شیکاریی ناوەڕۆکی رۆمانەکەی هیوا قادر
د. لەیلا درەخش*
وەرگێڕانی لە فارسییەوە:
مەریوان هەڵەبجەیی
رۆمانی «ماڵی پشیلەکان» نووسینی نووسەری کورد هیوا قادر، وەرگێڕانی بۆ فارسیی مەریوان هەڵەبجەیی، جیهانی تەنیایی مرۆڤەکان لە بیست و چوار چیرۆکدا دەگێڕێتەوە. نووسەر بۆ گێڕانەوەی تەنیایی مرۆڤەکان پەنا بۆ پشیلەکان دەبات و زۆر بە جوانیی هۆکاری خۆشەویستی مرۆڤ بۆ ئاژەڵ لە رێگای کەسێتییەکان و چیرۆکەکانیانەوە دەخاتە روو، بەڵام ئەمە رواڵەتی گێڕانەوەکەیە هەر چیرۆکە هەڵگری ناو و چیرۆکی پشیلەیەکە، لەڕاستیدا نیشانە و سیمبولی پشیلەکانن کە هەریەکەیان دەبنە نیشانەی کۆچ و کۆچبەریی و تەنیایی و ئەوانیش وەک مرۆڤەکان خوازەی دێرین ترین کۆچبەری جیهانن. گێڕەرەوەی رۆمانەکە هەندێکجار بە گێڕانەوەی چیرۆکێکی تاڵ و هەندێکجار شیرین و بڕێکجاریش تێکەڵ بە خورافات و بیرەوەریی و خیانەت و عشق و هیوا و ژیان، باسی ژیانی کەسانێک دەکات لە وڵاتی خۆیان ئاوارە بوون، ئەمەش لە جوانترین وێنە و گێرانەوەی پڕمانا و مەغزای رۆمانەکەیە. لەگەڵ خوێندنەوە و هاوڕابوون لەگەڵ ئەم گێرانەوەیەدا پەی بەوەدەبەین کە خودی پشیلەکان نەک تەنیا خوازەیەکن بۆ تەنیایی مرۆڤەکان، بەڵکو لە بێگانەترین بوونەوەرەکانی سەر ئەم زەوییەن و توانیویانە رووبەڕووی هەموو بەڵاو نەخۆشی و ناخۆشییەک ببنەوە و بەرگەی نەهامەتییەکان بگرن و هەر ئەو گیان سەختییەشیانە وایکردەوە مەحکومبن بەوەی حەوت رۆحیان هەبێت. پشیلەکان بە درێژایی میژوو بەناو هەموو مەترسییەکاندا تێپەڕیوون و درێژەیان بە ژیانیانداوە و موسافیری سەرزەمینە جۆراو جۆر و جیاوازەکان بوون. بەپێی ئەمخوازە و نموونە و کایە پێکردنە، دەبێت مرۆڤیش لە هیچ هەڕەشەیەک نەترسێت و خۆی لەگەڵ دۆخی دژوار و ئەستەمدا بگونجێنێت و بە هەوڵ و کۆششی زۆر تێپەڕێ بە ناو هەر غەم و ناخۆشییەکدا و بگات بە ئازادیی. یوسف بە ناچاریی و بۆ کاری زۆرەملێ روودەکاتە ماڵی پشیلەکان و وا دەردەکەوێت و بڕیارە کارکردن لە ماڵی پشیلەکان باری قورسی ژیانی تاراوگە و کۆچەریی بوونی لە سەر شانی سوک بکات.
یوسف پەنابەرە و کێشە و ئازاری نێوان هاووڵاتی و پەنابەربوونی هەیە، رێک وەک کێشەی نێوان کۆچی زۆرەملێی پشیلەکانە لە زێدی خۆیانەوە و بە خواستی خاوەنەکانیان، ئەمەش زۆر ئازار بەخشە. پشیلەکانیش وەک یوسف محەمەدی کەسێتی سەرەکی رۆمانی ماڵی پشیلەکان هیچ دەسەڵاتێکیان نیە لە بژاردەکەیاندا و چارەنووسیان لە دەستی خۆیاندا نیە. وەک مرۆڤی هاوچەرخ کە چارەنوسی لە دەستی خۆیدا نیە و دیارە هەزاران هۆکار هەن بۆ ئەوەی مرۆڤی ئەم چەرخە کۆنترۆڵی لە دەستی خۆیدا نەبێت. یوسف ناچارە بە زۆرە ملێ مانگێک لە ماڵی پشیلەکانی سیمبادا کار بکات. ئەمەش سەرەتای ئەو رێگایەیە کە لە پاش کۆتایی پێهێنانی و تێپەڕاندنی دەگاتە ئەو دەرک و هۆشیارییەی کە – تەنیایی کەسانی تریش لەگەڵ خۆیدا بەرێتەوە بۆ ماڵەوە – و ئەو گۆڕانکارییە هێدی هێدی لە ناویدا دروست دەبێت، ئەویش رێک لەو کاتەدا کە خۆی و سەرزەمینەکەی بە تەنیاترینی تەنیاکان دەبینێتەوە. ئەو لە وڵاتێکدا ژیاوە بەردەوام لە ناو شەڕدا بووە و لەوەش خراپتر کەسانێک هەن بەردەوام شوناسی رەت دەکەنەوە و هەر ئەمەش بەسە بۆئەوەی لەهەر جێگایەکی دنیادا بێت خۆی بە تەنیا بزانێت و ئەوەش لە بیر نەکات لە وڵاتێکەوە هاتووە دەبێت بجەنگێت بۆ سەلماندن و بە فەرمی ناسین و قبوڵ کردنی شوناس و سەرزەمینەکەی. دەبێت هاوارب کات تا شوناسی رەت نەکرێتەوە و دانی پێدابنرێت. هەموو رووداوە سەرەکییەکانی رۆمانەکە لە رووبەڕوو بوونەوەیەکی رەگەزپەرستانەی جێگای راڤە و رامانی کەسێتییەکی رەگەزپەرستی تورک، لەگەڵ یوسف محەمەدی کورد دا دەست پێدەکات، ئەم بابەتە خۆی بەتەنیا دەتوانێت ببێتە بابەتێکی گرنگ و جێگای گفتوگۆ و رامان و بیرکردنەوە. رووداوی نێوان ئەم دووکەسە و پەلامار و کێشمەکێش و شەڕێک لە نێوان ئەواندا، لە لایەکەوە چیرۆکی هەرێمێکە کە لەلایەن حکومەتە باڵا دەستەکانەوە گۆشەگیر و پەراویز خراوە و بەردەوا م خراوەتە ژێرگوشارەوە، لەلایەکی ترەوە ناڕەزایەتی بەردەوامی ئەو حکومەتە باڵادەستانەیە لە بەرامبەر بوون و سەربەخۆیی و جیابوونەوەی هەرێمی سەربەخۆی کوردەکان. نووسەر بە تێپەڕاندنی یوسف محەمەد بە ناو ئەو شەڕەدا، بە ئەنقەست و هوشیارانە نا گەڕێتەوە سەر ئەو بابەتە و نەک تەنیایی کەمینەیەک لە سەر زەمینێکدا، بەڵکو کار لەسەر تەنیایی هەموو ئەو مرۆڤانە دەکات لە دنیای ئەمڕۆدا ئەسیری تەنیایین. ئەم رووانینە بونگەرایی و مەعریفە ناسانەیە بەرامبەر بە هەموو مرۆڤەکانی دنیا، قابیلی ستایشە. نووسەر لەناو گێڕانەوەی کەسێتییەکانی رۆمانەکەیدا، بە رۆچوون بە ناو وردەکاریی و رووداوەکاندا، بە نیشاندانی چەندین جۆری وەلاوەنان و رەت کردنەوە و قبوڵ نەکردن و هەڵهاتن و گەڕان بۆ ئازادیی و سەربەستیی، دەگاتە قوڵایی تەنیایی «مرۆڤ». هیوا قادر مرۆڤێک وێنا دەکات، هەڵهاتوو لە شەڕ، سوکایەتی پێکراو، مافەکانی پێشێلکراوە و خیانەتی لێکراوە، تووشی دڵتەنگی و تەنیایی قوڵ بووە. یوسف بە تێپەڕین بە ناو دنیای ئاڵۆزی ماڵی پشیلەکاندا، بە دەربڕینی رەوان و سادە و راستگۆیانەی ژیانی، باس لە ژیان و روانین و دویای ئەوانی دی دەکات و نهێنی دنیای تاکەکان و بایەخی ناسینی چیرۆکی ژیانی تایبەتییان دەخاتەڕوو. فێر دەبێت دنیا لە دیدی هەست و سۆزدارانەی ناخییەوە ببینێت و پشیلەکانیش کاریگەرییەکی زۆر تایبەت و سەرسوڕهێنەریان لەسەر ئەم گۆڕانکاریی دیدەی هەیە. وەک هەمینگوای دەڵێت: «پشیلە خاوەن راستگۆییەکی رەهایە، رەنگە مرۆڤەکان لەبەر هۆکارگەلێک هەستی خۆیان بشارنەوە، بەڵام پشیلە کاری واناکات»
زۆربەی کەسایەتییەکانی رۆمانی «ماڵی پشیلەکان» ژنن و زۆربەی گێڕانەوەکان و بەشەکان لە زمانی خانمانەوەیە و ئەمەش بەڵگەیەکی تری بە هێزە بۆ توانا و لێهاتویی نووسەر و قەڵەمەکەی کە توانیویەتی ئاوا بەو جوانییەوە بچێتە ناو دنیای ناسک و جوانی ژنانەوە. لەسەرەتای هەر بە شێکەوە و لەگەڵ گێڕانەوەیەکی نوێدا پەندێکی کەسایەتیە گەورە جیهانییەکانی بەکارهێناوە، هەڵگری ئاماژەیەکی گرنگن بۆ ناسینی پشیلەکان و یەک دێتەوە لە گەڵ ناوەڕۆکی ئەو بەشەدا. ئەمەش جوانییەکی زیاتر و کاریگەرتر بە رۆمانەکە دەبەخشێت. چیرۆکی گێڕەرەوەی رۆمانەکە، چیرۆکی تەنیایی و ساردی پەیوەندیی نێوان مرۆڤەکانە و لەم گێڕانەوەیەشدا پشکی تەنیایی مرۆڤە رۆژهەڵاتییەکان بە بەراورد بە دنیای رۆژئاوا زیاترە، چونکە ئەوان بە بەراورد بە رۆژ ئاواییەکان کارەکەیان ئەستەم ترە، بە تایبەتی لەگەڵ خەڵکی ئاسایی و رەشۆکی رۆژئاواییدا، بە سەختی و زەحمەتێکی زیاتر دەتوانن خۆیان بگونجێنن و دەبێت چەرمەسەریی و دژوارییەکی زیاتر بکێشن و کاریگەرییان زۆر زیاتر بێت تا خۆیان بسەمێنن. وەک بڵێی لەو پشیلە رەشانە دەچن کە دەبێت لە پشیلەکانی تر زیاتر سەختی بکێشن تا بتوانن رووبەرووی خورافاتەکانیش ببنەوە. ئاشنا بوونی نووسەر لەگەڵ زمانی فارسی و کەلتوری ئێرانیدا و کەڵک وەرگرتن لە شیعری شاعیرانی ئێرانیی لە رۆمانەکەدا، نەک تەنیا مایەی دڵخۆشییەکی زۆرە بۆ خوێنەرانی فارسی زمان، بەڵکو لە وەش زیاتر وەک ناساندنی رەگ و ریشەی کەلتوری هاوبەشی خەڵکانی ئەم دوو سەرزەمینە بەخۆیان و دنیای دەوروبەریان، زۆر جێگای بایەخە و گرنگیی تایبەتی هەیە.
زمانی هیوا قادر، زۆر پڕ هەست و رەوان و سەرنجڕاکێشە و دوورە لە هەر جۆرە ئاڵۆزییەکەوە. نووسەر لە هەر چیرۆکە و هەر بەش و گێڕانەوەیەکی رۆمانەکەیدا، راڤە و دەروونشیکاریی تاکی سەرزەمینێکی تایبەت دەکات، بەڵام لە کۆتایی رۆمانەکەدا لە پاش گێرانەوەی جیهانێکی لێوڕیژ لە تەنیایی، دەکەوێتەوە سەرلەنوێ دروستکردنەوەی ماڵێک کە دەبێت ببێتە ماڵی پشیلە رەشەکان کە لەلایەن خەڵکەوە بە روانینێکی خورافی و چاوی سوکەوە لێیان دەڕوانن. ئەمەش هیوا و خەون و خەیاڵێکە بۆ جیهانی ئەمڕۆ تا بەڵکو رۆژێک بگات، لە ناو وێرانە و کەلاوەکانی پاش جەنگ و بیروباوەڕ تەسک و داخرا و رەگەزپەرستەکانەوە کە باڵیان بەسەر دنیادا کێشاوە، مرۆڤ بتوانێت جیهانێکی نوێ بونیاد بنێت. وەرگێڕانی ئەم رۆمانە لەلایەن مەریوان هەڵەبجەیی یەوە، وەک وەرگێڕانەکانی تر، رەوان و یەکدەست و پاراوە. باڵادەستیی ئەو بەسەر زمانی فارسی و کوردیدا بۆتە هۆی ئەوەی گونجاوترین وشە و دەستەواژە و بەرابەرە شایستەکان هەڵبژیرێت و ئەمەش وزە و توانایەکی زیاتر دەبەخشێت بە پاراوبوون و سەرنجڕاکێشتر بوونی گێرانەوە لە رۆمانەکەدا. رۆمانی ماڵی پشیلەکان، رۆمانێکە لێوڕێژ لە هەست و سۆزی مرۆیی، مرۆیەکی تەنیا کە هیوای دروستکردنی دنیایەکی تر بەزیندوویی و بە بەهێزییەوە هێشتویەتییەوە
* شاعیر و رەخنەگر، دکتۆرا لە ئەدەبیاتی فارسیدا لە زانکۆی تاران