خانه / پێشنیاری ده‌سته‌ی نووسه‌ران / کتێبی «ڕەچەڵەکناسیی ئەنفال» نوێترین بەرهەمی مەنسوور تەیفووری بڵاوکرایەوە

کتێبی «ڕەچەڵەکناسیی ئەنفال» نوێترین بەرهەمی مەنسوور تەیفووری بڵاوکرایەوە

کتێبی «ڕەچەڵەکناسیی ئەنفال» نوێترین بەرهەمی مەنسوور تەیفووری بڵاوکرایەوە

ناسنامەی کتێب: «ڕەچەڵەکناسیی ئەنفال»، مەنسوور تەیفووری، ناوەندی غەزەلنووس، سلێمانی ۲۰۲۳.

ئەم کتێبە، کورتکراوەی دوو بەشی نامەی دوکتۆرای «مەنسوور تەیفووری»یە کە مانگی یازدەی ۲۰۲۱ لە زانکۆی پاریس -ڤەن_سین بە ناونیشانی ڕەچەڵەکناسیی ئابووریی سیاسی لە ئیسلامدا: خەلافەت و ئاوارتەکەی، لە بەشی فەلسەفە و لۆژیکە هاوچەرخەکانی واتا پێشکەش کراوە. لە دڕێژەدا بۆ زانیاری زێدەتری خوێنەرانی هێژا لەسەر ناواخنی ئەو کتێبە، چەند پاژێک لە بەشی پێشەکی ئەو بەرهەمە بڵاودەکەینەوە.

«ئەم لێکۆڵینەوەیە لە بەشی یەکەمیدا بریتی دەبێت لە هەڵگرتنەوەی ڕەچەڵەکی مێژوویی تۆمارکرانی دنیایی وەک «خەڵات»ێکی خودایی لە ئیسلامدا. ئەم ڕەچەڵەکناسییە، لە ڕێگەی هەڵگرتنەوەی ڕەچەڵەکی ئەنفالەوە وەک یەکەم دەرکەوتەی زێدەبەها لە ئیسلامدا و تۆمارکرانی لە شەریعەتی دوایین ئایینی تاکخوداییدا، هەوڵێک دەبێت بۆ ڕەچەڵەکناسیی وشەی ئەنفال و چۆنێتیی بونیادڕێژیی مێژوویی حاکم پشتئەستوور بە تەشریعی ئەم چەمکە لە چرکەیەکی تایبەتی مێژووی ئیسلامدا. بەم جۆرە، لەدایکبوونی زێدەبەها و تەشریعەکەی و لەدایکبوونی تیۆرێک سەبارەت بە ئابووری سیاسی و حاکمییەت، بابەتی سەرەکیی بەشی یەکەمی ئەم لێکۆڵینەوەیەن.

بەشی دووەمی ئەم لێکۆڵینەوەیە پرسیارە لەوەی ئاخۆ دەکرێ وێنای بونیادێکی قانوونی – سیاسی بکرێت کە ڕێگە بدات باسی جۆرێک بەردەوامی و پارادایمی سیاسی لە خەلافەت – ئیمامەتدا بکەین، بونیادێک کە ڕێگەمان پێ بدات بزانین چۆن حاکم دەتوانێ کۆی ژیان بباتە نێو قانوون/ شەریعەتەوە و ببێت بە خاوەنی کۆی شتەکان و گیانەکان. لەم بەشەدا و پشتئەستوور بە وێناکردنی وەها بونیادێک، باسەکە دێتە سەر ڕامانێکی دووبارە لە دەرکەوتنی وشەی ئەنفال لە ساڵی ۱۹۸۸دا و هەوڵێک دەبێت بۆ وەڵامدانەوە بەوەی کە ئاخۆ ئەو جینۆسایدەی کە ساڵی ۱۹۸۷ بۆ ۱۹۹۱ لە باشووری کوردستان ڕووی دا و ناوچە و ژیانێکی بە حەرام ڕاگەیاند «ئاوارتە»یە یان «ڕێسا» و بەشێکە لە بونیادی حاکم. هەوڵی ئەم بەشە لێکۆڵینەوە دەبێت لە ڕەچەڵەکی ئەو بونیادی تەشریعی- سیاسییەی کە وا دەکات لە ژیانی خۆی ژیانێک جوێ بکرێتەوە کە بێ مەرج و لێپرسینەوە قابیلی کوشتن بێت.

نووسەرانی دیالێکتیکی ڕۆشنگەری، لە وتاری تێزەکانی جووبێزی‌دا «ئەنتی سامیزم» نووسیبوویان کە «ڕوانینی ئەوق لە کارەسات هەڵگری توخمێک لە دەستتێکەڵییە»، ئەم لێکۆڵینەوە بۆ خۆپاراستن لە بە «بابەت» کردنی کارەسات، ڕووبەڕوو سەیری ئەنفال ناکات و بە پشکنینی ڕەچەڵەکی چەمکەکە، لە ڕاستیدا بە جۆرێک بەشێک لەو شەرمە هەڵدەگرێتەوە کە بیرکردنەوە پاش هەر کارەساتێک پێویستییەتی، بۆ ئەوەی نەبێتە خیانەتێک لە قوربانیان.

لەم کتێبەدا گەلێ چیرۆک و بەسەرھات بە وردەکاریی زۆرەوە گێڕراونەتەوە کە هەندێکیان بۆ خوێنەر ئاشنان، بەڵام گێرانەوەی دووبارە و وردیان نەک تەنیا بۆ گێڕانەوە، بەڵکو بۆ گەڕان بووە بۆ دۆزینەوەی چرکەی بنچینەیی و کەرەستەکانی تۆمارکردنی «دەستبۆنەبراو» لە نێو دەسەڵاتی حاکمدا و ناسینەوەی چۆنێتیی هەڵکۆڵرانی دەسەڵات لەسەر بونیادی سێکسواڵیتە و ئابووری؛ بۆ نیشاندانی ئەوەی کە چۆن وەرگێڕان و لێکدانەوەی وشەکان لە مێژوودا دەور دەبینن و شەڕەکان – فۆکۆ وتەنی -شەڕێکن لەسەر گوتار و دیاریکردنی سنوورەکانی ئاخافتن؛ چۆن میتافیزیک و سیاسەت لە ڕێزماندا چڕ و کریستاڵیزە دەبن؛ چۆن دەشێ بە گێڕانەوەی دووبارەی حەکایەتێک، هۆکارەکانی چنران و هەڵبەسترانی بناسرێنەوە و ئەو چیرۆکە پەرتەوازنەی کە بە ڕەواڵەت پێوەندییەکی ئەوتۆیان پێکەوە نییە، دەشێ لە چنینی دووبارەیاندا مانایەکی چەپێنراو و چۆنێتیی بونیادڕێژیی حاکم بە دەستەوە بدەن.

«کارێکی لێکۆڵینەوەیی کە بیەوێت چەمکە بنچینەییەکانی تەشریعێک بشکێنێت، بە ناچار بەشێک لە ڕیسکی تێکەڵ دەبێت، هەر بۆیە ئەم کارە تەنیا دەتوانێ هیوای ئەوە بخوازێت کرانەوەی پەنجەرەیەک بێت کە لێیەوە لە ئاسۆیەکی دیکەوە لە مێژووی دەسەڵات، شەریعەت و بونیادڕێژییە مێژووییەکەی بڕوانێت، پەنجەرەیەک تێیدا وێنەیەکی ڕزگاری لە شێوە و خوازەی جیاوازدا هەوڵ بۆ نەفەوتان دەدات، کردنەوەی وەها پەنجەرەیەک، هەر چەند ناسک و بچووک، هیوایەکە ئەم لێکۆڵینەوە بتوانێ بیخوازێت.»

 لە لایەن ماڵی کتێبی کوردییەوە پیرۆزبایی لە ڕێزدار مەنسوور تەیفووری و سەرجەم خوێنەرانی کورد دەکەین و هیوادارین ئەو هەوڵە بەنرخە هەڵدانەوەی لاپەڕەیەکی نوێ بەڕووی ئەو کارەساتە دڵتەزێنە و دەرخستنی نهێنییەکانی بێت. هیوادارین لە داهاتوودا ڕانان و خوێندنەوەی زانستی لەسەر ئەو بەرهەمە بەپێز و دەوڵەمەندە بنووسرێت و «ماڵی کتێبی کوردی»ش شانازی بڵاوکردنەوەی پێ‌ببەخشرێت.

 بۆ داگرتنی ته‌واوی بابەتەکە ببنە ئەندامی کاناڵی تلگرامی ماڵی کتێبی کوردی…

 https://t.me/kurdishbookhouse

ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە ڕێگە پێدراوە

درباره‌ی ماڵی کتێبی کوردی

همچنین ببینید

ئێوارە کۆڕەکەی مەریوان و خوێندنەوەیەکی ڕەخنەگرانەی کتێبی مۆنادۆلۆژیی دەق

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *