شێواوە نازی یاینازی قەڵەمی کوردی
بە بۆنەی کۆچی دوایی کاک فەتاحی ئەمیری
د. محەمەد ڕەحیمیان
سەرەکیترین ژانری دەربڕین و تەتڵە و تەبیینی جیهانی کوردی، زمانی پەخشان و گێڕانەوەیە. ئۆستوورە کوردیەکان بەم ژانرە بیچمیان گرتوەوە و بەم سیمایەوە لە عەقڵانییەتی کوردی ڕەنگیان داوەتەوە. ئەم ژانڕە ڕەواییە، لە بەیت و حەیران و پاییزەوە، بە پێی مێژووی ئەدەب، ڕەنگیان گۆڕیوە و لەم سەردەمەدا بە شێوازی ڕۆمان پێکهاتوون و لە کتێبخانەی کوردیدا جێگیر بوون.
بەم پێیەش گەلێک نووسەری سەردەم هەست و نەست و قەڵەمی خۆیان خەریکی ئەم ژانرە کردوە و ڕۆمانیان وەک بەرهەمێکی سەردەمیانە کردوەتە خەڵاتی کۆمەڵگای ئەدەبی کوردەواری.
یەکێک لەو خامە ڕەنگین و قەڵەمە سەنگینانە مامۆستا فەتاحی ئەمیری بوو کە لە ساڵی ۱۳۲۵ لە شارەدێی مەنووچێهر لە دایک بوو و لە یەکەمی بەفرانباری ۱۴۰۳ لە بۆکان کۆچی دوایی کرد.
ژیانی ئەدەبی و پڕبایەخی کاک فەتاح بە پێی وتەی خۆی لە تەمەنی بیست و پێنج سالییەوە دەستی پێ کرد و بە پێی بەرهەمەکانی تا ئەم دواییانە بەردەوام بوو. لە چاو ئەوەی کە دوایین ڕۆمانی کاک فەتاح لە ساڵی ۱۴۰۰ بڵاو بوەتەوە. بەڕێزیان پەنجا ساڵ ژیانی هەفتادوهەشت ساڵەی خۆیان، تەرخانی نووسین و ئەدەب کردوە.
ڕۆمانەکانی هاوارەبەرە و میرزا، زیندەخەو، گێژەڵووکە و خەم و خەیاڵ، کە بەهرەی خەیاڵ و بیر و بۆچوونی نووسەرن و بە پێی شێواز و ڕاوێژی گێڕانەوە، تێم و تایبەتمەندی خۆیان هەیە. واتە ئەم بەرهەمانە بە پێی زمان و داڕشت و هەر وەها تەکنیکی ڕەوایی و تێم و بنمای مانایی شێوازی تاکەکەسیان پێک هێناوە و شوێن قەڵەمی نووسەریان پێوە دیارە. بۆ بەڵگاندنی ئەم وتەیە ئاماژە بە چەند خاڵ پێویستە:
۱- زمانی ڕەوایی ڕۆمانەکانی کاک فەتاح شێوەپەخشانێکی ڕاست و ڕەوان و کوردیەکی پوخت و پاراوە و بنزاراوەی ناوچەی بۆکانی پێوە دیارە.
وەکارهێنانی گەلێک قسەی نەستەق، پەند و تەعبیری پەتی کوردی لە دووتۆی ڕۆمانەکان و کەڵکەڵەی نووسەر بۆ وەکارهێنانی وشەی ڕەسەن، بوەتە هۆی دەوڵەمەندی زمانی ئەم ڕۆمانە و کەشێکی کوردانەی خولقاندوە.
۲- بە پێی کەش و هەوای گشتی ڕۆمانەکان، حەسرەتواری و نۆستالژیای نووسەر سەبارەت بە کۆمەڵگای کوردی و داب و نەریتی کوردەواری لە هەموو ڕۆمانەکان ڕەنگی داوەتەوە و ویستراوە ئەم بابەتە کوردیانە ببێتە بابەتێکی نووسراو و بە ڕووکەشێکی هونەری و ڕەوایی بەڵگەمەند بکرێت.
۳- تێمی سەرەکی هەموو ڕۆمانەکان، نەخشاندنی سیمایەکی ئۆستوورەیی و لێکەوتەیە کە لە سیمای کەسایەتیگەلێک وەکوو میرزا و چووکەڵ و … دەرکەوتوون کە نموودێکن لە ئایدیاڵی کوردی و زەینی ئارمانگەرایانەی ڕۆماننووس؛ واتە وەک مەیلی کۆمەڵگای کوردی بۆ ئۆستوورەسازی و پەروەردەکردنی کەسی ئایدیاڵ. با بڵێین
ئەگەر ئەفلاتوون لە کتێبی کۆماری خۆیدا، بە بنەمایەکی عەقڵی و فەلسەفیەوە ئایدیاڵ و ویست و مەیلی خۆی بۆ پێک هێنانی کۆمەڵگایەکی ئایدیاڵ نەخشاندوە، ئەوە کاک فەتاحی ئەمیری وەک ڕۆماننووسێک ئایدیاڵ و ئاواتەکانی خۆی بە زمانێکی ئەدەبی و ڕەوایی لە دووتۆی ڕۆماندا پێکهێناوە.
۴-ئەو سەردەمەی کە کاک فەتاح دەستی بە ڕۆماننووسی کرد، سەرەتاکانی ڕۆماننوسی کوردی لە ڕۆژهەڵاتدا بوو و ئەزموونگەلێکی ئەوتۆ بۆ سەرچەشن وەرگرتن نەبوو. واتە سەرەتاکانی ئەدەبی ڕەوایی کوردی بە شێوازی مۆدێرن بوو. بۆیە داڕشتی نەسرێکی ڕەوایی بۆ سازدانی ژانرێک وەکوو ڕۆمان کە هەم لایەنی ئەدەبی هەبێت و هەم دیاڵۆگی تێدا بێت و هەم کەسایەتیەکان چێ بکات و هەم وێنەسازی بکات تا ڕۆمان و زمانێکی ڕەوایی نوێ بخولقێنێ، گەلێک ئەستەمایتی تایبەتی خۆی هەبوو، کە نووسەری هاوارەبەرە و میرزا، لەم بوارەدا ژیرانە و پیرانە دەرکەوتوە و توانیەتی شێوە نەسری تایبەتی خۆی پێک بێنێت.
۵- ڕاستە کە ئەوڕۆکانێ تەکنییکەکانی ڕۆماننووسی ئاڵ و گۆڕی پێدا هاتوە و لە باری زمان و داڕشت و یاری بە گۆشەنیگاکان و کەشسازی و چەندەنگی و پێکهاتە و هتد گەلێک لایەنی بۆ داهێنان دابین کردوە، بەڵام ڕۆماننووسی کوردی لە ئێستا و داهاتوودا بۆ بە ڕۆژڤ کردنی ئەدەبی ڕۆمان و داهێنان و پێکهێنانی ڕۆمانی کوردی، پێویستە بە گشتی شێوە پەخشان و کەش و هەوای ڕۆمانەکانی کاک فەتاح ئەمیری بخوێنێتەوە و ئاوڕی جدی لێ بداتەوە. ئەمەش پێویستەیەکە کە بۆ تازەگەری و داهێنان و دامەزراندنی ڕۆمانی کوردی داهێنەرانە، پێشینە و داڵدە و بنەمایەکی قورس و قایمت پێ پێویستە کە بکرێ دەواری ڕۆمانی کوردی لە هەوارگەیەکی ئاوەهادا دابمەزرێنی. بۆیە گرینگایەتی نووسەرانێک لە چەشنی کاک فەتاح لەوەدایە کە وەکوو مێژووی ئەدەب و نەریتی ڕۆماننووسی کوردی، دەبنە نەریت و پێوانە و بنەما بۆ داهاتووی ئەدەبی مۆدێرنی داهێنەرانە.
هر نوع بازنشر این متن با ذکر منبع «خانه کتاب کُردی» مجاز است.