خانه / اخبار و رویدادها / کۆمیدیی ڕەش و چۆنیەتیی ڕەنگدانەوەی لە ڕۆمانی (از راحیل بانوی یهودی چە خبر؟)دا

کۆمیدیی ڕەش و چۆنیەتیی ڕەنگدانەوەی لە ڕۆمانی (از راحیل بانوی یهودی چە خبر؟)دا

کۆمیدیی ڕەش و چۆنیەتیی ڕەنگدانەوەی لە ڕۆمانی (از راحیل بانوی یهودی چە خبر؟)دا

سارا خه‌نشا

وێژە یەکێک لە کەرەستە گرینگەکانی ڕەخنە لەنێو کۆمەڵگاکاندا بووە. نووسەران و وێژەوانان ئەم کەرەستەیەیان بە شێوەی ناڕاستەوخۆ یان هێمایی بەکار هێناوە. یەکێ لەو شێوازانەی کە وێژەوانان بۆ دەربڕینی کێشە کۆمەڵایەتییەکان و هاوخەمی لەگەڵ خەڵک کەڵکیان لێ وەرگرتووە، کۆمیدییە. “کۆمیدیی ڕەش پێکەنینێکی تێکەڵاو بە دەرد و خەمە کە لە ناخی کەسی جاڕز و یاخییەوە بۆ بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ بڕوا و بۆچوون و هەڵسوکەوتە ڕامیاری و کۆمەڵایەتییە باو و هەڵەکان سەر هەڵدەدات” (سیدحسینی، ١٣٨٧، ٨١٩- ٨٢١/ ٢)

کۆمیدیی ڕەش یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی بەرهەمە سورریالیستییەکانە کە لە بارودۆخ و بابەتگەلێک دەدوێت کە لە زۆربەی کاتەکاندا جیددیتر و مەترسیدارتر و خەفەتهێنتر لەوەن کە بتوانی پێیان پێ بکەنی. ئەم جۆرە کۆمیدییە کە بە شێوەیەکی گاڵتەجاڕانە لە دۆخە نەخۆش‌ئاسا و بەسام و ترسناکەکان دەڕوانێت، زۆرتر لەگەڵ مەرگ و ڕ‌ق و قین و ڕەنج و ترس و کەسەردایە و لە ڕاستیدا هەوڵێکە بۆ گەڕاندنەوی هێزی تەواو بەو مرۆڤەی کە لە یەکێتیی خۆی بێبەش کراوە.

یەکەم جار ئاندرێ بێرتۆن (١٨٩٦- ١٩٦٦) بیردۆزی سورریالیستی فەرەنسایی لە ساڵی ١٩٣٥ زایینی دەستەواژەی “کۆمیدیی ڕەش” (Humour Noir)ی بۆ پیناسەکردنی چەمکی “زەینیەتی بابەتیکراو”ی هێگێل بەکار هێنا و لە “گوڵبژێری کۆمیدیی ڕەش”دا ” (جاناتان سویفت)ی وەک پێشەنگی ئەم شێوازە ناساند. ئەو لە بەرانبەر کۆمیدیی بابەتی کە هێگێل لە بەرهەمەکانیدا بۆ چەمکی زەینیەتی بابەتیکراو (عەینیکراو) بەکاری هێنابوو، هاوەڵناوی ڕەشی لە جێی هاوەڵناوی عەینی دانا. پێکەنینی کۆمیدیی ڕەش لە ڕەشبینی و دوودڵییەوە بە پشتبەستن بە بابەتگەلێکی ڕەش وەکوو مەرگ سەر هەڵدەدا.

هاوەڵناوی ڕەش بۆ کۆمیدی، ئاماژە بە پۆلێنکردنێکی ناوەرۆکییە کە تێیدا هێزگەلێکی نەناسراو لەسەر چارەنووس و ویست و ئیرادەی مرۆڤ کارتێکەرن؛ بە شێوەیەک کە دەبێتە هۆی ئەوەی مرۆڤ لە پووچی و دۆخێکی نەشیاودا بەسەر بەرێت و لە ئاکامدا بێهیوایی و ڕەشبینی لە تەواوی خانەکانی جەستەیدا جێگیر بێت. “لە کۆمیدییە ڕەشەکاندا چونکە مرۆڤ ئەو هێز و توانایەی نییە کە گۆڕانکارییەک لەو دۆخە تاقەتپڕووکێنەدا بەدی بێنێت، پێ دەکەنێت” (اصلانی، ١٣٩: ٢١٨). هەر بۆیە بە ڕاڤەی برێتۆن: “پێکەنین دەمامکی بێهیوایییە” (سیدحسینی: ٢/٨٠٦)

ئەو جۆرە کۆمیدییە، پێکەنینێکی ڕووکەش و تیژتێپەڕە کە دوای تۆزێ تێڕامان بەخێرایی لەسەر لێوەکان لادەچێت، ژارخەنەیەکە لەگەڵ ئێش کە لەمەڕ کۆمەڵگە لە دڵی مرۆڤی ئاگا و دەردەداردا پەروەردە دەبێت. هەرکات لە کۆمەڵگایەکدا ئەگەری خەباتێکی ئاشکرا لەگەڵ زۆڵم و زۆرداری نەبێت، دەربڕینی ڕاستییەکان و خەبات تەنیا لە ڕێگەی ناڕاستەوخۆ دەکرێت. کەواتە بۆ تێکشکاندنی بۆنە پووچ و دژەبایەخەکان کۆمیدی باشترین تاکتیک و چەکە. لە ژینگەیەکدا کە زەبر و زۆری شوێنی دادپەروەی و هەقبێژی بگرێتەوە و گەندەڵی و دووڕوویی، مرۆڤ لە سەربەستی و ئازادی بێبەری دەکات، دەربڕینی ڕاستییەکان بە شێوەیەکی ڕاشکاوانە و ئاشکرا ڕێی تێ ناچێت، کەواتە ئەو درز و مەودایەی نێوان چینە کۆمەڵایەتییەکان، بەتایبەت چینی باڵادەست لەگەڵ چینەکانی خوارەوەی کۆمەڵگە دەبێتە هۆی ئەوەی لەنێو تاکەکانی کۆمەڵگادا هێندێ کەس بە دژی ئەم درز و لێکدژییە لە ژینگە کۆمەڵایەتییەکەی خۆیاندا هەستنەوە، هێندێک بێزاریی خۆیان لە گەندەڵییەکان بە شێوەیەکی ڕەمزاوی لە ڕێگەی کۆمیدییەوە دەردەبڕن، کە ژارخەنەیەکی بکوژی بەدواوەیە و بەرەکەی وەخۆهێنانەوەی مرۆڤەکانە لەو دۆخەی وا تێیدان.

کاتێک کە کۆمیدی، سنووری نیشاندەرە بنەڕەتییەکانی دەبەزێنێت و دەبێت بە کەرەستەیەک بۆ دەربڕینی ئەندێشە و بیرە قووڵەکان و کەڵکەڵە جیددییەکان، لە شادی دوور دەبێتەوە و بەرەو تراژیدی دەڕوات. هەرچەنێ هەوێنی کۆمیدی، واتا ئەو لێکدژییەی لەگەڵ کۆمیدی دێتە ئاراوە، تاڵتر بێت، پێکەنین کاڵتر و کۆمیدییەکە تاڵتر دەبێت. ئەو جۆرە بەرهەمانە لە لایەک تەنزاوی و لە لایەکی ترەوەش تراژیک هەژمار دەکرێت. نزیکبوونەوەی کۆمیدی لە تراژێدی هەستێکی دووپاڵوو لە بەردەنگدا دەورووژێنێ و لەنێوان دوو سەرجەمی هەستیدا سەری لێ دەشێوێنێت (خرمشاهی، ١٣٩٠: ٢٣).

جێی سرنجە کە ئاراستەی ناوەرۆکیی کۆمیدیی ڕەش لە کۆمەڵگە جۆراوجۆرەکان، جیاوازە. بەپێی بوارە ڕامیاری و کۆمەڵایەتییەکان، کۆمیدیی ڕەش لە چیرۆکە ڕۆژاوایییەکاندا سەبارەت بە مەرگ، خۆکوشتن، جینایەت، ڕەگەزپەرستی و توندوتیژی و …یە و لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا لە دەوری هەژاری و قاتیوقڕی، دەمکوتی ڕامیاری، ترس، کۆنەپەرستی، بارودۆخی چینی خوارەوەی کۆمەڵگە، نەخۆشی و داڕمانی هزری، پووچی، بێشوناسی و سەرلێشێواوی و سەرگەردانی ئەو بەرەیەی لەم سەردەمەدا دەژین، دەخولێتەوە (محمدی و تسلمی جهرمی، ١٣٩٥: ٤١١ و ٤٢٦).

لە تەکنیک و تایبەتمەندییە بەرچاوەکانی کۆمیدیی ڕەش دەتوانین ئاماژە بکەین بە: ناتەبایی و دژوازی، زێدەڕۆیی، ڕەوتی بەدگۆڕان، بێواتایی، سووک و چرووککردن، جنێودان و تووک و نفرین، ئەوپەڕچیرۆک، خافڵگیرکردن، لادان لە بابەتی سەرەکی و شکاندنی یاساکانی گێرانەوە، وەسف و خوڵقاندنی کەشێکی گوتیک، گێڕانەوەی ئێرۆتیکی و … (محمدی و تسلیمی جهرمی. ١٣٩٥: ٤٠٣). لە بەرهەمێکدا هێندێک یان هەمووی ئەو تایبەتمەندییانە دێنە بەرچاو و جاری وایە یەکێک لەو ڕەگەزانە لەوانەی تر تۆخترە.

تایبەتمەندییەکانی کۆمیدیی ڕەش لە ” از راحیل بانوی یهودی چە خبر؟”دا

١. ناتەبایی و دژوازی

ناتەبایی و دژوازی بناغەی سەرەکیی کۆمیدین، کە لە کۆمیدیی ڕەشدا زۆری کەڵک لێ وەردەگیرێت. کۆمێدیی ڕەش لەگەڵ هەستی متمانەپێنەبوون، بێهوودەبوون و لە ناوەندی دژوازییەکان و بێهیوابوون لە چاوەڕوانییەکاندا دێت. نەهاتنەدیی چاوەڕوانییەکان، بێمتمانەیی پێوەیە و بێمتمانەیی پێکهاتەی سیستەم لەرزۆک دەکات و لە کۆمیدیی ڕەش نزیک دەبێتەوە، هەتا تەکووزییەکی نوێ بئافرێنێت(محمدی و تسلیمی جهرمی، ١٣٩٤: ٤١٢). هێگێلیش کاتێ لە وانەوتارەکانی جوانیناسیی خۆیدا چەمکی “زەینیەتی بابەتی” دێنێتە بەرباس، جەخت لەسەر ڕەگەز و بنەمای ناهەواهەنگی و ناتەبایی دەکات. هێگێل پێی وایە کۆمیدی، جۆرێک پارادۆکس یان دژوازییە و ئەگەر کەسێک بیهەوێ لە کۆمیدی سەر دەربهێنێت، دەبێ بزانێت مەبەست لە پارادۆکس چییە و بیناسێت. لە ڕاستیدا لە ڕوانگەی هێگێلەوە، دیالێکتیک سازانی دژوازییەکان و ناتەبایییەکانە کە لە بوون (وجوود)ی شتەکان و زەین و سروشتدا خۆیان حەشار داوە.

لە کۆمیدیی سپیدا ئەو دژوازی و ناتەبایییانە ئاشکران، بەڵام لە کۆمیدیی ڕەشدا ئاشکرا نین و جاری وایە لە گشت پێکهاتەی چیرۆک یان ڕۆمانێکدا هەیە و جاری وایە لە بەشێکیدا.

نووسەر لە ڕێگەی کۆمیدیی ڕەشەوە زۆرتر لە ئەوەی کە خەریکی وێناکردنەوەی ناتەبایییەکان بێت، سەرقاڵی دژوازییەکانی مرۆڤی دەبێت. هەرچەند بە نیشاندانی ڕاستییە تاڵەکانی ژیان و ناسینی تایبەتمەندییە دەروونییەکان و داماویی مرۆڤی قامیشلوو کە خۆی کۆیەکە لە ناتەبایییە جەستەیی و ڕووحییەکان و هەروەها چونکە مرۆڤی ئەو سەردەمە بەدوای هەڵگرتنی مەوداکانە، چاری ناچار کەشی چیرۆک دەبێت بە بەستێنێک بۆ نیشاندانی ناتەبایییەکان. هەر وەک هێندێک کوتوویانە: “مرۆڤی سەردەمی نوێ بەدوای هەڵگرتنی مەوداکانە. مەودای نێوان مرۆڤ لەگەڵ ئەوی تر، مەودای نێوان مرۆڤ لەگەڵ خۆی و هەروەها نێوان مرۆڤ لەگەڵ جیهان. کەواتە چیرۆکی مۆدێڕنی ئەمڕۆ بە هۆی بەهرەمەندیی لەباربوون بۆ نیشاندان و نواندنەوە، شوێنێکە بۆ تەتەڵەکاریی ئەم دوانەیییانە و ناتەبایییانەن” (رب گرییە، ١٣٧٤: ٩٢، بە گێڕانەوە لە وتاری (بررسی و تحلیل سبک‌شناسانە طنز سیاه در داستانهای کوتاه بهرام صادقی)).

بۆ نموونە نووسەر لە (ل ١٥)دابەم شێوەیە بۆ نیشاندانی ئەم کەشە لە تەکنیکی ناتەبایی کەڵک وەر دەگرێت: “قلب موسی، هفتاد بار بر مدار حسرت حضور در نمایش آن اثر صامت آمریکایی چرخیدە بود، اثر صامتی کە رنگ صداها را بر پارچەی چشمها می کشید.” حرکت گام بە گام چاپلین در دویدن سبکش در چهارراەها برایش مهم است، گویی گامهایش را با بو‌ق ماشینهای تندرویی آهستە می کند کە در حقیقت هیچ صدایی ندارند.” “سبیل، عصا، شلوار گشاد، جلیقەی تنگ و کت کوتاه. کلاهی کە می‌تواند چاشنی طنز را دو برابر کند. کفش گشاد. راه رفتن با پاهای از هم باز شدە و خندەای کە موسی نە از عمق فیلم صامت بلکە از شخص دیگری می شنود کە در ماشین کنار چاپلین نشستە است و کیسەی پولش را برای او حمل می کند.” هەر وەک دەبینین ئەم چەند دێڕە پڕە لە ناتەبایی، هەرچەند ڕەنگە لە ڕواڵەتدا پێکەنیناوی بێت بەڵام کاتێ هەر خودی نووسەر ئاماژە دەکات کە ئەو پێکەنینەی کە مووسا دەیبیسێ، هیی پێکەنیناوبوونی ئەم فیلمە لە قووڵاییی فیلمەکەدا نییە، بەڵکوو ئەم دۆخە زۆرتر لە ئەوەی کە بینەر وەپێکەنین خات، خەفەتهێن و مەترسیدارە.

لەم دێڕانەشدا بە باشترین شێوە ئەم ناتەبایییە وێنا دەکات: “پاسخ کسانی کە سر او داد می زدند تا ساکت شود، فریاد بود، او هم از آنان می خواست ساکت باشند. در مورد تهدیدشان بە ساکت‌کردن نیز، واکنش متقابل داشت.”

هەروەها لە (ل ٥٠)دا ئەم ناتەبایییە بە جوانترین و تاڵترین شێوە لە ڕواڵەتدا وێنا دەکات، کاتێ دەڵێ: “در مورد اینکە این یهودی کە دینش کردی است و خودش را مسلمان می داند، چە فکر می کنی؟ او اینجا چکار می کند؟”

یان لەم ڕستەیەدا ئەوپەڕیی ئەو ناتەبایییە وێنا دەکات: “موسی بە آنها آب بدە. مگر نمی بینی بە خاطر تشنگی از دهانشان آب بیرون می ریزد.” (ل ١٠٦)

هەر وەک لەم دێڕانەدا بینیمان، ناتەبایییەکان ڕۆڵێکی تۆخ لە وێناکردنی ئەو کەشەی نووسەر مەبەستییەتی دەبینن، بەڵام لە ڕاستیدا ئەوە دژوازییەکانن کە چیرۆک بەرەو پێش دەبەن و توێژەکانی مرۆڤی، قووڵتر نیشان دەدەن و سنوورەکانی خەیاڵ و وەهم دەبەزێنن. ڕەنگە ئەم ڕستەیە ڕاست بێت کە: “ڕیالیستییانەترینی چیرۆکەکان، وەهمێکە لە ڕاستی و فانتێزیترینیان لە کاتی گێڕانەوەدا بانگەشەی ڕاستبوونیان هەیە. ئەم دژوازییە، یەکێک لە ڕەگەزە سەرەکییەکانی جوانی و ڕاکێشی هەتاهەتاییی چیرۆکە. یارییەکە هەم جیددییە و هەم شۆخی؛ واتا شۆخی هەم جیددییە و هەم یاری. چیرۆکیش لە ئاستی یاریدا جیددییە لەنێوان ڕاستی و خەیاڵ، نووسەر و خوێنەر” (نفیسی، ١٣٦٩: ٣١، بە گێڕانەوە لە (بررسی و تحلیل سبک‌شناسانە طنز سیاە در داستانهای کوتاە بهرام صادقی‌)).

نووسەر لە (ل ١٦)دا بە وێناکردنی ماڵەکانی باکووری سووریا و حەشارگەی چەکە مەرگهێنەرەکانی هەستی، دژوازییەک لەو دوو ڕەگەزانە بەدی دێنێت کە هەر خوێنەرێک ناچار بە ڕامان و وەستان دەکات: “پنجرەهای خانە را بە رنگ آبی آغشتە می کرد تا دشمنان، مخفیگاه سلاحهای مرگبار هستی را در زیرزمین خانەهای خشتی در شمال سوریە پیدا نکنند.”

هەروەها لە (ل ١٩)دا نووسەر ئەم دژوازییە لە شێوەی هەڵسوکەوتی کارگێڕانی ئاسایش بەم شێوەیە وێنا دەکات و دەیهەوێ ئەوپەڕی ئەم تاریکییە و دەمکوتییە نیشان بدات: “مأموران اطلاعات با کلتهای کمری بادکردە زیر پیراهنشان سوار بر دوچرخە و جیبهای پوشیدەشدە با پارچەهای خاکستری چرکین با سرعتی زیاد می رفتند و با بوق‌زدنهای پی‌درپی بە موجودات نامرئی، هشدار کنارکشیدن می دادند.” هەر وەک دەزانین سیگناڵ لێدان بۆ کەسێکە کە هەیە و دەبینرێ نەک کەسێ کە نەدیوە، ئەمە خۆی لە ناوەرۆکی خۆیدا دژوازی هەیە.

لە ڕاستیدا یەکێک لە جوانترین وێناکانی دژوازی لەم ڕۆمانەدا دژوازیی نێوان جیهانی ڕاستەقینە و ئەوپەڕسروشتە. لە (ل ٣٣)دا ئەم دژوازییە لەنێوان دەستی مرۆڤ و دەستی فریشتە کە یەکیان شەڕ ئەم دۆخەی بەسەردا سەپاندووە و ئەوی تر دەسەڵاتی خۆی بەسەر سروشتدا دەسەپێنێت، وێنا دەکات: “جنگ بە انسان دستانی از جنس فرشتەها می دهد.”

لە لاپەڕەی (٦٢)دا دژوازی لەنێوان پێکهاتە و ناورۆک و هەروەها جیهانی ڕاستەقینە و ئاڕمانی ئاوا وێنا دەکات: “رژیم با تقلید از میراث نظم نظامی، اندیشەها، رغبتها و لباسها را در ادارات و در مدارس بە یک فورم مشخص درآوردە و هدفش الغای تفاوت طبقاتی، تفاوت ظاهر و بدن و تفاوت فکر است. دخترانی کە همگی با یک رنگ از مدرسە خارج می شوند، شبیە پسرانی هستند با همان رنگ داخل مدرسە می شوند.”

بە هێنانی “آیا ما کردها عرب هستیم؟” دژوازی لە ناوەرۆک و ڕواڵەتدا بەوپەڕی خۆی دەگەیێنێت.

لە لاپەڕەی ١٦٨دا، لەم دژوازییە بۆ خوڵقاندنی کەشێکی ترسێنەر کەڵک وەردەگیرێ و بەم شێوەیە وێنا دەکرێت: “روشنایی‌بخشی دولت ترسناک است همانطور کە جلوگیری دولت از تابش نور هم خوفناک است.”

هەڵبەت شیاوی باسە کە هێندێ لەو دژوازییانە ڕێک لەنێو دەقەکەدا ڕوودەدەن:

– “همە چیز در تناقض است لینا. سهمیەی آرد نانواییها کفاف مصرف مردم را نمی دهد. شکر نیست و کسی کە شکر دارد در مغازە با قیمت گرانتر می فروشد. در بازار خبری از گوشت نیست و تنها سبزی گندیدە وجود دارد. بازار میوە هم هیمنطوری است. خبری از سینما هم نیست” (ل ١٩٨).

– “یک کمونیست مٶمن بە خدا، مٶمن بە دین سینما، مٶمن بە حزب بحث و مٶمن بە امت یکپارچەی عربی” (ل ٣٤١).

٢. بچووکنوێنی (بچووککردنەوە)

بچووکنوێنی تەکنیکێکە کە زۆرتر بە نیشاندانی زێدەڕۆیانەی تایبەتمەندییە نەرێیەکان بیچم دەگرێت و وتەکە (کەلام) بە جۆرێک نائاسایی و زەق دەکاتەوە. نووسەر بەم شێوەیە، کەسایەتییەکان و دۆخەکان دەباتە ژێر زەڕەبین و تایبەتمەندییە ورد و شاراوەکانیان دێنێتە بەرچاو. لە ڕاستیدا لەم ڕۆمانە ئەو بچووککردنەوەیە بە دوو شێوەی سووکایەتی و گاڵتە پێکردن بە کەسایەتییەکان یان بەدگۆڕان (استحالە) پێشان دەدرێت.

سووکایەتی و گاڵتەپێکردن:

“نووسەر کاتێک دەیهەوێت لە کەسێک ڕەخنە بگرێت، لە تەواوی ڕواڵتە فریودەرەکان دای دەماڵێت و لە هەر بوارێکەوە بچووکی دەکاتەوە، ئەم کارە دەتوانێت لە ڕووی جەستەیییەوە یان لە ڕووی مەعنەوییەوە و یان بە شێوەگەلێکی دی بێت” (جوادی، ١٣٨٤: ١٧)

لە ڕاستیدا نووسەر لە ڕێگەی سووکایەتی و گاڵتەپێکردن دۆخە نائاسایییەکانی ژیانی تاکەکان گەورە و زەق دەکاتەوە و سواوی و نالەبارییەکەی نیشان دەدات. بۆ نموونە بۆ ئەوەی دۆخی نەتەوە جیاوازەکانی سووریای (٦٠- ٧٠) ساڵ پێش و شێوەی هەڵسوکەوتی دەسەڵات لەگەڵ دانیشتووانی قامیشلوو زەق کاتەوە، بەم شێوەیەی وێنا دەکات: “از این الاغ پرسیدم کە یهودی است؟ او پاسخ داد کرد است.” “آیا ما در کشور دین کردی داریم و از آن بی خبریم؟” (ل ٤٩). “من تصمیم می گیرم کە تو چە کسی باشی الاغ” (ل ٥٠). “از اینجا برو الاغ، دینی کردی‌ات را هم با خودت ببر” (ل ٥٢).

ئەوپەڕی سووکایەتی پێکردن دەتوانین لە پێوەندیی و چۆنیەتیی هەڵسوکەوتی مامۆستای (ڕاکەوتنی سەربازی)ی قوتابخانە لەگەڵ قوتابییەکەی هاوپۆلی کێهات ببینین، کاتێ دەڵێت: “می‌خواستی چە بپرسی موش کثیف؟” “ما جنگ را باختیم تولە؟” (ل ٤٦٢). هەروەها لە چۆنیەتیی هەڵسوکەوت و ڕووبەڕووبوونەوەی کارگێڕەکانی دەسەڵات و سەرهەنگ لەگەڵ مووسادا بەم شێوەیە زەق کراوەتەوە: “بیا ببینم سردستەی سوسکها” (ل ٤٧٨). یان کاتێک سەرهەنگ چاوی تێ دەبڕێت و دەڵێت: “جوجەمرغ، تو چند وجبی؟” (ل٤٧٩). هەروەها کاتێک لە (ل ٤٨١)دا دەڵێت: “مگر بە ‌غیر از امت عرب، امت یکپارچەی دیگری وجود دارد چس خروس؟”

گاڵتەپێکردن لە هەموو سووچ و قوژبنەکانی ڕۆماندا گشتگیرە، بە تایبەت لە پێوەندیی نێوان کێهات و باوکی و مووسادا، ئەو کاتەی کە ناوونیتکەی هێستر و بزن و … لە یەک دەنێن و بەم شێوەیە یەکتر بانگ دەکەن؛ باوکی بە کێهات دەڵێ: “با این مرغها چکار می کنی الاغ بی پالان؟” (ل ١٠٨). ” موسی گفت: “این مسألە را توضیح دادم برادر قاطر من” (ل ١٥٩) یان کاتێ کێهات، مووسا بانگ دەکات زۆرتر بە هێستر و بزن و … بانگی دەکات: “کیهات پاسخ داد: دوستت تارزان بچە میمون است. تو هم بزغالەای.” یان کاتێ دەڵێ: “من خودم دانشمند هستم الاغ”. “موسا برای مقابلە با لقبی کە برادرش بە او داد، گفت: “تو دانشمند الاغها هستی.” (ل ٢٠٩). هەروەها کاتێک کە کێهات، مووسای بە ناوی (بهلول) بانگ دەکات و دەڵێت: “در چە چیزی از من جلو می زنی جناب بهلول؟” (ل ٢١٠). بەڵام ئەوپەڕی بچووککردنەوە و تیزپێکردن دەتوانین لە هەڵسوکەوتی سەرهەنگ لەگەڵ ئووسیدا ببینین: “سرهنگ از او پرسید: “کردهایی مثل شما چە چیزی بە یاد می آورند؟” ادامە داد: “شما در خانوادە چند نفرید جناب پرندەی تیزپرواز؟”

بەدگۆڕان (استحالە)

(استحالە) بە واتای گۆڕان یان باشتر وایە بڵێین بە واتای بەدگۆڕانە. بە واتایەکی تر، گۆڕانکارییەکی گشتی لە چییەتیی شتێک لە دۆخی پێشووی بۆ دۆخێکی ترە، یان گۆڕانێکی بنەڕەتیی لە چییەتیی گشتیی شتێک، بە شێوەیەک کە بە تێپەڕینی کات ببێت بە چییەتییەکی تەواو جیاواز لەوەی پێشووی. جا ئەم گۆڕانە بنەڕەتییە دەتوانێت لە کەسایەتی و هەوێتی و شوناسی کەسێکدا بێت کە دیارە ئاراستەکەشی بەپێچەوانەوە دەبێت و بەرەو دۆخێکی خراپ و نەشیاو و نالەباری دەبات؛ چ لە بواری کۆمەڵایەتی بێت یان کەسایەتی یان ڕەوشتی. ئەم بەدگۆڕانە بە شێوەیەک لەنێو ئەرزش و بایەخەکان جێ خۆش دەکات کە بەتەواوەتی جێ بە بایەخەکان لەق دەکات و بەراوەژوویان دەکاتەوە، کە خۆی ئامانجدارە. بە وتەیەکی تر ئەم بەدگۆڕانە لە چییەتیی ناوەکیی کەسەکاندا کە بە کەلتوور و فەرهەنگ و شوناسێکی تایبەت بەستراوەتەوە ڕوودەدات کە دەتوانین پێی بڵێین بەدگۆڕانی هەوێتی.

سەلیم بەرەکات بەدگۆڕانی هەوێتی لە (ل ٤٧٢)دا لەوپەڕی خۆیدا لە وێناکردنی بەڕێوەبەرە کوردەکەی قوتابخانەی مووسادا وێنا دەکات و دەڵێت: “این مدیر کرد هویت کردی خودش را بە شدت پنهان می کرد. کردهای قامشلی او را می شناختند و می دانستند اهل کجاست. پدرش ملای مسجدی در شهرستان عامودا بود، هیچ کردی تلاش نمی کرد با این مرد لاغر و بلند قامت – کە همیشە کت و شلوار بە تن داشت و کراوت می بست- بە زبان کردی حرف بزند زیرا این زبان او را خشمگین می کرد.” ”مدیر بە زبان عربی فصیحی با آنان صحبت می کرد، زبانی کە غیر از خودش کسی با آن آشنا نبود.”

بوونەوەرە ئەوپەڕڕاستەکییەکان (ئەوپەڕواقعییەکان)

سورریالیسم بە هەڵسەنگاندنی ڕاستی، لەگەڵ بزاڤێک دەکەوێت کە لە زانستدا، بنەماکانی نەگۆڕبوونی دیاردەکان لەرزۆک دەکات و لە فەلسەفەدا، چۆنیەتیی دەرهەستبوونی ئەو سیستەمانە نیشان دەدات، کە تەنیا لەسەر لۆژیک (مەنتیق) دامەزراون. سورریالیستەکان لە جیهانی ڕاستەقینە جیا دەبنەوە هەتا بخزێنە نێو جیهانی تاپۆکان و خەیاڵ” (سیدحسینی، ١٣٨٧، ج٢: ٧٩٣) و لەو ڕێگەوە بە ئەوپەڕڕاستی بگەن.

لە ڕۆمانی (از راحیل…)دا بەڕوونی کەڵک لە جنۆکە و فریشتە وەرگیراوە. ئەم تەکنیکە جاری وایە بۆ خراکردنی سیمبول و هێماکانی نێو کۆمیدییە و لەو چیرۆکانەی کە کۆمیدیی ڕەش زەق دەکەنەوە، زۆرتر بۆ لای بوونەوەرە ئوستوورەیی و خەیاڵییەکان ڕادەکێشرێن. هەر وەک ئاماژەی پێ کرا لە (از راحیل …)دا لە جنۆکە و فریشتە وەکوو خوازە کەڵک وەرگیراوە و نووسەر بە چاوی تانە و تەوس و تەشەر لێی دەڕوانێت. بۆ نموونە لە لاپەڕەی (٢٨) بەم شێوەیە گوڵ لە ڕەگەزی جنۆکە دادەنێت و دەڵێت: “أوسی با بداهە جواب داد: “از نسل جن است.” توضیح داد: “گل همانجایی می روید کە گذار جن از آنجا باشد” یان لە (ل ٢٠٩، ٢١٠، ٢١١) بە هێنانی دەستەواژەگەلێک وەک: ئەفسەرانی جنۆکە، ڕەئیسی جنۆکە، سەروەری ئەفسەرانی جنۆکە و ئەمیر و فەرماندەی ئەفسەرانی جنۆکە، ئەو دۆخە خنکێنەر و هەروەها جێگەوپێگەی خۆیان لەو کۆمەڵگەیە و ئەو دۆخە ئابوورییەی تێیدا دەژین بەگاڵتە دەگرن و دەیخەنە بەر تانە و تەشەر. بۆ نموونە: “آیا بە من باور می کنی کە افسران اجنە برای من پول می آورند؟” (ل ٢٠٩)؛ “تو رئیس جن ترکیە، آمریکا، هند، آلمان، سودان و استرالیا هستی” (ل ٢١٠)؛ “تو در کشور ویرانی، سرور افسران اجنە هستی” (ل ٢١١).

هەروەها کاتێ باس لە وێرانییەکان و ئەو دۆخە نالەبارەی خەڵکەکەی تووشی دەبن دەکات، بەم شێوەیە دەیخاتە بەر توانج: “رنگ آبی کثیف نیست کیهات. آبی، رنگ دست فرشتگانی است کە در هبوط و صعود، با آن آسمان را می گیرند” (ل ٣٢)؛ “جنگ بە انسان دستانی از جنس دست فرشتەها می دهد” (ل ٣٣). لە ڕاستیدا ئەم وێنایە بە جۆرێک بە دژی فریشتەبوون و هێزەکەی دەوەستێتەوە، چونکە هەر وەک دەزانین شینبوونی ڕنگی دەستی کێهات و مووسا لەبەر ئەو بێدەسەڵاتی و دۆخە خراپە ئابوورییە و ئەو شەڕەیە کە بەسەریاندا سەپاوە و خۆیان هەڵیان نەبژاردووە.

لە ڕاستیدا بەم شێوەیە پەرێشانی و ئاڵۆزکاوی و کڵۆڵی مرۆڤی کورد بەتایبەتی لە ناسینی چییەتیی بوون و هەوێتی خۆی دەخاتە بەرباس و شیکردنەوە.

گەورەکردنەوە

لە کۆمیدیی ڕەشدا گەورەکردنەوە بە مەبەستی زەقکردنەوە و سرنجڕاکێشانی بەردەنگ لە گێڕانەوەدا کەڵکی لێ وەردەگیرێت. نووسەر بە یارمەتیی زێدەڕۆیی هەوڵ دەدات هەژاری، ترس، شێتی، بێهەوێتی، تەنیایی، جیاوازیی چینایەتی و ڕوانینە ڕەگەزییەکەی دەوروبەری خۆی بگوازێتەوە.

بۆ نموونە لە (ل ١١٣)دا بۆ ئەوەی ئەوپەڕی دۆخی نالەباری کۆمەڵگا و ئەو خەم و پەژارە و ڕەگەزپەرستییە نیشان بدات بەم شێوەیەی وێنا دەکات: “کاتیا گفت: “همە سیگار می کشند. شوهرم، پسرانم و دوستان پسرانم.” دست چپش را بە سوی مرغها دراز کرد: “یک روز می بینی آنها هم با منقارشان سیگار می کشند.”

یان کاتێ دەیهەوێ لە دۆخی ئابووریی داڕماوی خەڵکی قامیشلوو بدوێت، ئاوای زەق و گەورە دەکاتەوە: “أوسی پرسید: “برای نهار چی بخوریم؟” ؛ “هدلا پاسخ داد: “نان و ماست و چایی” (ل ١٠٦) یان کاتێ کێهات دەڵێت: “ما در خانە برای نهار، هندوانە و پنیر می خوریم” (٢٣٣). هەروەها کاتێک لە (ل ٥٢١)دا باسی دوو ڕەنگبوونی پێڵاوەکانی ئیدریس و دانانی پەڕی گۆڤار لەنێو پێڵاوەکانی دەکات ئەوپەڕی داڕمانی دۆخی ئابووریی خەڵکەکە و بەتایبەت کوردەکان وێنا دەکات و خوێنەر تووشی داخێکی گران و قووڵ دەکات: “کیهات از او پرسید: “برای چە کاغذ مجلە در کفشت گذاشتەای؟” ادریس پاسخ داد: “کف کفشهایم سوراخ است.” کیهات از او پرسید: “شاید کاغذ مانع نفوذ خاک بە کفشت شود ولی با باران چکار می کنی؟”.

هەروەها نموونەیەکی تر بۆ ئەم تەکنیکە دەتوانین ئاماژە بەو وێنایە بکەین کە بۆ دوورخستنەوە و تەریکخستنی کۆمەڵگە لە بەرەوپێشچوون و گوورانی هزر و بیری تاکەکانی کۆمەڵگا دەکرێت: “فیلم هندی آخرین چیزی نیست کە پرندگان ابابیل بە سرزمین قامشلی پرتاب کردند. ارابەهای خدایان کهن روم با چرخهای طلایی و با هزاران اسب بار فیلمشان را در سالنهای سینما خالی کردند” (ل ٢٢٠).

خوڵقاندنی کەشی گوتیک

یەکێک لە تایبەتمەندییە گرینگەکانی کۆمیدیی ڕەش ئەو کەش و فەزایەیە کە بە شێوەی تاریک و بەرتەسک و پڕ لە ڕەمز و نهێنی دەردەکەوێت و لە شوێنگەلێک وەک دەخمە، گۆڕستان، ئەشکەوت و وێرانەکان و ماڵە بێچرایەکان ڕووی دەدات. مرۆڤەکانیش بە شێوەیەکی نائاسایی و ترسناک دێنە بەرچاو و دێوەزمە و جنۆکە و شەیتان و فریشتە هەلی دەرکەوتنیان بۆ دەڕەخسێت. “نووسەری چیرۆکی گوتیک بە بەکارهێنانی وشەگەلێکی تایبەت و زنجیرەیەک لەو وشانە کە تەواوکەری یەکترن، جیهانی بەرهەست و دەرهەست دەکەنە یەک هەتا بە سیحری وشەکان، سێحر لە خوێنەرەکەی بکات و بەدوای خۆیدا ڕای کێشێت. ئەو بە واتای وشەکان، هەم نهێنیی ئەو ڕاستییەی ئامانجییەتی، ئاشکرا دەکات، هەم بیچمێکی هونەری بە نووسراوەکەی خۆی دەدات. هەر بۆیە چیرۆکە گوتیکییەکان پڕن لە وشەگەلی وێنەیی، گەڵاڵەی کورت و ڕەنگدانەوەگەلێکە کە ناڕاستەوخۆ دڵەڕاوکێ و ویستی مرۆڤی بەرەو خراپە دەبات” (بی نیاز، ١٣٨٢: ٢).

لە ڕۆماندا، نووسەر بۆ وەدیهێنانی هەستی کەشی گوتیک و هەستی ترس لە بەرهەمەکەیدا، لە ڕستەگەلی کورتی پەیتاپەیتا، سرنجدان بە پاژەکان و وردەکاری، پێچەڵاوپێچبوونی کات و شوێن و هەروەها دوودڵکردنی خوێنەر بە پرسیارگەلە بەدوای یەکەکاندا کە تێیدا دەیورووژێنێت، کەڵک وەردەگرێت . بۆ نموونە ئەو کەشە ترسێنەرە بەم شێوەیە لە (ل ٣٢٧)دا وێنا دەکات: “دوچرخەها در خیابان اصلی و در پیادەروهای آن پخش شدند. کفشها در رفت و آمد بودند. برخورد صداها مانند صدای گربەهایی بود کە بە جان هم افتادە بودند …” “لبەی چاقوهای کوچک در دستها می‌درخشیدند. نوعی چاقو کە با کشیدن حلقەای با انگشت میانی باز و بستە می‌شود… “بوکسهای مسی و آهنی در دستان دو طرف درگیر مانند انگشتر بودند.”

هەروەها توندوتیژی و کەشگەلێکی چۆڵ و کەمهاتوچۆ و تەمومژاوی لە کەرەستە سەرەکییەکانی نووسەر بۆ خوڵقاندنی ئەم کەشە ترسهێنەرن. بۆ نموونە لە (ل ٤٤٧)دا بەم شێوەیەی وێنا دەکات: “ساکنان محلە سرشان را از دروازە بیرون می آوردند و سپس مانند لاکپشت سرشان را بە درون لاکشان می بردند.” “کیهات آشفتە شد. برای فرار از ترس درون قلبش، چشمانش را بە زمین دوخت. گامهایش را سریع کرد و بە عقب برگشت. خیابان را بە سمت شرق پیمود. بە بن‌بست خورد. سریع راە می رفت و نزدیک بود بدود.”

نووسەر لە لاپەڕەکانی (٤٦١ هەتا ٤٦٤) بۆ وێناکردنی کەشێکی گوتیک، لە گشت ڕەگەزەکانی ترس و بێدەنگی و ڕستەی پچڕپچڕ و پەیتاپەیتا و قوتابخانەیەک کەڵک وەردەگرێت کە زۆرتر وە بەندیخانە و سەربازخانە دەچێت هەتا قوتابخانە؛ ئەو کاتەی کە قوتابی لە سەرهەنگ سەبارەت بە شکستهێنانیان لە شەڕدا دەپرسێ. لە ڕاستیدا لێرەدا تاڵیی ئەم دیمەنانە ئەوندە تۆخە کە نەتەنیا ئەو تۆزە ژارخەنەیەش لەسەر لێو ناهێڵێت بەڵکوو خوێنەر لەگەڵ خۆی هەتا قووڵاییی ئەم ترس و کەشە تۆقێنەر و دوور لە مرۆڤایەتییە دەبات.

لادان لە بابەت و گێرانەوەی سەرەکی و وەسفکردن

پەرێشانی و تەواونەبوونی گێڕانەوە، لادانە یەک بەدوای یەک و ناپێویست و دوورودرێژەکان لە چیرۆکی سەرەکی، دەتوانین وەک یەکێک لە تەکنیکەکانی کۆمیدیی ڕەش هەژمار بکەین؛ چونکە ئەو جۆرە لادانانە، چیرۆک لە بنەبڕێتی دەخەن و جۆرێک دڕدۆنگی لە گشتایەتی و گێڕانەوەی چیرۆکدا بەدی دێنێت کە ئەوپەڕڕاستەکیبوونی لێ دەکەوێتەوە. هەڵبەت دیارە ئەم جۆرە لادانانە، ئامانجدارن و نووسەر نیازی ناڕەزایەتیی هەیە و بەتایبەت کە ئەم ڕۆمانە حاڵەتێکی تەمسیلی هەیە و گاڵتە و ناڕەزایەتیی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ڕەوشتی لە سروشتی خۆیدا هەیە. دیارە ئەم تەکنیکە بە شێوەیەکی هەراو، لە سەرانسەری ڕۆماندا کەڵکی لێ وەرگیراوە؛ بۆ نموونە کاتێ باسی سینەما، یان کاتێ (ل ٤١٩)دا باسی سۆبەی نەوتی و تایبەتمەندییەکانی دەکات، یان کاتێ لە (ل٥٣٥)دا باسی مەرگ و کوشتن و ئاساییبوونی مەرگ وەک پووچی ژیان دەکات، یان تەنانەت ئەو ڕاڤەیەی سەبارەت بە ناوی کتێبفرۆشیی “استان” لە لاپەڕەی (٣٣٤) دەیدات، نموونەیەکی ترە لە لادان لە گێڕانەوەی سەرەکی. هەروەها کاتێ (ل ٦٠١- ٦٠٧) باسی گوڵەمزیانی (شقایق نعمانی) دەکات، ئەم تەکنیکە بەوپەڕی خۆی دەگەیێنێت، کە لەبەر دوورودرێژنەبوونی بابەتەکە لە هێنانی دەقەکان خۆمان دەپارێزین و تەنیا بە هێنانی میناکی (ل ٣٣١) دێینە ڕەدا: “ایمان کلیدی است کە برای رسیدن بە حجلەی حوریان، در جیب “اخوان المسلمین” است. اعتقاد کلیدی است در جیب بعثیها، اعتقاد بە بعث گذری از نوع گذار مردگان بعد از سور اسرافیل در شیپور قیامت و برپایی ترازوی حساب پاداش و مجازات نیست، بلکە گذری است از نوع ایدەی بعث برای چپاول و تأسیس کشوری کە مانند یک مزرعەی احتکارشدە است.”

لە ڕاستیدا لادان لە گێڕانەوەی سەرەکی، دەربڕی جۆرێک بەرهەڵستیی ناڕاستەوخۆ لەمەڕ ئەو پێکهاتانەیە کە ساڵانێکە نەگۆڕ ماونەتەوە و گشت ژیان و کۆمەڵگای ڕۆژاوای کوردستانی تەنیوە و تێیدا دزەی کردووە. هێنانی ئەو مەودایانە، تەکنیکێکی ترە بۆ قووڵترکردنی کۆمیدیی ڕەش لە بەرهەمەکەیدا – جا لە ڕووی پیکهاتەوە بێت یان لە ڕووی ناوەرۆکەوە- کە سەلیم بەرەکات بە یارمەتیی گێرانەوە و ڕاپۆرتنووسینە ساردەکەی، بە جوانترین شێوە کەڵکی لێ وەرگرتووە.

سەلیم بەرەکات

هەر وەک بینیمان کۆمیدیی ڕەشی سەلیم بەرەکات زۆرتر لە بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ دۆخگەلێکە کە خەم و پەژارە و ئێش و کارەسات و نادادپەروەری بەوپەڕی خۆی گەیشتووە و ئەم دۆخە ڕاچڵەکێنەرە پێکەنینێکی تاڵی لێ دەکەوێتەوە کە نە لەبەر دڵخۆشی بەڵکوو لەوپەڕی ناخۆشیدایە و بەبێ ئەوەی بزانی دەردەکەوێت. لە ڕاستیدا کۆمیدیی ڕەش لەم ڕۆمانەدا بە شێوەیەکی شاراوە و هەستپێنەکراو دەردەکەوێت و بە شیکردنەوەی هێماکان و ڕەگەزەکانی چیرۆک و دۆخی کۆمەڵایەتی و ئاڵوگۆڕە مێژوویییەکان و شانە پێچەڵاوپێچە ڕامیارییەکان، عەیارەکەی ئاشکرا دەبێت. کۆمیدیی سارد و تاڵی بەرەکات لە ڕەهەندی دەروونییەوە، بەدوای دەرخستنی ساردی و تاڵیی دەروونی مرۆڤە. لە ڕەهەندی دەرکییەوەش بەدوای ڕماندنی پێکهاتەی ڕامیاری و هەروەها چاکسازیی کۆمەڵایەتییە. کۆمیدییەکەی فەلسەفی و پەشۆکێنەرە و گیانی بەردەنگەکەی تژیی دڕدۆنگی و سەرسامییەکەی زۆرتر دەکات.

سەرچاوەکان

____________________________________________________

١. سید حسینی، رضا (١٣٨٧) مکتبهای ادبی، ج٢، تهران: نگاه.

٢. شمیسا، سیروس (١٣٨٥) بیان، تهران: نشر میترا.

٣. جوادی، حسن، (١٣٨٤)، تاریخ طنز در ادبیات فارسی، تهران: کاروان

٤. برکات، سلیم، ترجمەی خزری، کاوە، از راحیل، بانوی یهودی چە خبر؟، سنندج: مادیار.

٥. خرمشاهی، بهاءالدین، طنز و تراژدی، چاپ دوم، تهران: ناهید، ١٣٩٠.

٦. بی‌نیاز، فتح‌اللە (١٣٨٢)، آشنایی با ادبیات گوتیک (هیجان قلمهای وحشتزدە از برجهای تاریک)، تهران، ابرا.

٧. شاطری، نیرە،بررسی و تحلیل سبک‌شناسانە طنز سیاه در داستانهای کوتاه بهرام صادقی، شمارە پنجاه و ششم، بهار ١٣٩٩، فصلنامە علمی “پژوهش زبان و ادبیات فارسی”.

٨. گوشەنشین، فاطمە، بررسی تطبیقی “دیوان شوخ” از ابوالقاسم حالت و “بدوی سرخ پوست” از محمد ماغوط، شمارە ٥٩، پاییز ١٤٠٠، مطالعات ادبیات تطبیقی.

٩. تسلیم جهرمی، فاطمە، ویژگیهای طنز و فکاهی‌های سیاه سوررئالیستی در “هزار و یک شب”، پژوهش‌نامەی مکتبهای ادبی، دانشگاه مازندران.

١٠. گوشەنشین، فاطمە، ترفندهای طنز سیاه در “بدوی سرخ‌پوست” از محمد ماغوط، سال ٢٠ شمارە ٣٨، بهار و تابستان ١٤٠١، پژوهشنامە ادب غنایی دانشگاە سیستان و بلوچستان.

١١. شکری، حمیدە و پورالخاص، شکراللە و صلاحی، عسگر، بررسی طنز سیاه در آثار مهدی اخوان ثالث، تهران- اسفند ١٣٩٦، اولین کنفرانس ملی تحقیقات بنیادین در مطالعات زبان و ادبیات.

١٢. محمدی، علی و تسلیمی جهرمی، فاطمە، بررسی تطبیقی طنز سیاه در ادبیات داستانی با تکیە بر مکتب سورئالیسم، دورە ٢١، شمارە ٢، پاییز و زمستان ١٣٩٥، پژوهش ادبیات معاصر جهان.

داگرتنی تەواوی وتارەکە

  https://t.me/kurdishbookhouse

 هر نوع بازنشر این متن با ذکر منبع «خانه کتاب کُردی» مجاز است.

درباره‌ی خانه کتاب کُردی

همچنین ببینید

نمایشگاه بین‌المللی کتاب تهران الگوی مدیریت مشارکتی در بین رویدادهای کشور است

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *