ناساندنی یەکەمین ڕێزمان و وشەنامەی کوردی
یەکەمین کتێبی ڕێزمان و وشەنامەی کوردی بە ناوی “Grammatica e Vocabolario dell lingua kurda” بە زمانی ئیتالی نووسراوە و لە ساڵی ١٧٨٧ له شاری ڕۆم له ئیتالیا چاپ و بڵاۆكراوه‌ته‌وه. ماوریتسێۆ گارزۆنی،نووسەری بەرهەمەکە، قه‌شه‌یه‌كی ئیتالیه كه له نێوان ساڵانی ١٧٣٤ تا ١٨٠٤ی دا ژیاوه و له ساڵی ١٧٦٢بە دواوە بۆ ماوەی ١٨ ساڵ بە مەبەستی كاری بلاۆكردنهوه و په‌ره‌پێدانی ئایینی مه‌سێحی چووه‌ته شاری ئامێدی له باشووری كوردستان و لەوێ بۆی ده‌رده‌كه‌وێ كه زمانی كوردی زمانی په‌یوه‌ندی نێوان موسڵمان و مه‌سێحیه‌كانی ناوچه‌كه‌یه، له كاتێكدا كه نهستووریهكان ته‌نیا به زمانی سوورێت، سریان و ئه‌رمه‌نیه‌كانیش به زمانی خۆیان قسه ده‌كه‌ن. بۆیه له ساڵی ١٧٨٧ دا له سه‌ر بنه‌مای دیالێكتی كرمانجی، كه له ناوچه‌كه‌دا قسه‌ی پێ ده‌كه‌ن، یه‌كه‌م كتێبی ده‌ستووری زمانی كوردی ده‌نووسێته‌وه و له كۆتاییه‌كه‌شی دا وشهنامهیهكی ئیتالی-كوردی كه ٤٦٠٠ وشه له خۆ ده‌گرێ، بڵاۆ ده‌كاته‌وه. گارزۆنی به هۆی به‌رهه‌مه به ناوبانگهكهیلە لایەن ڤاسیلی نیکیتین (B.Nikitine)ەوە به ”باوكی كوردۆلۆژی” ناسراوه.
كۆپی سه‌ره‌كی كتێبه‌كه‌ی گارزۆنی هه‌تا ئێستا له زانكۆی ئاكسفۆرد ڕاگیراوه. له ساڵی ٢٠٠٨دا ئه‌و كتێبه له لایه‌ن ئه‌نستیتۆی كورد له پاریس دیجیتاڵی كراوه و ٢٨٨ لاپه‌ڕه له خۆ ده‌گرێ.