خانه / اخبار و رویدادها / بۆ ئەو خانمەی دەدرەوشێتەوە

بۆ ئەو خانمەی دەدرەوشێتەوە

بۆ ئەو خانمەی دەدرەوشێتەوە

ساڵانێکی دوور، زیاتر لە نیو سەدە پێش، ئەو کاتەی کە له سنه، سەرپەرشت و دەرهێنەری گرووپی شانۆیی شەهاب بووم، ژمارەی ژنانی به توانای هاوکار لە پانتایی نواندندا ئێجگار کەم بوون؛ ئەکتەربوون لەو ساڵانەدا لە سەرجەم ئێران و به هۆی ئەوەی دواتر ئاماژەی پێدەدەم لە کوردستاندا، یەکەم دەراوی هاتنە نێو جیهانی شانۆ بوو و دیکەی پانتاکانی ئه‌م بوار‌ه وەک؛ شانۆنامەنووسین، دەرهێنەری، دیزاین و جلوبەرگ و … هیچ داخوازیی لە سەر نەبوو. ئەگەر هەشبووبێ لە هەناوی هونەرمەندانی ژندا شاراوە بوو. بۆیە تەنانەت لە پێوەندی لەگەل دەورگێڕانیشدا، بە ئاشکرا نەبوونی بڕوابەخۆبوون و ئازایەتیمان دەدیت.

بۆ ئەوەی تێبگەین کە تەنانەت خودی هونەرمەندانی پیاویش، وێنایەکی سووکایەتی‌ئامێزیان لە ژنانی بەهرەدار هەبوو، بیرەوەرییەکتان بۆ دەگێڕمەوە: کچێکی گەنج لە یەکێک لە بەرنامەکانی کۆڕی ئەدەبیدا ئەو ساڵانەی کە هێشتا منداڵ بووم، لە سەر ستێج بوو و هونەرەکەی سەرنجی خەڵکی ڕاکێشابوو، کە لە پڕ پیاوێکی گەنج هاتە سەر ستێج و دەستی بە لێدانی کچە کرد و بە زۆر پەلکێشی دەرەوەی کرد. پیاوەکە، برا گەورەی فەرامەرزی سدیقی، ئەکتەری بەناوبانگی ئێران بوو، کچەش خوشکی بچووکی بوو! بەڵێ دواتر ئەم تابۆیە لە نێو ئەو ماڵباتەدا شکا و یەک لە ئەندامانی خێزانەکەیان کە بە ڕەچەڵەک سەقزی و دانیشتووی سنە بوون، بوو بە ئەکتەرێکی بەناوبانگ.

سەبارەت بە ڕوانگەی گشتیی خەڵکیش دەبێ بڵێین کەم تا زۆر هەر ئەوە بوو؛ پانتای شانۆ و مۆسیقا و لە قۆناغێکی سەرتریشدا لە بواری بەرفرەییەوە سینەما، هاوتا بوو لەگەڵ پشتگوێ خستنی ئەخلاق و خستنە ژێر پێی بیر و بڕواکان و بە داخەوەم کە دەبێ بڵێم ئەم ڕوانگە هەڵەیە هەنووکەش هێز و توانا لە ژنانی بەهرەدارمان دەستێنێتەوە. بە کورتی لەو سەردەمەدا ژنانی هونەرمەند دەبوو ڕیسوایی قەبووڵ بکەن و ئەمڕۆکەش هەر وایە، هەرچەندە جیاوازی لە زەوییەوەیە تا ئاسمان…

لەو سەردەمەدا دەبوو ژن خۆی بداتە بەر تانە و تەشەر، لە ماڵەوە تا کۆڵان و شەقام، لە خێزانەوە بگرە تا کۆمەڵگا، ژنێکی هونەرمەند لە کۆتاییدا ئازارێکی زۆری دەچەشت و تێچووی مەیلی بۆ خۆدەرخستنی خۆدەربڕێنی دەدا.

دیارە لە پانتای شیعردا کەسایەتییەکی وەک مەستوورەی ئەردەڵان، هێند تایبەت بوو و شیعری جوانی دەهۆنییەوە کە خوێنەری دەمارگرژیش بە ناچار قەبووڵی دەکرد کە ژنێک شیعر بڵێ و غەزەڵ بهۆنێتەوە، بەڵام مەعشووق و عەشق و عاشقی بۆ پیاو دیاردەیەکی ئاسایی بوو و هەیە و بۆ ژن تابۆ بوو و هەیە…
دواتر لە هەمان شاری بچووک بەڵام دەوڵەمەند و فەرهەنگیدا مەهین موعتەمیدی سەری هەڵدا، مەهین شاعیرێکی خوێنەوار و عاشقێکی تەواو بوو؛ بە هۆی ناسراویی لەگەڵ باوکم، شانازیی ئەوەم پێ بڕا لە نزیکەوە گوێبیستی بڕوا بوێرانەکانی بم و ڕوخساری شەیدای بێنمەوە یاد، بەڵام بە داخەوە، لەم چەشنە کەسانە زۆر کەم بوون و هەن.

لە منداڵیدا بیستبووم کە “سەید عەلی ئەسغەری کوردستانی” هونەرمەندی هەرمانی کورد، خوشکێکی ئێجگار دەنگخۆشی هەبووە و لە ترسی ئەوەی نەوەک دەنگە سێحراوییەکەی بگاتە گوێی خزم و کەس، کلیان لە خواردنەکەی کردووە و بەمجۆرە تاڵەکانی دەنگیان لە کار خستووە! کارەسات ئەوەیە کە هونەرمەندێکی گەورەی وەک سەید عەلی ئەسغەر، بووەتە بکوژی دەنگی خوشکی.

ئەم پێشەکییە دەتوانی لەمە تێر و تەسەلتریش بێ، بەڵام دەمەوێ کورتی ببڕمەوە بۆ ئەوەی خوێنەر تێبگات بۆچی هەبوونی خانمە هونەرمەندێکی وەک تریفەی ئازیز غەنیمەتە، ڕووداوێکی کەم وێنەیە و دەرکەوتنێکە کە دەبێ بەرز بنرخێندرێ؛ تریفە هونەرمەندێکی بەهێزە هەم لە بواری مۆسیقای کلاسیکی ڕۆژئاواییدا و هەم لە بواری مۆسیقای کوردیدا وەها گۆرانی دەچڕێ کە دەکرێ سەرجەم دەرد و ئازاری ژنان بە تایبەتی و مرۆڤ بە گشتی لە دەنگیدا ببیستی.

ئەم خانمە هونەرمەندە لەو ساڵانەدا کە هێشتا پاشماوەی نیگا ژەهراوییەکان هەر ژنە هونەرمەندێک تەریک دەخات، زۆر بوێرانە هەموو هەوڵێکی بۆ فێربوونی هونه‌ر خستە گەڕ و ئێستاش دەدرەوشێتەوە. خاڵی پڕ لە شانازی ئەوەیە کە تریفەی ئازیز لە پانتای ئه‌ده‌بیاتی شانۆییدا، ئەزموونە تاک و تەراکانی ژنانی شانۆنامەنووسی تەواو کردووە و بواری شانۆی ئەم وڵاتەی ڕازاندووەتەوە. تریفه شارەزایی تەواوی لە هەر دوو زمانی کوردی و فارسیدا هەیە و خاڵی جێ سەرنج ئەوەیە، زانیارییەکانی، ئازایەتییەکەی و بڕوا بە خۆ بوونەکەی پارڤە دەکات و بە ڕێکخستنی پانێڵ و ۆرکشۆپ، هەنگاوێک سەرتری هەڵگرتووە و بووەتە ئەکتیڤیستێکی فەرهەنگیی بوێر و لە فستیڤاڵە نەتەوەیی و نێونەتەوەییەکاندا نازناوی داوەرێکی لێهاتووی کردووەتە موڵکی خۆی.

بەڵام سەبارەت بەو بەرهەمانەی لەم کتێبەدا دەیخوێننەوە دەبێ ئەوە بزانن کە زورێک له بەرهەمە کلاسیکەکانی وەک مێدێئای ئۆریپید و شالیری شەکسپیری لەگەڵ دۆخی ئەمڕۆیی ڕیکخستووە و توانیویەتی ڕووداوەکان بە چەشنێک ئەمڕۆیی بکات وەک بڵێی رەوتێکی دووپاتەی مێژووی مرۆڤایەتین؛ لە درێژەی یەکدا. نەک ڕێکخستنی بەرهەمگەلێک کە بە پاڵفتەی ڕۆژگار و جیهانی دراماتیکدا تێپەڕیون، بەڵکوو زیاتر پاتەبوونەوەی لاوازییە تراژیکە مروییەکانە و ئەگەر ناوی ژنە نووسەری شانۆنامەی “باڵندە…” مێدێئا نەدەبوو، خوێنەر تەنیا دەیتوانی بڵێ: چ کارەساتێکه کە کۆتایی نییە؛ لە قووڵایی مێژووەوە تا بە ئەمڕۆ…

من بۆ ئه‌م خاتوونه، چ وەک موزیسیه‌نێک، چ وەک شانۆنامەنووس و چ وەک چالاکێکی فەرهەنگی، سەری ڕێز بۆ هەموو هەوڵەکانی دادەنەوێنم و بەخێر هاتنی دەکەم بۆ جیهانی شانۆنامەنووسین.


بێهرووز غەریب‌پوور

 ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە ڕێگە پێدراوە

درباره‌ی خانه کتاب کُردی

همچنین ببینید

وتووێژ لەگەڵ سکرتێری باڵای دامەزراوەی کتێبخانە گشتییەکانی وڵات

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *