خانه / اخبار و رویدادها / شێخ مارفی نۆدێ‌: زانا‌و رووناكبیر

شێخ مارفی نۆدێ‌: زانا‌و رووناكبیر

شێخ مارفی نۆدێ‌: زانا‌و رووناكبیر

خەلیل عەبدوڵڵا

شێخ مارفی نۆدێ‌، زانا و رووناكبیری مەزنی كوردستان، لە رشتەكانی زانستى ئاینی‌و ئەدەبی‌و رۆشنبیرییدا خزمەتی زۆری بەگەل‌و نیشتمانەكەی كردووە. ئەو لە مەدرەسەكانی قەڵاچوان‌و سلێمانییەوە، بەتیشكی زانست‌و زانیاری كوردستانی گەورەو ناوچەكەی رۆشن كردەوە.
ساڵی ۱۷۵۲ لە گوندی (نۆدێ‌)ی نزیك شارى سلێمانی لەدایك بووە، لەئامێزی خێزانێكی ئاینیی رووناكبیر پەروەردە بووە.
سەرەتا لەسەر دەستی باوكی دەرسە ئاینییەكانی خوێندووە، دواتر بەدوای زانستەكاندا وێڵ بووە‌و چۆتە خوێندنگاكانی قەڵاچوالان‌و هەزار مێرد‌و زانا ناسراوەكانی وەك محەمەد غەزایی‌و مەلا محەمەد (بن الحاج)‌و مەلا عەبدوڵڵای بێتووشی دەرسیان پێگوتووە‌و مۆڵەتی مامۆستای ئاینی لەسەر دەستی بێتووشی وەرگرتووە.
ئیدی وەك مامۆستایەكی ئاینی‌و شاعیرێكی بەهرەمەند لە خوێندنگاكانی قەڵاچوالان‌و مزگەوتی گەورەی سلێمانی خزمەتی بە بواری خوێندن‌و زانست كردووە‌و چەندین زانای گەورەی وەك (شێخ حسێنی قازی، مەعرووف خەرپانی، موفتی زەهاوی، شێخ مەحموودی نەقیب، شێخ عەبدولڕەحمان تاڵەبانی، مەلا ئەحمەدی موفتیی چاومار‌و دەیانی دیكە) لەسەر دەستی ئەو لەزانستەكان بەهرەمەند بوون‌و پێگەیشتوون.
نۆدێیی لە بوارەكانی ئاینی‌و ئەدەبی‌و زانستی خزمەتی كردووە، خوێندنگاكانی قەڵاچوالان‌و مزگەوتی گەورەی سلێمانی دوو ناوەندی گرنگی زانستی‌و رۆشنبیری بوون كە رۆڵی دیاریان لە هۆشیاریی ئاینی‌و كۆمەڵایەتی‌و  نەتەوەییدا هەبووە.
شێخ مارف خاوەنی نزیكەی پەنجا كتێبە كە لە رشتەكانی ئاین‌و زانستدا نووسیونی، بەشێكی ئەو كتێبانەی بەزمانەكانی عەرەبی‌و فارسی‌و كوردی بەشیعر بۆ خوێندكارەكانی داڕشتوون، كە توانا‌و سەلیقەی بەرزی ئەو نیشان دەدەن‌و بوونەتە جێی سەرنجی زانایانی گەلانی دیكە لە سەرانسەری رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
فەرهەنگێكی بەناوی ( ئەحمەدی) بۆ كاكە ئەحمەدی شێخی كوڕی نووسیوە، بۆ فێربوونی زمانی عەرەبی‌و بەشیعر دایڕشتووە، كە ۱۳۸۲ وشەی لەخۆگرتووە، ئەم فەرهەنگەی مامۆستا نۆدێیی لە دوای فەرهەنگی نەوبەهاری ئەحمەدی خانی بەدووەم فەرهەنگ دادەنرێت.
شێخ مارفی نۆدێ‌، پاش تەمەنێكی پڕ بەخشش‌و داهێنان‌و خزمەتكردن بەكایەكانی زانست‌و ئەدەب‌و رۆشنبیری، لە ساڵی ۱۸۳۸ كۆچی دوایی كرد‌و لەگردی سەیوان بەخاكی نیشتمان سپێردرا.
هێندە پایەی نیشتمانی‌و ئاینی‌و كۆمەڵایەتی بەرز بووە، سلێمان پاشای بابان  وەسێتی كردبوو، لە تەنیشت مەزاری شێخ مارفی نۆدێ بەخاكی بسپێرن، وەسێتەكەی جێبەجێكرا‌و لەتەنیشت ئەو لە سەیوان بەخاك سپێردرا.
دروودی رێز‌و وەفا‌و ئەمەكداری بۆ گیانی پاك‌و پیرۆزی شێخ مارف نۆدێ‌، ئەو پیاوەی لە گوندێكی بچووكی دوورە دەستی وەك (نۆدێ) وە هات‌و بەچرای زانستەكەی كوردستان‌و ناوچەكەی رۆشن كردەوە.

درباره‌ی خانه کتاب کُردی

همچنین ببینید

بــە بـێ كــۆتـوبــەنــد چاپ و بڵاوكراوەیەوە

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *