هەڵسەنگاندنی کتێبی شانامەی کوردی: ڕووسەم و زووراو
?ناسنامەی کتێب:شانامەی کوردی: ڕووسەم و زووراو. ٢٠١٦. پێشەکی و ساغکردنەوە: بێهرووز چەمەنئارا. کەرەج: چاپەمەنی مانگ. ٣٥٢ لاپەڕە.
✍فاتح سەعیدی (خوێندکاری دوکتۆرای لێکۆڵینەوەی کوردی لە زانکۆی گۆتینگێن ئاڵمان)
?یەکەم بەرگی شانامەی کوردی لە لایەن بێهروز چەمەنئارا، مامۆستای زمان و ئەدەبیاتی کوردی لە زانکۆی کوردستان (سنە)، بە ناوی ڕووسەم و زووراو ساغکراوەتەوە. دوکتۆر چەمەنئارا کە پێشتر لە بواری لێکۆڵینەوەی کوردی و لە ژێر چاودێری پرۆفیسۆر کرینبرۆک، لە زانکۆی گۆتینگێن (ئاڵمان)، تێزی خۆی بە ناونیشانی شانامەی کوردی: واتا ئەدەبی و ئایینییەکان نووسیبوو، لە ڕوانگەی خۆیەوە بۆ بابەتی شانامەی کوردی دەڕوانێت و جیاواز لە توێژەرانی پێش خۆی دەیەوێ پێگەی ڕاستەقینەی شانامەی کوردی لەناو ئەدەبیاتی کوردیدا نیشان بدات.
?چەمەنئارا لەپێشەکییەکی ٨٠ لاپەڕەیی کتێبەکەدا بەوردی باس لە بۆچوونی خۆی سەبارەت بە شانامەی کوردی دەکات و سەرەڕای هەڵسەنگاندنی ژانری شانامە، باس لە ئەدەبی حەماسی و پاڵەوانی کوردی دەکات و جیاوازییەک لە نێوان گێڕانەوەی ئوستوورەیی لەگەڵ گێڕانەوەی ئایینی و مێژوویی دادەنێت. هەر لەبەر ئەم هۆکارە ناچار دەبێ بەکورتی باس لە چۆنیەتی گێڕانەوە و جیاوازی ئەدەبی زارەکی و ئەدەبی نووسراوە لە ناوچەکەدا بکات.
?ئەم نوسخەیەی چیرۆکی ڕووسەم و زووراو، وەک یەکێک لە بەناوباگترین چیرۆکەکانی شانامەی کوردی، لە ١٠٦٠ دێڕ پێکهاتووە. جگە لە پێشەکی ڕەخنەگرانەی کتێبەکە،یەکێک لە تایبەتمەندییە گرنگەکانی ئەو ساغکردنەوە بریتییە لەوەیکە هەموو دێڕەکانی شانامەی کوردی سەرەڕای ئەوەی بەپێی ڕێنووسی پەسەندکراوی کوردی داڕێژراوەتەوە، لە هەمان کاتدا دەنگنووسی فۆنەتیکی لە برانبەردا هاتووە.
?هەموو ئەو کتێبانەی کە پێشتر بە ناوی شانامەی کوردی یان هەورامی و لەکییەوە چاپ ببوون، توێژەرەکانیان تەنیا لە یەک دەق وەک سەرچاوەی ساغکردنەوە کەڵکیان وەرگرتبوو. ئەمە لە خۆیدا دژوازییەکە و بەدوورە لە مێتۆدی هەڵسەنگاندنی ڕەخنەگرانە و لە ئاکامدا ساغکردنەوەیەکی زانستی بەرهەم ناهێنێت، چونکە تەنیا نووسینەوەی دەستنووسێکە بێئەوەی دیاری بکرێ کە جیاوازییەکانی ناو دەستنووسە جیاکان لە چیدان.
هەروەها توێژەرانی پێشوو بەدەگمەن ئاوڕیان لە نەریتی زارەکی داوەتەوە کە هاوکات لەگەڵ دەستنووسەکاندا سەرچاوەیەکی گرنگ بۆ تێگەیشتن لە ژانری شانامە پێک دێنێت. ئەم نائاگادارییە پەرەی بو دوو خراپ تێگەیشتن لە شانامەی کوردی داوە.
یەکەم : ئەوەیکە تا ماوەیەکی زۆر شانامەی کورد وەک وەرگێڕانی شانامەی فێردەوسی سەیر دەکرا. چەمەنئارا هەم لە نامەی دوکتۆراکەی خۆیدا و هەم لە پێشەکی ڕووسەم و زوورارودا خاڵە لاوازەکانی ئەم تێگەیشتنە دەردرخات.
دووەم ئەوەیکە دەوترا کە شانامەی کوردی نووسەرێکی وەک ئەڵماس خان کەندوولەیی هەیە. ئەڵماس خان کە کەسایەتییەکی نیوەئەفسانەیی – مێژووییە لە باشترین حاڵەتدا، ئەگەر بوونیشی هەبووبێ، دەکرێ وەک یەکێک لەو کەسانە سەیر بکرێت کە شانامەی کوردییان لە شێوازی زارەکییەوە هێناوەتە سەر کاغز و نووسیویەتەوە.
?چەمەنئارا نیشانی دەدات کە ئەدەبیاتی زارەکی بۆ سەدان ساڵ گرنگترین مێتۆدی گواستنەوەی زانیاری (ئەدەبی – ئایینی) لە ناوچەی زاگرۆس بووە. بەگوێرەی ئەم شیکارییە سەرچاوەکانی شانامەی کوردی و شانامەکانی تر وەک هی فێردەوسی، مەنوچیهری و سۆغدی یەکێکن و لەو چیرۆکانەی پێش ئیسلامەوە دێن کە وەک خودایگاننامەگ و تاجنامەگەکان ناسرابوون. شانامەی کوردی زۆر درنگتر وەک دەقی نووسراوە کەوتووەتە بەر دید و بۆ سەدان ساڵ بۆ گواستنەوەی خۆی لە هەمان شێوازی ڕەسەن و کۆنی زارەکی (واتە سینگ بە سینگ) کەڵکی وەرگرتووە و گەیشتووتە سەردەمی مۆدێرن و تەنانەت تا ئەمساڵانەش ئەم مێتۆدە بەباشی هەر بەکار هاتووە. کەواتە ئەم جۆرە هەڵەتێگەیشتنانە نەک تەنیا لە رووی زانینناسییەوە کێشەی مێتۆدیکمان بۆ ساز دەکەن، بەڵکوو هەروەها لە ڕووی بوونناسییەوە کێشەی سەرەکی بۆ بواری لێکۆڵـینەوە کوردی ساز دەکەن و لە مەودایەکی بەرفـراوانتردا پەیوەندییان بە بوونی کورد لە جیهاندا هەیە.
▫بەپێی تێگەیشتنی چەمەنئارا مێژووی ئەدەبی کوردی بۆ زەمەنێکی زۆر کۆنتر لە ٥٠٠ ساڵی ڕابردوو دەگەڕێتەوە.
داگرتنی تهواوی دهقهکه