خانه / اخبار و رویدادها / رەهەندەکانی شیعری محەمەد عومەر عوسمان

رەهەندەکانی شیعری محەمەد عومەر عوسمان

رەهەندەکانی شیعری محەمەد عومەر عوسمان

د. هەرێم عوسمان

رەهەندەکانی شیعری محەمەد عومەر عوسمان، نامەیەکی ماستەرە (روخۆش محەمەد)، ساڵی ۲۰۲۲ بە سەرپەرشتیی (پ.د. محەمەد ئەمین عەبدوڵڵا) پێشکەشی کۆلێژی پەروەردەی بنەڕەتیی زانکۆی سلێمانی کردووە. نامەکە لە دەروازە و سێ بەش پێکهاتووە و پشتی بە میتۆدی مێژوویی و کۆمەڵایەتی، لەپاڵیدا وەسفی- شیکاری بەستووە. لە دەروازەدا ئاوڕی لە زۆرێک لەو نووسین و توێژینەوانە داوەتەوە کە لەبارەی شاعیرەوەن و بۆچوونی خۆشی خستووەتەڕوو.

۱
بەشی یەکەم، ئەم بەشە لە دوو پار پێکدێت و هەر پارێک بۆ سێ باس تەرخانکراوە. سەرەتا چەمک و زاراوەی ئەزموون و ئەزموونی شیعری دەخاتەڕوو، ئەزموونی شیعری بە دەوری ژیان و رۆحی شاعیردا دەخولێتەوە و گوزارشت لە هەست و هزر و بینینەکانی دەکات و چاودێری سەرکەوتن و نوشستەکانی دەکات، توێژەر بۆچوونی ئەدیبان و رەخنەگران لەبارەی ئەزموونەوە دەخاتەڕوو، بۆ نموونە چیخۆف دەڵێ: (ئەگەر ویستت بنووسیت، پێویستە بچیتە شەقامەوە)، هەروەک رەخنەگرێکیش دەڵێ: (پێویست ناکات شاعیر لەناو ئەزموونێکدا ژیابێت، تاوەکو بتوانێت وەسفی بکات، ئەوەندە بەسە کە تێبینی کردبێت). لێرەوە سێ جۆر ئەزموون (ئەزموونی خودی، ئەزموونی گشتی و ئەزموونی تێکەڵ) باس دەکات. لە ئەزموونی (خودی)دا بیر و سۆز و خەیاڵی شاعیر بنەمایە، لە گشتیدا گوزارشت لە بابەت و خەمی کۆمەڵ دەکات بە بێ ئەوەی هەست و سۆزی خودی تێکەڵی دەقەکە بکرێت، لە تێکەڵدا هەست و سۆزی تێکەڵ بە بابەتەکانی کۆمەڵ دەکرێت و لە دەقدا رەنگدەداتەوە، لەم سێ جۆرەوە، ئەزموونی شیعریش بۆ سێ جۆر دابەش دەکات: (ناوەکی و دەرەکی و تێکەڵ)، هاوکات باسی بابەتەکانی ئەزموونی شیعریی تێکەڵ کە (مێژوو، کۆمەڵایەتی، سروشت و نەتەوەیی و نیشتمانی)ن، دەکات. هەروەها توێژەر ئاماژە بە پێکهاتەی دەقی ئەدەبی کە فۆرم و ناوەڕۆکە دەکات و پێیوایە پێویستە هاوسەنگی لەنێوانیاندا بپارێزرێت. 
لە پاری دووەمدا ئەزموونی شیعری محەمەد عومەر عوسمان بەسەردەکاتەوە، کە لە پاش گروپی روانگە و کفری و پێشڕەو لە هەشتاکاندا حەمە عومەر توانیوێتی بازنە و ئەزموونێکی نوێ دابهێنێت، کە شیعرەکانی لە پرسە بوونخواز و خودییەکانەوە بۆ پرسی بابەتی و گەردوونی دەچن، ئەمەش شیعرییەتی دەقەکانی پاراستووە، هەرچەند فۆرمی شیعرەکانی تەقلیدییە، بەڵام ناوەڕۆکی نوێ و فۆرمی تێهەڵکێشی بۆ ئەو ناوەڕۆکە دامەزراندووە، ئەمەش وایکردووە هونەرێکی نوێ بە دەقەکانی ببەخشێت، لەبەرئەوە ئەزموونەکەی کودەتایەکی شیعرییە، چونکە لەو سەردەمەدا پرسی سیاسی و ئایدۆلۆژی باڵادەست بوو، بەڵام ئەو خۆی لە شیعری بەرگری و نەتەوەیی بوارد و گوێی بۆ دەنگ و ئازاری ناخی خۆی گرت. لێرەوە توێژەر لەسەر بنەمای ئەو سێ جۆر ئەزموونە (خودی، بابەتی و تێکەڵ)، خوێندنەوە بۆ شیعرەکانی شاعیر دەکات، لە ئەزموونی شیعرە خودییەکانیدا پرس و چەمکی ژیان و مردن بەسەر دەکاتەوە. 
دوالیزمی (مەرگ و ژیان) لە کۆی ئەزموونی شیعری شاعیردا زەق و بەرجەستەیە، بناغەی زمان و وێنە شیعرییەکانییەتی، نائومێدی لە ژیان سەرچاوەیە بۆ بیری خۆکوشتن کە لای شاعیر رەهەندێکی فەلسەفی و دەروونی وەرگرتووە و شیعرەکانی بوونەتە سەکۆی ئازار و خەم و تەنیایی و جێگەی خۆکوشتنیان گرتووەتەوە:
من کەناری شیعرم بەسە، باوەشم بۆ بگرێتەوە
گەرهاتوو، بیستت خۆم کوشت بزانە کە    
نەمتوانیوە شیعرێک بڵێم…ئازارمی تیا جێبێتەوە

ململانێی ژیان و خۆکوشتن لای شاعیر ئامادەییەکی دیاری هەیە و لەچەندین شیعریدا ویستی خۆکوشتن و ئارەزووی ژیان دەکەونە کێبڕکێوە، بەڵام ئەزموونی خۆکوشتن لەنێو دەقەکانیدا چەندبارە دەکاتەوە:
کە خوێنی خۆمم رشتە تابلۆوە..
کە زانیم ئیتر خۆر لێم هەڵنایەت..
من گوللەی مەرگم نا بەخۆمەوە..
چونکە (بەدبەختی کۆتایی نایەت).

توێژەر پێیوایە هەرچەند زۆرینەی شیعرەکانی شاعیر ئەزموونی خودی و ناوەکین و ژان و ئازاری خۆی کردووە بە شیعر، بەڵام لە ئەزموونی دەرەکیش بێبەش نییە و لەم شیعرانە زۆرتر سوودی لە رەمزی خۆماڵی و بیانی وەرگرتووە. هاوکات ئەزموونی تێکەڵیش بەشێک لە پێکهاتەی شیعرەکانی پێکدێنێت، بۆ ئەمەش سوودی لە رەگەزەکانی سروشت بینیوە و هونەری بە تەواوکەری سروشت زانیوە و کردوویەتی بە دەرخەری ئەزموون و دۆخی دەروونی و رۆحی.
منم ژەنەراڵی پاییز
پاییز بە بێ من هەتیوە و…

شاعیر سوود لە رەگەزە جیاوازەکانی سروشت وەردەگرێت، بۆ نموونە لە شیعری (با)دا هەست و سۆز و هەڵچوونی تێکەڵی با دەبێت و دەبێتە هاودەمی، چونکە رەمزی خۆشەویستییە و دواتر گفتوگۆی لەگەڵ دەکات و دەیکاتە رەمزی بێهودەیی، لەبەرئەوەی پەیامەکەی ناگەیەنێتە خۆشەویستەکەی، لێرەوە لە ژیانی مرۆڤ دەڕوانێت کە وەک تۆزی با بێهودەییە و هەوڵەکانمان ژیان و جیهان ناگۆڕن:
هاوار و هاژەی چەمی ناڵینێک…
لەلام ئەبێتە وژەوژی (با)
ئەوسا دڵنیام ئەوەی ئەیبیستم گڤەی (با)یە (با)

۲
بەشی دووەم، لە دوو پار پێکدێت لە یەکەمیان، پرس و چەمکی نامۆیی و لە دووەمدا وەرزەکانی ساڵ لە شیعرەکانی شاعیر شیکار دەکات. توێژەر پێیوایە نامۆیی لە شیعری کوردیدا رەنگدانەوەی فراوان و زەقی هەبووە، دوو جۆر لە نامۆیشمان هەیە، نامۆیی شوێن (جوگرافیا) و نامۆیی رۆحی کە شاعیران لەناوەوەی نیشتمان هەست بە نامۆییەکی قوڵ دەکەن تا ئاستی رەشبینی و هیچگەرایی دەڕوات، دیارە لە نامەی ماستەری قادر غەفوریشدا باسی نامۆیی شوێن و سروشت و وەرزەکان کراوە، لەبەرئەوە ئەم توێژەرە روو لەنامۆیی رۆحی و دەروونی دەکات، پێیوایە شاعیر بەقوڵی ئەزموونی ئەم جۆرە نامۆیەی لە شیعرەکانیدا رەنگڕێژ کردووە:
خۆم غوربەتم لێم مەپرسە.. چییە غوربەت؟

ژیانی من ئاوارەیی و تەنیایی و لێکدابڕانە.
شوناسی شاعیر خۆی غوربەتە، لە زێد و نیشتماندا مەنفای رۆحی دەچێژێت و لە گۆشەنیگایەکی و بوونخوازیی و رۆمانسی رەشبینانەوە لە بوون و گەردوون دەڕوانێت و رۆحی خۆی تێکەڵی رۆحی گەردوون دەکات، لەبەرئەوە شیعرەکانی لە رۆحەوە بۆ رۆحن، واتە رۆح دوێنن، لێرەوە توێژەر چوار جۆر نامۆبوون (نامۆیی لە بوون، لە خود، سۆزداری و ئاینی) لە شیعرەکانی شاعیر بەسەر دەکاتەوە.
لە پاری دووەم، توێژەر پێیوایە سروشت بەگشتی لە شیعری شاعیران رەنگدانەوەی قوڵی هەیە، لای محەمەد عومەریش ئەم کاریگەرییە دەبینین، بەڵام لەناو وەرزەکانی ساڵ بە تایبەت پاییز و زستان دەبینین، تەنانەت پاییز دەبێتە شوناس و رابەری شیعری، هەرچی زستانە پەیوەندیی بە چیرۆکی ناسینی کچە خۆشەویستەکەیەوە هەیە، کە لەم وەرزەدا لە دەستی دەدات و دابڕان روودەدات، بەڵام پاییز وەرزی خۆزگە و یەکگرتن نەک وەرین و دابڕانە:
بۆ چوار وەرزی ساڵ نابێتە پاییز؟
تا نیگای ئەوم هەردەم نیشان دا

لای شاعیر زستان بیرخەرەوەی بیرەوەرییە خۆش و تاڵەکانە، لەبەرئەوە بەفر و زستان لەلایەک شادیئامێز و لەلایەک تراژیدیبار و غەمئامێزن:
وتم.. خوایە گیان چی ئەبێ ئەگەر..
جارێکی تر خۆر هەڵنەیەتەوە!
تا شوێن پێکانی لەسەر ئەو بەفرە..
هەتاهەتایە نەسڕێتەوە
یاخود
بەفر تابووت بوو..تابووتێک سپی..
ئازیزم سەری تێدانایەوە
بە ئێوارەیەک سەرم سپی بوو..
بەئاهم بەفر نەتووایەوە

۳
بەشی سێیەم، لەم بەشەدا رووخسار و فۆرمی شیعرەکانی شاعیر بەسەرکراوەتەوە و لە دوو پار پێکهاتووە، لە یەکەمدا باسی دووبارەکردنەوە و لادانی زمان، لە دووەمدا باسی کێش و سەروا کراوە، کە سەرواشی بۆ سەروای ئاسایی و واتایی دابەشکردووە. توێژەر لەگەڵ ئەو بۆچوونەی رەخنەگران کۆکە کە فۆرم و ناوەڕۆک لەپەیوەندییەکی دیالێکتیکیدان و بێ یەک نایان کرێت. سەبارەت بە لادان توێژەر پێیوایە شاعیر بەلێکدانی دوو وشە یەکیان مادی و ئەویدی مەعنەوی وشەی نوێی داهێناوە، بۆ نموونە (پەپولەی وەنەوز، خوێنی باراناو…) هەروەها کێشی سەرجەمی شیعرەکانی کە ۴۱ پارچە شیعرە دیاریکردووە، هەرچی سەبارەت بە سەروایە، ئەوا مامەڵەیەکی جیاوازی لەگەڵ سەروادا کردووە و سێ جۆر سەروای ئاسایی، ئازاد و واتایی بەکارهێناوە. لە کۆتاییشدا توێژەر بە ۱۴ ئەنجام کۆتایی بە نامەکەی هێناوە.

درباره‌ی خانه کتاب کُردی

همچنین ببینید

پرسیار؛ نێوانجیێک بێت لە نێوان کەشی ئاکادێمیک -زانستگایی و پانتایی گشتیدا

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *