وەرگێڕانی کوردی کتێبی کچانی کۆبانی چاپ و بڵاو کرایەوە
کتێبی «کچانی کۆبانی، چیرۆکی خەبات، ئازایەتی و دادپەروەری»(the daughter’s of kobani: a story of rebellion, courage, and justice) بە قەڵەمی نووسەری ئەمریکی «گەیل تێسماخ لێمۆن» و بە دەستی دوکتۆر ئیبراهیم هوشیار وەرگێڕان کرایە سەر زمانی کوردی سۆرانی و چاپی دووهەمی ئەم کتێبە مانگی گەلاوێژی ئەمساڵ لە لایەن چاپەمەنی زانکۆ لە شاری بۆکان چاپ و بڵاوکرایەوە.
ناساندنی نووسەر:
گەیل تێسماخ لێمۆن لەدایکبووی ٧ی ئەیلوولی ١٩٧٣ لە ئەمریکا، نووسەرێکە کە لەسەر ڕۆڵی ژنان و کچان لە سیاسەتی دەرەوەدا نووسیویەتی. ئەم نووسەرە لە خێزانێکی جولەکە لەدایک بووە، کچی باوکێکی عێراقییە، خێزانی باوکی خەڵکی عێراق و بەشێکن لە کوردستانی عێراق. باوکی لە بەغدا لەدایکبووە بەڵام بەهۆی ئایینەکەیەوە ناچار بووە وڵات بەجێبهێڵێت. لێمۆن بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە بەشی ڕۆژنامەگەری لە زانکۆی میزۆری وەرگرتووە. لە ساڵی ۱۹۹۷ تا ۲۰۰۴ لە یەکەی سیاسی کەناڵی ABC News کاری کردووە و لەوێدا ڕووماڵی سیاسەتی سەرۆکایەتی و پرسەکانی سیاسەتی گشتی کردووە. ناوبراو لە ساڵی ٢٠٠٤ دەستی کرد بە خوێندن بۆ بڕوانامەی MBA لە زانکۆی هارڤارد. لە ماوەی خوێندنیدا دەستیکرد بە نووسین لەسەر کارگێڕی ژنان لە ناوچەکانی ململانێ و دوای ململانێ و گەشتێکی بۆ ڕواندا و ئەفغانستان کرد. لیمۆن دوای دوو ساڵ بە بڕوانامەی MBA دەرچوو و خەڵاتی ڕاگری HBS ی لە ساڵی ٢٠٠٦ وەرگرت.
لێمۆن وەک هاوڕێیەکی باڵا لە پرۆگرامی ژنان و سیاسەتی دەرەوە لەگەڵ ئەنجومەنی پەیوەندییەکانی دەرەوە کاردەکات. ناوبراو دەرچووی زانکۆی میزۆری ئەمریکا و قوتابخانەی بازرگانی هارڤاردە. چالاکییەکانی لێمۆن بابەتگەلێکی جۆراوجۆری وەک کارگێڕی ژنان، ژنان لە سەربازی، هاوسەرگیری زۆرەملێ و منداڵ، سوریا و ئەفغانستانی گرتووەتەوە. هەروەها وەک ئەندامی دەستەی کارگێڕی فەیلەقی میهرەبانی و سەنتەری نێودەوڵەتی بۆ توێژینەوەی ژنان، هەروەها وەک ئەندامی لێژنەی بریتۆن وۆدز کاری کردووە. ناوبراو زمانی ئیسپانی، ئەڵمانی، فەرەنسیش دەزانێت.
ناساندنی وەرگێڕ:
دوکتۆر ئیبراهیم هوشیار ساڵی ١٣٥١ی هەتاوی لە گوندی ” خانکەندی ” سەر بە شاری مەهاباد لە دایک بووە. سەرەتای خوێندنی هەر لەو دێیە بووە و ناوەندی و دوا ناوەندیی لە شاری بۆکان تەواو کردووە. ساڵی ١٣٧٠ لە زانکۆی پەروەردەی ڕەزایە وەرگیراوە. پاش تەواوبوونی خوێندن، لە قوتابخانەکان دەستی بە مامۆستایی کردووە کە سەرەتای لە شاری شنۆ بووە. پاشان تاکوو دەورانی خانە نشینی لە قوتابخانەکانی ناوەندی و دوا ناوەندی وانەی گوتۆتەوە. ساڵی ١٣٨٤ بڕوانامەی ماستەری لە بەشی زانستە سیاسییەکان لە تاران تەواو کردووە و ساڵی ١٤٠٠ لە زانکۆی ئازادی تەورێز دوکتورای لە بەشی کۆمەڵناسی سیاسی وەرگرتووە. ناوبراو لە گۆڤارە جۆراوجۆرەکان نووسراوەی هەیە و دوو وتاری سەبارەت بە ” ئازادی” و ” ئایین” لە گۆڤارە زانستەکان بڵاو بۆتەوە.
دوکتۆر ئیبراهیم هوشیار لە وەڵامی ئەم پرسیارە کە بۆچی ئەم کتێبەتان هەڵبژارد بۆ وەرگێڕان، گوتی:
لە بنەڕەتدا باوەڕم بەوەیە کۆمەڵگای هیچ وڵاتێک و بەتایبەت ئێمە سەرناکەون تا ئەو کاتەی ژنان خەباتی زانستی و بیرمەندانە بە پێویست نەزانن. با کچان و ژنانی وڵاتەکەمان بە خوێندنەوەی ئەم کتێبە وشە گەلێکی وەک “ناتوانم “، ” ناکرێ” ، ” ناهێڵن” و… لە فەرهەنگی مێشکیان دا بسڕنەوە. پیاوان و ژنانی ڕووناکبیر و زانا دەتوانن بە سەر زۆر بەربەست و هەوراز دا سەرکەون، هەر وەک چۆن کچانی کۆبانی سەرکەوتن.
دەربارەی کتێبەکە:
کتێبی کچانی کۆبانی گێڕانەوەی چیرۆکی ئازایەتی و تێکۆشانی ئەم مرۆڤانەن کە بۆ ژیانێکی نوێ خەبات دەکەن. ژیانی ئەم مرۆڤانەی، کە لە لایەکەوە داب و نەریتی کۆن بەرۆکی پێگرتوون و لە لایەی دیکەوە ئایدۆلۆژیایەکی بەرتەسکی ئایینی وەک « داعیش » دەرفەتی پێشکەوتن و ژیانێکی ئاساییان لێدەستێنێ.
لە سەدەی بیست و یەکدا کچانی وەک “ڕۆژدا” پێشی تۆپێنی لێدەگرن. ” نەورۆز” چارەنووسی دایکی خۆی لەبەر چاوە ، دەیان ساڵە ماندوویە، کەچی لانیکەم ژیانێکی ئاسای بۆ دابین نەکراوە. “زنارین ” بنەماڵەکەی پێشی چوونە قوتابخانەی لێدەگرن و بە پێی داب و نەریتی کۆنەپەرستانە ناهێڵن مێرد بەو کەسە بکات خۆشی دەوێت.
ئەوانە و زۆر کچ و ژنی سەر کوت کراوی دیکە ش ، وەشوێن “عەزیمە” دەکەون کە دەیانهەوێ، دژی دواکەوتوویی و دوژمنێکی نگریسی وەک « داعیش» شەڕ بکەن.
لە کۆتاییدا ئەم کچانە بە تێکۆشانێکی لە ڕادەبەدەر بە سەر بیری دواکەوتوویی کۆمەڵگا و داعیش دا سەر دەکەون.
لە سەرەتای کتێبەکەوە و لەلایەن وەرگێڕەوە کتێبە بەم شێوەیە پێشکەش کراوە:
پێشکەش بە ڕۆحی گەورەی دایکم کە وەک کچانی کۆبانی ماندوو نەناس و تێگەیشتوو بوو. دایکێک دەیان ساڵ دژی داب و ئایینی دواکەوتوویی خەباتی کرد. دایکێک لە سەردەمی پیریدا خۆی فێری نووسین و خوێندنەوە کرد. دایکێک دەیان ساڵ هەوڵیدا بێ بابمان، پێمان بگەیەنێ و تێگەیشتویی لە مێشکماندا جێ کاتەوە. دایکێک کە دەیگوت: تاکوو ژن تێ نەگا، کۆمەڵگا پێ ناگا. پێم وایە چارەنوسی کچانی کۆبانی وەک بیر و مێشکی ئەو نەسرەوتوون.
پێشەکی چاپی دووهەمی ئەم کتێبە:
وێڕای سپاس و پێزانین لە هەموو ئەو کەسانەی بۆ وەرگێڕانی ئەم کتێبە هانیان دام. ئێستا بە پێشوازی و داوای جەماوەر، چاپی دووهەم هاتە ناو کتێبخانەی کوردییەوە. بەڵام پێویستە شەرمەزاریی خۆم بۆ هەڵەکانی چاپی یەکەم ڕاگەیەنم. ئەگەرچی بەشی زۆری هەڵەکان کێشەی تکنیکی و بەهۆی ئاڵوگۆڕی پی دی ئێف و وۆڕد بوو. بەشێکیش متمانەی لەڕادەبەدەری خۆم بە … و پەلەکردن بۆ چاپ بوو. هەوڵمان داوە هەڵە و کێشەکان کەم بێتەوە. بەو هیوایە بەدڵتان بێت. بە گەورەیی خۆتان لە هەڵەکانمان خۆش بن.
لە بەرگی پشتی کتێبەکە ئەم تێکستە نووسراوە:
لە ساڵی ۲۰۱۴دا کەس پێی وانەبوو کە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوورییە، شۆڕشێک لەسەر بناغەی مافی ژنان هاتۆتە ئاراوە، بەڵام لەو ساڵەدا شاری بچووکی کۆبانی یان عەینولعەڕەب کە کەم کەس نێوەکەیان بیستبوو، گرووپێک لە ژنانی شەڕڤان هەستاونەتە سەر پێ و لە بەرانبەر داعیش ڕاوەستاون.
کتێبی کچانی کۆبانی تۆمارکردنی وردبینانەی ئەو ڕووداوانەن کە چەند ساڵێکە بۆ ژنانی چەکداری کورد ڕووی داوە نووسراونەتەوە. کتێبەکە ئەو کچانە بە باشترین هیوای مرۆڤ بۆ تێکشکاندنی داعیش لە سوورییە دەناسێنێت. گەیل تێسماخ لێمۆن ئەم کتێبە پڕفرۆشەی بە تەرخانکردنی سەدان کاتژمێر نووسیوە تاکوو ژیانێکمان پێ بناسێت کە لە هێڵی پێشەوە، شەڕیان کردووە بۆ ئەوەی دەسەڵاتی مەترسیداری داعیش لەجێی خۆی دانیشێنن. زیاتر لەوە بیسەلمێنێ کە ژنانیش دەتوانن ڕێبەرایەتی شەڕ وەئەستۆوە بگرن و بەو هۆیە دەبێ مافی دادپەروەری لەگەڵ پیاوان هەبێ. کردەوە دڕندەکانی داعیش بەتایبەت دژی ژنان تەواوی دونیای تووشی سەرسووڕمان کردووە، بەڵام ئەم ژنانە توانیان بە بەرخۆدانی خۆیان داخوازییەکانی ئەم گرووپە پووچەڵ کەنەوە و تا ڕادەیەکی زۆر سێبەری هەڕەشەیان لەسەر دونیا کەم کەنەوە. بۆیەش توانیان ڕێز و یارمەتی چەکداری بەرچاو لەلایەن هێزە چالاکییەکانی تایبەتی ئەمریکا وەدەست بێنن.
کتێبی کچانی کۆبانی ڕاپۆرتێکی ڕوون و ورد لەو شەڕانەیە، چیرۆکی ژنانێک بۆ خەڵکی دونیا دەگێڕێتەوە کە نەک تەنها لە گۆڕەپانی شەڕ داعیشیان تێک شکاند، بەڵکوو توانیان ژیانی ژنانی سووچێکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەولاتریش بگۆڕن.
ئەحمەد عەبدولحەکیمی
هر نوع بازنشر این متن با ذکر منبع «خانه کتاب کُردی» مجاز است.