خانه / اخبار و رویدادها / چیرۆكنووسانی دوای راپەڕین لـە كتێبـی «كاروانی چیرۆکی كوردی»دا

چیرۆكنووسانی دوای راپەڕین لـە كتێبـی «كاروانی چیرۆکی كوردی»دا

چیرۆكنووسانی دوای راپەڕین لـە كتێبـی «كاروانی چیرۆکی كوردی»دا/ سەدیق سەعید رواندزی

چیرۆك، وەك ژانرێكی هونەریی نوێ و هاوچەرخ، مێژووێكی درێژی نییە و سەرەتاكانی دەركەوتنی لە ئەدەبی جیهانیدا، بۆ سەرەتاكانی سەدەی نۆزدەیەم دەگەرێتەوە و لە ئەدەبی كوردیشدا هێشتا تەمەنی دەركەوتنی ئەو ژانرە، لە هەشتا ساڵێك تێپەڕی نەكردووە، ئەمەش پەیوەست بە چیرۆکی (لەخەوما)ی (۱) جەمیل سائب، بەڵام چیرۆکی فۆلكلۆری و میللی كە دەچنە خانەی ئەدەبی سەرزارەكییەوە، مێژووەكەی بۆ هەزاران ساڵ بەر لە ئێستا دەگەڕێتەوە و ئەم ژانرە، تایبەتمەندییەكی نەتەوەیی جیاوازی هەیە و چیرۆکی میللی و حیكایەتی كۆن، رەنگدانەوەی واقیعی كۆمەڵایەتی و فەرهەنگی نەتەوە جیاوازەكانە. لەو روانگەیەوە  لە ئەدەبی كوردیشدا چەندین داستان و چیرۆکی كۆنی كوردەواریی هەن، كە تێماكانیان لە ئەفسانە و پاڵەوانسازیی و رووداوی خەیاڵیی پێكهاتووە و تاكو ئێستاش ماونەتەوە و لایەنێكی گرنگی ئەدەبی سەرزارەكی و نەنووسراو پێكدەهێنن، كە هاوتەریب لەگەڵ رەوتی مێژوویی نەتەوەی ئێمە، لە رێگەی گێڕانەوەوە نەوەی دوا نەوە ماونەتەوە.  

لێرەشەوە ئێمە لە بەردەم دوو جۆر ژانری جیاوازداین، كە ئەوانیش چیرۆکی میللی و كۆن لەگەڵ چیرۆك بە مانا هونەرییەكەیەتی واتا چیرۆکی نوێ و هاوچەرخ. لە نێوەندی ئەدەبی كوردیدا، بە تایبەتیش لە میانەی ئەو باس و توێژینەوانەی لە بارەی چیرۆکی هاوچەرخی كوردییەوە دەنووسرێن، زۆرجار مێژووی سەرهەڵدانی هەردوو ژانرەكە تێكەڵ دەكرێت و كاتێ لە بارەی چیرۆکی نوێوە دەدوێن، باس لەوە دەكەن كە هەزاران ساڵە ژانری چیرۆك لە ئەدەبی كوردیدا هەیە(۲)، كە لەڕاستیدا ئەم بۆچوونە، تا رادەیەك جۆرێك لە گیروگازی تێدایە، چونكە ناكرێ ئەم دوو ژانرە تێكەڵ بكرێن. مامۆستا فەرهاد شاكەلی، لە كتێبەكەی خۆیدا بە ناوی (گێڕانەوەی مۆدێرنی كوردی)(۳) چیرۆکی نوێی كوردی بە گێڕانەوەی مۆدێرن ناساندووە، بەمەش جۆرە دابڕانێكی مێژوویی و فەرهەنگی و زمانیی لەنێوان ئەم دوو ژانرەدا كردووە. بێگومان چیرۆکی كوردی لە رووی رووخسار و ناوەرۆك و تێماوە، رەنگدانەوەی واقیعی كۆمەڵایەتی و ژیاریی و سیاسی كۆمەڵگەی كوردی بووە لە رابردوودا، بەو مانایەی لە هەر قۆناغێكدا، كێشە و بابەتە كۆمەڵایەتی و پەروەردەیی و سیاسییەكان، ناوەرۆكی چیرۆكەكانیان پێكهێناوە، وەك ململانێی جووتیار و دەرەبەگەكان لە چیرۆکی ساڵانی چل و پەنجاكاندا ، یان بە سیاسییكردن و بە سومبلكردنی چیرۆك لە قۆناغەكانی تێكۆشانی سیاسی و چەكداریی كورد دا، لە نیوەی دووەمی حەفتاكان تا راپەڕین. لە دوای راپەرین نەوەیەكی نوێ لە سەر ئاستی ژانرە ئەدەبییەكان، لە نێویشیاندا چیرۆكنووسین دەردەكەوت، بەڵام ئەم نەوەیە لە رووی شوناسی ئەدەبییەوە وەك پێویست ناسنامەیەكی دیاریكراوی نییە، بەڵكو دەقەكان لە سەر ئاستی نووسینی كەسین، ئەمەش پەیوەندی بە دوو هۆكارەوە هەیە، یەكەمیان: كرانەوە و ئازادی دوای راپەڕین و سەربەستی لە نووسین و دەربڕیندا، پێچەوانەی ساڵانی بەر لە راپەڕین، دووەمیشیان: بوونی سۆسیال میدیا، وەك سەكۆیەكی پەرت و ئازادیی نووسین، كە ئەمانە هۆكارن بۆ ئەوەی ئەم نەوەیە، وەك نەوەكانی پێشووی چیرۆکی كوردی، وەك نەوەیەكی دیاریكراو خاوەن شوناسێكی كۆمەڵیی نەناسرێن. زەمەنی راپەڕین، نزیك دەبێتەوە لە چوار دەیە، هەریەك لەو دەیانە لە رووی تێما و بابەتی ژانرە ئەدەبییەكانی دوای راپەڕینەوە هەڵگری ئەدگاری ئەدەبیی و هونەریی جیان. لە دەیەی یەكەمدا، بە هۆكاری شەڕی ناوخۆ و جێهێشتنی نیشتمان، كۆچ و نامۆبوون و دووركەوتنەوە و دابڕان و نەهامەتییەكانی رێگەی كۆچ دەبنە بابەت، لە دەیەی دووەمدا كە هاوتای رووخانی دەسەڵاتی بەعسە، تێمای چیرۆکی ئەم نەوەیە، زۆرتر بەرەو خودگەرایی و خەیاڵسازیی دەڕوات، لە دوو دەیەی كۆتاییشدا، بەو پێیەی كۆمەڵێك رووداوی سیاسی و  نەتەوەیی  روودەدەن، ئیدی جۆرێك لە بەركەوتن و دابڕانی رۆحی  لەنێوان مرۆڤی كورد و نیشتمان و ژینگەی ژیاندا دروست دەبێت. بۆیە بەگشتی سیمای چیرۆکی ئەم نەوەیە، پتر بەر ئاراستەی نامۆبوون لە نیشتمان و بێهوودەیی و پرسیار لە بارەی ماهییەتی شۆڕش و راپەڕین و ئازادیی و مافی تاك دەچێت. هەڵبەتە تاكو ئێستاش لە رووی زەمەنی و پۆلێنبەندیی مێژووییەوە، قۆناغێك بۆ نەوەی دوای راپەڕینی چیرۆکی كوردی دیاریی نەكراوە، وەك ئەوەی پێشتر بۆ چیرۆکی كوردی لە نێوان ساڵانی ۱۹۲۵- ۱۹۵۰ و ۱۹۵۰- ۱۹۶۰   و ۱۹۶۰ تا-۱۹۷۰ و لە ۱۹۷۰یشەوە تا پێش راپەڕین دیاریكراوە. لە بەرگی دووەمی كتێبی «كاروانی چیرۆکی كوردی»(۴)، كە بە هەردوو بەرگەكەیەوە لێكۆڵینەوەیەكی ورد و مێژوویی و بابەتی قۆناغەكانی چیرۆکی كوردییە هەر لە سەرەتاوە  تاكو راپەڕین، تەنیا بە چەند لاپەڕەیەكی كەم و سنوردار، تیشك خراوەتەسەر ئەو قۆناغەی چیرۆکی كوردی، واتا دوای راپەڕین كە نزیك بە چوار دەیەیە. هەڵبەتە رەوتی گەشەكردنی چیرۆکی كوردی دوای راپەڕین، بەراورد بە ژانری شیعر لە هەمان قۆناغدا، رەوتێكی هونەریی پێشكەوتووە، چونكە گەر دوای راپەڕین شیعر بە جۆرێك لە جۆرەكان، لە سەر دەستی نەوەی شاعیرانی دوای راپەڕین كاڵببێتەوە و ئەو پێگە و بایەخەی جارانی نەمابێت، ئەوا بە پێچەوانەوە چیرۆك و رۆمانی نەوەی دوای راپەڕین،  هونەریترن. لە دوای راپەڕینەوە، ئێمە دەبێت دوو شوناس لە یەكتری جیابكەینەوە، ئەوانیش (چیرۆکی دوای راپەڕین) و (نەوەی دوای راپەڕین)ە كە ئێمە مەبەستمان ئەمەی دووەمیانە. لە بەرگی دووەمی كتێبی «كاروانی چیرۆکی كوردی»دا، نووسەر كۆی چیرۆكەكانی چیرۆكنووسانی بەر لە راپەڕینیشی خستۆتە نێو ئەم قۆناغە، كە ئەمەش بە بڕوای ئێمە جۆرە گیروگازێكی زەمەنی و مێژوویی و نەوەیی دروست دەكات، چونكە نەوەی دوای راپەڕین، ئەو نەوەیەیە كە لە دوای راپەڕین چیرۆکیان نووسیوە، نەك چیرۆكنووسێك كە لە رووی قۆناغی هونەرییە سەر بە نەوەی شەستەكان و حەفتاكانە و لە دوای راپەڕین بەردەوام بووە لە چیرۆكنووسین. ئەم تێكەڵكارییە لە رووی پۆلێنبەندییەوە، هەروەها دیاریكردنی شوناسی نەوە لە رووی بایۆگرافییەوە، نەك شوناسی دەق لە كتێبی «كاروانی چیرۆکی كوردی»دا، گرفت بۆ رێزبەندكردنی قۆناغەكانی چیرۆکی كوردی دروست دەكات، چونكە ناشێت بەرهەماكانی نەوەی دوای راپەڕین، بخەینە تای تەرازووی نەوەی شەستەكان و بەیەكەوە بە قۆناغی دوای راپەڕین هەژماریان بكەین. بۆیە لەم رووەوە نووسەری كتێبی «كاروانی چیرۆکی كوردی»، كە بێگومان زۆر لە ئێمە شارەزاتر، وردتر و بەتواناترە، دەبوو ئەم دوو  شوناسەی لە یەكتری جیاكردبایەوە، بەو مانایەی ناكرێت شێرزاد حەسەن و حسێن عارف، لەگەڵ كارزان عەلی و هێمن محمود بە نموونە كە دوو چیرۆكنووسی زەمەنی دوای راپەڕینن، هەموویان بە یەكەوە وەك قۆناغی دوای راپەڕین بناسێنرێن. لەڕاستیدا بۆ پۆلێنكردنی نەوەكان لە ئاستی نووسیندا، ئەوا دەبێت نەوە وەربگرین، نەك تێكست، بۆیە ئەو چیرۆكانەی نووسەرانی بەر لە راپەڕین نووسیویانە، ناچنە نێو ئەو قۆناغبەندییەی ئێمەوە، بەڵكو تەنیا ئەو چیرۆكنووسانەی دوای راپەڕین دەگرێتەوە. سابیر رەشید لە كتێبەكەی خۆیدا، لایەكی كەمی بە خێرایی لەو نەوەیە كردۆتەوە، كە هەڵگڕی تایبەتمەندی و ئەدگاری هونەریی  خۆیانن و دەتوانین وەك قۆناغێكی سەربەخۆی چیرۆکی كوردی ناوزەدی بكەین، بەڵام هەر چوار دەیەكەی دوای راپەڕین، ناچنە نێو یەك خانەی مێژووییەوە، چونكە چیرۆکی هەر یەك لەو دەیانە جیاوازن لە یەكتری وەك ئەوەی لە دوای  پێشكەتنە ژیاریی و تەكنەلۆژییەكان و دەركەوتنی ژیریی دەستكرد و پێشكەوتنە زانستاییەكان لەم ساڵانەی دواییدا، تێمای چیرۆکی ئەم نەوەیە، بەرەو جۆرێك لە خەیاڵی زانستی، كاریگەرێتی دنیای تەكنۆلۆژیا و شاشە بەسەر مرۆڤ و بەڕۆبۆتبوونی دەردەكەون، پێچەوانەی سەرەتای راپەڕین، كە بابەتەكانی كۆچ و جێهێشتنی نیشتمان و دابڕان و ئەو رووداوە سیاسییانەی لە كوردستاندا روویاندا، لەنێویشیاندا شەڕی ناوخۆ، دەبنە تێمای چیرۆكەكان. 

 دیارترین جیاوازیی و دابڕان لە رووی گوتار و ناوەڕۆكەوە، كە نەوەی دوای راپەڕینی چیرۆکی كوردی لە نەوەی پێش راپەڕین جیادەكاتەوە ئەوەیە، لە چیرۆکی ئەم نەوەیەدا، چیتر وێنەی كورد لە ئاستی تاك و كۆدا، واتا وەك تاك و وەك نەتەوەش، وێنەیەكی سیاسی و شۆڕشگێڕیی و نەتەوەیی نییە و شاكەس و قارەمانی چیرۆكەكانیش، چیتر كەسانی ئەفسانەیی و سوپەرمانی و بە شوناس شۆڕشگێر نین، بەڵكو وێنەكە لە چیرۆکی ئەم نەوەیەدا، زۆر كەسیی و تایبەتی و دەروونیی دەبێتەوە و لە هەندێ چیرۆكدا، نیشتمان بەر رەخنە و توانج و بەكاریكاتۆركردنیش دەكەوێت، ئەمەش پەیوەندی بەو دۆخە نائومێدییەوە هەیە، كە بەداخەوە لە دوای راپەڕینەوە دێتە ئاراوە. هاوكات بە گەشەكردنی زیاتری لایەنی ژیاریی و زانستی كۆمەڵگەش، ئیدی خەیاڵی زانستی و تێمای نامۆ و وێنەی سوریالی و ریالیزمی سیحری، دەبنە بەشێك لە تێما و وێنەی چیرۆكەكان، چونكە وەك وتمان چیتر رووداو لەو قۆناغەدا، رووداوێكی سیاسی و نەتەوەیی نییە. بەگشتی چیرۆكنووسانی دوای راپەڕین، لەچاو هەر چوار دەیەكەوە بە هەموو شێوەیەك لە رووی دەقەوە، جیاواز دەكەونەوە لە قۆناعی پێش راپەڕین، بۆیە قۆناغی دوای راپەڕین دەبێت وەك قۆناغێكی دابڕاو، جیاواز، كە هەڵگڕی ئەدگاری هونەریی و ئەدەبی و سیاسی خۆیەتی، ببینرێت و پۆلێن بكرێت و لە رووی كڕۆنۆلۆژییەوە، وەك تەواوكەری قۆناغی هەشتاكان و پێشووتری ئەدەبی كوردی و چیرۆکی كوردی لە رووی ناوەڕۆكەوە نەبینرێت. بۆیە دەكرا لە بەرگی دووەمی «كاروانی چیرۆکی كوردی»دا، دەیان لاپەڕە بۆ ئەو قۆناغە و چیرۆكنووسە گەنجەكانی دوای راپەڕین تەرخان كرابا، كە وەك وتمان بەراورد بە نەوەی شیعریی هەمان قۆناغ، چیرۆك لە شیعر هونەریتر و داهێنەرانەترن. دواجار دەمەوێت ئاماژە بەوە بدەم، هەردوو بەرگی «كاروانی چیرۆکی كوردی»، شایەنی خوێندنە و نرخاندنە، ئەم كارەی نووسەری ئەم كاروانە، لە توانای تاكە لێكۆڵەرێكدا نییە، بەڵكو كاری دەزگا و ئەكادیمیا و نێوەندێكی ئەدەبییە، چونكە ئەوەندە ورد  و مێژوویی نووسراوە، بۆیە كارەكەی جێگەی نرخاندن و خوێندنەوە و بایەخپێدانە و سەرچاوەیەكی هەرە بەرفراوانی ژانری چیرۆكە لە ئەدەبی كوردیدا.

پەراوێزەكان:
_ زنجیرەی شاكارنووسانی كورد، جەمیل سائب، ئازاد حەمە شەریف، دەزگای موركریانی، ۲۰۱۲ .
_ چیرۆکی كوردی و راستکردنەوەی هەڵەیەك، سەدیق سەعید رواندزی، ماڵپەڕی ئەدەبیی زەنگەكان.
_ گێڕانەوەی مۆدێرنەی كوردی، فەرهاد شاكەلی، وەرگێڕانی ، محەمەد خزری ئەقدەمی، ساڵی چاپ ، ۲۰۲۱_
_ كاروانی چیرۆکی كوردی، بەرگی یەكەم و دووەم، نووسینی ، سابیر رەشید، ساڵی چاپ_ ۲۰۲۶٫ 

درباره‌ی خانه کتاب کُردی

همچنین ببینید

مقابله با فساد و حمایت از مدیران سالم دو مأموریت سازمان بازرسی است

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *