خانه / اخبار و رویدادها / کۆڕی پەردەلادان لەسەر کتێبی «روضة الصفا» لەشاری جوانڕۆ بەڕێوە چوو

کۆڕی پەردەلادان لەسەر کتێبی «روضة الصفا» لەشاری جوانڕۆ بەڕێوە چوو

کۆڕی پەردەلادان لەسەر کتێبی «روضة الصفا» لەشاری جوانڕۆ بەڕێوە چوو

ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە ڕێککەوتی ۵ی خەرمانان ڕێوڕەسمێک لە ژێر ناوی کۆڕی پەردەلادان لەسەر کتێبی «روضة الصفا» لەلایەن ڕێکخراوی مافی شارۆمەندی شاری جوانڕۆ بەڕێوە چوو.

لەبەشی یەکەمی ڕێوڕەسمەکەدا مەحسین کەرەمجوو بە نوێنەرایەتی ڕێکخراوەی مافی شارۆمەندی شاری جوانڕۆ خۆشحاڵی خۆی دەربڕی لەوەی کە جارێکی دیکە کتێب و ئەدەب کۆمانی کردۆتەوە، چونکە کتێب دەتوانێت ببێتە ڕەوزەنەیەک بۆ داهاتوومان و دەرگای جیهانێکی نوێمان بۆ ئاوەڵا بکات. لە درێژەی باسەکاندا ئاماژەیان بە هەوڵ و تێکۆشانی بەڕێز غەفار ئیبراهیمی دا کە ساڵانێکی زۆرە بۆ کۆکردنەوەی ئەو دەستنووسانەی وەک: میرزا عەبدولقادر پاوەیی، خانای قوبادی و مەڵکەی جوانڕۆیی، میرزا لوتفوڵڵا سەعید سارۆخانی ناسراو بە میرزا جوانڕۆیی و هتد ئەرکێکی قورسیان لە کۆڵ ناوە و لێرەوە سپاسی هەوڵ و تێکۆشانی بەڕێزیانی کرد و هیوای خواست کە نموونەیان لە هەڵکشاندا بێت.

لە بەشی دووەمی بەرنامەکەدا مەهدی قازیزادە تەرکیزیانە خستەسەر گرنگایەتی زمان، ئەدەب و شێعر. و هەروەها داوایان ئەوە بوو کە با ئەرک و تێکۆشانمان بۆ خزمەت بە زمان، ئەدەب و هونەری کوردی لەسەرەوەی هەڵوێستەکانی دیکەمان بێت. پاشان لەدرێژی باسەکانیاندا ئاوڕێک لە گرنگایەتی شاعیرانی ئەدەبی گۆرانی وەک: مەولەوی تاوگۆزی، بێسارانی، خانای قوبادی، جەهان ئاراخانم، میرزا ئەحمەد داواشی و میرزا عەبدولقادر پاوەیی و……دا.
لەکۆتاییدا سپاس و پێزانینی خۆیان ئاراستەی ڕێزدار غەفار ئیبراهیمی کرد کە بۆ گەشە و نەشەی زمان و ئەدەبی کوردی بێ وچان هەنگاو هەڵدەگرێت.

لەبەشی سێهەمی بەرنامەکەدا دوکتۆر ئێرشاد ڕەشیدی ڕۆستەمی ئەم بابەتەیان ڕوونکردەوە کە کتێبی ڕوضة الصفا لەسەر کتێبی ڕوضة الاحباب نووسراوە. پاشان لەسەر هۆکاری وەرگێڕانی ئەم کتێبە لە ۱۵۰ساڵی پێش لە زمانی فارسییەوە بۆ سەر زمانی کوردی و ئەوی کە چ گۆڕانکارییک لە دونیادا پێشهاتووە کە نووسین و وەرگێڕان بە زمانی کوردی گرینگایەتی پەیدا بکات، شرۆڤەیەکی تێر و تەسەلیاندا.  یەکێک لە گرینگترین هۆکارەکانی هەڵگرتنی ئەم هەنگاوە گەورەیە چ لەلایەن میرزا عەبولقادر پاوەیی و تەنانەت شاعیرانی پێش خۆیشی وەک نالی و سالم و هتد دەتوانێ خۆناسینەوە و وەرگرتنی شوناسی کوردی بووبێت. هەروەها سەرهەڵدانی تەریقەتی نوێ نەقشبەندی  دەبێتە هۆی ئەوەی کە کوردی لەباری عەقیدەی دینیشەوە کوردی‌تر ببێتەوە، بەو واتا هەموو شتێک بە ڕوانگەی کوردییەوە سەیر بکرێت.  لەو قۆناغە مێژووییە کە دەتوانین ئاماژەی پێ بدەین کەسایەتێکی ناودار وەک محەممەد بەگی وەکیڵی جوانڕۆ کە شاعیر بووە و کەسانێک کە هۆگری شیعر و ئەدەب بوون لە قەڵای جوانڕۆ کۆدەکاتەوە و  یەکێک لە ئەو بەشداربووانە میرزا عەبدولقادر پاوەییە بووە. محەممەد بەگی وەکیڵ داوا له میرزا عەبدولقادر دەکات کە کتێبی روضة الصفا وەرگێڕتە سەر  زمانی کوردی. له کۆتاییدا ڕوونکردنەوەیەک سەبارەت بە تایبەتمەندییەکانی ئەم کتێبە دەداتە دەست و  داوای لەخەڵکی خۆشەویست کرد کە ئەگەر لە ماڵەکانیان دەستنووس یان هەر بەڵگەیەکی مێژووییان لەدەستدایە بە پسپۆڕانی ئەم بوارەی بسپرێن چوون ئەمە دەبێتە هۆی زیندووبوونەوە و نوێ بوونەوەی زمان و ئەدەبی کوردی.

لەبەشی چوارەمی بەرنامەکەدا، ڕێبینی نووری تیشکی خستە سەر مێژوو و ئارشیڤی شپرزی گەلی کورد و باسی لەوە کرد، لەبەر ئەوەی ئێمە خاوەن سیستەمی فێرکاری و پەروەردەی خۆمان نەبووین،کەوتینتە بەر هورژمی دەسەڵاتی بێگانە و لە کولتووری تۆمارکراوی پێشینیان و ئەدەب و مەعریفەی خۆماڵیمان دابڕاین. پاشان بە تێر و تەسلی باسی گرینگایەتی ئەدبیات و  پێویستی خوێندنەوەی بەرهەمە کلاسیکەکانی کرد، چوونکە ئەوانە تەنیا کتێب یا بەرهەمێک نییەن، بەڵکوو جیهانبینی و مێژووی ون کراوی ئێمە لە  بواری کۆمەڵایەتی لە دووتوێی ئەو دەق و بەرهەمانەدایە و نیزامی مەعریفەتی خۆمانمان پێ دەناسێنێت کە وابێت دەبێ  ئێمە بۆ خوێندن و نووسینی تیۆری و بابەتەکان پێویسته خوێندنەوەیەکی مێژوویمان هەبێت. بەداخەوە تا ئێستا تاکی کورد هەوڵی نەداوە بۆ نموونە مەولەوی یان نالی وەک خۆی ببینێت و هەموو کات هەوڵی داوە ئەم کەسایەتییانە لەگەڵ شاعیرانی دیکەی بۆنموونە فارسیدا بەراورد بکات و لە ژێر کاریگەری ئەواندا، خوێندنەوەیان بۆ بکەن. بەگشتی ئێمە بۆ ئەوە بتوانین ژیانی رابردوومان بناسین و کۆی مەعریفە و مێژوومان پۆلێن و فۆرموولە بکەین ئەبێ حەتمەن بە ئەدەبی کلاسیکماندا رۆبچین، و تەنانەت ئێمە بە پێی قۆناخەکانی مێژووی ئەدەبی و قوتابخانە ئەدەبی و ئەزموونە زمانیکانمان، دەتوانین نەخشەڕێی زمانیی کورد لە دونیای ئەمڕۆدا گەڵاڵە بکەین و بەڕچاومان ڕوونتر بێتەوە.

لەبەشی پێنجەمی ڕێوڕەسمەکەدا غەفار ئیبراهیمی سپاس و دەستخۆشی خۆی ئاراستەی هەموو میوانان و هەموو ئەو کەسانەی کە لە پێکهێنانی ئەو کتێبەدا چ وەکوو پێدانی نوسخەی خەتی و چ وەکوو کاری داڕشتن و دیزاین و پێداچوونەوە یارمەتییان داوە دەستخۆشی کرد و ئاماژەیدا: ئەم ڕێوڕەسمە تەنیا ڕێزگرتن لە میرزا ئەوڵقادر یان پەردەلادان لە سەر کتێبێک نییە، بەڵکوو پەردەلادانە لەسەر بەشێک لە فەرهەنگ و کەلتوور و ئەدەب و میراتی فکری و مەعنەوی خەڵکی ئەم ناوچە.

ئاماژەشی بەوە کرد کە: یەکێک لە بەشە هەرە گرنگەکانی بە نەتەوەیی بوونی کۆمەڵگایەکی ئەتنیکی، بوونی ئەرشیڤێکە لە بیروباوەڕی گشتی و مێژوویی ئەو کۆمەڵگای، بەتایبەت ئەدەب و فولکلۆری ئەو خەڵکە. ئەدەبیات ئەگەر هیچی بۆ کورد نەکردبێت تەنیا ئەوەی بەسە کە بە درێژایی هەزاران ساڵ پارێزگاری لە شوناس و زمان و فەرهەنگی کوردی کردووە. ئەگەرچی  بەرهەمی هێندێ لە شاعێرانی کورد لە خزمەتی کێشە نەتەوەییەکاندا نەبووە، بەڵام خاڵی هاوبەش و گرنگیان خزمەتکردن بە زمان و فەرهەنگی گەلێک بووە کە ساڵەهای ساڵ نکۆڵی لە شوناس و فەرهەنگی کراوە و زمانی لێ قەدەغەن بووە.

غەفار ئیبراهیمی(سارۆ) پاش ئاوڕدانەوەیەک لەسەر ژیانی هونەریی میرزا ئەوڵقادر لە دیواخانە ئەدەب پەروەرەکەی محەمەد بەگی وەکیڵی جوانڕۆدا، ئاماژەی بە چۆنێتی وەرگێڕانی ئەو کتێبە کرد و گوتی: بەڕاستی ئەگەر محەمەد بەگی وەکیڵ نەبوایە ڕەنگە ئێستە شاعیرێکی گەورەی وەک میرزا ئەوڵقادرمان نەبوایە و میرزا وەک دواهەمین هەناسەی ئەدەبی کەلاسیکی گۆرانە دێتە ئەژمار و هەروەها پاراستنی ئەو سامانە بەنرخەی ئەوان مانای زیاتر دەبەخشێت بە دۆخی ئەمڕۆکەی ئێمە. پێویستە هەوڵێکی گشتگیرمان هەبێت بۆ بووژاندنەوە و ناساندنی میراتی ڕابردوومان بە بەرەی نوێ و داهاتووش.
لە کۆتاییدا غەفار ئیبراهیمی سپاس و پێزانینی خۆی ئاراستەی سەرجەم ئەو کەسانەی کرد کە بۆ ساقکردنەوەی ئەم کتێبە هەنگاوێکیان هەڵگرتووە و هەروەها بەشداربووانی کۆڕەکە.

لەکۆتایی ڕێوڕەسمەکە بە پەردەلادان لەسەر کتێبەکە و هەروەها پێشکەشکردنی خەڵاتێک لەلایەن قەڵای کەلتوور و ئەدەب بە مەبەستی ڕێزلێنان پێشکەشی کاک غەفار ئیبراهیمی کرا.

هەواڵنێر: نووشین مەحموودی

  https://t.me/kurdishbookhouse

 ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە ڕێگە پێدراوە.

درباره‌ی خانه کتاب کُردی

همچنین ببینید

وتووێژ لەگەڵ سکرتێری باڵای دامەزراوەی کتێبخانە گشتییەکانی وڵات

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *