خانه / پێشنیاری ده‌سته‌ی نووسه‌ران / ئێوارە کۆڕەکەی مەریوان و خوێندنەوەیەکی ڕەخنەگرانەی کتێبی مۆنادۆلۆژیی دەق

ئێوارە کۆڕەکەی مەریوان و خوێندنەوەیەکی ڕەخنەگرانەی کتێبی مۆنادۆلۆژیی دەق

ئێوارە کۆڕەکەی مەریوان و خوێندنەوەیەکی ڕەخنەگرانەی کتێبی مۆنادۆلۆژیی دەق بەرهەمی ئەدەبی نوێی ” حەمەی کەریمی” 

 بە پێی ڕاپۆرتی پێگەی ھەواڵنێریی «ماڵی کتێبی کوردی»-چوارشەممە ١٤ی سەرماوەز، ٤ بۆ ٧ی ئێوارە، بە پێی ڕاگەیەندراوی پێشوو، ئێوارە کۆڕێکی ئەدەبی بۆ ڕەخنە و خوێندنەوەیەکی تر لە کتێبی ” مۆنادۆلۆژیی دەق” لە لایەن کومیتەی ئەدەبی ” ڕۆژەڤ ” و بە ئیسپانسەری ناوەندی زانستی ڕۆنان و ئیدارەی فەرهەنگ و ئێرشاد لە هۆڵی گشتیی مامۆستا قانێع بە بەشداری ( ڕەخنەگرانی ئەدەبی ، نووسەران ،شاعیران، خوێنەرانی چالاکی ئەدەبیات و هۆگرانی شیعر و ئەدەب ) بەڕێوە چوو، لەم کۆڕەدا بە پێی لیستی بەرنامەکان:

٭ لە دەسپێکی کۆڕەکەدا بەڕێوەبەری گشتیی کۆڕ کاک شەریف مورادی باس و خواسێکی ئەدەبی سەبارەت بە دامەزراندن و بەرنامە و ستراتیژی کومیتەی ڕۆژەڤ و دواتر تیشکی خستە سەر کتێبەکە و باسی هەندێک لە تایبەتمەندیی کتێبەکە و ئەو پێشنیارانەی کرد کە ئەم کتێبە لە بەیسێکی گشتیدا ئاراستەی ڕەخنەی ئەدەبی کوردی ڕەخنەگرانی ئەدەبی دەکات. دواتر بەڕێز عەلی دلاویز نوێنەری ناوەندی زانستی ڕۆنان باسێکی گشتی لە سەر چالاکییەکانی ناوەندی ڕۆنان و بەرنامەکانی کومیتەی ڕۆژەڤ پێشکەش کرد.

*۱- بەشی یەکەمی بەرنامەکە تەرخانکرا بۆ پانێلی ڕەخنە و خوێندنەوەی کتێبەکە، بە بەشداری نووسەران و ڕەخنەگرانی پانێل (د. محەمەد ڕەحیمیان ، تەوەری باسەکەی ( داڕشتنی مەعریفەی کوردی و خوێندنەوەی دەق، میتۆد و ناوەرۆک ) ڕەزا عەلی پوور، تەوەری باسەکەی ( زەروورەتی ڕەخنە و تیۆریی خۆجێی ) محەمەد موەفەقی تەوەری باسەکەی ( خەسارناسی ڕەوتی داکار و بەرەی چوار و هەڕشە و دەرفەتەکانی شیعری نوێی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ). ڕەئووف مەحموود پووریش وەکوو بەڕێوەبەری پانێل ) لە تایمێکی نزیک بە ۲ سەعاتدا باس و لێدوانی خۆیان لە سەر کتێبەکە برده پێشەوە. هەر یەک لە بەشداربوانی پانێل، له گۆشەنیگایەکی تایبەتەوە ئاوڕیان دایەوە لە کتێبەکە و بۆچوون و خوێندنەوەی ڕەخنەگرانەی خۆیان لە کتێبەکە باس کرد،

٭ د. ڕەحیمیان بە ئاوڕدانەوە لە تیۆر و بۆچوونەکانی میشیل فۆکۆ سەبارەت بە پرسی ئاگایی و چەمکی پاراستن و پەروەردەکردن و دواتر باسی تایبەتمەندیی و شێوازی نووسین و پێوەندیی نێوان بابەتەکان کرد، پاشان تیشکی خستە سەر دوو چەمکە، وەکوو مۆتیڤێک لە نێو کتێبەکەدا بەردەوام دووپات دەبێتەوە، یەکیان، دیالکتیکە و ئەویتریان جیاوازییە، کە نووسەر جەخت دەکاتەوە لە سەر چەمکی دیالکتیک و زۆر داکۆکیی دەکات لە سەر چەمکی دیالکتیک، بەو مانا نووسەر دڵەڕاوکێی ئەوەی هەیە کە ئێمە لە پێناو هونەر و دەقی ئەدەبی و هونەریی و تەنانەت لە پێناو هەر جۆرە بەستێکی کۆمەڵگای کوردیدا دەبێت بتوانین دیالکتیک بە مانا سوقراتیەکەی درووست بکەین دواتر باسی جیاوازیی وجیاوازبوون دەکات کە بۆ خۆی یەکێک لە بنەماکانی پلورالیزمە، بۆیە ئەم جەختکردنەی نووسەر لە سەر چەمکی جیاوازیی و جیاوازبوون ئەوە بە ئێمە دەڵێت، کە ئێمە دەبێ جیاواز بین و لە جیاوازییەکان تێبگەین و چاو لە جیاوازییەکان بکەین.

* پاشان شاعیر و نووسەر ڕەزا عەلی پوور لە گۆشەنیگایەکی جیاوازەوە باسەکەی خۆی بردە پێشەوە و ئاماژەی بە خەسارە گشتییەکانی ڕەخنەی ئەدەبی کوردی کرد و لە پاکێجێکدا باسی سێ کوچکەی(تیۆریی ئەدەبی، ڕەخنەی ئەدەبی، دەقی ئەدەبی کرد، و کتێبەکەی بەم جۆرە هەڵسەنگاند کە دەیەوێت پێوەندییەک ساز بکات لە نێوان ڕەخنەی ئەدەبی و تیۆریی ئەدەبی و ئەو دەقە ئەدەبییانەی وەکوو داکار و شیعری بەرەی چوار کە لە کتێبەکەدا باس کراوە بکێشێتە نێو بەیسەکانی تر. بۆیە لە کۆی باس و یادداشتەکاندا ئەو بەشەی کە نووسەر لە پێوەندیی لە گەڵ تێۆرییەکاندا بە خێرایی ئاوڕی لێ داوەتەوە بەلای منەوە زەروورەتی نەبوو، بەڵکوو لە کۆی باسەکاندا ئەوەی کە بە لای منەوە لە نێو ئەم کتێبەدا گرنگ بوو ، ئاوڕدانەوەیەک بوو لەو دەقانە کە بە شێوەیەکی پراکتیکی لە کوردستاندا هەبووە، یان ئەو ڕەوتە ئەدەبی و جەریانە شیعرییانەی کە لە کوردستاندا هەبووە، دواتر ناوبراو باسی ڕەخنەی داهێنەرانە کرد و ئاوڕی دایەوە لە بۆچوونێکی دلۆز سەبارەت بە ناقودسیەتی چەمکەکان و ئەوەی کە چەمکەکان وەکوو باکسێکی کەرستەییە و گرنگ ئەوەیە کە ڕەخنەگر بەو کۆمەڵە چەمکانە بتوانێت دەقێکی ئەدەبی پێ بخوێنێتەوە، بۆیە گرنگ ئەوەیە ڕەخنەی ئەدەبی بتوانێت ئەو کۆمەڵە چەمکانە بە کار بێنێت بۆ دەقی ئەدەبی و ئێمە ناچارین لە تێورییە جیهانییەکان کەڵک وەربگرین بۆ ئەوەی ئەدەبیاتی خۆمانی پێ بخوێنینەوە، وەک چۆن ئادۆڕنۆ لە گەڵ چەمکی مۆنادۆلۆژی ئەو کارەی کرد و بەرهەمی هونەری پێ خوێندنەوە.

* بەشێکی تر لە باسەکان لە لایەن کاک محەمەد موەفەقی شاعیر و ڕەخنەگر سەبارەت بە کتێبەکە هاتە ئاراوە، بەڕێز موەفەقی زیاتر باسی لە فۆرمی کتێبەکە کرد و بە ئاماژە پێدان بە پۆلێبنەبندییەکانی بابەتی نووسین بۆ چوار ژانری سەرەکی ، کتێبەکەی وەکوو پێکهاتەیەک لە چەند یادداشت خەمڵاند و هاوکات باسی لە پۆلێنبەندیی گشتیی ڕەخنەی ئەدەبی و جۆرەکانی ڕەخنەی ئەدەبی و ڕوانین بۆ جیهانی دەق لە دەوەی دەق و ناوەوەی دەق و هاوکات تایبەتمەندیی کتێبەکە و شێوازی ڕووبەووبوونەوەی نووسەر لە گەڵ جیهانی دەق و ڕەخنەی نەبوونی ڕەخنە و بوێری و جەسارەتەکانی نووسەر لە کارکردن بەم مێتۆدە لە ڕەخنەگرتن کە بە هۆی خێراییەکانی جیهان مودێڕن و خێرایی مڕۆڤی مودێڕنەوە وایکردووە کە زیاتر دەقەکان وەکوو دەقی ئورژانسی دەربکەون، دواتر ناوبراو ئاوڕی دایەوە لە تایبەتمەندیی و پارمێترەکان و هاوکات خەسارەکانی شیعری بەرەی چوار و ڕەوتی داکار.

۲- بەشی دووەمی کۆڕەکە کە تایبەت بوو به مێزی گفتگۆی نێوان نووسەری کتێبەکە و بەشداربوانی کۆڕەکە،بە بەشداری ( کاک عادڵ محەمەدپوور و کاک دانا مەنووچیهری و حەمەی کەریمی نووسەری کتێبی مۆنادۆلۆژی دەق و د. محەمەد ئاشنا ) بەڕێوە چوو. لەم بەشەی بەرنامەکەدا، د. محەمەد ئاشنا بە شێوەیەکی گشتیی ئاوڕی دایەوە لە کتێبی ” مۆنادۆلۆژی دەق ” و باسی تایبەتمەندیی و خەسارەکانی ئەم کتێبەی کرد.

دواتر کاک ” عادڵ محەمەد پوور” نووسەر و ڕەخنەگری ئەدەبی باسی لە جیاوازییەکانی نێوان بەرهەم و دەق و هاوکات ئاماژەی بە سیستەمی نیشانە ناسی و سیستەمی دال و مەدلوول و هاوکات جیاوازیی نێوان دانەر و داهێنەر کرد و ڕەخنە و بۆچوونەکانی خۆی لە بەشێک لە کتێبەکە ئاراستەی بەشداربوان کرد، لە بەشی دووەمی بەرنامەکەدا کاک ” مەنووچێهری ” شاعیری هاوچەرخ ئاوڕی دایەوە لە بەشی دووەمی کتێبەکە و پەرژایە سەر ڕەوتی داکار و شیعری بەرەی چوار و سەرەتای درووستبوونی ئەو ڕەوتە شیعرییانە، بە تایبەت ڕەوتی چواری شیعری ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئاماژەی بە یەکەم پێشنیاردەری شیعری جیاواز و خەسارەکانی ڕەوتی داکار کرد و دواتر ڕەخنەی لە شێوازی نووسینی بابەتی کتێبەکە گرت، لە هەمانکاتدا کتێبەکەیشی وەکوو کتێبێکی چەند ژانری خەمڵاند و نموونەی لە چەند وتاری ئەم دواییانەی ژیژەگ هێنایەوە.
دواتر چەند کەس لە شاعیران و چالاکانی شیعر و ئەدەبیات ، بەڕێز ( کاک سابیر عەزیزی، کاک یادگار روزبه، کاک جەلال و کاک پێشەوا خالیدی ) بە ورووژاندنی چەند پرسیاری تایبەت ڕەخنە و بۆچوونەکانیان ئاراستەی بەشداربوانی پانێلەکان و نووسەر کرد.


لە کۆتایی بەرنامەکەدا، لە لایەن ناوەندی زانستی- کولتووریی ڕۆنانەوە ڕێز گیرا لە بەشداربوانی پانێلەکان و بەڕێوەبەرانی کۆڕەکە.
کۆتا باس، حەمەی کەریمی نووسەری کتێبی ” مۆنادۆلۆژی دەق ” بە هۆی کۆتایی تایمی گشتیی کۆڕەکەوە بە کورتی سپاسی تایبەتی خۆی بۆ میوانەکان و تەواوی بەشداربوانی کۆڕەکە و ڕەخنەگرانی کۆڕ و نووسەران و شاعیران و خوێنەرانی چالاکی شیعر و ئەدەبیات کە بەشداری چالاکی کۆڕەکە بوون دەربڕی و بە شێوەیەکی کورت وڵامی هەندێک لە پرسیار و ڕەخنەکانی دایەوە،
ئاماژە: بە هۆی تەواوبوونی تایمی بەرنامەوە، حەمەی کەریمی نووسەری کتێبی مۆنادۆلۆژی دەق دواتر و بە شێوەیەکی تایبەت و لە فایلێکی تایبەدا و بە شێوەی دەنگ وڵامی پرسیارەکان دەداتەوە. و لە کاناڵی تێلگرامی ” ڕۆژەڤ ” دادەنرێت و دۆستان دەتوانن لەوێ گوێبیستی وڵامەکان بن.
نووسەری کتێبی مۆنادۆلۆژی دەق، سپاسی تایبەتی خۆی ئاراستەی ئەو هاوڕێیانەی دەکات کە لە دەرهێنان و چاپکردنی ئەو کتێبەدا ڕۆڵی گرنگیان هەبووە.

  https://t.me/kurdishbookhouse

 هر نوع بازنشر این متن با ذکر منبع «خانه کتاب کُردی» مجاز است.

درباره‌ی ماڵی کتێبی کوردی

همچنین ببینید

ناساندنی کتێبی «دابلینییەکان» بەرهەمی جەیمز جۆیس

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *