سەماکردن لە نێو ئاگردا هەستانەوە لە نێو خۆڵەمێشدا
رانانی کتێب: هاودەم ساڵح جاف
رۆمانی (سەماکردن لە نێو ئاگردا هەستانەوە لە نێو خۆڵەمێشدا) نۆبەرە رۆمانی خانمە نووسەر و وەرگێڕ عیسمەت سۆفییە. رۆمانەکە بە زمانی ئینگلیزیی نووسراوە و وەرگێڕی بەتوانا عەلی عوسمان یاقووب لە زمانی ئینگلیزییەوە کردوویەتی بە کوردیی – سۆرانیی. داستانەکانی ئەم رۆمانە لە زاری ژن و پیاوێکەوە دەگێڕدرێنەوە بە ناوەکانی تارا و هیوا. ئەو دوو حیکایەتخوانە هەریەکەیان بە نۆبەی خۆی بەزمانی کەسی یەکەمی چالاکەوە بەسەرهاتەکانی نێو رۆمانەکە دەگێڕنەوە. هەر دووکیان لە رۆمانەکەدا بەرجەستەن – خاوەنی لەش، رووخسار، هێزی کردار، حەز و ئارەزووی خۆیانن و چیرۆکی ژیانی خۆیان و کەسانی دیکە، لە رێگەی تێکبەستنی رەهەند و دەنگ و کەرەسەی دیکەوە، هاوتەریب پێکەوە تاکۆتایی رۆمانەکە دەئافرێنن.
حیکایەتخوانەکان بە پشت بەستن بە یادگەی تاکە کەسیی خۆیان، هێندە لە مێژووی راستەقینەی رووداوە رامیاریی و کۆمەڵایەتیی و دەروونیی و کەلتورییە کارەساتبارەکانی رابردووی جوگرافیایەكی دیاریکراو نزیك دەبنەوە، تا ئەوەی خوێنەر هەست بە خوێندنەوەی رۆمانێکی مێژوویی بکات. چونکە لە نێوان کات و شوێنی گێڕانەوەی رووداوەکانی رۆمانەکە و رووداوە میژووییە راستەقینەکاندا لێکچوون هەیە و هەندێ لە کاراکتەرەکانیش لەراستیدا هەبوون، بەڵام نووسەر ئاگادارمان دەکاتەوە لەوەی کە ئەوە تەنها رێکەوتە و رۆمانەکە « … زادەی خەیاڵی نووسەرە …»، (ل ۶۰۸ سەماکردن لە نێو ئاگردا).
ژانری رۆمان لە چاو ژانرەکانی نووسینی بیوگرافیی یان نووسینی مێژوو یان گێڕانەوە لە رێگەی نامەنووسین یان دراما و شیعرەوە، شتێکی ترە. وەلێ ئەو ژانرە لە توانایدا هەیە هەموو ئەو ژانرانەی دیکە لەخۆ بگرێت. بەو مانایەی وەکو نووسەری ئەمەریکیی هینری جیمس دەڵێ: دەکرێ رۆمان بەشتێکی لە فۆڕم بەدەری لاستیکیی بەراورد بکرێت کە دەتوانێ هەموو شتێك لە خۆیدا کۆبکاتەوە.
نووسەری فەڕەنسی هۆنۆری دی بلزاك دەڵێ: ئەو دەخوازێت ئەو چیرۆکە بگێڕیتەوە کە مێژوو نووسان بیریانچووە بیگێڕنەوە، لەم قسەیەوە دەگەینە ئەو دەرئەنجامەی کە رومان مێژوویەکی بینراوە لە چاوی کەسێکی تاکەوە و بابەتی رۆمانیش لە بابەتی مێژووی مرۆڤ بەدەر نییە. دیارە ئەوە بەو مانایە نایەت، کە هەمیشە رۆمانەکان هەموویان چیرۆکی چنراو و گێڕانەوەی یەگرتوو لە خۆدەگرن.
هەندێك لە رۆمانە مۆدێرنەکان، تاقیکردنەوە لەسەر شێوازی گێڕانەوە دەکەن و بەوەش تەحەدای چیرۆک گێڕانەوەی نەریتیی دەکەن. ئەو جۆرە رۆمانانە رێسای کرۆنۆلۆژی گێرانەوە وکۆنتێکست دەشکێنن و رێگە بە بەشێك لە فیکر و بۆچوون دەدەن (رووداو) پێکبهێنن. هەرچەندە ئەم رۆمانانە وەك رۆمانی نەریتیی، چیرۆکی ئاساییان بۆ گێڕانەوە نییە، بەڵام هێشتا دەکرێت بگوترێت ئەو چیرۆکانە نوێنەرایەتی ژیانی مرۆڤەکان دەکەن لەبەرئەوەی لە کات و شوێندا جێگیرکراون.
دوو قوربانیی:
لە رێگەی گێرانەوەکانی تاراوە (وەك حەکایەتخوانی یەکەم)، بەو دەرئەنجامە دەگەین کە ئەو خانمە لە ژیانیدا بەرەنگاری چوار جۆر ئێخەگیریی و سەرکوتکردن دەبێتەوە، جاریك وەك ئینسان لە سایەی رژێمێکی توتالییتاردا، جارێك وەك ژن لە کۆمەڵگەیەکی پیاو سالاریدا و جارێكیش وەك کورد، شوناسێکی سەرکوتکراو و گووم و دواجاریش وەك کەمینەیەکی دینیسوونی مەزهەب لە زۆرینەیەکی دینیی شیعە مەزهەبدا.
تارا هونەرمەندێکی نیگارکێشە،خاوەنی کوڕ و کچێکی مێرد منداڵە. باوکی منداڵەکانی لە رێستوارانتێك لە ئەڵمانیا بە بەرچاوی خۆیی و منداڵەکانییەوە بەدەستی چەند کەسێك تێرۆر دەکرێت. تارا خۆشی لەلایەن پڕۆفیسۆرێکی بیرئازاد و داکۆکیکار لە مافەکانی ژنانەوە دەستدرێژیی سێکسیی دەکرێتە سەر. لەبەر ئەو هۆکارانە و گەلێ هۆکاری دیکەش تارا توشی پشێویی دەروونیی هاتووە و لە ژێر چارەسەری پزیشکی دەروونییدایە.
هیوا، حکایەتخوانی دووەم هاوشێوەی تارا، هەم وەك ئینسان وهەم وەك پیاوێكی بێدەسەڵاتی ژێر رکێفی باوکی و هەم وەك کورد و هەم وەك سوونیی مەزهەبێکیش لە ئێران، بەرەو رووی سەرکوتکردن بووەتەوە. هیوا کوڕی پیاوێکی دەوڵەمەندە، باوکێك کە هەتا رادەی زاڵبوون هەمیشە لە خەمی کوڕەکەیدایە. هیوا لە لاوێتیدا زانستە کۆمەڵایەتییەکانی لە زانکۆی تاران خوێندووە. خاوەنی ئەزموونێکی خۆشەویستیی سەرنەکەوتووە لەگەڵ کچێك بەناوی هەنار. پاشان لە بوارەکەی خۆیدا دەبێتە پڕۆفیسۆر و دەکەوێتە دوای حەز و ئارەزووە سێکسییەکانی لەگەل کچە قوتابییە لاوەکانیدا. بە مانایەك هەر دوو حیکایەتخوان هەرەیەكەیان بە پلەی جیاواز، گورزی هەدمەی پشێویی دەروونییان بەرکەوتووە.
رۆمانەکە لە چوار بەش پێکهاتووە. لە سەردەمی کۆرۆنا لە ساڵی ۲۰۲۰ ـەوە لە نەرویژ دەست پێدەکات و ۸ ی ئازاری ۲۰۲۳ (لە رۆژی جیهانیی ژناندا) لە ئۆسلۆ و بە وتنەوەی چەند دروشمێکی رێزلێنان لە خەباتی ژنان کۆتایی دێت. بەشی دووەمی رۆمانەکە باس لە ساڵەکانی پێش شۆڕش و دوای شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵەکانی ۱۹۷۰- ۱۹۹۸ دەکات. لەم بەشەدا بەسەرهاتی رزگارکردنی شاری سنە و مەریوان لە کوردستانی رۆژهەڵات لە کاتی شۆڕشدا دەخوێنینەوە و پاشان تراژیدیای جەنگی نێوان دەوڵەت و کورد دەخاتەڕوو.
بەشی سێیەمی رۆمانەکە تەرخانە بۆ ئاهەنگی ژۆژبوونی (ماگوڵی)، لە ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوید. ماگوڵی یەکێکە لە کاراکتەرە دیارەکانی نێو رۆمانەکە. میوانەکان کوردن و کچێکی ئازەریی و کوڕێکی فارسیش لە نێو میوانەکاندان.
نووسەر (لەزاری تارا)ی حیکایەتخوانەوە بە شێوەیەکی تەنزئامێزانە وەسفی ئامادەبووانی ئاهەنەگەکە بۆ ئێمەی خوێنەر دەکات. بۆنموونە یەکێکیان بە سۆشیالیستی لایەنگری بازاڕی ئازاد ناودەبات و یەکێکی دیکەیان بە سوپەر ناسیۆنالیستی بێ نەتەوە و یەکێکی دی بە کۆلکە شاعیر و ئەوی دی بە کۆمۆنیستی پێشوو – هەواداری سەرسەختی بیروباوەڕی راستڕەویی و ..هتد. ئامادەبووانی ئاهەنگەکە بە کورد و ئازەریی و فارسەوە وێنەیەکی گچکەی پێکهاتە سیکولارەکانی ئێران پێکدەهێنێت.
کچە فیلمسازێکی توركی خەڵکی ئازەربێجان لە ئاهەنگەکەدا ئامادەیە، کە «کوردی خۆش دەوێت»بەوەدا کە بووتە دۆستی «کۆلکە شاعیرە کوردەکە»، وەلێ بە هیچ شێوەیەك جێگەی گرنگیی پێدانی حیکایەتخوان نییە: « نازانم بۆ، وەلێ هیچ حەزم نەکرد بزانم چیی بەرهەم هێناوە، تەنانەت نەمویست کەمترین رادەی بایەخپێدانێکی سەرپێیش پیشان بدەم» (سەماکردن لە نێو ئاگرادا، ل ۵۲۸ دیڕی ۱,۲,۳ ) لەولاشەوە رۆژنامەنووسێکی فارسی گەنج، «… دەیگوت زۆری دەربارەی کوردان خوێندووەتەوە و بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە گەلی کوردی خۆشدەوێت» (ل ۵۱۷، دێڕی ۱۰,۱۱,۱۲) حیکایەتخوان ئەم کوڕە رۆژنامەنووسە گەنجە وەك هاوڕێی خۆی بە ئامادەبووانی دەناسێنێت.
کەشی ئاهەنگەکە بە گفتوگۆی نەرێنیانە بارگاوی دەبێ و دواتر سەر دەکێشێت بۆ بەگژداچوونەوەی یەکدیی و سوکایەتی بەیەکتری کردن و شت هاویشتن و وردوخاش بوونی پەیکەری خاوەن دوو رووی
(ژینۆس) لە هۆڵی دانیشتنەکەدا. ئەوەی جێی سەرنجە یەکگرتنەوەی کچە تورکە فیلمسازەکە و کوڕە فارسە رۆژنامەنووسەکەیە، دوای کەوتنی دەمامکەکان دژ بە کوردەکان و سوکایەتی پێ کردنیان. کوڕە رۆژنامەنووسەکە روودەکاتە کۆمۆنیستە کوردەکە و دەڵێت: «بۆ خۆت هەر خەون ببینە، گەمژە! … تۆ، تەنانەت لە خەونەکانیشتدا بستێك خاکی ئێران نابینیت.»یان خانمی فیلمساز کە بە نیازی بەرگریکردن لە رۆژنامەنووسە فارسەکە، راستەوخۆ لەگەڵ نووسەرە کوردەکەدا دەکەوێتە قسە و دەڵێت: « … ئێوە جوداخوازی دەبەنگن! تەنانەت خەڵاتە ئەدەبییەکانیش ناتوانن ناپاکیی ئێوە بشارنەوە ..» بڕوانە (ل ۵۵۸-۵۵۹ رۆمانی سەماکردن لە نێو ئاگردا)
لە وەرگێرانە کوردییەکەدا دەردەکەوێت نووسەر بە تەکنیکێکی سەرنجڕاکێشی سەرکەوتوو رۆمانەکەی بەئەنجام گەیاندووە. نووسەر لە گێڕانەوەکانیدا بوێر و چاونەترسە و رێچکە شکێنە. جگە لە هەندێکی کەم لە هەڵەو پەڵەی چاپ و لە هەندێ شوێنیشدا پێویستی روونکردنەوەی هەندێ وشە هەیە (وەك ئەوەی وەرگێڕ بۆ هەندێ وشەی کردووە، دەکرا بۆ ئەو چەند وشەیەشی کردبا)، ئەگینا زمانی وەرگێڕانە کوردییەکە نایاب و پارا و مانا بەخشە. لێرەوە دەستخۆشیی لە هەردووکیان، لە نووسەر و وەرگیڕیش دەکەم.