کتێبی «شاعیرەکان گوڵاڵەسوورەن، خەڵکی هیچ وڵاتێک نین» چاپ و بڵاوکرایەوە
کتێبی «شاعیرەکان گوڵاڵەسوورەن، خەڵکی هیچ وڵاتێک نین» کە هەڵبژاردەیەکی شیعرییە لە ئەو دیوانە شیعرییانەی کە شاعیر و ڕۆماننووس «هیوا قادر» لە ماوەی چل ساڵدا نووسیویەتی، لە لایەن دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم چاپ و بڵاو کرایەوە.
جێگای ئاماژەیە کە ئەم کتێبە لە پێشانگای نێودەوڵەتی کتێب لە هەولێر بەردەست دەبێت و ڕۆژانی ۱۱ و ۱۲ی نیسان کاژێر ۲ تا ۵ی دوانیوەڕۆ هیوا قادر لە هۆبەی چاپ و پەخشی سەردەم ئامادە دەبێت بۆ واژۆ کردنی کتێبەکە.
هیوا قادر
ناساندنی نووسەر: هیوا قادر نووسەر، وەرگێڕ و شاعیری کوردە کە لە ۲۶ی کانوونی دووەمی ساڵی ۱۹۶۴ لە شاری سلێمانی لەدایکبووە. ناوبراو لە ماوەی ساڵانی ۱۹۹۲ تا ۲۰۱۱ لە وڵاتی سوید نیشتەجێ دەبێت و پاشان دەگەڕێتەوە بۆ هەرێمی کوردستان. پاش گەڕانەوەی دەبێت بە ئەندامی لیژنەی نووسەرانی گۆڤاری سەردەم. هەروەها سەرنووسەری گۆڤاری ئەدەبیاتی هاوچەرخ و گۆڤاری سەردەم لە ئەزموون و چالاکییەکانی ئەم نووسەرەیە. هیوا قادر تا ئێستا هەشت کتێبی شێعر، پێنج ڕۆمان، نۆ کتێبی وەرگێڕان لە سویدی بۆ کوردی و چەندین مەقالە و ڕەخنە و وتووێژی نووسیوە و هەروا کتێبەکانی بە چەندین زمان وەرگێڕان کراون.
هیوا قادر لە پێشەکی کتێبەکە نووسیویە: ئەم کۆ شیعرە، هەڵبژاردەی ناو دیوانەکانی “چاوە زەردەکان، کڵاوەکەم پڕە لە باران و گوڵ، کیشوەرێک لە خەون، سێوی سوور، یار لە باخە، پاسە شینەکە، من و شارەکان” کە لە ماوەی ٤٠ ساڵی تەمەنمدا نووسیومن. ئەم کۆ بەرهەمە وەک ئەلبوومێکی وێنەکانی تەمەنم وەهان، کە هەر یەکێکیان قۆناغێکی ژیانی من پیشان دەدەن، هەموو ئەم قۆناغانەش دوای بەجێهێشتنیشیان بەشێکیان وەک ئەزموون لە ناو مندا بەجێماوە و ئێستای ئاستی نووسینی منیان پێکهێناوە.
لە پشتی بەرگی کتێبەکە ئەم تێکستە نووسراوە: من لە سەرەتای نووسینمەوە تەنیا لەسەر کاغەزەکان شاعیرنەبووم، لە ژیانیشدا شاعیربووم، ئەمەش هەڵبژاردەی خۆم بووە و باوەڕم پێیەتی، وەک ڕێگایەکیش سەیرم کردووە بۆ دەستخستنی ئازادییە بچکۆلەکان و گەیشتن بە ئاسوودەییەکی ڕێژەیی. ساتەکانی نووسین بۆ من چێژبەخشترین سەتاکانی عومرم بوون، ساتی واش هەڵکەوتووە تەنیا چێژم لەو فڕین و وردبوونەوانە بینیوە و بەشی کەسم لێ نەداوە و نەمنووسیوە، ئەو ساتانەشی کە نووسیوومە هەستی ڕاوچییەکم هەبووە کە نەشارەزایانە تاقە نێچیرەکەی بەردەمم لەدەست دەردەچێت، بۆیە ساتی دڵخۆشبوونم بە نووسینەکانم کوورت بوون، بە چاوی منداڵێکی واقوڕماوەوەوە لە هەموو شتێکیشم ڕوانیوە، هەمیشەش هەوڵمداوە یەک ڕەنگ نەبم و ئەزموونگەرا بنووسم.
ئامادەکار: ئەحمەد عەبدولحەکیمی
هر نوع بازنشر این متن با ذکر منبع «خانه کتاب کُردی» مجاز است.