فـەرهـەنـگی نـاو، ئـاوێنـەیـەکی تـرووسکـەدار
ســـەلاحــەددیـن ئـاشــتی
لەوەتی ئادەمیزاد بەرەبەرە هەستی بە پێویست بوونی ناونانی شوێن و زەمان و کۆمای ڕووەک و بوونەوەر و تێکڕای بابەتەکانی جیهان کردووە، بەپێی زانین و زانستی ڕۆژگار ناو وەکوو ماکەیەکی سەرەکی دەور دەگێڕێ.
لەم ڕەوتەدا مرۆڤ کەی زانیویەتی هەر مرۆڤێک دەبێ خاوەنی ناوێک بێ بۆ پێ ناسرانەوەی، تاکوو ئێستاش لێڵ و ناڕوونە، بەڵام وەکوو دیارە ناونان و دۆزینەوەی ناو، ئاڵوگۆڕێکی گرینگی لە بەستێنی ژیاندا پێکهێناوە.
بێگومان هەر بنەماڵە و بەرە و تیرە و تایفە و خێڵ و هۆز و گەل و نەتەوەیەک، بەپێی کەلتوور و کەلەپووری مێژینە و تازینە و تەنانەت ڕەچاوکردنی بەرژەوەندیی شوێن و سەردەم، پێی ناوەتە نێو بازنەی بەرینی ناونانی منداڵ و بەگوێرەی تێپەڕینی ڕۆژگار ناوی نێر و مێی لێک جیا کردوونەوە.
نەتەوەی کوردیش لە ڕەوتی ئەم ڕێبازەدا، بەپێی گۆڕانی دین و ڕێچکەدین و باوەڕ و کەلتوور و بە تێهێنانی دەسەڵاتی زاڵ بەسەر پارچەکانی کوردستاندا هەنگاوی هەڵێناوەتەوە و نەیتوانیوە لەو تێلوبەندەی بۆی ساز کراوە دەرباز بێ؛ ئێستاشی دەگەڵ بێ ئەم شێوازە، هەرێمی کوردستانی ئازادی لێ دەرکەی، کەموزۆر شێوەیەک هەستی نادڵنیایی وا دەکا بنەماڵەی بەپارێز بیر قرچۆک نەتوانێ بە دڵی خۆی و بێ هیچ تێبینییەک بۆ ئێستا و داهاتوو، ناو لە منداڵی بنێ، ئەوەیە کە مرۆڤی دووناوەکی لە کۆمەڵی کوردەواریدا گەلێک وەبەرچاو دێن، واتە بە پێناسەی تۆمارکراو ناوێک و وەکی دیکەش ناوێ! هەڵبەت ئاگادارین کە ئەم ڕەوتە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان تا ئەندازەیەک بەرەو کاڵبوونەوە دەچێ.
ناوی خۆش و جوان و ڕەوان و لەبەردڵان بێونەبێ ویست و دڵخوازی هەموو ئادەمیزادێکە، چونکە لە درێژخایەندا وەکوو بەشێک لە کەسایەتیی مرۆڤ دەخوێندرێتەوە و پێیەوە دەناسرێ و ڕەنگی پێوە دەگرێ. دۆزینەوەی ناوی دڵخواز، بە هەموو تێبینی و بۆچوونەکانەوە لەم ڕۆژگارەدا بۆتە کەڵکەڵەی دایکان و باوکان، بەتایبەت کە زۆر کەس ئێستا بەدوای ناوێکدا وێڵ و سەرگەردانن، نەک لە نێو بنەماڵە و خزم و کەس و گوند و کۆڵان و گەڕەکیاندا نەبێ، بەڵکوو لەوە دەگەڕێن شار و گوندی جێژیانیان، ئەو ناوەی لێ نەبێ! ئەم کارە هەر چەند پەرەی داوە بە دۆزینەوە و داهێنانی ناوی تازە، بەڵام شێوەیەک بێسەرەوبەرەیی و ماناداتاشینی هەڵە و کرچوکاڵ و ترازانی لە هەموو بارێکەوە لێکەوتۆتەوە. لام وایە بەشێکی بەرچاوی بنەماڵەکان، بێ بیر کردنەوە لە کەلتووری ڕەسەن و مێژووی پێوە ناسراومان، لەبری ڕوو کردنە ئەو خەزێنە دارماڵەی ناوی کوردی، پەنا بۆ ناوی دیکە دەبەن، بۆیە پێویستە شێوەیەک بەخوداچوونەوە و ڕاپەڕینی دەروونی چینی تازەپێگەیشتوو بگرێتەوە و بە فیگۆڕی بەرچاوبەرینی خۆیان نەخەڵەتێنن!
لە هەلومەرجێکی ئەوتۆدا کۆکردنەوە و نووسینەوەی فەرهەنگێکی قەبارەمەندی جێمتمانەی ناوی شیاو و باو لە نێو نەتەوەی کوردا وەک پێویستییەکی هەنووکەیی جێگای بەتاڵی دیار بوو. دۆستی خۆشەویستم کاک سەید نووح عینایەتی (نەبەز)، کە چەندین ساڵە وەک خەمخۆرێکی نیشتمان سەری بەم کارەوە ئێشاندووە و کۆمەڵێک سەرچاوەی پشکنیون و “فەرهەنگی ناو”ی بۆ کچان و کوڕان لە دوو بەرگدا ڕێکخستووە، جێگای دەسخۆشی لێکردن و بەپیرەوە چوونە.
ئەم فەرهەنگی ناوە، بەپێی نێوەرۆک هەتا ئێستا دەوڵەمەندترین سەرچاوەیە و بە سەرتۆپی تەواوی ئەو ناونامە و فەرهەنگانە دادەندرێ، کە تاکوو ئەمڕۆکە کۆکراونەوە و نووسراونەوە. کاکە ڕەزا شەجیعی، وەک لێزانێکی زمان، بە پێداچوونەوە و پێشەکی بۆ نووسین و چاپێکی جوان و ڕەنگین، ئەوەندەی دیکە نەخشاندوویەتی و هاوڕێی جوانەمەرگی کارجوانمان کاک ئاواتی حەکیمزادەش زۆر یاریدەری پێکەوەنانی کارەکەی داوە.
دڵنیام ڕێکخستنی فەرهەنگێکی ئەوتۆ، کارێکی پڕ گرێوگۆڵە و پرتەوبۆڵەی ئەم و ئەوی هەر بەدواوە دەبێ و ناکرێ بێ کەموکووڕیش بێ، بەڵام بەخوداپەڕموون و تەمەن بەختکردنی کاک سەید نووح لەم بەستێنەدا دەیباتە شانی ئەو کەسانەی خۆیان بە ڕێبواری ڕەوتی نەتەوەسازی دەزانن.
ئەم فەرهەنگە زەنگینە دەکرێ سەر بە هەموو ماڵێکی کوردستاندا بکا و سنوور نەناسێ و کێ چۆنی بۆ لوا خونچەی ناوی لێ بچنێتەوە و دڵی پێ خۆش بکا و ئۆخژنێک هەناوی بتەنێتەوە.
سەید نووح عینایەتی (نەبەز)
ڕێزدار عینایەتی سەبارەت بەم فەرهەنگە دەنووسێ:
“هەر لە سەردەمی مێرمنداڵیمەوە چاکم لە بیرە هەر کات منداڵێک لەدایک دەبوو، زۆر کەس سەریان لێ دەشێوا و دینەوەی ناوێکی شیاو بۆیان دەبوو بە گرفتێک و زۆرجار بە پەلەپەل ناوێکیان دەسنیشان دەکرد، بەبێ ئەوەی لە ماناکەی بگەن و پاشانیش تووشی پەشیمانی دەبوونەوە! کەم نین ئەو کەسانەی نامۆیی دەکەن لە ناو و مانای ناوی خۆیان و لێی ڕازی نین.
زۆرم لەو شتانە دەدیتن و لە زەینی خۆمدا بیرم لەوە دەکردەوە کە چەند خۆش دەبوو سەرچاوەیەک هەبایە پڕاوپڕ بێ لە ناوی جوان و پڕ مانا و هاوکات ئاوێنەیەک بێ لە کۆی باوەڕە مێژوویی و کەلتوورییەکانمان. هەر بۆ ئەم مەبەستە ناوم کۆ دەکردنەوە و دەمنووسینەوە و لە دەفتەراندا تۆمارم دەکردن و خولیام ئەوە بوو بتوانم قۆڵی لێ هەڵماڵم و بە شێوەیەکی زانستی و سیستماتیک ئەو کارە بە ئاکام بگەیەنم. لە ماوەی ئەم ساڵانەدا وێڕای پرسوجۆ و وەرگرتنی بیروڕای کەسایەتییەکان، ٨٢ سەرچاوەی باشم لە ناوچەی خۆمان و پارچەکانی تری کوردستان دۆزینەوە، بەم پێیە دەستم بە داڕشتنی کتێبێک کرد، کە ئێستا کەوتۆتە بەردەستتان.”
ڕەزا شهجیعی
هاوڕێی هێژام شەجیعی لە پێشەکیی بەرگی یەکەمدا نووسیویەتی:
“لە تۆمار کردنی ناوەکاندا هەوڵ دراوە بەپێی توانا هەموو شێوەزارەکانی زمانی کوردی لەبەرچاو بگیردرێت. هەروەها جیا لەوەی بۆ ناوی کچ و کوڕ کاری تایبەت کراوە، لە دووتوێی هەر دوو بەرگی ئەم فەرهەنگەدا ناوی هاوبەش دیاری کراون و ئەو ناوانە کە بەپێی کەلتوور و داب و نەریتی کۆمەڵایەتیمان تایبەتمەندیی ڕەگەزییان نییە و لە بەشە جۆربەجۆرەکانی کوردستاندا مامەڵەی جیاوازیان لەگەڵ کراوە.”
بەڕێز عینایەتی کە لە قەوارەی تێکۆشەرێکی گەشەی کەلتوور و زماندا ئەم ئەرکە قورس و گرانەی ڕاپەڕاندووە، خۆی لە هەر چەشنە خۆڕانان و هەراوهوریایەکی ڕووکەش و تیژتێپەڕی زەمانە پاراستووە و بە سینگی فرەوانەوە هاواری کردووە:
“بێگومان کەم وا هەیە کارێکی ئاوا بکرێ و کەموکووڕیی تێنەکەوێ، بەم پێیە ئەم کتێبەی منیش، کە بەرهەمی زەحمەتی چەندین ساڵەمە، دڵنیام بێ عەیب و ئیراد نییە و بە دڵێکی ئاواڵەوە ئامادەی بیستنی هەر چەشنە ڕەخنە و پێشنیارێکم. پێشەکی سپاسی ئەو ئازیزانە دەکەم، کە دەستم بگرن بۆ ڕاستکردنەوەی هەڵەکانم.”
بەش بە حاڵی خۆم، وەکوو کەسێکی کە سەرم بە کتێبانەوە دێشێنم، چاوم بەو بەرهەمە شازە ڕوون بۆتەوە و پێم وایە توانیویەتی کەلێنێکی دیار لە ژیانی وڵاتی کوردەواریدا پڕ بکاتەوە و بدرەوشێتەوە.
کارەکانی کاک سەید نووح دوو دەروازەی ژیان و مردنی لێ گرتووین:
بە چاپی “فەرهەنگی ناو” سەرپتەی ژیانی داگیرساندووە و بە بڵاوکردنەوەی چەندین جارەی کتێبی “کۆچ”، کە کۆمەڵێک هۆنراوەی خۆشی تێدایە و خۆی وەک شاعیرێک دایهێناون بۆ سەر کێلی مەزاران، ڕووکاری دنیای دوای نەمانیشی نەخشاندووە.
هیوادارم لەو ڕێبازەدا پتر شان بشەکێنێ و تێرتەمەن بێ و ببێتە خاوەن بەرهەمی پڕ بەر و سێبەری زیاتر.
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
سەرچاوە:
– فەرهەنگی ناو، سەید نووح عینایەتی (نەبەز)، پێداچوونەوە و پێشەکی: ڕەزا شەجیعی، بەراوردکردنەوە: عیسا موحەممەدی- نەهیە کەریمیان، چاپی یەکەم ١٤٠٢/ ٢٠٢٣، سەقز، ناوەندی بڵاوکردنەوەی گوتار.
– کۆچ، کۆمەڵەشێعر بۆ سەر کێلوبەردی کۆچکردووان، سەید نووح عینایەتی (نەبەز)، چاپی یەکەم ١٤٠٠/ ٢٠٢١، سەقز، ناوەندی بڵاوکردنەوەی گوتار.]
١٦/ ٨/ ١٤٠٣، مەهاباد