لە غوربەتا؛ ورتەورتی پێشوەختە، بۆ فیگۆری داهاتوو
ڕەزا عەلیپوور
١ــ گوتراوە ئەو کاتەی داڵغە و دڵەڕاوکێی نووسین، ئایدیا، ئەندێشە و هەستێک، زەینی دانەر داگیر دەکات، نەنووسین و بێدەنگبوون ئەستەمە، بە تایبەت گەر ئەو ئایدیایە بیهەوێت لە گوزەری شیعرەوە خۆی وەدیار بخات. ئایا کردەی نووسین و نووسین بە چەشن و شێوەیەکی تایبەت، بۆ نووسەر و شاعیر، بە ئیرادە و دڵخوازانەیە؟ یاخۆ ناچاری و سەپاندنێکی چەندلایەنە و ئاڵۆزە بە ناوکۆگەلی کۆمەڵایەتی و مێژووییەوە؟ لە باسوخواستی نووسینی داهێنەرانەدا پرسی “ستراتیژی نووسین” لقدار و پەلوپۆدارە، بە کورتی دەکرێ بگوترێت لە ڕوویەکەوە نووسین و چۆن نووسین گەر بە زەبر و ناچاریی ڕەهایش نەبێت هەڵبژاردنێکی بەتەواوەتی ئیرادی و ئازادانەش نییە، کەواتە بە پێچەوانەی نیگای یەکەم، نووسین -نووسینی داهێنەرانە- بە پرۆسەیەکی پێچەڵپێچدا تێدەپەڕێت.
هەروەها جۆری دەربرین و ڕیتۆریکا، چەندە ئیرادی بێت هێندەش لە کۆمەڵە فاکتۆرێکی ئاڵۆز وەک پارادایم و گوتارە زاڵەکان و بەها ئەدەبییە باوەکان و… کاریگەری وەردەگرێت. سەبارەت بە کتێبی “لە غوربەتا”ی حەمە عومەر عوسمان پرس ئەوەیە لە دەیەی هەشتای زایینیی سەدەی بیستەم کە زۆربەی شیعری کوردی، شیعری بەرەنگاری و کۆیی و سیاسییە، یان لانیکەم شیعری سەمبولی و ئاڵۆز و شەرمێونە، یاخۆ شیعری لیریکی پێمل و بێ ئازارە، چۆنە کۆشیعری “لە غوربەتا” دەنووسرێت؟ بە زمانێکی دیکە؛ لە نێوان بەرداشی شیعری شاخ و بەڕمێنبوونی دەقی بەرەنگاری و زمانە شیعری جڤاتی، لەگەڵ شیعری ئاڵۆزکاو و شیعری ڕەنگین و لیریکی ناو گۆڤار و ڕادوێکانی سەر بە حکومەت بە زمانی سواو و هیچنەکەر، ئەگەر دەقێک بیهەوێ خۆی لەو هەراوزەنایە جودا بکاتەوە دەبێ چۆن بنووسرێت؟
٢ــ وەک کۆمەڵەشیعری لە غوربەتا.
دیمەن: پێش ڕاپەڕین، سەردەمی خەبات و دژایەتیی دەسەڵاتی بەعس. جەنگەی شەڕی ئێران و عێراق، سەردەمی تێکئاڵانی ترسنۆکی و ئازایەتی، هیوا و بێهوایی، بەرزەخی خۆبەدەستەوەدان و ڕاسان… لەو سەردەمە بەرزەخییەدا شاعیری “لە غوربەتا” بە شێوەیەکی کەسەکی و چاوەڕواننەکراو بە شیعرێکی جیاوازەوە لەگەڵ ئەو دۆخ و بەستێنەدا بەرەوڕوو بۆتەوە، ئاگاداری ئەوە نیم ئایا پێشتر کەسی دیکە لەم سۆنگەیەوە سەرنجی دەقەکانی کۆشیعری “لە غوربەتا”ی داوە یان نا، بەڵام تا ئەو شوێنەی خوێندبێتمەوە ڕەنگە لە مێژووی شیعری نوێی کوردیدا هیچ شاعیرێک هێندەی حەمە عومەر عوسمان پارامێتر و تایبەتمەندییەکانی ڕۆمانتیسیزمی ڕەشی لە دەقی خۆیدا بەرجەستە نەکردبێتەوە.
٣ــ بە پێچەوانەی پێناسەی زاڵی لای ئێمە، هەمووجار مەبەست لە ڕۆمانتیسیزم ڕەهەند و مانای لیریکی نییە. بە تایبەت ڕۆمانتیسیزمی ڕەش، کە لەو پێناسەیە دوور دەکەێتەوە و بە شێوەیەکی گشتی بریتییە لە ڕوانگەیەکی تاریک و تاڵ سەبارەت بە ئەدەب و جیهان لە سۆنگەی هەندێ چەمکەوە، وەک تەنیایی، داماوی، بێکەسی، دڵتەنگیی لە ڕادەبەدەر، مێلانکۆلیا، مەرگدۆستی و کۆمەڵپەرێزی و ڕۆیشتنە ناو قاوخی خۆ و لەوێوە پەنابردن بۆ هەندێ تەسکین و ئارامیدەری وەک ئەلکول و ئەفیۆن و ماددەی هۆشبەر. تانوپۆی کتێبی “لە غوربەتا” بەو مۆتیڤانە تەنراوە کە بێزاریی پێرسۆنا و بێژەری شیعر لە بارودۆخی ناوەوە و دەرەوەی خۆی نیشان دەدا.
ئەزقەزا فۆڕمی زۆربەی شیعرەکان لە لێکدران و تێکتەنرانی ئەو دوو دۆخە پێک دێت، دۆخی عەینیی شاعیر و دۆخی زەینی، واتە لە زۆربەی شیعرەکاندا میزانسێن و فەزایەک کە شاعیری تێدایە و خوێنەر دەکێشرێتە ناویەوە بە چەند دێڕ و سەرەقەڵەم بۆمان دادەڕێژرێت و بەرەبەرە باری ڕۆحی و دەروونی شاعیریش ئاوێتەی دەبێت. ئەگەر بە زمانێکی سینەمایی بدوێین، زۆربەی میزانسێنەکان لە موود و ڕەگەزگەلی فیلمی “نووار” پێکهاتوون، شەقامی چۆڵ و تەڕی لای ئێوارە، گۆڕستانی ساردی پڕ گەڵای وەریو و و پاییزی پڕ لە تابووت، شەوی باراناوی و تەنهایی پشت پەنجەرە، بێ ئۆقرەیی شاعیر لە ناو ژوورە بێدەنگ و نیوەڕووناکەکەیدا، بەڵام گرنگی دەقەکان لەوەدایە ئەم چنین و وەسفانە لە ڕۆڵی فەزاسازی و بەستێنەوە هەڵدەکشن و جیا لەوەی دەبنە دەرخەری باری دەروونیی شاعیر، لە هەندێ شوێندا دەبنە ئاوێنەی باڵانوێنی دەروونی شاعیر، لێرەدا ئیتر ئەو سنوورەی نێوان جیهانی عەینی و زەینی، دەرەوە و ناوەوە نامێنێت، ئەو تاریکی و و ساردییە، لە دەرەوە هەیە شتێکی جیا و دوور لە ناخی شاعیر نییە، بە پێچەوانەش ڕاستە، واتە ئەو کاتەی باسی ناخ و باری دەروونیی خۆی دەکات، هاوکات خەریکە هێڵکاریی سیمای دەرەوە دەکات.
٤ــ کتێبی “لە غوربەتا” لە کەم قەرەباڵغترین و کەم جەماوەرترین شیعرەکانە، بوونەوەرەکانی ئەم جیهانە شیعرییە، جگە لە قەلەڕەش و سەگی وێڵ و چەند پەڵەهەوری چڵکن و خۆری نەخۆش، یان یارێکی ڕۆیشتوو، زیندەوەری دیکەی تێدا نییە، مەگەر هێماگەلی پرابلێماتیکی وەک ڤان گۆک و یەسەنین.
شاعیری “لە غوربەتا” بە زمانێکی سادە و سارد و هاوکات سەمیمی دەدوێت، زمان ئاڵۆزییەکی ئەوتۆی نییە، شەفاف و زوڵاڵە، بەڵام بە پێکهاتە تازە زمانییەکان، بە پێدانی دەلالەتی جیاواز بە وشە، بە ڕیتم و مۆسیقای ناوەکی و… تا ڕادەیەکی قەبووڵکراو زمان لە حاڵەت و کارکردی ئاسایی دوور دەکەوێتەوە، کێش و سەروایش بۆ ئەمە یارمەتیدەرن، سەروا بە نەرمی و لە جێی خۆیدا، بەڵام هاوکات ڕیتمیک و تاڕادەیەک نامۆیانە دەق گردوکۆ دەکاتەوە، لە زۆربەی شیعرەکانی “لەغوربەتا”دا لە ڕێگەی شیعرەوە و بە شیعر هەست و ئەندێشە و سۆز دەرنابڕدرێت، بەڵكو شیعرێک دەنووسرێت کە ئەوانەیشی لەگەڵدایە، ئەویش نەک بە ترساندن و تۆقاندنی خوێنەر لە ڕێگەی زمانی ئاڵۆز و دژوارەوە، یان بە فۆرمی گران و سەختەوە، یان بە پێدانی جوانیی باو و دڵرفێن و… بەڵكو بە ئیماژگەلی سارد و تار، زمانی سادە و ماناگەلی تاڵ و گەیاندنی خوێنەر بە ڕەهەندێکی لەوانەیە نەخوازراو و نامۆ و غوربەتی.
شاعیر لە زۆربەی دەقەکانیدا ئازارە تاکییەکانی خۆی دەنووسێتەوە، یان باشترە بڵێین شیعرێک دەڵێ کە دێڕ بە دێڕی بە ڕەنج هۆنراوەتەوە، نەک وەک كڕووزانەوە، یان دەنگهەڵبڕین، بەڵکو وەک ورتەیەک، هەندێ شوێنیش ویرد و نزایەکی ژێرلێو، بۆیە دەتوانین بڵێین دەنگی شیعری “لە غوربەتا” جۆرێک مۆنۆلۆگە، قسەکردنی شاعیرە لەگەڵ خۆیدا هەر ئەم تۆناژ و ڕاوێژە، کاریگەریی تەنهایی و کەشوهەوای خەمناکیی شیعر زیاتر دەکاتەوە. قاڵبی شیعرە یەکەمەکان دووبەیتی (دوو دێڕ) یان “چوارنیودێڕ”ە هەر کامیان یەکەیەکی مانایین. مێعماری، یان سترەکتۆری دەقەکان وەک کۆمەڵە خانوویەکن لە پاڵ یەکدا دادەنرێن، هەموویان بە چەند مۆتیڤ یەک تێم دەڵێنەوە، لە کۆبەنددا وەک کۆمەڵە نۆتێک مێلۆدییەکی دارک ساز دەکەن، لە زۆربەیاندا کێش بڕگەیی و سادەیە، لە هەندێ دەقدا وەک “پاییزی دەریا” و “دووەم نووح” و “ژەنەڕاڵی پاییز” و… بە کورت و درێژکردنەوەی دێڕەکان کێشەکان ئاڵۆزتر دەبنەوە.
٥ــ تیۆدۆر ئادۆرنۆ لە باسی شیعری لیریک و بابەتی جڤاتی، پێی وایە دەکرێ تەنانەت لە هەناوی شیعری لیریکیشدا مانا و دەلالەتی کۆمەڵایەتی دەربکێشرێت، کەواتە دەبێ دەرکێشانی ڕەهەندگەلی کۆمەڵایەتی و سیاسی لە دەقی نا-لیریکی “لە غوربەتا” ساناتر بێت. ڕاستە شاعیر کەسەکی و بە بووتیقایەکی میانەڕەوانەی شیعرییەوە دەنووسێت و باسی ئازارە تاکییەکانی خۆی و پێرسۆنا ناسیاسییەکانی شیعری دەکات، بەڵام با ئەم دۆخە هەڵبگەڕێنینەوە و بپرسین ئایا هەر ئەمانە ئاماژە و دەلالەت نین لە ماندوویەتی کۆمەڵگە و سەردەمێک کە هیواکان تێکشکاوە؟ ئایا بریندارییەک و ڕەنجێک کە پەستاوەتە ناو دێڕەکانەوە، لەو هاتن و چوونەی نێوان جیهانی عەینی و زەینی، دەلالەت نییە بۆ زەمەنێکی بریندار و سەردەمێکی ڕەنجبردە، ئایا ئەم نمایشی ڕەنجە بە بێ هیچ تۆناژێکی حەماسی، هیچ ئازایەتییەکی سیاسی و ئایدیۆلۆژیک، هیچ دەنگیکی دلێر و سەرکەوتوو و یان شادمان، ڕاستگۆیانەتر نوێنەرایتیی ئەو سەردەمە بەرزەخییە ناکا؟ ڕەنگە سیاسیترین ئاماژەی ڕادیکاڵی “لە غوربەتا” هەر ئەو نەبوونی دەنگە بێت، بوونی ورتەورت و زەمزەمەی ژێرلێوی شاعیر لە کتێبی “لە غوربەتا” ئاماژەیە بەوەی سەردەم و کۆمەڵگەیەک دەژیەت کە ڕێگە دەنگەکان کپ کراون و لە پەراوێز خراون، جیا لەو “ورتە و ویرە”یەی شاعیر لەگەڵ خۆیدا، هیچ دەنگێک لە کۆشیعری “لە غوربەتا” نابیسترێت، ئەمە بە جۆرێک دەتوانێ ئاماژەیەکی بەجێ بێت بەو دۆخە ترسناک و کپەی تێیدایە بەرهەم هاتووە، ئەم ورتەورتە ڕاستگۆ و ئەخلاقمەندترە لە زۆر دەنگی دروشمئاسا، پڕحەماس یان جواننوێن. بە دیوێکی دیکەدا “لە غوربەتا” سۆزخوازی هیچ، تەنانەت شینگێڕیش نییە، تەنیا دەکرێ بگوترێت زەمزەمەی وردی تێكشکاوان و پەراویزخراوانە. نوتفە و گەرای ئەو دەنگەیە کە لە نێوان هەراوزەنای دەنگە بەرزەکاندا نەدەبیسترا و ئێستە بە هۆی “لە غوربەتا”وە دەتوانین گوێی لێ بگرین. ورتەیەکی پێش وادە کە دواتر زار و فیگۆری خۆی دۆزییەوە، ورتە و ویرەیەک کە لە پاش ڕاپەڕین و بە تایبەت لە پاش نەمانی دەسەڵاتی سەددام فیگۆرە سەرگەردان و فلانۆرییەکانی خۆی لە ژمارییەک گەنجی پەراوێزنشین و خەمۆک، لە کۆڵان و شەقامەکانی سلێمانی و هەولێر و دیکەی شارەکانی باشووردا دۆزیوەتەوە و لەوانەیە تادێت ژمارەشیان زیاتر بێت.
هر نوع بازنشر این متن با ذکر منبع «خانه کتاب کُردی» مجاز است.