سۆزداری گیانی بە گیانی
ئۆشۆی بیرمەند لە كتێبی سۆزداری گیانی بە گیانی كە شێرزاد حەسەن كردوویەتی بە كوردی دەڵێت: هەموو كەسێك لە خۆشەویستی دەترسێت، هۆكارەكەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە خۆشەویستی و هۆگربوون بە مانای خۆئاشكراكردن و كرانەوەی خۆتە لەبەردەم كەسێك یان كەسانی نامۆ و بێگانەدا، هەڵبەتە ئێمە هەموومان نامۆ و بێگانەین، كەس ئەوی تر ناناسێت، بگرە ئێمەش بە خۆمان نامۆین، چونكە نازانین. ئۆشۆ پێی وایە ئێمە هەموومان رۆژانە هەزار و یەك شت لە خۆمان و لەوانی دیكە دەشارینەوە، چونكە ئێمە پەروەردەی دەستی كەسانێكین كە هەرچی حەرام و بڤە و مەكە و مەڕۆیە فێریان كردووین و چەندین شێوەی كپكردنی حەز و ئارەزووەكان بەسەرماندا سەپێنراوە، ئەوەش بۆ ترس دەگەڕێتەوە ترسێك كە سەرچاوەكەی نادیارە. ئەو بیرمەندە پێی وایە گرفت و كێشەی هەرە ئاڵۆز ئەوەیە كە هەموومان بە دوای خۆشەویستیدا دەگەڕێن، لەكاتێكدا هیچ شتێك لەبارەی خۆشەویستییەوە نازانین. هەر ئەوەش وایكردووە كە مرۆڤەكان هەمیشە خۆیان بە تەنیا ببینەوە و ئەمەش برین و بۆشایی دروست دەكات، برینێك لەناو دڵدا كە هەرگیز ساڕێژ نابنەوە. مەترسی هەرە گەورەش ئەوەیە كە شاردنەوەی ئەو برینە وا دەكات كە تەشەنە بستێنێ و هەو بكات و مرۆڤ لەناو ببات. ئەمە لە كاتێكدایە كە خۆشەویستی بۆ خۆی پێداویستییەكی بنچینەییە و خۆراكی رۆح و گیانە.
لەبەشێكی دیكەی كتێبەكەدا ئۆشۆ باس لەوە دەكات كە مرۆڤ ئەشێ متمانەی بە خۆی هەبێت و هەنگاوی یەكەمیش بۆ متمانەبەخۆبوون، باوەڕبەخۆبوونە، لەوەش گرنگتر ئەوەیە كە تۆ پێبگەیت و تێبگەیت كە ئەگەر تۆ متمانەت بە خۆت بكەیت، دەتوانیت متمانە بە ئەوانی دیكەش بكەی.
كتێبەكە بە تیراژی ۱۰۰۰ دانە لەلایەن چاپخانەی مێخەك چاپ و بڵاوكراوەتەوە.
جەواد حەیدەری