خانه / پێشنیاری ده‌سته‌ی نووسه‌ران / شێرکۆ بێکەس و نووسین بە ئاوی نیشتمان

شێرکۆ بێکەس و نووسین بە ئاوی نیشتمان

شێرکۆ بێکەس و نووسین بە ئاوی نیشتمان

یوونس ڕەزایی

“نووسین بە ئاوی خۆڵەمێش” بریتییە لە بیرەوەرییەکانی شاعیری گەورەی کورد شێرکۆ بێکەس، کە تێیدا شاعیر حەولی داوە سەربوردەی خۆی لە منداڵییەوە بگێڕێتەوە و تا ساتی نووسینی بیرەوەرییەکانی ئەو نووسینە دەوامەی بووە. ئەوەی کە من دەمهەوێ لەسەر بیرەوەرییەکانی شاعیرێک لەنگەر بگرم بە واتای پشت گوێ خستنی شێعرەکانی نییە و هەر لەو نووسینە کورتە دا ئاوڕێکی خێراش لە دەقە شێعرییەکانی دەدەمەوە. بەڵام هۆکاری ئاوڕدانەوەم لە بیرەوەرییەکانی دەرخستنی راستییەکە کە تا ئێستا کەمتر سەرنجی دراوەتێ، ئەویش ئەوەیە کە شێرکۆ بێکەس لەو بیرەوەرییانەدا رۆڵی خۆی وەک شاعیر نیشان دەدا و لەهەمان کات دا پێوەندی خۆشی بە سیاسەتەوە دەخاتە بەرباس.

ئەوەی کە شێرکۆ بێکەس شاعیرێکی مەزن و داهێنەر و کەم وێنەیە هەم لە زمانی کوردی دا و هەم لە ئاستی جیهان دا حاشا هەڵنەگرە، بەڵام لە دوو توێی ئەو بیرەوەرییانەدا شتێکی دیکەشمان بۆ روون دەبێتەوە کە یارمەتیدەری ئەو ناو و ناوبانگە بووە کە شێرکۆ لە رێی داهێنەریتی و دەقەکانییەوە دەستەبەری کردووە. شێرکۆ هەر لە مێرمنداڵییەوە تێکەڵ کاروباری سیاسی بووە و لە لووتکەی وزە و توانای شاعیرانەی دا رەگەڵ رەوتێکی سیاسی تایبەت واتە یەکییەتی نیشتمانی کوردستان دەکەوێ. ئەو هێزە سیاسییەش بە هۆی بوونی کەسانی خوێندەوار و رۆشنبیرەوە کە نرخی کار و داهێنەرێتی ئەویان زانیوە هەر لەسەرەتاوە دەرفەتی خۆ دەرخستن و مەیدانی چالاکی ئەدەبییان بە پانەوە بۆ رەخساندووە و زەمینە و کەشێکیان بۆ ساز کردووە کە شاعیری داهێنەری کورد بتوانێ بە باشترین شێوە لەگەڵ بەردەنگانی لە پێوەندی دابێ و بتوانێ دەقەکانی خۆی لە رێگای کاناڵی راگەیاندنی ئەو هێزەوە بگەیەنێتە دەست خوێنەر و بەردەنگانی خۆی. لە لایەکی دیکەوە رێبەرایەتی ئەو هێزە توانا و مرخی ئەویان بە باشی ناسیوە و وەکی خۆی لەو بیرەوەریانە دا دەنووسێ لە کاتە هەستیارەکان دا ئاگایان لێی بووە.

بۆ وێنە دەگێڕێتەوە کە لەوپەڕی ناسکی هەلی شۆڕش دا و لەکاتێک دا کە بۆمباران و هێرشی بەعس بۆ سەر پێشمەرگە پەرەی ستاندبوو، مام جەلال تاڵەبانی لە کۆبوونەوەیەک دا بڕیار دەدا ئیتر نابێ شێرکۆ لە چیا و لەناو شۆڕش دا بمێنێتەوە. کە لێی دەپرسن بۆ؟ لە وڵام دا دەڵێ: رێبەری سیاسی ساز دەبێتەوە بەڵام شاعیری وەک شێرکۆمان دەست ناکەوێتەوە.

پاش ئەو بڕیارە، شێرکۆ ئەو چالاکی و تۆڕە پێوەندییە دەگێڕێتەوە کە یەکیەتی نیشتمانی بۆی ساز دەکا تا دەیگەیەنێتە ئیتالیا.

بەڵام سەفەری شاعیری داهێنەر بەوە کۆتایی نایە و لە درێژەی نووسینەکەی دا باس لەوە دەکا کە چۆن تەشکیلات و ئەندامانی ئەو تۆڕە پێوەندییە ئەو بوارەی بۆ ساز دەکەن لە کۆڕ و کۆبوونەوە ئەدەبییەکانی ئەورووپا دا دەرکەوێ و جار لەگەڵ جار جەغزی کاریگەری جیهانی ئەو زیاتر بێ. کۆی ئەو باسانەی لە ئیتالیا و سوێد و باقی وڵاتان دەیگێڕێتەوە سەلمێنەری ئەو راستییەن.

شتێکی سەرنج راکێش کە شێرکۆ لەو بیرەوەرییانە دا باسی دەکا جۆری هەڵس و کەوتی رەخنەگری کورد و بەردەنگی ئەورووپاییە لەگەڵ دەقەکانی ئەو.

شێرکۆ باسی ئەوە دەکا کە سی شێعرێکی وەردەگێڕدرێتە سەر زمانی ئینگلیزی و ئەو شێعرانە لە کۆڕەکانی ئەوێ دەخوێندرێنەوە و ئەویش کوردییەکەیان دەخوێنێتەوە. ئەو سەری لەوە سوڕماوە کە بەردەنگی ئەوێ بەو شێعرانە سەرسام بوون کەچی رەخنەگری کورد لەکوردستان هەر ئەو شێعرانەیان بەلاواز زانیوە و بە خراپ لەسەریان نووسیوە.

سەرەنجام حەولی بێ وچانی شێرکۆ بۆ نووسینی شێعری تازە وخوڵقاندنی فەزای نوێ و زمانی بە هێز و وێنەسازی بێ وێنەی ئەو لە شێعرد کەسایەتێکی مەزنی ئەدەبی لێ سازکرد کە جودا لە کوردستان لە هەموو جیهاندا ناسراو و شێعرەکانی بوونە سەردێڕی زۆر گۆڤار و رۆژنامەی جیهانی. لە سوێدیش بە وەرگرتنی خەڵاتی تۆخۆلێسکی هێندەی تر ناوی کەوتە سەر زار و زمانی ئەدیب و شاعیرانی جیهان.

لە ناو فارسەکانیش دا هەر لە دەیەی شەستی هەتاوییەوە دەقەکانی وەرگێڕدرابوون و لە گۆڤارەکانی دونیای سوخەن و ئەدەبستان و ئادینە و… بڵاو کرابوونەوە. بۆ یەکەمجار سەید عەلی ساڵحی شاعیری ناسراوی فارس بە نووسینی وتارێک بە ناوی” جیهان و شیوەنە ئەبەدییەکان” لە گۆڤاری دونیای سوخەن دا باسی گەورەیی شێرکۆ و کاریگەری لەسەر شاعیرانی جیهانی دەکا. پاش ئەو نووسینانە شێرکۆ بوو بە ناسراوترین شاعیری جیهان لای فارسەکان ودواتر سەید عەلی ساڵحی نازناوی” ئیمپڕاتووری شێعری جیهان”ی پێدا.

ئەو نازناوە گەورەیی و کاریگەری ئەو شاعیرە لە ئاستی جیهان دا نیشان دەدا و چون کەسێکی غەیرە کوردیش ئەو باسەی ورووژاندووە بۆ ناساندنی شوناسی ئەدەبی کورد لە ئاستی جیهانه دا گرینگە، ئەگەرچی هێندێک نووسەر بەو نازناوەیان بە گونجاو نەزانی وەک نازناێکی سیاسییەیان هێنایە ئەژمار و پێیان وابوو فڕی بەسەر ئەدەبیاتەوە نییە، کەچی ئەوە دەبێ لەبەرچاو بگرین ئەو زمانە زمانێکی ئەدەبی و خوازەییە و مەبەستە گەورەیی شاعیرێکە لە ئیقلیمی دەسەڵاتی زمان و ئەدەبیاتی جیهاندا و …
لە کۆتایی ئەو کورتە یادداشتە دا دەڵێم شێرکۆ بێکەس یەکێک لە کاریگەرترین شاعیرانی کورد کە ئاستی جیهان دا بوو. ئەو جیهانی مانا و فۆڕمی شێعری کوردی زەنگین کرد و ئاسۆکانی شێعری فراوانتر کردەوە.

  https://t.me/kurdishbookhouse

 هر نوع بازنشر این متن با ذکر منبع «خانه کتاب کُردی» مجاز است. 

درباره‌ی ماڵی کتێبی کوردی

همچنین ببینید

خوانش زن‌محورانه‌ی “دختران کوبانی: حکایتی از شورش، شهامت و عدالت‌خواهی”

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *