هونەری رۆماننووسین لەلای کارلۆس فۆینتس
ئەردەڵان عەبدوڵڵا
کارلۆس فۆینتس یەکێکە لە ناسراوترین نووسەر و رۆماننووسی مەکسیک و جێپەنچەشی بە ئەدەبیاتی مەکسیکی و ئەمریکای لاتینەوە دیارە، خاوەنی کۆمەڵێک رۆمان و چیرۆکی زۆر جوانە، لەوانە: رۆمانی (کورسی سەرۆک، ئۆرا). کارلۆس فۆینتس لە ساڵی ۱۹۲۸ لە مەکسیک لەدایکبووەو لە ساڵی ۲۰۱۲ کۆچی دواییکردووە. لەرووی نووسینی پەخشان و سیناریۆشەوە، جێپەنجەی دیارە، هەربۆیە ناکرێت باسی ئەدەبیاتی ئەمریکای لاتین بکرێت، باسی کارلۆس فۆینتس نەکرێت. بۆیە ئەزموونی نووسینی ئەم نووسەرە مەکسیکییە، زۆر گرنگە و دەکرێت خەڵكی تر لێوەی فێربێت بەتایبەتی لە بواری رۆماننووسیندا. جێگەی ئاماژەیە کارلۆس لە تەمەنێکی درەنگەوە دەستی بەکاری نووسین کردووە، ماوەیەکی زۆر لە بواری دیپلۆماتیدا کاریکردووەو باڵیۆزی وڵاتەکەی بووە لە فەرەنسا و چەند وڵاتێکی تری جیهان.
لەماوەی پێشوودا چاوم بە نامیلکەیەکی بچووک کەوت لەژێرناونیشانی (هونەری ڕۆماننووسین؛ گفتوگۆی پاریس ڕیڤیو لەگەڵ کارلۆس فۆینتس دا) کە جەبار سابیر وەریگێڕاوە. لەم نامیلکەیەدا نووسەر هەوڵیداوە باسی کاروانی نووسین و لەهەمانکاتیشدا شێوازی نووسینی خۆی بکات. جگەلەوەش قسە لە بارەی کۆمەڵێک بابەتی گرنگی ترەوە بکات لەوانە: ئەدەبیاتی ئەمریکای لاتین و ئیسپانی و ئەوروپی، خاڵە بەهێز و لاوازەکانیان دەخاتەڕوو.
شێوازی نووسین
ئەوەی روون و ئاشكرایە، هەر نووسەرەو بەجۆرێک یان مۆدێلێکی تایبەت بەخۆی هەیە بۆ نووسین، فۆینتسیش مۆدێلێکی تایبەت بەخۆی هەیە و لەوبارەیەوە دەڵێت:
من نووسەری سپێدانم، لە سەعات هەشت و نیو دەست دەکەم بە نووسین، تا دوازدەو نیو دەنووسم، پاشان دەچم بۆ مەلەکردن، کاتێک گەڕامەوە نانی نیوەڕۆ دەخۆم و پاشنیوەڕۆ دەخوێنمەوە تا ئەوکاتەی دەچم بۆ پیاسە و خۆم بۆ سبەی ئامادە دەکەم.ل.۹
دەشڵێت: دەبێت کتێبەکە لە مێشکمدا بنووسم، بەرلەوەی لە پشت مێزەوە دابنیشم.ل۹
سەرەتا بە دەست دەنووسم و کاتێک دڵنیا بووم بابەتەکە ئەوەیە کە دەمەوێ، لێدەگەڕێم وەک خۆی بمێنێتەوە، پاشان دەستنووسەکە راست دەکەمەوەو خۆم تایپی دەکەم و دیسان تا دوایین سات بە تێکستەکەدا دەچمەوە، ل۱۰
کاتێک بابەتەکە لەسەر کاغەز دەنووسم، بە کردەوە تەواو بووە، نە بەشێک جێ ماوەو نە دیمەنێک، لە بنەڕەتەوە دەزانم بابەتەکە چۆن دەچێتە پێشێ و لە روانگەی منەوە زۆر کامڵ و تەواوە، بەڵام هاوکات خۆم لە رەگەزی غافلگیریکردن بێ بەش دەکەم.ل۱۰
جیاوازی نووسەری ئەمریکای لاتین و ئەمریکا
بابەتێکی تر کە بەلای منەوە جێگەی سەرنج بوو، تێڕوانینی تایبەتی فۆینتسە بۆ نووسەرانی ئەمریکای لاتین و ئەمریکا. لەمبارەیەوە دەڵێت:
ئێمە بە بەروارد بە نووسەری ئەمریکی ناچارین کارگەلی پتر لە فەرهەنگی خۆماندا بکەین، ئەوان کاتی زیاتریان بۆ خۆیان و نووسینەکەیان هەیە، بەڵام ئێمە گرفتاری بابەتە کۆمەڵایەتییەکانین. بابلۆ نیرۆدا دەیگوت هەر نووسەرێکی ئەمریکای لاتین کە بەڕێدا دەڕوات پەیکەرێکی قورس بە دوای خۆیدا رادەکێشێ، پەیکەری خەڵکەکەی، رابردووی و دیرۆکی وڵاتەکەی. ئێمە ناچارین قورسایی مەزنی رابردوومان لە ئەستۆ بگرین تا بیرمان نەچێتەوە، چ شتێک ژیانی پێ بەخشیوین، ئەگەر رابردوت لەبیر بکەیت، دەمری.ل ۱۳
زمانی ئیسپانی و ئەمریکای لاتین
بابەتێکی دیکە کە نووسەر قسەی لەسەرکردووە، زمانی ئیسپانیی و ئەدەبیاتی ئەمریکای لاتینە. جێگەی ئاماژەیە تەواوی ئەمریکای لاتین جگە لە بەرازیل کە بە زمانی پورتوگالی قسە دەکەن، هەموویان بە زمانی ئیسپانی قسە دەکەن و دەنووسن. هەربۆیە فەزای زمانی ئیسپانی، زۆر فراوانە و سنووری جوگرافیای ئیسپانیا تێدەپەڕێنێت. نووسەرانی ئەمریکای لاتینیش، زیاتر لە ئیسپانییەکان خزمەتی زمانی ئیسپانییان کردووە. لەمبارەیەوە فۆینتس دەڵێت:
من بە ئیسپانی خەون دەبینم، هەروا بە ئیسپانی عاشق دەبم، جارجار ئەمە دەبێتە هۆی سەرلێشێوانم، بەڵام ئەمجۆرە شتانە تەنها بە ئیسپانی مەیسەرە. ل۱۸
لە زمانی ئیسپانی ئێمەدا دەبێ بۆشایی گەورەی نێوان سەدەی حەڤدە و بیست پڕ بکەینەوە. ل۱۹
من هەر لە سەرەتاوە تێگەیشتووم کە قسەکردن لە ئەدەبیاتی مەکسیک یان پیرۆ یان شیلی گاڵتەجارییە و زانیم کە ئەگەر بڕیارە مانایەکمان هەبێت و گشتێتیمان هەبێ، ئەمانە لە پانتاییەکی فراوانی ئەم زمانە کۆڵەوار و بێنەوایەیە کە پێی دەڵێین زمانی ئیسپانی. ل۵۹
خۆرئاوا
لەبارەی مەسەلەی خۆرئاواشەوە، نووسەر دیدێکی جیاوازی هەیە و پێی وایە، کە فەرهەنگی ئەمریکای لاتین بەشێکە لە فەرهەگی خۆرئاوا. لەمبارەیەوە دەڵێت:
یەکیک لە خەسڵەتەکانی فەرهەنگی گشتی ئەمریکای لاتین ئەمەیە، کە ئەم ناوچەیە لە راستیدا لقێکی دەرەکیی فەرهەنگی خۆرئاوایە. هەربۆیە ئێمە هەست دەکەین ناچارین لە هەر ئینگلیزێک یان فەرەنسییەک باشتر فەرهەنگی خۆرئاوا بناسین .ل ۲۳
ئەدەبیات
لەبارەی ئەدەبیاتیشەوە نووسەر پێیوایە ئەدەبیات لە دەنگێکەوە لەدایک دەبێت، تۆ دەنگێک دەدۆزیتەوەو دەتەوێ جەستەیەکی کاغەزین بدەیتە ئەو دەنگە، بەڵام هەمان دەنگە کە دەبێتە واقعیەتی رۆمان. ل۲۳
رەخنە
فۆینتس یەکێکە لەو نووسەرانەی کە هەمیشە کاروبەرهەمەکانی مایەی گرنگی پێدانی رەخنەگران بووە، هەندێکجار وەسفیکراوە، هەندێکجاریش هێرشی توندیان کردۆتە سەر. لەمبارەیەوە نووسەر ئەزموونی تایبەتیی خۆی هەیە. لەبارەی رەخنەوە فۆینتس دەڵێت:
هەندێك لە رەخنەگران هێرشیان کردوومەتە سەر کە وێنەی ژنانێکی زۆر داوێنپیسم کێشاوە، بەڵام هۆکارەکەی ئەوەیە کە فەرهەنگی من روانگەیەکی نەرێنی بۆ ژن هەیە. ل۲۶
رەخنەگرێک لەبارەی رۆمانێکمەوە نووسیبوی، ئەم رۆمانە تەنها بۆئەوە باشە فرێی دەیتە ئاودەستەوەو سیڤۆنەکە ڕابکێشی. ل ۵۴
کاری نووسین
مەکیسیکیش وەکو زۆرێک لە وڵاتانی پاشکەوتووی جیهان، نووسەران هێندە پێگەیەکی بەهێزیان لەناو کۆمەڵگەدا نییە، هەروەها کاری نووسینیش، ناتوانێت بژێوی باش بۆ ئەو کەسە دابین بکات، هەربۆیە وەکو زۆربەی کۆمەڵگە پاشکەوتووەکانی دیکەی جیهان، تێڕوانینی خەڵکی بۆ پیشەی نووسەری، تێڕوانینێکی نەرێنییە. لەمبارەیەوە فۆینتس باسی ئەزموونی خۆیمان بۆ دەکات و دەڵێت:
باوک و دایکم دەیانگوت یاسا بخوێنم، لەبەرئەوەی باوەڕیان وابوو ئەگەر بمەوێ لە مەکسیک لەرێگەی نووسینەوە بژیم، لە برسان دەمرم. تەنانەت نووسەر و شاعیرێکی ناوداری مەکسیکیش هانیداوە کە نەنووسێت، چونکە گەلی مەکسیک گەلێکی رواڵەتپەرستن ئەگەر کارێکت نەبێت خەڵکی رێزت لێ ناگرن. ل۵۳
شار
هەمیشە رۆمان و شار پەیوەندییەکی بەهێزیان پێکەوە هەیە، زۆرجار نووسەران شارێک دەکەنە مەیدانی سەرەکی کاروبەرهەمەکانیان بۆ نموونە نەجیب مەحفوز قاهیرە مەیدانی سەرەکی بوو، دۆستۆیڤسکی پیترسبورگ، فۆینتسیش مەکسیکۆ سیتی دەبێتە مەیدانی سەرەکی. لەمباریەوە دەڵێت:
پێم وایە رۆمانەکانی من لەوێنەکانی شارەوە سەرچاوە دەگرن و شاری خەونەکان یان کابووسەکانی من مەکسیک سیتییە. پاریس یان نیویۆرک ئەنگیزەی نووسین لە مندا بەخەبەر ناکەنەوە. ل۳۲
بەگشتی ئەزموونی نووسینی فۆینتس بۆ ئێمە گرنگە، چونکە ئەو یەکێکە لە رۆماننووسە سەرکەوتووەکانی جیهان. لێرەدا جێگەی خۆیەتی دەستخۆشی لە کاک جەبار سابیر بکەین بۆ وەرگێڕانی ئەم کتێبە و هیوای سەرکەوتنی بۆ دەخوازم.