خانه / پێشنیاری ده‌سته‌ی نووسه‌ران / «فنۆمێنۆلۆژیای(- کات -) لە قەسیدەی» دەربەندی پەپوولە”ی شێرکۆ بێکەس‌دا

«فنۆمێنۆلۆژیای(- کات -) لە قەسیدەی» دەربەندی پەپوولە”ی شێرکۆ بێکەس‌دا

«فنۆمێنۆلۆژیای(- کات -) لە قەسیدەی» دەربەندی پەپوولە”ی شێرکۆ بێکەس‌دا

حەمەی کەریمی

[ تەنیا دازاین دەتوانێت مێژوو و – کات – درووست بکات] بۆیە دازاین بەشێک نییە لە – کات – بەڵکوو بۆ خۆی کاتە.
” مارتین هایدگەر “

۱

( سرووشت، مێژوو، شوێن- کات ) چوار چەمک و دیاردەی سەرەکی و بنیاتین لە شیعری شێرکۆ بێکەسدا، بە تایبەت بابەتی ” کات – شوێن ” لە قەسیدەی دەربەندەی پوولەدا ( وەکوو بابەتێکی گرنگ و دژوار لە باسی دیاردەناسیدا ) بابەتێکی سەنتراڵ و ناوەندە و کۆی مۆتیڤ و دیاردەکانی تر لە پەراوێزی ئەم دوو چەمکەدا( کات- شوێن ) دەقی شیعرەکە دەبنە پێشەوە.لە ئەدەبی داستانی مودێڕندا چەند نووسەر و ڕۆمانێکی تایبەت هەن کە بە شێوەیەکی تایبەت گرنگیان به پرس و بابەتی – کات- ” داوە، ( گەڕان بە دوای زەمەنی لە دەستچوو ی ” پرۆست ” ئۆلیس” ی جیمز جۆیس ، کێوی جادووی ” تۆماس مان ” خانمی دالووی ” ویرجینیا ووڵف ) چوار نموونەی بەرزی ئەدەبی جیهانین کە.پرسی ” کات ” لەم چوار ڕۆمانەدا ناوەرۆکی سانتراڵی هەیە. لە دونیای شیعری مودێڕندا کەم شاعیرمان هەیە ئەوەندەی شێرکۆ بێکەس گرنگی بە پرسی ( – کات – شوێن -) دابێت ، شێرکۆ وەکوو شاعیرێکی فەرالۆکاڵیی و یۆنیڤێرساڵ کە زووتر لە هاونەسڵەکانی خۆی زمان و شێوازی تایبەت بە خۆی دۆزییەوە) لە تریفەی هەڵبەستەوە تا کۆتا بەرهەمەکانی، بەردەوام بووە بە کارکردن بەم چوار چەمکە، دیارە من لێره بە تەنیا باسی فینۆمنۆلۆژیای – کات – دەکەم و کۆی باسەکەم کە باسێکی فەلسەفی- ئەەبییە بۆ ئەم بابەتە تەرخان دەکەم، ئەویش بە دوو هۆکار، یەکەم ئەوەی کە هەر یەک لەم دیاردە و چەمکانە لە بەستێنی فەلسەفە و ئەدەبیاتدا بابەتێکی سەربەخۆیە و دەکرێ بە شێوەیەکی ورد و فەلسەفی ئاوڕی لێ بدرێتەوە، دواتر ئاوڕدانەوە لە هەر یەک لەم بابەتانە باس و لێدوانێکی زۆرتر و زیاتری دەوێ کە بۆ ئێرە ناگونجێت.

۲

لە فەلسەفەی مودێڕندا، فێنۆمنۆلۆژی – کات – (زەمان) لە دوو ڕوانگەی جیاوازەوە کەوتۆتە بەر باس. دیارە هەر کام لەم ڕوانگانە سەر بە پارادێمێکی فەلسەفی جیاوازیشە. ڕوانگەیەکی ئەزموونگەرایانەی ئوبژەکتیف سەر بە پارادیمی فەلسەفەی پۆزیتیۆیستی و ئەزموونگەراکان کە پێیان وایە ” کات ” بوونێکی ئۆبژەکتیڤ و عەینی هەیە و لە دەرەوەی مرۆڤە و هیچ پێوەندییەکی بە بەرداشتی زەینی مرۆڤەوە نییە.

ڕوانگەیەکی دیاردەناسانە و ئۆنتۆلۆلۆژیکی سەر بە پارادیمی فەلسەفەی فینۆمینۆلۆژیانەی ” ئەدمۆند هوسرڵ ” و فەلسەفەی ئۆنتۆلۆژیکیانەی ” مارتین هایدەگەر ”

ڕوانگەی پۆزیتیویستی و ئەزموونگەراکان سەبارەت بە – کات – پێناسەکردنی – کات – ە وەکوو بوونێکی ئوبژەکتیڤ و عەینی و هیچ پێوەندییەکی بە بەرداشتی زەینی مرۆڤەوە نییە. دیارە پۆزیتیویستەکان بۆ ئەم ڕوانگە و پێناسەیەی – کات – هەندێک بەڵگە دەهێننەوە بەوەی کە گریمان چەند مڕۆڤێک تەنانەت هیچ دەرکێکیان لە ” کات ” نییە و بیر بە زەمان ناکەنەوە، دیسان ئەم مڕۆڤانە دەکەونە ناو جەریانی کات و لە گەڵ پیربوونی خۆیان و ئەوانی تردا، لە گەڵ هەڵاتن و ئاوابوونی ڕۆژ و دیسان لە گەڵ ڕزیوی و کۆن بوونی شتەکان ڕووبەڕوو دەبنەوە. لەولاتر ڕوانگەی دیاردەناسانەی هوسرڵ سەبارەت بە – کات – شتێکی ترە و هوسڕڵ پێی وایە مرۆڤ بە ئاگایی لە ” زەمان ” و هاوکات بیرکردنەوە لە ئاگایی لە -کات – بوونی خۆی وەکوو مرۆڤێکی هوشیار و ئاگا دەچەسپێنێت.

لە ڕوانگەی ” هوسڕڵ ” ەوە ” کات ” گرنگترین و دژوارترین بابەتە لە باسی دیاردەناسیدا، چونکە ئاگایی دەروونی مرۆڤ سەبارەت بە ” زەمان ” تەواوی ئەزموونە مومکینەکانی مرۆڤ دەگرێتەوە، دیارە ئەدمۆند هوسڕڵ بە شێوەیەکی دیاردەناسانە دەڕوانێت بۆ پرسی ” کات ” و تەواوی پێناسە و بەرداشتگەلی پۆزیتیویستی و ئەزموونگەراکان کە پێیان وابوو ” زەمان ” بوونی عەینی و ئوبژەکتیڤی هەیە و جەریانی – کات – دەکەوێتە دەرەوەی مرۆڤ و هیچ پێوەندییەکی بە بەرداشتی زەینی مرۆڤەوە نییە، ڕەفز دەکاتەوە.

۳

باسی ئۆنتۆلۆژیکیانەی هایدەگەر لە دیاردەی ” کات ” لە گەڵ تەواوی پێناسە و بەرداشتگەلی باو له پرسی ” کات ” جیاوازە، هایدەگەر کاتێک باس لە ” دازاینی زەمانمەند و زەمان بوونی دازاین” دەکات بەشێوەیەکی بوونناسانە باس لەم دیاردەیە دەکات، هایدەگەر بۆچوون و ڕوانگەی ئەرەستوویی لە ” کات ” ڕەفز دەکاتەوە و هاوکات پێناسەی متافیزیکیانەی ” کات ” بە مانا یەزدانشناسی و ئیلاهیاتیەکەیشی ڕەفز دەکاتەوە، هەروەها لە گەڵ – کات- بە مانای سووژەی دیکارتی و پێناسە و بۆچوونەکانی ” کانت ” یش سەبارەت بە ( کات – شوێن ) کە لە سەر بنەمای دیکارت باوەڕانەی کانت بنیات نرابوو، دژایەتی خۆی ئاشکرا دەکات، ئەگەر چی هایدەگەر دواتر لە ” بنەمای متافیزیکی مەنتق “دا باس لە ” ئاگایی زەمانمەند ” ی هوسڕڵ دەکا و لە گەڵ هوسڕل( لە ڕەتکردنەوەی مەوجوودیەتی ئۆبژەکتیڤی زەمان ) یەکانگیر دەبێ و دەڵێت، ئەو پێناسەیەی هوسڕڵ لە – کات – پێناسەیەکی ڕەسەن و تەواوە، بەڵام دیسانەوە ڕەخنە لە هوسڕڵیش دەگرێت بەوەی کە بۆچوونی هوسڕڵ لە دیاردەناسیی – کات – شوێنکەوتەی دەیتای زانستیی و دەروونناسانەیە.

۴

بە هەر حاڵ ئەوەی کە گرنگ و جێی سەرنجە ڕوانین و ڕوانگەی شێرکۆ بێکەسە سەبارەت بە پرس و بابەتی – کات – لە کۆی شیعرەکانیدا بە گشتیی و بەتایبەتی له قەسیدەی ” دەربەندی پەپوولە ” دا. شێرکۆ بێکەس لە کۆی تێکستەکانیدا زیاتر بە ڕوانگەی پۆزیتیویستی کاری بە ” زەمەن ” کردووە و کەمتر بە شێوەیەکی دیاردەناسانە و ئۆنتۆلۆژیک سەیری زەمەنی کردووە بەڵام لە قەسیدەی دەربەندا بە پێچەوانەوە شێرکۆ بە ڕوانگەی دیاردەناسانە و ئۆنتۆلۆژیک لە گەڵ پرسی (- کات- شوێن ) دا هەڵسووکەوتی کردووە، ئەگەر چی لە هەندێ شوێنی کەمدا ( وەکوو گێڕانەوەی کارەسات و تراژیدیای کوشتنی سرووشت و هەموو شتەکانی نیشتمان) گەڕاوەتەوە بۆ هەمان ڕوانگەی پۆزیتیویستی و ئەزموونگەراکان.
سەرەتای نیسان بوو، ژنێکی لادێی
گوندەکەی بە گڕ و کڵپەوە خستبووە ناو دڵی و ڕای ئەکرد
وەکوو دار، وەکوو بەرد، وەکوو ئاو
شێت بوو بوو.
دووکەڵ دووکەڵ دووکەڵ
ڕەنگە خوا سووتابێ و ئەم هەموو دووکەڵە لەو هەڵسێ!
ڕای ئەکرد وای ئەوت. ..
ئەی دووکەڵی بەژنی دایکم …….
بەڵام بە زۆری و لە زۆر شوێنی تردا بەرانبەر بە پرس و بابەتی ( کات ) ڕوانگەیەکی بوونناسانە و فینۆمینۆلۆژیانەی هەیە.
ئەی گیانی گیان!
گۆمێ شێت بوو وەختێ لە مانگیان دابڕی.
مانگیش شێت بوو وەختێ لە هەوریان دابڕی.
هەوریش شێت بوو وەختێ لە شاخیان دابڕی.
شاخیش شێت بوو وەختێ لە بەفریان دابڕی.
بەفریش شێت بوو وەختێ لە عەردیان دابڕی.
عەردیش شێت بوو وەختێ لە خەڵکیان دابڕی.

یان ئەوەی کە شاعیر وەکوو مرۆڤێکی زەمانمەند بە شێوەیەکی دەروونی ئاگا دەبێتەوە لە زەمان و تەواوی ئەزموونە مومکینەکانی غوربەت و مەنفای مودێڕنی خۆی لە گەڵ حەزرەتی غەریبان شاعیری مەنفای کورد ” نالی ” شەیر دەکات و هەموو کارەسات و شکەست و تراژیدییەکانی بۆ دەگێڕێتەوە، جۆری غۆربەت و مەنفای خۆی و مێژووی بۆ دەگێڕێتەوە.
[ لە ژووری زەردباوی خەماندا / جڤینی غەریبان ئەم شەوە
لە بەردەم شای کۆچ و پیرەکەی موغانی شاخاندا!
جڤینی گوڵاڵە و خۆڵەمێش/ جڤینی ئاو و ئاگر.
جڤینی تیشک و تەم / جڤینی فرمێسک و نیشتمان ئەم شەوە. پێ دەشتی زیوینی ڕۆح شوێنە و کات له ژێر ڕکێڤی عەشقایە و
چاوی خوا مەشخەڵی ئاسمانی ئەم شەوە.
من کە چووم بە نیازم لە گەڵ خۆم لە سنگما
ڕۆژنامەی ڕەشەبای خوێناویی دوو سەدەی کێوانی بۆ بەرم

یادداشتی دووکەڵی زامانی دوو سەدەی پێدەشت و بناری بۆ بە نیازم ئەلبۆمی ڕەنگینی ئازار و ژان و سوێی قرچان وسووتان وزریکەی ئاو، گڵ، دار، بەرد، شار، گوند، ئاژەڵ و باڵدار و بێ باڵی بۆ بەرم! بە نیازم وەختێ چووم لە گەڵ خۆم لە چاوما بە تایبەت ئاسمانی خنکاوی هەڵەبجەی بۆ بەرم.

بەڵێنە هەر ئەم شەو دەرەنگان له کەنار ئەو گۆمە غەمگینەی تەنیشتمان دوو قۆڵیی یەکتریی بینین !
ئەم شەو من نالی حەزرەتی غەریبان ئەبینم.
ئەو شەوە لە گزنگ موتوربە کراوە ئەبینم.
ئەو کێوە کۆچەرە ئەبینم. ]

دەربەندی پەپوولە ۲۰۰۰ سلێمانی

  https://t.me/kurdishbookhouse

 هر نوع بازنشر این متن با ذکر منبع «خانه کتاب کُردی» مجاز است. 

درباره‌ی ماڵی کتێبی کوردی

همچنین ببینید

خوانش زن‌محورانه‌ی “دختران کوبانی: حکایتی از شورش، شهامت و عدالت‌خواهی”

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *