
سەرەتا و داهاتوویەک بۆ زمانی گێڕانەوە / عەزیز مەحموودپوور
چۆنیەتی شکڵ گرتنی نەسری گێڕانەوە و ئەو گۆڕانکارییانەی بەسەریدا هاتووە دەتوانێ ببێتە بابەتی لێکۆڵینەوە و تێڕامان. هەرچەند زمان لە زاتی خۆیدا ماهییەتێکی ڕیوایەتی و بە چیرۆک کردنی دیاردەکانی لە هەناو دایە بەڵام ئەو شێوە دەربڕین و چەشنە ڕستەبەندییەی لە فۆڕمی گێڕانەوەیەکی مەکتووبدا دەتوانێ هەلومەرجێکی زمانی جیاواز بخوڵقێنێ ئەو هەلومەرجەیە کە دەمانهەوێ لێی بدوێین و شی بکەینەوە. زمان لەسەر دەستی نووسەران لە قۆناغی زەمانی جیاوازدا هەلی نوێ بۆ ساختارە ڕستەییەکان دەڕەخسێنێ و هەلی نوێ بۆ هاونشینی واژەکان دابین دەکا و بەم چەشنە سنوورەکانی زمان هەراو دەبێتەوە. توانایی زمان بۆ سازکردنی ڕستە بێنەهایەتە و کۆتایی نایە بەڵام دەربڕینی سەرلەبەری واتا و چەمکەکان بۆ هەر زمانێک پەیوەستە بەو تەمرین و لەکارچوونی زمان لەو حەوزەیەدا و بێتوو زمان بۆ وەها دەربڕینێک ئامادە نەکرابێ ناشتوانێ بە باشی واتا و چەمکەکان لە فۆڕمی ڕستەدا دەرببڕێ. بەستێنی گێڕانەوە ئەو مەیدانەیە کە زمان خۆی تێدا بەتاقی دەکاتەوە هەتا فۆڕمە گێڕانەوەییە جیاوازەکان و زمانە گێڕانەوەییە وێک نەچووەکان سەرهەڵدەن و کەسایەتی زمانی ببەخشن بەو بەستێنە.
ڕەوتی بەرەوپێشچوونی زمانی گێڕانەوە لە ڕۆژهەڵات ئەم ڕاستییەمان بۆ دەردەخا کە زمان پڕۆسە و ئۆرگانیکێکی ڕوو لە گۆڕان و پێشکەوتنە و پێشکەوتنی زمانی گێڕانەوە بەرهەمی بەتاقی کرانەوە و لەکارچوون و دەستێوەردانی ڕاستەوخۆی نووسەرانە لەم هەرێمەدا. فۆڕمە ڕستەییە نوێیەکان بەرهەمی ئەو ئەزموونە زمانییە جیاوازانەن کە بوونە هۆی بەرەوپێشچوونی زمان لە درێژەی زەماندا. زمانی پێشکەوتووی ڕیوایەتی بەرهەمی پێشکەوتنی زمانە بۆ خوڵقاندنی ڕستەی نوێ و جیاواز کە ئەویش بەرهەمی ئەو ڕیسکە زمانیانەیە کە نووسەران دەیکەن و دەبنە هۆی وەدیهاتنی ئەو سەربزێوییە. بۆوەی باسەکەمان لقوپۆی زۆری لێ نەبێتەوە، گشتییەتی ئەم باسە بەسەر سێ قۆناغ دادەبەشین و بەپێی پێویست لەسەر هەر کامیان لەنگەر دەگرین و شی دەکەینەوە. حەولی ئێمە ئەوە دەبێ لە ڕوانگەیەکی مێژوویی و تەحلیلی چۆنیەتی شکڵ گرتنی نەسری گێڕانەوەیی لەو قۆناغە مێژوویانەدا بێنینە بەر باس و لێکۆڵینەوە و لە دەسکەوت و ناکامی گێڕانەوەی کوردی بدوێین و بزانین چۆن زمان لە هەناوی ژیانی کۆمەڵایەتی ئێمەدا گۆڕانی بەسەردا هاتووە و چلۆن بارودۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی کاریگەرییان لەسەر بەرەوپێشچوون و پاشەکشەی زمان داناوە. ئەم باسە دەتوانێ ڕوانگەیەکی نوێ بێ بۆ ئەو دەسکەوتە زمانی و ڕیوایەتیانەی هەتا ئەوڕۆ بوومانە.

هەژار، قازی محەمەد، هێمن
قۆناغی یەکەم، قۆناغی سەرهەڵدانی نەسری کوردییە بە گشتی کە لەوێدا زمان بۆ یەکەمجار مەکتووب دەبێ و لە لایەن دەسەڵاتێکی سیاسییەوە بە ڕەسمیەت دەناسرێ. ئەم قۆناغە بە دامەزرانی کۆمارەوە دەست پێدەکا. وەختایەک زمانێک لە لایەن دەسەڵاتێکی سیاسییەوە بە ڕەسمیەت دەناسرێ، چارەنووسی بۆ هەمیشە دەگۆڕدرێ. دەتوانین زمان بە پێش کۆمار و دوای کۆمار دابەشین. زمانی پێش کۆمار حاڵەتێکی سروشتی هەیە کە گرینگترین ئەرکی سازدانی پێوەندییە لەنێوان ئاخێوەرانی خۆی، بەڵام زمانی دوای کۆمار زمانێکە کە ئەرکی نوێی دەخرێتە ئەستۆ و زانیاری پەیدا دەکا بەسەر هێز و کەموکووڕییەکانیدا و لەو حاڵەتە سروشتییە دەترازێ و مەکتووب دەبێ. مەکتووب نەبوونی زمانی کوردی دیاردەیەکی بە تەواوەت سیاسییە و هیچ پێوەندییەکی بە زەرفییەت و توانایی خودی زمانەوە نییە. کۆمار زمان لە پەراوێزەوە دێنێتە ناوەند و چارەنووسی دەگۆڕێ. کاراکتێرە کاریگەر و چارەنووسسازەکانی زمان و پەخشان لە هەناوی کۆماردا پەروەردە دەبن. زەبیحی، هێمن، هەژار و قزلجی هەر هەموویان بەرهەمی ڕاستەوخۆ و میوەی شیرینی کۆمارن کە بارست و قورسایی پەخشانی کوردییان دەکەوێتە ئەستۆ. هەرچەند کۆمار سەرەتای ڕێنێسانسێکی زمانییە بەڵام دەسکەوتە مەزنەکان لە بواری پەخشاندا لە دوای کۆمارەوە بە ئاکام دەگەن. ئەم چوار کەسایەتییە سەمبولی وەدیهاتنی ئاواتە زمانییەکانی کۆمارن و کاریگەرییەکی بەردەوامن.
ئێمە بە شێوەیەکی زارەکی نەسرمان بووە و لەو دەگمەن نەتەوانەین کە بەبێ ئەوەی زمانێکی مەکتووب و ڕەسمیمان بووبێ ساتەوەختە ڕۆمانتیک و کارەساتە مێژوویی و تراژیکەکانی خۆمان لە فۆڕمی بەیتدا ڕاگیر کردووە. بیت بێژی ئێمە، بەرعۆدەی ئەو ئەرکانە بوون کە چیرۆکنووس و ڕۆمانووس دەبوو وەئەستۆیان گرتبا. بەیت بێژ نەیانهێشتووە نەتەوەکەمان بەبێ ڕاوی بمێنێتەوە و بە سەدان کاراکتێری داستانییان بۆ ئێمە خوڵقاندووە و دنیایەکی زمانی هەراو و بەرینیان وەک گەنجێکی سەربەمۆر بۆ بەجێهێشتووین. ئەم دنیا زمانییە بەتەوژمە کاریگەرییەکانی ئێستاش لەسەر چیرۆکنووس و ڕۆماننووسی ئێمە بەردەوامە و هەتا زەمان تێدەپەڕێ ئیمکاناتی زمانی و ساختاری ئەم هەرێمە پتر خۆ دەنوێنێ و ڕەنگ دەداتەوە. هێز و حەرەکەت و ئێنێڕژییەک کە لە دنیای بەیتە فۆلکلۆرەکاندا بەدی دەکرێ خۆی ڕاگوێستۆتە سەردەم و سووژە و ئیدەی زمانی نوێیان بە نووسەر و ڕۆماننووسی ئێمە بەخشیوە. هێمن و قزڵجی یەکەم نووسەرن کە بە شێوەیەکی بەربڵاو لە ئیمکاناتی زمانی بەیتە فۆلکلۆرەکان بە قازانجی نەسری خۆیان کەڵکیان وەرگرتووە و توانیویانە نەسری خۆیانی پێ دەوڵەمەند بکەن. هەرچەند هێمن ئەو ساختارە زمانییەی پێکی هێنابوو بە پێچەوانەی قزڵجی چ ڕۆمان و تەنانەت چیرۆکێکی مۆدێڕنی پێنەنووسیوە بەڵام کاریگەرییەکانی ئەو ساختارەی بنچینەی زمانی ئەویان پێکهێناوە ئێستاش لەسەر نووسەرانی مۆدێڕنی ئێمە بەردەوامە. هێمن نەک لە زمانی شێعردا کاری بنچینەیی و مەزنی زۆری کردووە بەڵکوو کاری هەرە گەورەشی لە نەسردا کردووە و بۆ هەمیشە پەخشانی لە کوێوە بۆ کوێ وەک ترۆپک لە نەسری کوردیدا دەمێنێتەوە. چۆنییەتی نەسری هێمن لەم دەقەدا ڕێخۆشکەر بووە و ڕێنوێن بۆ بڕوابەخۆیی زمان لە داهاتوودا و وەک نەخشەڕێیەک وابووە بۆ نووسەرانی دوای خۆی. حەجم و بارستایی ئەم دەقەی هێمن زۆر نییە بەڵام داهاتووی نەسری ئێمە بووە لە وارگەیەکی زەمانیدا و هەندەسەی نەسری ئێمەی کێشاوەتەوە. هێمن یەکێک لە مێعمارە مەزنەکانی پەخشانی کوردییە و کاریگەرییەکانی لە بڕان نایە. دەتوانین ئاماژە بە کارتێکەری زمانی نەسری هێمن لەسەر نووسەرانێکی وەک فەتاحی ئەمیری و محەممەد ڕەمەزانی بکەین کە هەرکام بە شێوەی جیاواز لەو ساختارە زمانییەی ئەو کاریگەر بوون. تەنانەت وەرگێڕێکی وەک محەممەد خزری لە وەرگێڕانی ڕۆمانی شوانی کورد بۆ سەر شێوە زاری سۆرانی بە تۆخی کەڵکی لە زمانی هێمن وەرگرتووە و زمانێکی دینامیک و زیندووی خوڵقاندووە.

حەسەن قزلجی
پەخشانی کوردی لە هەناوی کۆماردا دەگوورێ و لەدوای کۆمارەوە گەشە دەکا و بە تەکامول دەگا. یەکەم هەنگاوەکان بۆ دەسپێکی پەخشان پڕن لە نادڵنیایی و باوەڕ بەخۆ نەبوون. وەک نموونە دەتوانین ئاماژە بە نەسری چوار نووسەری گەورەی خۆمان بکەین کە لە داهاتوودا دەبنە ئەستوونی زمان و قورسیایی گەورەیان لە هەرێمی پەخشاندا دەکەوێتە ئەستۆ. نەسری زەبیحی بۆوەی خۆی زەق کاتەوە و وا بنوێنێ جیاوازە بە وشەی عەڕەبی و فارسی ڕازاوەتەوە، لەلایەکی دیکەوە نەسری زەبیحی خۆی بە بەرپرسیار دەزانێ کە وڵامدەری پێداویستییە زمانییەکان بێ و بە دوای ڕێچارەوەیە، هاوتا بۆ تێرمە زمانییەکان دەبینێتەوە و باسی فەلسەفە دەکا. پەخشانی هێمن دوو دڵە و ئەو بوێرییەی کە پێویستە نییەتی و لەوانەیە لەژێر کاریگەری زەبیحیدا کە تەئسیری زۆری لەسەر نووسەرانی ئەو وەختی خۆی بووە نەیوێرابێ ماهییەتی حەقیقی خۆی بنوێنێ. سێهەم نووسەر کە هاوکات لەگەڵ زەبیحی و هێمن کاری پەخشانی کردووە هەژارە. نەسری هەژار لە گۆڤاری نیشتماندا لە فۆڕمی دیالۆگێکی دوو یان سێ کەسیدا خۆ دەنوێنێ و لایەنێکی پارۆدیک و تەنز ئاسای هەیە. لەم قۆناغە لە ژیانی هونەری هەژار هیچ بەرچاوڕوونییەکی ئەوتۆ لە زەمینەی نەسردا بەدی ناکەین و شێعر بۆ هەژار زەروورەتی سەرەکییە و لە دوای سەرنەگرتنی ئەزموونی کۆمار و ئاوارە بوونی، کارە مەزنەکانی ئەویش لە بواری پەخشاندا دەست پێدەکەن. کەسی چوارەم کە ڕۆڵێکی سەرەکیتری لە بنیات نانی زمانی گێڕانەوەدا هەیە قزڵجییە. قزلجی نوقتە سیقل و ناوەندییە لە گێڕانەوەی کوردیدا و کەسایەتی هەرە چارەنووسساز و دەسپێکی سەرەتایەکی پڕ لە هیوایە بۆ داهاتووی گێڕانەوەی ئێمە و نەسری تایبەت بە گێڕانەوە.
هەروەک باس کرا یەکەم وێستگە بۆ نەسری کوردی بێگومان وێستگەی کۆمارە و لەپێش ئەودا ئێمە چ بزاڤ و حەرەکەتێکی زمانی بەربڵاو بۆ نووسینی پەخشان نابینین و ئەگەریش بووبێ وەک سەرچاوەی بەهێز لە هەوێڵدا نین و چارەنووسیان نادیارە و لە موناجات و نامیلکەیەکی ئایینیدا خۆلاسە بوونەوە. سەرگرتنی کۆمار خاڵی جەوهەرییە بۆ زمانی ئێمە چونکوو ڕەسمییەتی پێدەبەخشێ و هەر ئەوەش بۆتە هۆی وەدیهاتنی چارەنووسێکی جیاواز بۆ زمان. هەڵبەت خودی زمانی کوردیش خاوەنی پتانسیەلێکی لەبڕاننەهاتوو بووە و ئەو لێهاتوویەی لە ناخی خۆیدا هەڵگرتووە و لە کاتی پێویستدا سەرلەنوێ نواندوویەتەوە هەر بۆیە توانیویەتی بەو پێگەیەی ئێستای بگا. ئێمە کە سەیری هونەرمەندان و شاعیرانی مەزنی کورد لە پێش کۆماردا دەکەین بەم واقعیەتە مێژووییە دەگەین کە زمان لە لایەن ئەوانەوە وا ئەرزشگوزاری کراوە کە دەکرێ شێعری پێبنووسرێ بە یارمەتی واژەی فارسی و عەڕەبی، بەڵام ئەی نەسر؟ ڕاست ئەوەیە کە ئەم شانازییە بە زمان نەبەخشراوە و شاعرێکی مەزنی وەک وەفایی کە کاتبی شێخ عوبەیدوڵڵا نەهری بووە بیرەوەرییەکانی خۆی بە زمانی فارسی نووسیوە نەک بە زمانی کوردی. بەڵام کۆمار ئەو دەرفەتەی بۆ پەخشان ڕەخساند دەست بکا بە خۆ نواندن و شان بە شانی شێعر، خۆی داڕێژێ و سنوورەکانی هەراو کاتەوە. زمان بۆوەی بتوانێ وڵامدەری پێداویستییە زمانییەکان بێ دەبێ ببێتە خاوەنی ئەزموون، دەبێ لە درێژەی زەماندا لەکار کرێ و کاری لێ بکێشرێ بۆوەی ڕێچار بۆ کەموکووڕییەکان ببینێتەوە و بەسەریاندا زاڵ بێ. ئەو کەشە فەرهەنگی و زمانییە لەبارەی کۆمار ڕەخساندبووی زۆری نەخایاند و بەسەریەکدا شێوا و زمان کە ئەساسی ئاواتەکانی کۆماری لەسەر دامەزرابوو لە ڕەسمییەت دەکەوێ و دەبێتە دیاردەیەکی قاچاغ. تەواوەتی ئەو کەسانەی بەرهەمهێنەری زمان بوون، ئاوارە دەبن و مەترسی تێداچوونیان لەسەرە. زمان و بەتایبەت بەرهەمهێنانی زمانی پێویستی بە کەشێکی ئاهۆن و ئارامی ڕووحییە و سەرەڕای ئەوانەش بەرهەمی زمانی هێمن و قزڵجی و بەتایبەت هەژار لە بواری پەخشاندا و لە دۆخی ئاوارەیی و هەڵوەداییدا شتێکی دەگمەن و ناوازەیە.

هەژار نەسری شەڕەفنامە بنیات دەنێ کە لە زاتی خۆیدا شتێکی سەرسوڕهێنەر و هەتا ئەوپەڕی خۆی تژییە لە جوانی زمانی. فۆڕمی زمانی شەڕەفنامە لە بەرهەمێکی ڕیوایەتی و لە ڕۆمانی «تۆقی عەزازیل»دا خۆی بازسازی دەکاتەوە و بە شێوازێکی نوێ کەڵکی لێوەردەگیرێ بۆ گێڕانەوەیەکی داستانی. لە دوای کۆمار سەرەڕای بەرهەم هاتنی دوو دەقی شاکاری وەک لە کوێوە بۆ کوێ و شەڕەفنامە، بۆ یەکەمجار پەخشانی کوردی بە شێوازێکی مۆدێڕن چیرۆک و ڕۆمانی پێدەنووسرێ. قزڵجی بە نووسینی پێکەنینی گەدا و ڕەحیم قازی بە نووسینی ڕۆمانی پێشمەرگە پەنجەرەیەکی تازە بە ڕووی زماندا دەکەنەوە و بەم چەشنە بە شێوەیەکی عەینی بناغە و فۆنداسیۆنی زمانی گێڕانەوە، لەلایەن ئەم دوو نووسەرەوە دادەمەزرێ. زمانی چیرۆکەکانی قزڵجی خاوەنی دینامیک و ئستاتیکی تایبەتن لە باری ڕستەبەندی و چۆنیەتی کەڵک ورگرتن لە هێزی فۆلکلۆر بۆ بەرەوپێش بردن و سازکردنی ساختارێکی بەهێزی زمانی. زمانی چیرۆکەکانی ئێستاش پڕە لە حەرەکەت و ئێنێرژی و مەنبەعی ئیلهامە بۆ بەرەی دوای خۆی. ڕۆمانی پێشمەرگەی ڕەحیم قازی زمانێکی جیاوازی هەیە و دەتوانین بڵێین زمانی ئەم ڕۆمانە ئیبتکاری تاکەکەسی خودی نووسەرەکەیەتی. خاڵی هاوبەش لە هەرتک ئەزمووندا ئەوەیە هەرکیان سەرەتای ڕێگایەکی دوور و درێژ و سەرەتای ئەزموونێکی نوێی زمانین، هەر وەها خاڵی هاوبەشی دیکەی هەرتک بەرهەمەکە ئەوەیە یەکەم ئەزموون و ئاخر ئەزموونی نووسەری خۆیانن و ئەوەش لە دواڕۆژدا بە زەرەری زمانی گێڕانەوە دەشکێتەوە. بۆوەی حەوزەیەکی زمانی بە تەکامول بگا دەبێ بەردەوام بەرهەمی هەبێ و بێتوو وانەبێ تووشی دابڕان و بۆشایی ساختاری دەبێ و ئەوەش بۆ گێڕانەوەی ئێمە هاتە پێشێ و بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ حەوزەی چیرۆک و ڕۆمانی کوردی چ ئەسەرێکی بەرچاوی تێدا بەرهەم نەهات. ئەو ئاسەوارانەی وا بەرهەمیش هاتن لەباری حەجم و سەنگی زمانی شتێکی بەرچاو نین و نەیانتوانی لە قزڵجی و قازی نزیک ببنەوە چ دەگا بەوەی ئاوان تێپەڕێنن. ئەم مەسەلەیە یانی بەرهەم نەهێنانی دەقی گێڕانەوەیی لەلایەن قزڵجی و قازییەوە لایەنێکی دیکەشی هەیە و ئەویش ئەوەیە کە هیچ کام لەم نووسەرانە نە لە نووسینی چیرۆک و ڕۆمان نە لە زمانی گێڕانەوەی خۆیاندا بەو ئاستە نەگەیشتن کە دەبوو بیگەنێ. ئەم دوو نووسرە تەنیا بناغەیان دامەزراند و چ ساختومانێکی لەسەر بنیات نەنرا. بۆ ماوەی زیاتر لە سی ساڵ هەرێمی گێڕانەوە چ بەرهەمێکی ئەوتۆی زمانی تێدا بەرهەم نەهات. ئەم بێدەنگییە بەرهەمی ڕاستەوخۆی ناوەندی سیاسییە کە هیچ دەرفەتێکی بۆ زمان نەهێشتبۆوە و تەنگی پێهەڵچنیبوو، بەڵام زمان پێشبینی ناپەزیرە و ڕێی خۆی دەبینێتەوە و لە دەرەوەی هەموو بەربەست و تەگبیرەکان سەرهەڵدەدا و دەژێتەوە.

دووهەم قۆناغی نەسری گێڕانەوە، ئەو لە دایک بوونە سەرلەنوێیەیە کە بۆ جارێکی دیکە حەوزەی چیرۆک و ڕۆمان بە بەخۆیەوە دەبینێ و دەست دەکاتەوە بە بەرهەمهێنانی ڕستە و زمان. لەم قۆناغەدا یەکەم خشت لەسەر ئەو بناغەیە دادەندرێ کە قزڵجی و ڕەحیم قازی دایانڕشتووە. بۆوەی پتر هەست بە گرینگی ئەم قۆناغە بکەین لە سێ نووسەر دەدوێین کە کارەکانیان کاریگەری بەرچاوی لەسەر دواڕۆژی گێڕانەوە و پەخشانی کوردی بووە. لە ساڵی شەست و نۆ و دوابەدوای ئەو لە ساڵی حەفتا و دوودا، دوو ڕۆمانی هاوارەبەرە و میرزای فەتاحی ئەمیری چاپ دەبن. فەتاحی ئەمیری ئاخر ئاڵقەی زمانییە کە ئەو بۆشاییە زەمانییە لە لایەکەوە بە زمانی هێمن و قزڵجی و لە لایەکی دیکەشەوە بە گێڕانەوەی مۆدێڕن و ئەو بەرەوپێشچوونە لەناکاوە زمانیەوە دەبەستێتەوە کە لە دوای ئەوەوە ڕوو دەدا. زمانی ئەمیری لە ڕەچەڵەکی زمانی هێمن و قزڵجییە و لە هێندێک شوێندا لە باری جوانی ناسییەوە لەسەرتریشە. لە فۆلکلۆر و بەیتەکان پاراو بووە و بە خشڵی ئەوان ڕازاوەتەوە. هەچەند شێوازی نووسینی ڕۆمانەکانی کارتێکەری ڕۆمانی ترک و فارسی بەسەرەوەیە بەڵام زمانی گێڕانەوەی ئێمە زۆر بەرەوپێش دەبا و دەبێتە هۆی باوەڕبەخۆیی زمان، لە دوای ئەمیری ڕووداوە مەزنەکان لە بواری زمانی گێڕانەوەدا ڕوودەدەن و کاروانی گێڕانەوە هەڵناپسێ و بەردەوام بەرهەمی زمانی نوێ بڵاو دەکاتەوە.

دووهەم نووسەری ئەم قۆناغە کە ڕۆڵێکی چارەنووسسازی هەیە لە بەرەوپێشچوون ونوێبوونەوەی زمانی گێڕانەوە، محەممەد ڕەمەزانییە. ڕەمەزانی وەرچەرخانێکی گەورەیە لە گێڕانەوەی ئێمەدا و دابڕانە لە شێوازێکی نەریتی و دەسپێکێکی نوێیە لە چیرۆکنووسی ئێمەدا. هۆکاری ئەم شتەش دەگەڕێتەوە بۆ چۆنیەتی کەڵک وەرگرتن لە زمان و فۆڕمی چیرۆک لەلایەن ڕەمەزانییەوە. زمانی گێڕانەوەی ڕەمەزانی، هەر لەو جوغرافیا زمانییە سەری هەڵدابوو كە قزڵجی و فەتاحی ئەمیری تێیدا پەروەردە ببوون هەروەها ڕەمەزانی بە پێچەوانەی نووسەرانی پێش خۆی لەژێر کاریگەری فۆلکلۆر و بەیتدا نییە و حەولی ئەوە دەدا خۆی بە گێڕانەوەی جیهانییەوە گرێ بدا. نەیویستووە چیرۆک بکاتە بارەبەری ئیدۆلۆژییەکی تایبەت. بۆ وێنە لە چیرۆکی مزگێنیدا لە پتانسیەلی دەقە پیرۆزەکان کەڵک وەردەگرێ و زمانێکی نوێ چێدەکا زمانێكی خەتابی و ئاسمانی كە تێکەڵ بە زمانێكی پارۆدیك كراوە و دەیهەوێ دژ بەو زمانە ئاسمانی و گێڕانەوە مەزنەی ئەو شێوە گوتارەی بەرهەم هێناوە بڕاسێ. هەروەها لە چیرۆکی هەشتەمین ڕۆژی حەوتوودا، ساختار و زمانێکی گێڕانەوەیی چەن ڕەهەند لە باری مانایی و فۆڕمییەوە بنیات دەنێ کە کاریگەرییەکی بەربڵاوی لەسەر چیینێک نووسەری گەنج دانا هەتا بە دوای ئەو پتانسییەلە زمانی و گێڕانەوەییەدا بگەڕێن کە ئەو فۆڕمە لە زمان و گێڕانەوە دەیتوانی ببێتە پێناسەی. زمانی ڕەمەزانی تەنزێكی تاڵ و لە هەمان كاتدا شیرین و بەهێزی لە خۆیدا حەشار داوە كە شان لە شانی بەهێزترین چیرۆكنووسە سەرناسەكانی جیهان دەدەن. ڕەمەزانی هەرچەند نووسەرێکی کەم بەرهەمە بەڵام شێوازی دەربڕین و چۆنیەتی تەعامولی لەگەڵ زمان و گێڕانەوە پێگەیەکی بەو بەخشیوە کە گۆگۆل لە گێڕانەوەی ڕووسیدا هەیەتی و توانیویەتی کاریگەر بێ لەسەر تاقمێکی زۆر لە نووسەران.

سێهەم نووسەری کاریگەر لەم قۆناغەدا عەتا نەهاییە کە لە دوو بواردا دەسکەوتی مەزنی بووە وهەرکیشیان پەیوەستن بە زمانەوە. نەهایی بۆ یەکەم جار لە دەرەوەی شێوەزاری موکریان و بە زمانێکی جیاوازتر چیرۆک دەگێڕێتەوە. دەبێتە دیاردەیەکی نوێ لە حاند ئەو زمانەی، گێڕانەوە خووی پێگرتووە. ناوەندێکی زمانی نوێ کە فۆڕم و داڕشتەی جیاواز و ستراتێژی جیاوازی پێیە بۆ گێڕانەوە دێتە ئاراوە. لە داهاتوودا ڕوون دەبێتەوە کە ئەم کارە زمانییەی عەتا نەهایی چەندە بە قازانجی زمان تەواو بووە و چلۆن ئەو ڕاوێژە زمانییە بێدەنگانەی ناوچەکانی دەرەوەی موکریان هان دراون هەتا بە ڕاوێژی خۆیان چیرۆک و ڕۆمان بگێڕنەوە. سەرەڕای ئەوانەش عەتا نەهایی نموونەی بەرچاوی تەکامولی نووسەرێکە کە لە درێژەی زەماندا هەم زمانەکەی و هەمیش ساختاری چیرۆک و ڕۆمانەکانی بەرەوپێش چوون و گۆڕانیان بەسەردا هاتووە. نەهایی یەکەم کەس بووە کە دەقێکی کلاسیکی بانگهێشتی نێو دەقێکی مۆدێڕن کردووە و بۆتە هۆی تەعامول ئەم دوو دنیایە و لە تێک ئەنگوانیان گێڕانەوەیەکی مۆدێڕنی خوڵقاندووە. ڕۆمانی گوڵی شۆڕان بەرهەمی تێکبەزینی ئەم دوو دنیا زمانی و ساختارەیە و نموونەی هەرە بەرزی گێڕانەوەی ئێمەیە. كارەكانی عەتا نەهایی كەسایەتی و پێگەیان بەخشیوە بە زمانی گێڕانەوەی ئێمە و وەك نموونەی سەركەوتنی مەزن چاویان لێ دەكرێ.
سێهەم قۆناغ ئەو قۆناغەیە کە نەسری گێڕانەوە بە دڵنیایی دەگا و سنوورەکانی هەتا ئەوپەڕی خۆی هەراو دەبێتەوە و دەبێتە دەنگێکی واڵا لە حاند زمانی شێعردا کە بە درێژایی مێژوو پێناسەی زمان بووە. لێرە بەم لاوە زمانی گێڕانەوە دەست دەکا بە تەننازی و بەتاقی کردنەوەی فۆڕمە لە زمان نەهاتووەکان و بوارە بەتاقی نەکراوەکان. زمانی گێڕانەوە بۆتە خاوەنی ئەزموون و لێهاتوویی و دەبێتە ڕەوتێكی دینامیک و بەردەوام لە گوتاری فەرهەنگیدا. كۆمەڵێك دەنگ و نێوی نوێ كە پڕاوپڕی ئینێڕژی و ئیدەی تازەن دێنە مەیدان. زمانی گێڕانەوە لەسەر دەستی ئەم بەرەیە بەرەوپێشچوونی بەرچاو بەخۆوە دەبینێ و زۆر كاری فۆڕمیك و تكنیكی دێنە پانتایی گێڕانەوەی ئێمە كە پێشتر نموونەیان نەبووە. ئەوەی وا لە کاری ئەم نووسەرانەدا جێی ئاماژەیە ئەو بوێرییە ڕادیکاڵەیە بۆ بەتاقی کردنەوەی هەرێمە گێڕانەوەییە مۆر و نەناسراوەکان و چێکردنی زمانێکی نوێ کە لە زمان و نەسری کوردیدا ناکرێ هاوتایەکی بۆ ببینییەوە. زمان قووڵایی پەیدا دەکا و زۆر لایەنی شاراوەی دێنە ڕوو کە پێشتر هەلی خۆیابوونی بۆ نەڕەخساوە. فۆڕمی بەشێک لە بەرهەمی ئەم نووسەرانە هێندە ڕادیکاڵ و ئاوانگاردن کە تەنانەت ناکرێ لەنێو دراوسێ زمانییەکانی خۆشماندا هاوتایان بۆ ببینینەوە. زمان لەو خەسڵەتە نەریتییەی کە پێشتر چیرۆک و ڕۆمانی پێ نووسراوە دەرباز بووە و کەوتۆتە دۆخێکی بە تەواوەت جیاوازەوە. کاری زمانی و گێڕانەوەیی نووسەرانێکی وەک عەلی غولامعەلی، بریا کاکەسووری، پەری کەریمینیا، سەیدقادر هیدایەتی، حسێن شێربەگی، مەنسوور تەیفووری، و شەرام قەوامی و دلاوەر ڕەحیمی و کامران حامدی و زۆر نێوی دیکەش کە کەسایەتی نوێیان بە زمان و زمانی گێڕانەوەی ئێمە بەخشیوە.
سەرلەبەری مێژووی گێڕانەوەی ئێمە هەتا ئەوڕۆ دەکاتە حەفتا ساڵ. یەکەم ڕۆمانی ئێمە پێشمەرگە لە ساڵی ۱۳۳۴دا دەنووسرێ و لە ساڵی ۳۸دا لە ئیرەوان چاپ دەبێ. بەراورد کردنی دنیای زمانی و فۆڕمی ئەم ڕۆمانە لەگەڵ دوو ڕۆمانی «دەستەکان و نامەکان» و «لەوێ مەمرە» کە لە ساڵی۱۴۰۴دا چاپ بوون، دەتوانین ئاماژە بەو دەسکەوتە مەزنە زمانی و ئەو فۆڕمە زمانییە گێڕانەوەییە جیاوازانە بکەین کە ساختاری ئەم ڕۆمانانەیان پێکهێناوە. دەبینین زمان لەم ماوەیەدا چیها گۆڕانی بەسەردا هاتووە و چلۆن توانیویەتی لەم ماوە کورتەدا ببێتە خاوەنی ئەزموون و لێهاتوویی بۆ دەربڕین و پێناسە کردنی تاکی خۆی و ئاوات و خولیاکانی.

زمانی گێڕانەوەی ڕۆمانی «دەستەکان و نامەکان» زیندوو و چێژبەخشە و تەنیا بە دووی گێڕانەوە و وێناکردنی ئینسان و دەغدەغە ئینسانییەکانەوەیە و ڕوانگەیەکی ڕوونمان لە داهاتووی زمانی گێڕانەوە پێ دەنوێنێ. زمانی ئەم ڕۆمانە و چیرۆکەکانی جەلیلی ڕەحیمی سنووری چێژ وەرگرتن لە زمان و زمانی گێڕانەوەیان هەتا ئەوپەڕی خۆی لەبەر یەک کێشاوەتەوە و بە دڵنیاییەوە دەتوانین بڵێین دیاردەیەکی بێ هاوتایە لە دە ساڵی ڕابردوودا.

ڕۆمانی «لەوێ مەمرە»ی ڕەزا عەلیپوور کۆتا ڕۆمانە کە دیمەنگای زمانی گێڕانەوە و پێشکەوتنی زمانی گێڕانەوەمان بۆ ڕوون دەکاتەوە. زۆر بە سانایی دەکرێ نەخشەی گۆڕانی زمانی گێڕانەوە لە زمانێکی ساکار و نەریتی و گیرۆدەی ئیدۆئۆلۆژی بۆ زمانێکی ئەکتیو و شاعیرانە و چەند ڕەهەند ببینین کە دەیهەوێ لایەنە شاراوەکانی زمانی گێڕانەوەمان بۆ بنوێنێ. فۆڕمی ڕیوایەتی و زمانی گێڕانەوەی ئەم ڕۆمانە پڕە لە دڵنیایی بۆ داهاتووی گێڕانەوەمان. هەموو زمانێکی زیندوو پێیخۆشە وەها نووسەرێکی سەربزێو و سەرکەشی هەبێ کە ڕاوی مێژووی تاڵ و تاریکییەتی بە زمانێکی شاعیرانە.
ئەوەیکە ڕوون و ئاشکرایە ئەوەیە کە بەستێنی زمان و زمانی گێڕانەوەی کوردی بەستێنێکی پڕ لە بەهرە و پڕ لە هێزە و لە ماوەیەکی کورتی زەمانیدا بازی گەورە و پڕشنگداری هاویشتووە. داهاتوو هەموو هی ئەو زمانەیە. زمانێک کە زۆر چیرۆک و بەسەرهاتی جیاوازی پێیە بۆ گێڕانەوە.
ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە ڕێگە پێدراوە.
خانە کتاب كُردی