خانه / پێشنیاری ده‌سته‌ی نووسه‌ران / فەتاحی ئەمیری لە گێڕانەوەی ریاڵەوە تا خوڵقاندنی کەشی جادوویی

فەتاحی ئەمیری لە گێڕانەوەی ریاڵەوە تا خوڵقاندنی کەشی جادوویی

فەتاحی ئەمیری لە گێڕانەوەی ریاڵەوە تا خوڵقاندنی کەشی جادوویی

یوونس ڕەزایی

“فەتاح ئەمیری” رۆمان نووسێکی بە توانای رۆژهەڵاتی کوردستانە. لە یەکەم کەسەکانە کە لە رۆژهەڵاتی کوردستان ئاوڕی لە ئەدەبی داستانی داوەتەوە و پاش رۆمانی “پێشمەرگە”ی “رەحیمی سەیفی قازی” ئەو یەکەم کەسە کە رۆمانی بە زمانی کوردی لە رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاو کردووەتەوە.

ئەو نووسەرە ساڵی ١٣٢٥ی ھەتاوی لە ئاوایی “مەنیچەر” سەر بە شاری بۆکان لە دایک بووە. خوێندنی سەرەتایی لە شاری مەهاباد تەواو کردووە. لە دەیەی پەنجای هەتاوی دا بە هۆی چالاکی سیاسییەوە بۆ ماوەی سێ ساڵ لە بەندیخانەی دەوڵەتی “موحەممەد رەزا شا” دا دەبێ.

رۆمانەکانی لە سەر بنەمایەکی دیار و پلان داڕیژراو نووسیوە. یەکەم رۆمانی واتە “هاوارە بەرە” وەک کاتی داستانی و فۆڕمی کۆمەڵایەتی، دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ئەرباب و رەعییەتی. لەو رۆمانە دا ئەمیری بە باشی ژیانی خەڵکی وەرزێڕ و مەڕداری و لادێیی کوردستانی گێڕاوەتەوە. هەم کاراکتەرەکانی نموونەی باشی ئەو کاراکتەرانەن کە لەو کاتە مێژووییەی کوردستان دا هەبوون و هەم فەزاسازی رۆمانەکەی تەواو نیشاندەری فەزای کوردستانی ئەو کاتە. لە لایەک جۆری پێوەندی خەڵکی رەشۆکی و چینی ئەرباب دەگێڕێتەوە و لە لایەک ژیانی ئاسایی چینی چەوەساوە کە نموونە بەرجەستەکەی کەسایەتی “یارە”یە باس دەکا.

لە رۆمانی دووەمی دا کە هەر درێژەی رۆمانی یەکەمە و ناوی “میرزا”یە، ئەمیری هەنگاوێک دێتە پێش و بە پێی ئەو شێوە ژیانەی لەوە پێش لە رۆمانی هاوارە بەرەدا نەخشاندوویەتی، سەردەمێکی دیکە لە ژیانی خەڵکی کورد دەگێڕێتەوە. سەردەمێک کە هاوڕێیە لەگەڵ روون بوونەوە و ئاگادار بوونەوەی خەڵک لە زوڵم و زۆر. ئەو زوڵم و زۆرەی لە میرزا دا باس کراوە، دوو لایەن دەگرێتەوە، هەم خەڵک بەرە بەرە بە نیسبەت ئاکار و شێوەی چەوساندنەوەی ئەربابەکان هەستیار دەبن و لەبەرانبەریان دا هەڵوێست دەگرن، کە نموونەکەی دژکردەوەی خەڵکە بە خودی ئەرباب و دەست و پێوەندەکانی و هەم لە رێگای هێنانە ئارای کەسایەتییەکی خوێندەروای وەک میرزا، جۆرێکی دیکە لە هەڵوێستی مرۆڤی کورد لە بەرانبەر دەسەڵاتی سیاسی ناوەند دا دەگێڕدرێتەوە. دوا وێنەی گێڕانەوەی رۆمانی میرزا ئەوەیە کە میرزا بە سواری ئەسپەکەی روو لە شاخەکان دەکا و دەڕوا. لێرەوە شێوەیەک لە خەباتی دیکە دەست پێدەکا کە بریتییە لە خەباتی چەکداری بە دژی دەسەڵااتی داگیرکەر، بەڵام ئەوەی دێڵێتەوە بۆ خوێنەر و ئەو بەشەی ناگێڕێتەوە و هەر نیسشانەیەک بەجێ دێڵێ.

لە رۆمانی سێهەمی دا واتە “زیندە خەو” فەتاح ئەمیری لە فەزای دێ و گوند دێتە دەرێ و ئەوجار فەزای گێڕانەوەکەی دەگاتە شار و ژیانی خەڵکی شاری کورد دەگێڕێتەوە. بەڵام ئەو بەشەش و ئەو رۆمانەش لە د رێژەی گێڕانەوەکانی دیکەی ئەمیری دایە، چون لێرەدا ئەمیری بەشێک لە ژیانی خەڵک دەکاتە چیرۆک کە تێکەڵ کاری سیاسی بوون و چالاکییان کردووە و لەسەر ئەو کرد ە و چالاکییەنە و هەروەها بە هۆی دۆخی تازەی ژیانیانەوە، دەوڵەت لە بەندیخانەی کردوون. جودا لەوە ژیانی خەڵکی ئاساییش لە شار دەگێڕێتەوە. هەم سیاسەت و هەم ئەوین و پێوەندییە مرۆییەکان لە رۆمانەدا، سەردەمی ژیانی ئینسانی مودێڕنی کورد بۆ خوێنەر دەخاتە بەرچاو.

پاش زیندە خەو، فەتاح ئەمیری دوو رۆمانی پێوەندیدار بەیەکەوە چاپ دەکا. یەکەمیان “گێژەڵووکە”یە و دووەمیان “خەون و خەیاڵ”ە. ئەو دوو رۆمانە لە راستی دا بەرگی یەک و دووی رۆمانێکن. چون کاراکتەرەکان لە هەر دوو رۆمانی ناوبراودا هەر یەکن و رووداوەکان درێژەی یەکترین. واتە لە رۆمانی یەکەم دا، ئەگەر پۆلێک کەسایەتی دێنە پانتای گێڕانەوەوە، لە رۆمانی دووەم دا هەر ژیانی ئەو کەسایەتیانە و بەسەرهاتەکانیان لە دەوامەی ژیانی رۆژانەیان دا دەگێڕدرێتەوە. تەنیا جیاوازییەک بیخەینە روو ئەوەیە کە لە راستی دا کاراکتەری سەرەکی ئەو رۆمانە، کەسێکە بە ناوی “چووکەڵ” و هەموو رووداوەکانی هەر دوو بەشی رۆمانەکان بە دەوری کەسایەتی و ئاکار و شێوەی بیر و بۆچۆن و بەسەرهاتەکانی چووکەڵ دا دەخولێتەوە. واتە چووکەڵ ناوەندێکە و هەموو جیهانی داستانێکە لە خزمەت ئەو دایە.

بەڵام لە بەشی یەکەم دا چووکەڵیکی مێرمنداڵ دەبینین کە ئاشقی ئامۆزایەکی خۆی بووە و لە خوێندن دا کەسایەتییەکی بێ وێنەی هەیە و لای مەلای گوند دەرس دەخوێنێ و هەموو فکر و زکری خوێندنی دەرسی ئایینی و لە لایەکی دیکەوە ئەوینی ئامۆزاکەیەتی.

لەو نێوە دا رۆمان نووس پێوەندی خەڵک و چینی ئاغا و پێوەندی خەڵکی شار و دێ و پێوەندی خەڵک و کەسایەتییە ئایینییەکانیش دەگێڕێتەوە، بەڵام چەقی باسەکان هەر چووکەڵە. هەر لەو بەشەدا چووکەڵ بە هۆی کووژرانی کەسێک لە حەساری ماڵەکەیان و تاوانبار کرانی بە پیاوکوشتن، دەکەوێتە بەندیخانە و باقی چیرۆک گێڕانەوەی بەسەرهاتەکانی چووکەڵە لە بەندیخانەدا، تا ئەوکاتەی چەند ساڵ دواتر لە بەندیخانە ئازاد دەکرێ.

بەشی دووەم یان رۆمانی دووەم واتە خەون و خەیاڵ، هەر دەوامەی گێڕانەوەی بەسەرهاتەکانی چووکەڵە، لەو کاتەوە کە لە بەندیخانە ئازاد دەکرێ و ئەوینی ئەو لەگەڵ جندۆکەیە بە ناوی “ئیسمڕاڵدا”. ئەو بەشەی چیرۆکیش ئەگەرچی بە سەدان وردە چیرۆکی دیکەی تێدایە و بە شێوەی چیرۆک لە ناو دڵی چیرۆک دا رەوتی رووداوەکان دەچنە پێش، بەڵامام هەموو ئەو چیرۆکانە یان بۆ چووکەڵ باس کراون و یان بە شێوەیەک پێوەندییان بە ژیانی ئەوەوە هەیە.

فەتاحی ئەمیری ئەو دوو رۆمانەی وەک دوا یادگاری خۆی بە کتێبخانەی کوردی بەخشیوە. ئەوەی ئەمیری لە رۆمانەکانی دا کردوویەتی و گرینگ و جێگای ئاوڕ لێدانەوەیە؛ بە کارهێنانێ زمانێکی رەسەن و ساکا ر و پڕ لە وردەکارییە. لە دەکار کردنی تەکنیکە کلاسیکەکانی گێڕانەوە لە رۆمانەکانی سەرەتای دا، بەروە ساز کردنی فەزایەکی مودێڕن لە رۆمانەکانی دواتری دا هەنگاوی ناوە. گێڕانەوەی ئەمیری گێڕانەوەیەکی رەسەن و خاوەن بایخە لە ئەدەبیاتی کوردی دا.

بەداخەوە ئەوڕۆ ئەمیری داهێنەر و پێشەنگ و زمانزان پاش ماوەیەکی دوور و درێژ ملمانێ لەگەڵ نەخۆشی دڵی پڕ لە هیوا و وشەی لە لێدان کەوت. رووحی شاد و رێگای پڕ لە خۆری درەوشاوە بۆ داهاتووی زمان و گێڕانەوە.

  https://t.me/kurdishbookhouse

 هر نوع بازنشر این متن با ذکر منبع «خانه کتاب کُردی» مجاز است.

درباره‌ی ماڵی کتێبی کوردی

همچنین ببینید

ئێوارە کۆڕەکەی مەریوان و خوێندنەوەیەکی ڕەخنەگرانەی کتێبی مۆنادۆلۆژیی دەق

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *