کتێبی «کەڵەشێر» وەرگێڕانی نینا کەریمی بڵاو کرایەوە
نۆڤلێتی کەڵەشێر وەکوو یەکێک لە گرنگترین بەرهەمەکانی ئیبراهیم گوڵستان، چیرۆکێکی چەند ڕەهەندی و چەند لایەنەیە. ئەم چیرۆکە نە تەنیا بێزاری نووسەرمان بەرامبەر بە پەیوەندییە بەرژەوەندیخوازانەکانی مرۆڤی هاوچەرخ نیشان دەدات بەڵکوو لە لایەن زۆر ڕەخنەگری ئەدەبییەوە وەکوو بەرهەمێکی دووربینانە دەستنیشان کراوە کە بە کەڵک وەرگرتن لە هێماکان، داهاتووی ئێران و شۆڕشی ٥٧ پێشبینی دەکات.
کەڵەشێری هەژێنەری چیرۆکەکە لە شارێکدا کە بۆنی نەوتی لێوە دێت بەڵام لە ژێر باری کۆنبوونی خۆیدا چەماوەتەوە، نەک لە ژێری مریشک، کە لە ژێری کاتژمێرێکی دیوارییەوە هەڵدێت. ڕێک لە کاتی نیوەڕۆدا واتە ئەو کاتەی کە دەبێت بانگ هەڵبدا و جەماوەرێکی نووستوو بە ئاگا بێنێتەوە. خەڵکی شارەکە کۆنەپەرەستانە شانازی بە داب و نەریتی باب و باپیری ملهوڕیانەوە دەکەن و هیچ گۆڕانکارییەکیان بە لاوە گونجاو نییە. کەڵەشێرکە لە ئاوەها بار و دۆخێکدا بەردەوام دەقووقێنێت و خەڵکەکە ڕادەچڵەکێنێت. خەڵک ڕەقیان لێیەتی چونکە لە لایەکەوە ئارامی ژیانی یەکدەستیان تێک دەدات و لە لایەکی تریشەوە دەترسن لە مریشکەکانیان بپەڕێت و هەموو شار پڕ بکات لە جووچکە و کەڵەشێری هاوشێوەی خۆی.
کەڵەشێر وەکوو هێمای ڕووناکبیر یان ڕزگارکەرێک، تەنانەت ئەو کاتەی بە فرت و فێڵ و بە هاودەستی دوژمن دەکەوێتە داو و ڕادەستی حاجی دەکرێت واز لە سەرهەڵدانی خۆی ناهێنێت و بە باڵەکوتە و دەنگ هەڵبڕین، ترس دەهاوێتە دڵی جەماوەرەوە. لە کاتی قوربانی بووندا، جموجۆڵێک دەبەخشێتە ئەو خەڵکە دڵمردووە ترسنۆکەی کە وەک نووسەر دەڵێت پێکەنینیش وەکوو بوێریەکی ئاسایی لە نێوانیاندا باو نییە.
پاش نەمانی کەڵەشێر، ئەو کەسانەی تا ئێستا بە زۆڵ و شووم و بەدفەڕیان ناوزەد دەکرد، دەستبەجێ هەوڵ دەدەن جێگای بگرنەوە بەڵام لاسایی کردنەوەکەیان نەک هەژێنەر نییە بەڵکوو لە تووشبوون بە نەخۆشییەکی دەروونی یان قەشمەڕییەوە نزیکترە. کەڵەشێرەکە ناڕاستەوخۆ جێگری خۆی هەڵدەبژێرێت. نەوەی نوێ ئازایانە تۆڵەیەکی نامۆ لە کۆنەپەرەستی بەدفەڕ دەکاتەوە. ئەو هێمای دیکتاتۆر دەڕووخێنێت. وای لێ دەکات ڕواڵەتی سامداری بۆ هەمیشە تێک بچێت و تەنانەت جێگرەکانیشی نەتوانن بێ لەبەر چاوگرتنی ڕواڵەتی سووک بووی وەبیری بهێننەوە. ئەگەر کەڵەشێرەکە تەنیا بێ حورمەتی بە هێمای کۆنە پەرەستی دەکرد جێگرەکەی بە تەواوی ئاگری تێ بەر دەدات و شوێنەواری لێ ناهێڵێتەوە.
گوڵستان لەم چیرۆکەدا هاوشێوەی بەرهەمەکانی تری، نەک هەر کۆنە پەرەستی کە دووڕوویی و خۆبەزلزانی مرۆڤی هاوچەرخیش دەخاتە بەر ڕەخنە و هەموو هەوڵێکی خۆی دەدات ڕاشکاوانە و ڕاستگۆیانە ئاوێنەیەک بخاتە بەر دەستی خوێنەر تا بە خۆیدا بچێتەوە و گومان لە هەموو ئەو باش و خراپانەی بکات کە لەگەڵیان ڕا هاتووە.
نینا کەریمی
شایەنی باسە کە کەڵەشێر یەکەمین و تەنیا بەرهەمی گوڵستان کە کراوە بە کوردی و بە وەرگێڕانی نینا کەریمی لە لایەن ناوەندی ڕۆشنبیری ڕەهەندەوە چاپ کراوە و ئێستا لە بەر دەستی خوێنەری کورددایە.
ئیبراهیم گوڵستان
ئیبراهیم گوڵستان (١٣٠١_١٤٠٢) نووسەر، وەرگێڕ و دەرهێنەری ئێرانییە. سەرەمی لاویەتی وەکوو فەرمانبەری بەشی چاپەمەنییەکانی کۆمپانیای نەوتی ئێران دەڕوات بۆ ئابادان و لەوێ دەستبەکاری وەرگێڕانی ڕۆمانە بەناوبانگەکانی جیهان دەبێت. لەگەڵ بەرهەمهێنانی چەندین کتێب و گۆڤار و چەند فیلمێکی دیکۆمێنتاری، دەبێت بە ئەندامی دەستەی نووسەرانی ڕۆژنامەی دەیلی نیووزی بەڕیتانیا و دواتریش کۆمپانیای فیلمی خۆی دادەمەزرێنێت و بە وەرگرتنی خەڵاتی فێستیڤاڵی فیلمی ڤێنیزی ئیتالیا، ناوی وەکوو یەکەم دەرهێنەرێ ئێرانی کە خەڵاتێکی نێونەتەوەیی وەر گرتووە، لە مێژووی سینەمادا تۆمار دەبێت.
لەم نووسەرە چەندەها بەرهەمی ئەدەبی وەکوو “مد و مە”، “اسرار درە جنی”، “خروس” و هتد بە جێ ماوە.
هر نوع بازنشر این متن با ذکر منبع «خانه کتاب کُردی» مجاز است.