گرنگیی دۆکیۆمێنت کردن و پاراستنی مێژووی کیمیابارانی هەڵەبجە
جەعفەر قارەمانی
کیمیابارانی هەڵەبجە لە ١٦ی ئازاری ١٩٨٨ لە لایەن ڕژێمی بەعسی عێراق بە سەرۆکایەتی سەدام حوسێن، بە ئازارترین کارەساتی مێژووی هاوچەرخی گەلی کوردە. ئەم کۆمەڵکوژییە زیاتر لە ٥٠٠٠ کەسی بێتاوانی خەڵکی هەڵەبجەی کردە قوربانی و لێکەوتەی دەروونی، کۆمەڵایەتی و ژینگەیی بەربڵاوی لێکەوتەوە. گرنگیی بەڵگەمەند کردن و پاراستنی مێژووی ئەم ڕووداوە ناخهەژێنە بۆ نەتەوەی کورد لە ڕوانگەی جۆراوجۆرەوە بایەخی مێژوویی هەیە.
یەکێک لە مەترسییە گەورەکان بۆ نەتەوەکانی ژێردەست، لەبیر کردنی کارەساتەکانی دڵتەزێنی ڕابردوویەتی. ئەگەر نەتەوەیەک مێژووی خۆی لەبیر بکات، نەک هەر بە ئاسانی دەتوانێت بکەوێتە داوی سەرکوت کردنی نوێ، بەڵکوو لە بەکارهێنانی تواناکانی بۆ پێشگرتن لە دووبارەبوونەوەی کارەساتەکان شکست دەهێنێت. بەڵگەمەند کردنی کیمیابارانی هەڵەبجە یارمەتی گەلی کورد بۆ پاراستنی شوناسی مێژوویی و کولتووریی خۆی دەدات،. مێژووی ئەم کیمیابارانە بەشێکی دانەبڕاوە لە کولتوور و ناسنامەی نەتەوەی کوردە. ئەگەر ئەم کارەساتە لەبیر بچێت، یان پشتگوێ بخرێت، نەوەکانی داهاتووی کورد لە ئەزموون و ئازارەکانی نەتەوەیی خۆیان بێئاگا دەمێننەوە. ڕژێمی بەعس زۆری هەوڵدا ڕاستییەکانی ئەو کیمیابارانە بشارێتەوە، یان بیگۆڕێت. لە هەندێک حاڵەتدا تەنانەت هەوڵی ڕەتکردنەوەی تاوانەکە و گەڕاندنەوەی بۆ لایەنەکانی دیکە هەبووە، بۆیە تۆمار کردنی ئەو کارەساتە ڕێگری لە شێواندنی مێژووی ئەو کۆمەڵکوژییە دەگرێت و ئەم کارەساتە، نەک هەر وەک تاوانی شەر دژی نەتەوەیەک لە مێژوودا تۆمار دەکرێت، بەڵکوو وەک وانەیەکی گەورە، دژی توندوتیژی و چەوساندنەوە دەمێنێتەوە. بەڵگەمەند کردنی کۆمەڵکوژی هەڵەبجە یارمەتی ڕێکخراوەکانی نێودەوڵەتیی مافی مرۆڤ و دامەزراوەکانی دەدات کە ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی ئەو جۆرە کارەساتانە بکەن.
بە بەڵگەمەند کردنی بۆردومانی هەڵەبجە دەکرێت، ئەو ڕووداوە تاڵە بکرێتە بنەمایەک بۆ لێکۆڵینەوەی زانستی و ئەکادیمی لەسەر مافەکانی مرۆڤ، سیاسەتی دیکتاتۆری، شەڕی کیمیایی و کاریگەرییە نەرێنییەکانی لەسەر کۆمەڵگای مرۆیی. ئەو تۆمار کردنە دەتوانێت هۆشیاریی گشتی لە تاوانەکانی شەر و بەکارهێنانی چەکی کیمیایی زیاتر بکات. ئەم بەڵگەنامانە دەبێت لە میدیا و پێشانگەکانی نێودەوڵەتی نمایش بکرێن و ببنە پرسێکی جیهانی، بۆ فشار خستنە سەر حکومەت و ڕێکخراوەکانی نێودەوڵەتی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی و تاوانەکانی تری شەر.
لە کۆتاییدا، میللەتی کورد دەبێت بەرپرسیارێتی مێژوویی خۆی بۆ پاراستنی ئەم کارەساتە دڵتەزێنە جێبەجێ بکات و بیکات بە ئامرازێک بۆ بەرەنگاربوونەوە دژی ستەم و پێشێل کردنی مافی مرۆڤ. دواجار دۆکیۆمێنت کردنی کارەساتی کیمیابارانی هەڵەبجە نەتەنیا بۆ میللەتی کورد، بەڵکوو بۆ کۆمەڵگای جیهانیش بابەتێکی گرنگە، بۆ ئەوەی ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی کارەساتی هاوشێوە بگرن.
هر نوع بازنشر این متن با ذکر منبع «خانه کتاب کُردی» مجاز است.