خانه / پێشنیاری ده‌سته‌ی نووسه‌ران / کتێبی «بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد» چاپ و بڵاوکرایەوە

کتێبی «بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد» چاپ و بڵاوکرایەوە

کتێبی «بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد» چاپ و بڵاوکرایەوە

ناسنامەی کتێب: «بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد»، کریس کۆچرا ، وەرگێڕ: سومەییە خالیدی، چاپەمەنی ڕێگا، بانە ۱۴۰۱.

چاپەمەنیی ڕێگا

زۆرن ئەو گەڕیدە و ڕۆژنامەنووسانەی هاتوونە کوردستان و بابەت و کتێبیان بەپێی تێگەیشتن، یان ویستێکی ئامانجدار لەسەر کوردستان و نەتەوەی کورد نووسیوە و بڵاویان کردۆتەوە؛ کە دەکرێت بەشێکیان لە چوارچێوەی ڕۆژهەڵاتناسی و بەشیکێان لە چوارچێوەی بە کلۆنیکردن و بەشیکیان لە چوارچێوەی ویست و حەزی تاکەکەسی و… دابەش بکەین.

کریس کۆچرای ڕۆژنامەنووسی فەڕانسەوی یەکێکە لەو کەسانە چەند کتێبێکی لەسەر نەتەوە جۆراوجۆرەکان و وڵاتەکانیان نووسیوە، وەکوو: بیافرا (۱۹۶۹)، دوورگەی فارس (۱۹۷۸-۱۹۷۰)، سوودان (۱۹۷۱)، کوردەکان (۱۹۷۵-۱۹۷۱)، شیلی (۱۹۷۶) و فەلەستینیەکان (۱۹۷۸-۱۹۷۶).

کریس کۆچرا ساڵی ۱۹۳۸ لە دایک بووە. لەگەڵ هاوسەرە وێنەگرەکەی لە ڕۆژنامەکانی فەڕانسە و دەرەوەی ئەو وڵاتە‌دا ڕاپۆرتی سیاسیی بڵاو کردۆتەوە و وەکوو ڕۆژنامە نووسێک سەردانی کوردستانی کردووە و چەندین کتێب و وتاری لەسەر کورد نووسیوە. یەکێک لە کتێبە بەناوبانگەکانی «بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد»ـە کە ساڵی ۱۹۷۹ لە پاریس بۆ یەکەم جار چاپ و بڵاوی. کردۆتەوە.

بەو پێیەی کریس کۆچرا ماوەیەکی زۆر لە کوردستان دەمێنێتەوە و چاوی بە زۆربەی کەسایەتییەکانی کوردستان دەکەوێت و هەڵسووکەوتیان لەگەڵ دەکات و لە نزیکەوە ئاگاداری بارودۆخی ناوخۆی کوردستان دەبێت، کتێبەکەی هەر زوو دەبێتە جێگای باس و لێکۆڵینەوە و سەرنجی زۆربەی خەڵک ڕادەکێشێت، بە زۆربەی زمانەکانی دنیا وەردەگێڕدرێتەوە و لە ئێرانیش لە لایان ئیبڕاهیم یۆنسی لە ژێر ناوی (جنبش ملی کرد) دەکرێت بە فارسی و هەر بەدوای ئەودا لە لایەن محەمەد ڕیانی بەناوی (کورد لە سەدەی نۆزدە و بیستدا)دەکرێت بە کوردی.

هەردوو وەرگێڕانی کتێبەکە لە زمانی ئینگلیزییەوە کراون بە کوردی و فارسی و بە وردبوونەوە لێیان، بۆمان دەردەکەوێت لە وەرگێڕانە فارسییەکەدا چەند ڕستە و پاژ بە هەر هۆکارێک بێت، دەرهاویشتراون و جیا لەم قرتاندنانە بەهۆی هەڵەکانی چاپی، بەشێکی زۆر لە ژمارەی ساڵەکان گۆڕانیان بەسەردا هاتووە؛ بۆ وێنە ۱۹۴۳ کراوەتە ۱۹۳۴ و ۱۹۲۴ کراوەتە ۱۹۴۲ کە دواتریش چەند کەسێک هەر ئەو وەرگێڕانانەیان کردووە بە کوردی و بێ‌ئەوەی ئاگاداری ئەو کەم‌وکوڕییانە بن، چاپیان کردوون.

بە ئاگاداربوون لە ناوەرۆکی کتێبەکە، بۆمان دەردەکەوێت بۆ ئاشنابوون بە ڕەوتی بزووتنەوەکانی نەتەوەیی کورد ئەو بەرهەمە بایەخێکی زۆری هەیە، بەتایبەت بۆ خوێنەرانی کورد یەکێکە لە هەرە کتێبە باشەکان و دەتوانێت زۆر یارمەتیدەریان بێت. چاپەمەنیی ڕێگا، بە ڕاوێژ لەگەڵ کەسانی پسپۆر و شارەزا لە بواری مێژوودا، کتێبی (بزووتنەوی نەتەوەیی کورد) لە زمانی فەڕانسەوییەوە لە لایەن خاتوو سومەیە خالیدی دەکرێتە کوردی و دوای پێداچوونەوەی ورد بۆ زمانەکەی، لە لایەن هەر دوو بەڕێزان خالق تەوەکولی و سەید ئەحمەد تەوەکولی، چاپ و بڵاو کرایەوە.

لە بەشێک لە کتێبەکەدا هاتووە: «ئەبوو ئیسحاق ئلفارسی جوگرافیدان، لە سەدەی دەی زایینیدا ئەمەی نووسیوە: “کوردەکان کەسانێک بوون کە لە وڵاتی ئێمەدا ژیاون، بەڵام لە خوو و ڕەوشتی مرۆڤایەتی دوور بوون؛ ئێمە‌ هەموو پارچەکانی جیهانمان کۆ کردەوە و ئەوکات کوردمان پێکهێنا.”

میژوونوسێکی دیکەی عەرەب بە ناوی مەسعوودی لە پەرتووکی “مروج الذهب” (واتە چیمەنە زێڕینەکان)دا بەم جۆرە باس لە کورد دەکات: “کوردەکان لە کۆیلەکانی سوڵتان سولەیمان و شەیتانن کە لە کێوەکاندا بڵاو بوونەتەوە و ژنە بێ‌وەفا و بێ‌خواکانیان، خۆیان دەسپارد بە شەیتان و منداڵیان لێی دەبوو و ئەوکات ئەوانیش گەورە دەبوون و هاوسەرگیرییان دەکرد و بەم جۆرە گەلی کوردیان پێکهێنا!”»

تێبینی: چاپەمەنیی ڕێگا ساڵی ۲۰۲۲ بە شێوەی فەرمی لە شاری بانە دامەزراوە. چاپەمەنیی ڕێگا لە بوارەکانی ئەدبیات، ئەدەبی منداڵان و تازەلاوان، لێکۆڵینەوەی کوردی و زانستە مرۆییەکان بەرهەم چاپ دەکات. لە لایەن (ماڵی کتێبی کوردیی) ـەوە پیرۆزبایی بە نووسەر و وەشانی ڕێگا دەڵێین و هیوای مانەوە و سەرکەوتنیان بۆ دەخوازین.

 websitewww.regapub.com 

 

درباره‌ی ماڵی کتێبی کوردی

همچنین ببینید

ڕۆمانی «چوار وەرز و ساڵێک» بەرهەمی خالق تەوەکولی بڵاوکرایەوە

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *