ئایینی یارسان لە نێوان لێکۆڵینەوەکاندا و ناساندنی کتێبی پرشنگی کەلام
کەیهان عەزیزی
پێشەکی
لەسەر ئایینی یارسان، وەک ئاینێکی هەڵقوڵاوی جوغرافیای کوردستان، وەک خوێنەرێکی تامەزرۆ، هەتا ئێستە سەدان لەپەڕە کتێبم خوێندوەتەوە، کەچی زێهنم لەمەڕ بابەتەکانی ئەم ئایینەوە هێشتا شێواو و شپرزە، دژوارە بتوانم شتەکان بە شێوازێکی دڵخواز بە یەکتر ببستمەوە. ئەم خاڵە هەم ئازاری داوم، هەمیش پرسۆکم کە هۆکاری ئەم دیاردە چییە؟ بۆچی ناتوانم وێنایەکی زێهنیم هەبێ؟ بۆچی بابەتەکان و باسەکان بەلامەوە لێڵن؟ هۆی ئەو دژوازیانە کە بەجاران وەبەرچاو دەکەون چییە؟ بۆچی خوێنەرێک لە دەرەوەی بڕوامەندبوون ناتوانێ بە شێوەیەکی ئەوتۆ لە فەلسەفەی ئەم ئایینە تێبگات؟ هۆی ئەو هەموو تێکەڵاوییە بۆچی دەگەڕێتەوە؟ هەروەها بە خوێندنەوەی مێژوو و دەقەکان بۆ خوێنەر دەردەکەوێت هەمیشە هەوڵێک بووە و هەیە تاکوو یارسان لە ئایینزای شێعە نزیک بکرێتەوە! هەر ئێستەش هەوڵێکی خشۆک لە ئارادایە تا ئەم ئایینە لە مێژووی کەونارای ئێران لەپێناو گوتاری ئێرانیگەری نزیک بکرێتەوە. کەچی جوغرافیا و مێژوو، زوان و کولتووری ئەم ئایینە گرێدراوی کورد و کوردستان و فەرهەنگ و ژینجیهانی کورد و کوردستانە. ئینجا دەستوبرد پرسێکی تر بەرۆکی خوێنەر و توێژەر دەگرێت کە هۆی ئەم هەوڵانە لەبەر چین؟ هەر ئەم پرسە خۆی بابەتێکی لەبارە بۆ لێکۆڵینەوەیەکی چڕوپڕ.
دیارە ئەم ئایینە سەرچاوەیەکی دێرینی هەیە، ئەگەریش زۆر بچینە دواوە بە هۆی هاوبەشبوونی سەرچاوەکان، ئایینی یارسان لەگەڵ زۆر ئایین و ئایینزای تر، وێکچوون و خاڵی هاوبەشی هەیە؛ کەوابوو نزیکبوون لە ڕێبازەکانی تر بە هۆی هاوبەشیی سەرچاوەکان و بەستێنەوە نەتەنیا شتێکی سەمەرە نییە، بەڵکوو ئاسایی و سروشتیشە. بەڵام ئەو شتەی مەبەستی منە ئەوەیه کە ئەو نزیککردنەوانە ئاگاهانە و مەبەستمەندن، زیاتر ڕەهەندی کۆمەڵایەتی و سیاسییان هەیە تا بابەتێکی مێژوویی یان ئایینی بن.
بۆ دۆزینەوەی وڵامی ئەم پرسانە و گەلێ پرسی تر، هەروەها بۆ ئاشنابوون بە گرفت و بەربەستەکانی بواری یارسانناسی، بۆ خەسارناسی زیاتری بواری توێژینەوەی ئایینی یاری، ئەم کتێبەی خوارەوە کە بە فارسی نووسراوە بە خوێنەران دەناسێنم و تۆزێکیش لەسەری کتێبەکە باس دەکەم. چون دڵنیام خوێنەر لەم کتێبە دەتوانێ وڵامی زۆر پرسیاری دەسکەوێت. ئەم کتێبە بە میتۆدێکی لێکۆڵینەوەیی هەیە، بۆیە دەتوانێ لە بەردەم خوێنەر دەرگەی دەیان پرسیاری تریش بکاتەوە. خوێنەر دەتوانێ بەپێی یاسای بەراوەردکردن و وێکچوون، خۆی لەقەرەی وڵامی پرسیارە گریمانکراوەکانیش بداتەوە.
پرشنگ کلام؛ نگاهی بە کلام و سنت یارسان؛ از دریچەی نقد آثار مینورسکی و ایوانف، سید کسری حیدری، چاپ کرگدن تهران چاپ اول ۱۴۰۳
بە وتەی نووسەر توێژینەوە لەسەر ئایینی یاری لە ڕێگەی لێکۆڵینەوەی مەیدانی و پشکنینی دەقە ئایینییەکان بووە. دەقە ئایینیەکانیش ئێستەشی لەگەڵ بێ زیاتر دەستنووسن، دەستنووسەکانیش بە ئاسانی دەستی هەرکەس ناکەون. هەروەها دەقە ئایینیەکانی یارسان زۆربەیان بە شێوەی کوردی گۆرانین و هەڵگری زوانێکی ڕەمزاوین و ئاسانیش مانا ناکرێنەوە. کەوابوو نەزانینی زوانی ئەم دەقانە کە بە “کەلام” ناسراون لە لایان زۆربەی توێژەرانەوە، لەگەڵ بەردەست نەبوونی ئەم کەلامانە بە هۆی پاراستنیان لە لایان باوەڕمەندانەوە، لێکۆڵینەوەی لە بواری ئایینی یارییەوە زۆر دژوار کردوەتەوە. نووسەر ئەم دوو کێشەیە بە دوو گرفت دەزانێ کە هەر توێژەرێک لەگەڵی ڕووبەڕوو بووەتەوە. ئەم دوو گرفتە کاریگەریەکی زۆر نەرینێیان داناوە لەسەر هەموو ئەو لێکۆڵینەوانەی لەسەر ئەم ئایینە نووسراون کە بە وتەی نووسەر زیاتر لە دووسەت کتێبن. بەڕێز سەید کەسرا حەیدەری، کارەکانی مینۆرسکی و ئیڤانۆڤی لەسەر ئایینی یارسان بە سەرچاوەی سەرەکیی داناون. دەڵێت هەموو ئەو کتێب و وتارانەی لەسەر ئایینی یاری نووسراون ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ سەرچاوەکەیان کارەکانی ئەم دوو نووسەرەیە. دەشڵێت زۆربەیان بە ناوهێنان یا بێ ناوهێنان زانیاریەکانی ئەم دوو نووسەرە هەمتر دەکەنەوە. پاشان لە درێژەی کتێبەکەیدا دەست بۆ کارێکی زۆر گرنگ دەبات، ئەویش ئەوەیە بە ماندووبوونێکی زۆر و بە توێژینەوەیەکی ورد سەرچاوەی کارەکانی مینۆرسکی و ئیڤانۆڤ هەڵدەسەنگێنێ تا ڕوون بکاتەوە ئەم زانیاریانە لە کوێوە هاتوون و چۆنچۆنی فرچکیان بەستووە و چەندەش ڕەسەن و شیاوی متمانەن. بۆ هەڵسەنگاندنی کارەکانی ئەم دوو نووسەرە، بەڕێز حەیدەری کەلامی “دیوانە گەورە” دەکاتە سەرچاوە و لە ڕووی کەلامەکانی دیوانە گەورەوە بابەتەکان دەپشکنێ. لە لاپەڕەی ۲۵ی کتێبەکەیدا دەڵێ: “ئەم دەفتەرە وەک بناخەیەکی بنەڕەتی و وەک یەکەمین کەلام کە بۆ هەموو یارسانەکان ماوەتەوە دەناسرێت. سەرچاوەی ڕێسا و ڕێوڕەسمەکان و هەروەها خاڵی دەسپێکی هەموو بابەتە تێئۆری و مەعنەویەکانی یارسان ئەم دەفتەرەیە.”
نووسەر، توێژەران دەکا بە دوو بەشی ئێرانی و نائێرانی. لە نووسەرە ئێرانییەکان بەرهەمەکانی “نێعمەتۆڵای جەیحوونئابادی” و لە نووسەرە نائێرانییەکانیش بەرهەمەکانی “مینۆرسکی” و “ئیڤانۆڤ” دەکا بە سەرچاوەی سەرەکیی هەموو توێژینەوەکان. هەروەها دەڵێ هەتا نزیکەی ۱۵۰ ساڵ لەمەوبەر واتە تا سەردەمی “سەید براکەی گۆران” نووسینەوەی کەلام و ڕاڤە و شرۆڤەکردنی دەقە ئایینییەکانی یاری باو نەبووە. کەلامەکان بە شێوەی زارەکیی، دەم بە دەم لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی تر گوازراونەتەوە. دیارە ئەم نەریتەش ئێزن بە نووسنەوە و شرۆڤە نادات. بەڵام لە دەورەی “زاتی”سەید براکە کە لە بواری کەلامەوە دەوڵەمەنترین قۆناغە، چەندین کەلامی دەستنووس لە بەردەستدان کە باس لە بابەتە ئایینیەکانی یارسان دەکەن. یەکێ لەم دەستنووسانە کە بە “سەرەنجام” ناوی دەرکردووە، لەلایان مینۆرسکییەوە ئامادەکراوە و هەر بەناوی سەرەنجامی مینۆرسیکییشەوە ناوی لێ دەبەن. دەستنووسێکی تر بەناوی “تەزکەرەی ئەعلا”یە کە بە شێوەی نەسرە و لەلایان ئیڤانۆڤەوە ساق کراوەتەوە. “شانامەی هەقیقەت” لە نووسینی جەیحوونئابادی سەرچاوەیەکی سەرەکیی ترە. پاشان نووسەر لە بەشی دووی کتێبەکەیدا سەرچاوە ڕەسەنەکانی یارسان دەناسێنێ و مێژووی نووسینیان ڕوون دەکاتەوە و پولێنیان دەکات. هەر لەم بەشەدا “دیوانە گەورە” یان کەلامەکانی “دەورەی پردیوەری” و تا دواتر دەکا بە سەرچاوەی سەرەکیی. بەپێی کەلامەکانی دیوانە گەوەرەش تێدەکۆشێ چوارچێوە و فەلسەفەی ئەم ئایینە ڕوون بکاتەوە. هەروەها پاش ڕوونکردنەوەی جوغرافیا و مێژووی یارسان، ڕوانگەی ئەم ئایینە بەنسبەت چیرۆکی ئافراندن و مرۆڤ و هەبوون شی دەکاتەوە. هەر لەم بەشەدا داب و نەریت و شێوەی عێبادەت و جەژنە گرنگەکانی یارسان باسیان لەسەر دەکرێت. پاش دەرخستن و نیشاندانی بنەما فکریەکانی ئایینی یارسان، نووسەر لە ڕووی ئەم پێوەرانەوە بەرهەمەکانی جەیحوونئابادی و مینۆرسکی و ئیڤانۆڤ کە بە سەرچاوەی سەرەکیی دانراون و هەموو یاریناسێک تا ئەمڕۆ لە ڕووی ئەم بەرهەمانەوە لێکۆڵینەوەی کردووە هەڵدەسەنگێنێ و بە وردی خەسارناسیان دەکات تا بۆ خوێنەر ڕوون بکاتەوەوە ئەو دووسەد کتێبە کە لە ڕووی ئەم کتێبانەوە نووسراونەتەوە چەندە شایانی متمانەن. نووسەر نیشان خوێنەر دەدات کە نووسینەکانی مینۆرسکی و ئیڤانۆڤ خۆیشیان چۆنچۆنی بەرهەم هاتوون و سەرچاوەکانی ئەمانیش چین. بۆیە وردبینانە زۆر ئاڵەنگاری ڕووبەڕووی ئەم سەرچاوانە دەکاتەوە.
لە بەشی سێهەمی کتێبەکەدا نووسەر دەچێتە قووڵایی بابەتەکەوە و لە ڕاستیدا ئەو پرسانە کە لە سەرەتای ئەم نووسینەوە گەڵاڵە کران دەکرێ لەم بەشە بەدواوە بۆ وڵامیان بگەڕین. من بۆ خۆم چەندین و چەند وڵامم دەستکەوتووە و زێهنیم لە پێشتر زۆر ڕوونتر بووەتەوە. هەڵبەت دەرگەی دەیان پرسیتریش بۆم کراونەتەوە. لێرە بەدواوە نووسەر سەرەتا سەرچاوەکانی مینۆرسکی و ئیڤانۆڤ، ڕووبەڕووی ڕەخنەی جدی دەکاتەوە و هەموو ئەو سەرچاوانەی مینۆرسکی و ئیڤانۆڤ کەڵکیان لێ وەرگرتوون هەڵدەسەنگێنێ و ڕەسەنایەتیان دەباتە ژێر پرسیارەوە. بۆیە هەر لەم ڕێگەشەوە هەموو ئەو نووسینانەی سەرچاوەی نووسینەکانی مینۆرسکی و ئیڤانۆڤن متمانەیان لێ دەستێنێتەوە.
سەرچاوەی نووسینەکانی مینۆرسیکی، نووسینەکانی جەیحوونئابادی بە تایبەت “شانامەی هەقیقەت” و دەستنووسەکانن بە تایبەت “سەرەنجامی مینۆرسکی” کە خۆی ساقی کردوەتەوە و لە چاپی داوە. شانامەی هەقیقەت کە سەرچاوەیەکی سەرەکیی مینۆرسکییە، بەڕێز حەیدەری ئەم کتێبە لە ڕووی ئایینیەوە بە پێی کەلامەکانی دیوانە گەورە هەڵدەسەنگێنێ و بەڵگەمەند زۆر جیاوازی و لادان و وەرچەرخان لە ڕووی ئایینیەوە لەم کتێبەدا دەبینێتەوە. هەر بۆ نموونە لە شیکاریەکانی حەیدەریدا دەردەکەوێ چۆنچۆنی باوەڕەکانی یارسان لەگەڵ ئاینزای شێعە و لەگەڵ عێرفانی ئیسلامی تێکەڵ کراون. هەروەها خوێنەر تێ دەگا جیاوازیەکان لەگەڵ دێوانە گەوەر چۆناوچۆن ڕوویان داوە. شانامەی هەقیقەت، بە هەڵە وەک بەشێک لە کتێبی پیرۆزی یاری چاوی لێ کراوە، کەچی ئەم توێژینەوە دەردەخات ئەم کتێبە بەرهەمێکە بۆ شیکاری و ڕاڤەکردنی ئایینی یارسان، ئەویش لە ڕێگەی کەسێکەوە لە سەردەم و کاتێکی جیاواز بۆ مەبەستێکی جیاکار ئەم کتێبە نووسراوە. ئینجا شانامەی هەقیقەت نەتەنیا کتێبی پێرۆز نییە،
بەڵکوو جاران لادانیشە لە ئایینی یارسان. کەچی هەر ئەم لادانە خۆی بووە بە یەکێک لە سەرچاوە سەرەکییەکانی یارسانناسی. شیاوی ئاماژەیە ئەم کتێبە یەکەم کتێبێکە بە زوانی فارسی لەسەر ئەم ئایینە نووسراوە. هەر بەم بۆنەشەوە واتە بە هۆی شارەزابوونی لێکۆڵەران لەگەڵ زوانی فارسی، ئەم کتێبە زۆر جێگای سرنج بووە و زۆر سوودی لێ وەرگیراوە و زۆر لێکۆڵەر بۆی گەڕاوەتەوە. ئاشکرایە هەر لێرەشەوە بە هۆی ڕاڤەکردن و وەڕگێڕانی کەلامەکان، هەروەها بە بیانووی جۆراوجۆر هەندێ وەرچەرخان و لادان و گۆڕین لە ئایینی یارسان سەریان هەڵداوە. نووسەر دێڕبەدێڕ بۆچوونەکانی شانامەی هەقیقەت لەگەڵ دیوانە گەورە هەڵدەسەنگێنێ و دەست دەنێتە سەر لادانەکان و بە وردی شیکارییان بۆ دەکات.
پاشان دێتە سەر باسکردنی سەرچاوەی سەرەکیی مینۆرسکی، واتە سەرەنجام. ئەم سەرەنجامە کە جاران بەهەڵە به کتێبی پیرۆزی یارسانەکانیش ناسراوە، بووەتە سەرچاوەی مینۆرسکی و لە ڕێی مینۆرسکیشەوە هەموو توێژەران زانیاریەکانیان هەر لێرەوە گواستوەتەوە. نووسەری کتێبی “پرشنگی کەلام”، سەرەنجامەکەی مینۆرسیکی و تەزکەرەکەی ئیڤانۆڤ پێکەوە هەڵدەسەنگێنێت؛ چون پێی وایە ئەم دوانە تەواوکەری یەکترن و سەرەنجامەکەی مینورسیکی، سەرچاوەی تەزکەرەشە. نووسەر ئەم دوو بەرهەمەش هەر وەک بەرهەمەکانی جەیحوونئابادی بە پێی کەلامە ڕەسەکانی دیوانە گەورە دەپشکنێت و خاڵە جیاواز و وێکچوونەکان ئاشکرا دەکات. دواجار ڕوون دەبێتەوە ئەم سەرەنجامە و تەزکەرە بەشێک لە کتێبی پیرۆزی ئایینی یاری نین؛ بەڵکوو، ڕاڤە و شیکارین بۆ ڕێساکانی ئایینی یاری، بۆ ئەوانەی ناتوانن لە کەلامەکان تێبگەن.
نووسەر خاڵێکی گرنگی تریش باس دەکا، دەڵێ ئەو نوسخە دەستنووسانە لە دەرەوەی ناوەندی جوغرافیای یارسانەکان نووسراون و دۆزراونەتەوە بۆ نموونە لە وەرامین و لە شیراز. ئەوەش ئەوەمان بۆ ئاشکرا دەکا ئەو کەسانەی باوەڕمەند بە ئایینی یاری بوون و لە دەرەوەی ناوەندی ئایینی یارسانەوە ژیاون نەیانتوانیوە دەقە پیرۆزەکان بە هۆی کوردیبوونیان بخوێنەوە، یان بە ئاسانی دەستیان بە کەلامەکان نەگەیشتووە، بۆیە کەسانێکی تر بە ڕاڤەکردن و بە ئاسانکردنەوە و به نووسینەوە، بە پێی سەردەم و شوێنی خۆیان تێ کۆشاون باسە ئایینیەکان بەو خەڵکانە بگەیەنن کە دەستیان بە سەرچاوەکان و زانیاریەکان ناگات. ئینجا لەم ڕاڤەکردن و سادەکردن و نووسینەوانە بەجاران لادان و وەرچەرخان و گۆڕین نائاگا یان ئاگایانە بە مەبەستی جۆراوجۆر ڕوویان داوە. تەنانەت نووسەر دەڵێ بڕێجار ئەگەر دەقی کەلامێک لە هەناوی ڕاڤەکردنێکدا هاتبێت، بنووسی بەرهەمەکە هیچ ئاگاییەکی بەسەر کەلامەکەوە نییە، بەڵکوو کەلامەکە زیاتر وەک ڕازاندنەوە و پیرۆزیەتی، یا جاران لەوانەشه بۆ پاراستن لەناو دەقەکەدا نووسراوەتەوە.
پاش هەڵسەنگاندنێکی ورد و دێڕبەدێڕی سەرچاوەی کارەکانی مینۆرسکی و ئیڤانۆڤ، توێژەر لە بەشی چواری کتێبەکە بەو ئاکامە دەگات تێگەیشتن و هەڵێنجانەکانی ئەم دوو توێژەرە بەناوبانگە سەرەڕای بایەخی زانستی و گرنگی کارەکانیان، لەگەڵ کەلامە ڕەسەنەکانی ئایینی یارسان بە تایبەت کەلامەکانی دەورەی پردیوەری وەک گرنگترین و سەرەکیی ترین دەورەی ئەم ئایینە یەک ناگرنەوە و خاڵی جیاوازیان زۆرە. نووسەر بۆ ئەوەی لەخۆڕاش قسەی نەکردبێت هەندێ سەردێڕ و بابەت دیاری دەکات، ئەو بابەتانەش لە دیوانە گەوره شوێن دەگرێت تا بزانێت لەوێ چۆناوچۆن باس کراون، ئینجا سەرچاوەکانی بەردەستی ئەم دوو توێژەرەش دەپشکنێت تا بۆ خوێنەر ڕوون بکاتەوە ئەو بابەتانە لەوێش چۆن نووسراونەتەوە. پاش هەڵسەنگاندن و شیکاری، توێژەر زۆر خاڵی جیاواز و لادان و گۆڕین دەبینێتەوە کە بە ئاشکرا لەگەڵ باسەکانی دیوانە گەورە وەک پێوەر و سەرچاوەی سەرەکیی، جیاوازن. بەبێ وتن دیارە هەر ئەم جیاوازیانە و ناڕەسەنبوونی ئەو باسانە، مینۆرسکی و ئیڤانۆڤی بە هەڵە بردووە. بۆیە نووسەر ئاواتدەخوازێ بریا سەرچاوە سەرەکییەکانی ئەم ئایینە لە بەردەستی ئەم دوو توێژەرە به تایبەت ئیڤانۆڤ وەک ئاییناسێکی کارامە هەبان، بە دڵنیایی ئەگەر وەها هەلێک ڕەخسابا ئێمە ئێستە لەگەڵ دۆخێکی جیاواز و باشتر ڕووبەڕوو بووین.
دوو تێبینی
➖ نووسەر بە پێی کەلامێکی بابا خوەشین و قەواڵەیەک بەناوی (ئەنزەلە) سەردەمی ژیانی حەزرەتی سان سەهاک، بۆ سەدەی نۆی کۆچی دەگەڕێنێتەوە. هەموو ئەو سەرچاوەانەی کە پێشتر باسی مێژووی مردن و بە دنیاهاتنی ئەو زاتە دەکەن بە متمانەوە ڕەد دەکاتەوە. بەڵام پێم وایە ئەم بابەتە جێگی مشتومڕە و دەکرێ لەسەری لێکۆڵینەوەی زیاتر بکرێت و ناکرێ بە متمانەوە بڕیار بدەین. بۆ نمونە کاتێک لە کەلامەکانی دەورەی سان سەهاک لە ڕووی زوان و وشە و دەربڕینەوە ورد دەبیتەوە، ئەو دەقانە لە سەدەی نۆی کۆچی زۆر کۆنتر دەنوێنن. پێم وایە ئەم دەقانە لە ڕووی زوانەوە دەبێ بۆ دەوروبەری سەدەی حەوت بگەڕێنەوە.
➖ نووسەر لە بەشی پۆلێنکردنی سەرچاوەکان کاتێک باسی ئەو بەرهەمانە دەکات کە وەک کەلام کۆکراونەتەوە بەرهەمەکانی مەرحوم سدیق سەفیزادە بە بەرهەمی ناوازە دادەنێ، بەڵام دەڵێ ئەم کەسانە “شێوە کەلامیان” هۆنیوەتەوە (اشعار کلامگونە سرودەاند.) لەم وتەیە تێنەگەیم، ئایا مەبەست ئەوەیە ئەو بەرهەمانە هۆنینەوەی بۆرەکەین؟ ئایا نابێ ئەوانە بە کەلام دابنێین؟
هر نوع بازنشر این متن با ذکر منبع «خانه کتاب کُردی» مجاز است.