خانه / پێشنیاری ده‌سته‌ی نووسه‌ران / “خاڵ عەباس” چیرۆکێک له نێو زنجیره ئاکسیۆنەکانی سەر به کەسایەتییەک

“خاڵ عەباس” چیرۆکێک له نێو زنجیره ئاکسیۆنەکانی سەر به کەسایەتییەک

“خاڵ عەباس” چیرۆکێک له نێو زنجیره ئاکسیۆنەکانی سەر به کەسایەتییەک

فەرهاد بابۆڵی

ئـ . چیرۆک و داستان بەرهەمی زمانن؛

ماکەی سەرەکی پێکهێنانی هەموو بەرهەمەکانی ئەدەبی زمانە. ئەو ئامراز و کەرەستەیەی جیهانێکی تایبەت دەخولقێنێ و دەبێتە هەوێنی بیچم گرتنی واقیعێکی سەربەخۆی خیاڵی. لێرەدا زمان له ئاستی پردی پێوەندی نێوان تاکەکان تێدەپەڕێ و دەبێتە ئافرێنەر و خولقێنەری کەشێکی تایبەت کە تێیدا جیهان ژینێکی هەڵکەوتە بوون دەگرێ. ئەو زمانە ئیدی چیدیکە زمانی ئاخافتنی ڕۆژانە نییه ؛ بە تێکەڵ بوون دەگەڵ هەندێک تایبەتمەندی دەبێتە سازدەر و له ئاکامی کارکردە ئەدەبی و هونەرییەکەی، بەرهەم و ژانرێکی ئەدەبی و هونەری وەک چیرۆک و ڕۆمانی لێدەکەوێتەوە.
یەکێک له تایبەتمەندییه بەرچاوەکانی چیرۆکی ” خاڵ عەباس” زمانەکەیەتی . ئەو زمانەی پوخت و ڕەوان دەکار کراوە و هەڵگری چەند فاکتۆری بەرچاوە :

۱. زمانی گێڕانەوەکە لێکدراوێکە له دوو جۆر زمانی نەستەق و کۆن و باوی کوردەواری دەگەڵ جۆرێکی دیکە له زمانێکی نوێی مێدیایی بە تایبەت ئەو جۆره زمانەی کە ئێستا زۆرتر له گوتاری سیاسی‌ ڕۆژدا کەڵکی لێوەردەگیرێت. هەڵبەت هەر کام لەو دەربڕینە زمانیانە دە خزمەت کارلێکەری دەق له سەر بەردەنگ دایە و کەشێکی تەنزاوی و گاڵتەجاڕانەی له نێوئاخنی ڕیوایەت و ڕووداوەکان پێک‌هێناوە.
پێشان چەند میناک له جۆری یەکەم :

٭ خاڵ عەباس وەک ئەوەی گیشەت لێ ئاور تێبەردابێ ….( ل ۲۰)

٭ … دووبەدوو سیڕە[سێرە] یان له زەفتە بۆر گرت و گوێیان هەڵخست. ( ل ۲۷)

٭ وای لێدێ کە خەریکە بە دەنگی دیزە و گۆزەی چێشتخانەی خانەقاش جەزم دەبێ. ( ل ۴۹)

٭ … ئیدی به مەرقەدی شێخی ، مۆدە و مۆتەم لێ‌دانێیەوە نایەڵم خشتی له سەر خشتی دابنێی. ( ل ۹۷)

٭… بە جۆرێک تەها لاقی چەقاند و خۆی له هەر جۆره هاوڕێیەتی خاڵ عەباسی بوارد.

له نموونەکانی سەری‌دا زاراوە و دەستە واژەی وەک : گیشە ئاور دان ، سێرە هەڵگرتن ، جەزم بوون بە دەنگی دیزە و گۆزه ، خشت له سەر خشت دانان و لاق چەقاندن ؛ شێوە زاری باو له نێو خەڵکی ئاسایی ، لادێیی و بە ساڵاداچووی کۆمەڵگای کوردین و له هەندێکیشیان‌دا بۆن و بەرامەی تەنز و نەستەق و قسه خۆشی و ڕاوێژ خۆشی لێ‌دێت.

کەڵک وەرگرتن لەو جۆره زمانە ئەویش دە چوارچێوەی ڕیوایەتی ژانرێکی وەک چیرۆک جگە لە وەیکە توانیوێتی کەسایەتییەکان وەک خۆیان پێشان بدات و پێناسە بکات دەبێتە هۆی زیندوو ڕاگرتنی ئەو شێوە تایبەتە له زمانی بەشێک له دانیشتوانی پێشتری وڵاتەکەمان کە دەکرێ وەک دیارییەک له ناو ویترینی زمانی کوردی به ئەمانەت بمێنێتەوە.

پاشان له جۆری دووهەمی تایبەتمەندی زمانی “خاڵ عەباس” کە بریتییه له دەکار کردنی زاراوەی نوێی مێدیایی چەند نموونە دەهێنینەوە :

٭ … شتێکی پێچەوانەی پەیڕەوی ناوخۆی ئەو جۆره دانیشتنانە نەبوو. ( ل ۲۱)

٭ بەو پێیه خەڵکی ئاوەدانی کە له هەر جۆره پێشکەوتنێک لەو دانوستاندنانە‌دا بێ هیوا بوون، بڵاوەیان کرد و …( ل ۵۴)

٭ کاریگەری ئەو قسە ناڕاستە‌وخۆیه له سەر دایکم له کاریگەری ڕووخانی یەکێتی سۆڤییەت له سەر بلۆکی ڕۆژئاوا زیاتر بوو. ( ل ۸۴)

٭ بابم وەک ئەندامی فەخری و بەردەوامی ئەنجومەنی چارەسەری کێشه هەڵپەسێراوەکانی ماڵە خاڵ عەباسی، زانیاری سەداسەدی له سەر بابەتەکە هەبوو… ( ۸۹)

٭ وەک هەڵسەنگاندنێک دەکرێ بکوتر ، ئەو داڕمانە دوو ئەنجامی ناڕاستەوخۆی هەبوو : لاواز کردنی یەکجاری پێگەی خاڵ عەباس له بواری بڕیاردان و ڕزگاری یەکجاری ئێمەی خوشکەزا له هەر جۆره بێگارییەک. ( ل ۱۰٦ و ۱۰۷ )

لەو نموونانەی سەرێش ڕا زۆر ئاشکرا دیاره کە نووسەر به دەکار کردنی ئەو جۆرە زاراوانە هەویستوویەتی کەشێکی فەرمی و مێدیایی ئەویش بە تەنز بداتە ڕیوایەت و خوێنەر ڕاکێش و پەلکێشی ئاکامی ڕووداوەکانی هەر یەک له ئێپیزۆدەکانی نێو دەق بکات.

۲. زمانی ڕیوایەت هەر وەک له سەرێش باسی لێکراوە زمانێکی مەیلەو تەنزه ؛ تەنزێکی شاراوە کە ماکەی تەوس و توانجیشی پێوە دیاره و بە تایبەت له کاتی وەسفی کەسایەتی خاڵ عەباس‌دا زۆرتری کەڵک لێ‌وەرگیراوە.

زمانی تەنز دەربڕی شاراوەیانە و ناڕاستەوخۆیانەی مژاری ژوورەکی باروودۆخێکی ئەخلاقی و ئینسانی دە ڕیوایەتی وێژەی داستانی دایه و له هەجو و گاڵتە و قومار پێکردن بە دووره. ئەو زبانە دەگەڵ ئەوەیکە بزە و پێکەنین دەهێنێتە سەر لێوی بەردەنگ، زەین و فکریشی بۆ لای دۆزینەوەی مانا و چەمکێکی شاردراوە ڕاکێش دەکات.

دە زۆربەی بەسەرهاتەکانی خاڵ عەباسیش‌دا گێڕانەوە ڕەنگ و بۆن و بەرامەیەکی ئاماڵ تەنزی پێوە دیاره و دەکرێ وەک راستییەکی تاڵ له چوارچێوەی وەسفی کەسایەتی خەڵ عەباس‌دا بدۆزرێتەوە.

تاڵیەکە ئی ئەو بەشەیە کە دەکرێ وای بۆ بچین کە کەسایەتی بەرباس وەک بەشێکی دانیشتوانی کۆمەڵگا له کات و سات و دەورەیەکی تایبەت‌دا ، شتهایەکی زۆر بێ کەڵک و سەمەرەیان بۆ گرینگ بووە و سەری خۆیان بەو جۆره ئاکار و ڕەفتارانە هێشاندووە و بۆیان بۆتە خوو و خدە و

دەو نێوە دا زۆریەک له خاڵە گرینگەکانی ژیان وەک دوور نواڕی و دواڕۆژ بینی و کەڵکەڵە سەرەکییەکانی ژیان پەڕاوێز خراون.

کاتێک بیرۆکەی سەرەوە پتر پشت ڕاست دەبێتەوە کە دەبیندرێ گێڕەڕەوە به لاتاو و توانج و تانە باس له هەڵس‌وکەوتەکانی خاڵ عەباس دەکات و ڕواڵەتێکی موبالەغەییشی پێ‌دەبەخشێت.

* خاڵ عەباس هەڵترووشکاوە و وەک مەڵڵایەکی متمانە به خۆ ویستی به یەکەم هاویشتنی یادی سەرکەوتنەکای ڕابردووێ بکاتەوە. بەڵام یەکەم تاقەتی تێکەڵ به دەنگێکی نامۆ بوو و ئامادەبووانی خستە دڕدۆنگێکی تاقەت پڕوکێن. ( ل ٦٦ و ٦۷ )

٭ عەباسی مرۆتێ، کە پاسەوانەکانی زیندانەکانی گێشتاپۆی نازی، له بابەت تازەگەرییەکانی له بواری ئەشکەنجە‌دان، ئێرەییان پێدەبرد، بەوپەڕی ماندوونەناسی خەریک بوو هەموو شێوە تاقی‌نەکراوەکانی ئازاردانی زیندانیانی، به پێی ئیستاندارده خۆماڵییەکان تاقی دەکردەوە. ( ل ۳۷ و ۳۸)

له نموونەی دووهەمەی ئەو بەشه بە زمانێکی مەیلەو تەنز باسی عەباسی مرۆتی کراوە ؛ له پێشدا هەڵسەنگاندنی عەباس وەک پاسەوانی زیندان دەگەڵ پاسەوانە نازییەکان و کەڵک وەرگرتن له چەند دەستە وشەی تر کەشێکی تەنز و پێکەنین داری داوەتە وێنەکە بەڵام له ژێرەوە ئەوەیکە کێ بۆتە کاربەدەست و چۆن چەوسانەوەی لێ‌ساز بووە،  تاڵی ئەو ڕەخنەیەیە کە یەک له ئامانجە سەرەکییەکانی تەنزەکەیه.

زمانی تەنز زمانێکی بەڕواڵەت نەرم و خۆمانە و بزه هێنەره کەچی له دەروون‌دا دەتهێشێنێ و وەخۆت دەهێنێتەوە.

ب. لەحن : دەتوانین بڵێین لەحن شکانی بێدەنگییه دە نێو چیرۆک‌دا. هەروەها بەرهەمی ئاگایانە و وشیارانەی نووسەرە له ڕووداوەکان و بابەتەکانی نێو چیرۆک کە لە ئاکامدا له شێوەی ئاخافتن و گوت‌و بێژی کەسایەتییەکان و بگێڕەوە خۆ  دەردەخات. لەحن ساز بوونی کەش واتا فەزا دە کلام دایە و هەر یەک له کەسایه‌تییەکان به هۆی تاقانە بوونی ئەزموونەکانی ژیانیان کەشێکی تایبەت بۆ شێوە گوتن و دەربڕین دە نێو زەین و زمانیان‌دا ساز دەبێت. دەکرێ بگوترێ کە لەحن هێزی دەربڕینی وردتری هەست و سۆز و وێنەکانی نێو چیرۆکە و دەبێتە پردی پێوەندی نێوان نووسەر ، خوێنەر و دەق.

دە چیرۆکی ” خاڵ عەباس”دا یەکێک له بەرچاوترین تایبەتمەندییەکانی زمانی و کەسایەتی پەروەری، هەبوونی لەحنی تایبەتە بۆ هەر کام له کەسایەتییه‌کان. خاڵی گێڕەڕەوە واتا عەباسی مرۆتێ ، دایکی و بابی کە بە گشتی سێ کەسایەتی بەرچاوی نێو چیرۆکەکەن هەر کام بە شێوە ئاخافتنی تایبەت و بە دەنگ و ڕاوێژی خۆیان دێنە قسە کردن و خوێنەر و بەردەنگ هەر زوو دەتوانێ بیانناسێتەوە و هەست و سۆزەکانیان وەرگرێت.

۱. کەسایەتی دایکی گێڕەڕەوە :

٭ کوڕە چاکت کرد، تازه لێیگەڕێ لەو سەگبابەی، نەچی وەدووی کەوی بە خودای کوڕه‌کانیشت لێ موعتاد دەکا. ( ل ۱۲)

٭ یا ڕەبی خودا بۆت بگەیێنێ. وەڵڵاهی زۆرم پێخۆشه.ئیشاڵڵا چ دەکەی؟(ل ۸۵)

له شێوە دەربڕینەکانی سەرێ لەحنی کەسایەتێکی ژن وەک دایکی بگێڕەوە پارێزراوە و نووسەر توانیوێتی بە باشی دەنگی ژن بە تایبەت ژنی ئەو دەمی کۆمەڵگای کوردی بپارێزێ و ئیدی به تەوزی، دیالۆگ و هاتنە قسەکردنێکی ساختە و پاختەیانەی بۆ ساز نەکات. لێرەدا بە سرنج له نێو کەشی قسەکان بە ڕوونی دیاره کە ئەوە خوشکی خاڵ عەباسە کە بە ئەدەبیاتێکی ژنانە دەوری خۆی وەستایانە گێڕاوە.

۲. کەسایەتی بابی گێڕەڕەوە :

٭ کاک عەباس ڕادۆکەت نایڵێ، لێی گەڕێ، شریتێکی تێهاوێ. ( ل ۲۵)

٭ کاک عەباس بە بارێک ڕەژی و لوشکە ئێسترێک بوو به شۆرشگێڕ. ( ل۳۱)

ئەو جۆره لاتاو پێدانانە و به تەوس و توانج قسە کردن و وەستان له هەمبەر خۆ هەڵکێشانەکانی خاڵ عەباس دەربڕی دەنگی کەسایەتی بابی گێڕەڕەوە و زاوای خاڵ عەباسه. ئەو کەسایەتییەش له زۆربەی کاتەکان کە دێتە گۆ و دیالۆگ ، شێوە زاری خۆی دەپارێزێت و خوێنەر دەزانێ کە ئەوە کێیە وە‌دەنگ هاتووە.

۳. کەسایەتی خاڵ عەباس:

٭ هەر سێک تەڵاقم کەوێ قەت وانەبووە. ( ۳۰)

٭ ئەو سەگبابانە خۆیان لێ حەشار داوم دەیانهەوێ چەکم کەن. ( ل ۴۰)

٭ ئێستا با بڕنۆیەکت پێبا و دەوڵەت وێرابای بێتە سەر ڕێت. ( ل ۵۲ )

خۆ هەڵکێشان ، متمانە و شایی بە خۆ بوونی سەرسوڕ هێنەر له تایبەتمەندییەکانی کەسایەتی خاڵ عەباسن. مڕۆڤ چۆن بێ زمانیشی وایە ؛ ئەوە ڕاست لەحنی قسەکردنی خاڵ عەباسه کە دەربڕی کەسایەتییەکەشیەتی و نووسەریش به باشی توانیوێتی ئەو دوو جەمسەره لێک ببەستێتەوە.

پ ـ گەڵاڵە و شێوە دارشتەی چیرۆکی خاڵ عەباس لە سەر زنجیره ئاکسیۆن و بەسەرهاتێک دامەزراوە کە یەک له دوای یەک دێن و وەکوو زنجیره دڕامایەک چوارچێوەی بەرهەمەکە پێک دەهێنن. له هەر کام لەو بەشانە‌دا بە شێوەیەکی تایبەت یەکێک له تایبەتمەندییە‌کانی کەسایەتی سەرەکی دەق مانۆری لە سەر دەدرێت و خەریکە پێناسەی بۆ دەکرێ.

زەمان بە شێوەیەکی هێڵی دەچێتە پێش و دابڕان بۆ کاتەکانی پێش و پاش نابیندرێت. ڕیوایەتیش به زمانێکی یەکدەست و بێ پێج و پەنا دەگێردرێتەوە و ڕاویش یەکەم کەسی تاکە کە بەشی هەرە زۆری وەک بینەر یا بیسەری ڕووداوەکان تەنیا باری گێڕانەوەی له ئەستۆیە و چ دەور و ڕۆڵێکی وا کاریگەری له سەر شان نییه. هەر یەک له بەشەکان دەکرێ وەک چیرۆکێکی سەربەخۆش چاوی لێبکرێ و تەنانەت ئەگەر هات و بە تەنیاش دابندرێ بۆی هەیە له باری فۆڕم و ناوەرۆک بوون بگرێت و مانا بخولقێنێ.

لەو جێگایانە‌دا کە گێڕەڕەوە بۆخۆی رووداوەکەی نەدیوە و تەنیا بیستوویەتی سەداقەتی خۆی وەک گێڕەڕەوەی یەکەم کەس ڕادەگرێ و به ڕوونی باس دەکات کە ئەو بەشه به شاراوەیی ماوەتەوە و به وردی ناپڕژێتە سەری. بۆ میناک کاتێک خاڵ عەباس له زیندان بووە ؛ گێڕەڕەوە ئاماژەی پێدەکات کە ئەو بەشە له ژیانی خاڵ عەباس بە شاراوەیی ماوەتەوە چون پێشتر کەس لەو چارەنووسەی نەپرسیوە و بۆخۆشی مەیلی لێ نەبووە باسی لێ بکات. ( بڕواننە لاپەڕەی ۵٦ )

ت ـ “خاڵ عەباس” به گشتی له چوارچێوەی وەسفی خوو و خدە و هەڵسووکەوتەکانی کەسایەتییەکی تا ڕادەیەک ئاشنا بە تایبەت بۆ چەند نەسل پێشتری دەور و بەری ناوچەی موکریان و بگره فراوانتریش دەسووڕێت و لەنگەر دەگرێت. ئەو وەسفانەی کەسێکی بگێڕەوە لێیان خورد و ورد بۆتەوە و خەریکە وەک تابڵۆیەک ئەویش له جۆری ڕیاڵیستییەکەی بۆمان وێنا دەکەت. هەموو ڕووداو و سێکانسەکان له واقیعی دەرەکی سەرچاوەیان گرتووە و زۆر یەک له ئاکسیۆن و ئێپیزۆدەکان ئاشنان و دوور له زەین نین. باسی کۆتی ئاڵمانی ، ڕووداوی کڕینی ڕادیۆ ، بوون بە شۆرشگێر ، بەسەرهاتەکەی مێشێن ، چوونە کوورەخانە ، سازکردنی خانوو بەرە ، کڕینی جیب گاڵانت و … هەر یەک وەک چیرۆکێکی سەربەخۆ بۆ زۆربەی دانیشتوانی موکریانی ساڵەکانی پەنجا و شێست و حەفتای هەتاوی نامۆ نییه و زۆر یەک لە هاونیشتیمانیانی ئەو ساڵانە دەگەڵی ژیاون و شتی لەو جۆرەیان دیوە و ئەزموون کردووە. کەسایەتی خاڵ عەباس کەسایەتییەکی نێو کۆمەڵگای ئەو ساڵانەی کوردی بووە و زۆر جاریش دە نێو نەبوونی کەشی مێدیایی ، دەنگ و ڕەنگ و سینەما و کەرەستە پێوەندی سازکەرەکان و پێشکەوتووییەکانی ژیانی مۆدێرن بۆتە هۆی لێک خڕ بوونەوەی دانیشتوانی کۆمەڵگا و سازدانی باس و خواسی جیدی و دڵخۆشکەر. چیرۆکی خاڵ عەباس به باشی توانیوێتی خۆی له لایەنی ئایدیالۆژیک و ئەرزشیانە بپارێزێ و له فۆڕمی بەرپرسیارەتی ڕێفۆڕم بۆ ژیانی تاکەکەسی و کۆمەڵایەتی کە ئامانجی زۆر یەک له چیرۆک و ڕۆمانە‌کانی چاخی نەریتە بە دوور بێت. چیرۆکەکە ئەگەرچی بە زمانێکی ناڕاستەوخۆ شتهایەکی گشتی دەورووژێنی بەڵام دە ئەنجام‌دا به پێی تەنزاوی بوونەکەی له چاو نادات و متمانەی خوێنەر له دەست نادات. ڕیوایەتی خاڵ عەباس ڕەنگە له باری ڕووداو و کارەساتەکانی نێو چیرۆکەکە و شێوە و فۆڕمی گێڕانەوەکە نامۆ و نائاشنا نەبێ بەڵام له باری  زمانی گێڕانەوە،  ئەزموون و تازەگەرییەکی باشی تێپەڕاندوە و زۆر حەیفە خوێنەری کورد لەو جۆره زمان و گفت و لفتە ئەویش دە نێو پانتای وێژەی چیرۆکی‌دا بێ‌بەش و بێ‌بەری بێت. زمانێک کە توانیوێتی فۆڕمێکی سەربەخۆیانە بگرێت و تا ڕادەیەکی باش مۆرکی داهێنەرانەی پێوە دیار بێت.

  ڕیوایەت بە هۆی زۆر تایبەتمەندی کە هەیەتی له مێژووی بوونی خۆی‌دا هەمیشه سێحری ڕاپێچ کردنی مڕۆڤی نواندووە و بە درێژایی زەمەن بۆتە بەشێکی بەرچاو له حەز و خۆشییە‌کانی مڕۆڤ ؛ جا بێ و ئەو ریوایەتە به زمانێکی ڕەوان و جیاواز بخولقێ ، ئەوە دەبێتە نووری عەلا نوور.

سەرچاوە: شایان‌فەر خوسرەوە، خاڵ عەباس، نەشری ژیر – مەهاباد، چاپی یەکەم – ١٣٩٩

  https://t.me/kurdishbookhouse

 هر نوع بازنشر این متن با ذکر منبع «خانه کتاب کُردی» مجاز است.

درباره‌ی ماڵی کتێبی کوردی

همچنین ببینید

کتێبی «مۆنادۆلۆژیی دەق» بەرهەمی حەمەی کەریمی بڵاوکرایەوە

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *