۆڕێت، رووداوێك كه زۆر گرنگ پیشان ده‌درێت و گۆڕانی كاره‌كته‌ری چیرۆكه‌كه‌ی به‌دوادا دێت. له‌م روانگه‌یه‌وه، چیرۆكه‌كه كه‌مێك پێكه‌نیناوی رۆمانسی خۆی دێته به‌رچاو، چونكه له ژیانی واقیعیدا، گۆڕانكاری به‌ره‌به‌ره‌یه و رووداوێك كه یه‌كسه‌ر خاسیه‌ت و خولق و خووی كاره‌كته‌ری مرۆڤ بگۆڕێت، له ژیاندا كه‌متر رووده‌دات و ئه‌وه‌نده حه‌قیقی نییه.
سه‌رچاوه: جمال میر صادقی، جهان داستان غرب ص۴۱-۴۷