خانه / اخبار و رویدادها / کتێبی “فەرهەنگی ناو” بەرهەمی سەید نووح عینایەتی بڵاوکرایەوە

کتێبی “فەرهەنگی ناو” بەرهەمی سەید نووح عینایەتی بڵاوکرایەوە

کتێبی “فەرهەنگی ناو” بەرهەمی سەید نووح عینایەتی بڵاوکرایەوە

ڕەزا شەجیعی

زمان وەک سیستمێک لە نیشانەکان هاوکاتی گواستنەوەی واتا، لە سازکردن، ڕاگرتن، بەهێزکردن یا لاوازکردن و سڕینەوەی پێوەندی لە نێوان مرۆڤەکاندا دەور دەگێڕێ. بەشێک لە زمانناسان لەسەر ئەو بڕوایەن ئەو واتایانەی زمان دەیگوازێتەوە لە سێ دەستە واتای وەسفکردن، واتای ڕاگەیاندن و واتای کۆمەڵایەتیدا پۆلێن دەکرێن. ناو وەک بەشە ئاخافتنێکی زمانی هەڵگری هەر سێ دەستەکەیە و هەرچەندە لای هەر ناوێک لایەنێکی ئەو دەستە واتایانە زەق و بەرجەستەیە.

تا ئێستە نەزانراوە لە چ کەیەوە مرۆڤ هەستی بە گرینگیی “ناونان” کردووە، بەڵام دەتوانین بڵێین لەو کاتەوە کە زمانی ئاماژە نەیتوانی هێمایەک سازبکات بۆ ئەو دیاردە و چەمک و بابەتانەی بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ لە ژینگە و زەیندا بوونی خۆیان مسۆگر کرد، مرۆڤ تێگەیی دەبێ بۆ ئەو دیاردە و بابەتە گرینگانە لەبری ئاماژە، نیشانەیەک ببینێتەوە، کە ئیمڕۆ ئەو نیشانەیە وەک “ناو” پیناسە دەکرێ.

جان لاینز(۱۹۷۷) لای وایە ناوە تایبەتەکان (اسم¬های خاص) لە زماندا دەوری “گەڕێنەەوەیی، نیوە گەڕێنەرەوەیی و بانگکردن” دەگێڕن، بەڵام واتایان نییە، واتە خاڵین لەو چەشنە واتایەی بتوانێ وەک دەستەیەک لە ناوی گشتی پۆلێنیان بکات. سەرەڕای ئەوەش ناوە تایبەتەکان هەڵگری واتای هێمایی، ڕیشەناسی و وەرگێڕانین. لە واقیعدا ناو وەک دالێک واتا و نرخی خۆی لە پێوەندی لەگەڵ مەدلوولی یەکەمینی خۆی وەردەگرێ.

گرینگترین کار و ئەرکی ناو، شوناس¬بەخشینە بەو چەمک و دیاردە و شت و کەسانەی کە ناوەکە وەردەگرن.

لە هەموو کۆمەڵگاکان ناونان بەگشتی و ناونانی منداڵ بەپێی هەندێ باوەڕی باو و ڕوانینی زاڵی فەرهەنگی ڕوو دەدات و لەگەڵ گۆڕانی باوەڕ و ڕوانینەکان، ناونانیش گۆڕانی بەسەردا دێت و لەم بوارەشدا توێژینەوەی باشی زۆر هەن، بەڵام ئەوەی گرینگە ناونان تەنیا بۆ بانگکردن و ناسین و دەستنیشانکردنی ڕووت نییە و سەرەڕای ئەو مەبەستە، زەقکردنەوەی باوەڕ و روانینی فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی و سیاسیش لە ئارادان.

هاوکات لەگەڵ ئەو گۆڕانانەی کۆمەڵی کوردەواری بەخۆیەوە بینیویەتی، دیاردەی ناونانیش گۆڕدراوە و کۆی هەموو ئەزموونەکانی ئەم بوارە کولتوورێکی بنیاد ناوە کە پەیوەستە بە ژینگە و کولتوور و ئایین و ئایینزاکانی خودی کۆمەڵگاکەوە. بە شێوەیەکی گشتی پرۆسەی “ناونان” بژاردەیەکی سانا نییە و لە ژێر کاریگەریی هەندێ هۆکاری جۆراوجۆری فەرهەنگی، سیاسی و کۆمەڵایەتیدایە.

ئەوەی لێرەدا و لەم کتێبەی بەردەستتاندا هەوڵی بۆ دراوە، ئامادەکردنی فەرهەنگێکە بۆ “ناونان” بەگشتی و ناونانی کوڕ و کچ بەتایبەتی؛ هەر بۆیە بە شێوەیەک ناوەکان ڕیز کراون جیا لە مەبەستە تایبەتەکە، بەشێکیان وەک ناوی تایبەت بۆ شوێن و دامەزراوە، دواناو، بەرهەمی بازرگانی و … سوودی لێ وەردەگیردرێ.

ناوەکان بەپێی ڕیزبەندی ئەلف و بێ ڕیزکراون و مانایان دەستنیشان کراوە و لە هەندێ نموونەشدا هەوڵ دراوە لە باری ڕیشەی ناوەکەوە ڕوونکردنەوەیەک بدرێ. بەپێی تێکەڵی مێژوویی و کولتووری لەگەڵ زمانی فارسی، عەرەبی و تورکی ئەو بەشە لە ناوەکان کە لە زمان و کولتوورماندا قاڵ بوونه و بە شێوەیەکی بەربڵاو و بەرفرە کەڵکیان لێ وەرگیراوە و لێ وەردەگیرێ، تۆمارکراون.

بە نیسبەت کوردی بوونی ناوەکان مەیدانی لێکۆڵینەوەمان بەرتەسک نەکردۆتەوە بۆ زمانی کوردیی چاخی نوێ و ئاخێزگەکۆنەکانی زمانی کوردیشمان هەر بە سامانی کوردی زانیوە و لە پێشەکیی بەرگی دووەمیشدا ئەم بابەتە زۆرتر ڕوونکراوەتەوە.

بەپێی ئەو ڕێسا مافناسانەیەی بۆ سەرچاوە سروشتییە هاوبەشەکان لە پانتای یاسای نێودەوڵەتیدا لە ئارادان، لایەنە بەشدارەکانی ئەو سەرچاوانه بۆیان هەیە بەپێی توانا سوود لەو سەرچاوانه وەربگرن و ئەگەر لایەنێک نەیویست یان نەیتوانی یان … لەو سەرچاوانە کەڵک وەربگرێ، ئەو نەتوانین و نەویستنە نابێتە ڕێگر لەوەی لایەنە بەشدارەکانی تر بەپێی توانای خۆیان سوود وەرگرتنیان لەو سامانه هاوبەشە بەرتەسک بێتەوە.

بەو پێیە کە زمانە ئێرانییەکان خاوەنی سەرچاوەیەکی هاوبەشن و لە چاخی کۆن و ناویندا زمانی کوردی لە ژێر ناوێکی گشتی و لە واتایەکی لێڵ و ناڕووندا نوێندراوەتەوە، رێسای سەرچاوە سروشتییە هاوبەشەکانی یاسای نێودەوڵەتی ڕێگەمان پێدەدات بەشی خۆمان لەو سامانه هاوبەشە وەربگرینەوە و مافی ئەوەمان هەیە میراتگری ئەو سامانە بین و دەبێ ئاگادار بین چەندە توانامان بۆ سوودوەرگرتن لەو سامان و سەرچاوە هاوبەشە ببێ ئەوەندە خاوەنی ئەو سامانەین.

لە تۆمارکردنی ناوەکاندا هەوڵ دراوە بەپێی توانا هەموو شێوەزارەکانی زمانی کوردی لەبەرچاو بگیردرێت. هەروەها جیا لەوەی بۆ ناوی کچ و کوڕ کاری تایبەت کراوە، لە دووتۆیی هەر دوو بەرگی ئەم فەرهەنگەدا ناوی هاوبەش دیاری کراون و ئەو ناوانەن کە بە پێی کولتوور و داب و نەریتی کۆمەڵایەتیمان تایبەتمەندیی ڕەگەزییان نییە و لە بەشە جۆربەجۆرەکانی کوردستاندا مامەڵەی جیاوازیان لەگەڵ کراوە.

هەرچەند بەڕواڵەت ئەم فەرهەنگە، دوو بەرگی لێک جودا و تایبەتن، بەڵام هاوکات پێکەوە بەستراون؛ چونکوو جێندەر، واتە بابەتی نێرینە و مێیینە لە زمانی کوردیدا ئەوەندەی کە بارکراوتە سەر ئەم زمان و فەرهەنگە ـ لە لایەن فەرهەنگی ناکوردیی باڵادەستەوە ـ وەک خۆی تا ڕادەیەکی زۆر بابەتێکی بێگانەیە بۆ ئەم زمان و فەرهەنگە.

ناوەکان تایبەت نەکراون بە ناوی کچ و کوڕ و بە شێوەیەکی گشتیتر ڕەگەزی لە بەرچاو گرتووە و مەبەستیشی پێشنیارکردنی کۆمەڵێک ناون بۆ کۆمپانی، ناوەند و شوێنە تایبەتەکان تا لەم ڕێگەیەوە ئاسانکارییەکیان بۆ کرا بێت و ناوی کۆمپانی، ناوەند و شوێنە تایبەتەکانمان سیمایەکی کوردانەترمان پێ ببەخشن.

بەپێی ئەوەی تا ڕادەیەک شێوە بێژکردنی هەندێ لە ناوەکان لە زار و شێوەزارەکاندا جیاوازن، هەوڵ دراوە هەموو شێوە بێژکردنەکانی ئەو ناوانه تۆمار بکرێن.

لە دووتۆیی ئەم فەرهەنگەدا جیا لە بەشە ئاخاوتنی ناو هەر بەشە ئاخاوتنێکی تر پوتانسیەلی دەورگێڕانی وەک ناو بووبێت، تۆمار کراون و مەبەستیش لە ناو کۆی هەموو ئەو وشانە دەگرێتەوە کە هەڵگری واتای پوزەتیڤ و شیاوی کولتوورین بۆ ناونان لە کۆمەلگەی کوردیدا.

ڕەزا شەجیعی

پووشپەڕی ۱۴۰۲ی هەتاوی

  https://t.me/kurdishbookhouse

 هر نوع بازنشر این متن با ذکر منبع «خانه کتاب کُردی» مجاز است. 

درباره‌ی خانه کتاب کُردی

همچنین ببینید

منداڵانی هێڵی ئاسن

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *