ڕۆڵی ژن دە کۆماری مژاوادا / نیشتمان ئیبڕاهیمی
ڕۆمانی مژاوا لە نووسینی جان دۆست و وەرگێڕانی خاتوون سارا خەنشا بەسەرهاتی پیاوێک دەگێڕێتەوە کە لە سەردەمی کۆماردا دەژیا.
ئەگەر بمانهەوێ ڕۆڵی ژن دە ڕۆمانی مژاوادا هەڵسەنگێنین، دەبێ ئاوڕێک بدەینەوە سەر دۆخی ژنان لە ڕابردووی کوردستان کە پێشتر باسی لێ کرا.
ئەوەی ڕۆمانی مژاوا سەبارەت بە ڕۆڵی ژن نیشانمان دەدا، ژنانێکی نەکارەن کە ڕۆڵێکی کەمڕەنگیان هەیە و وەک مۆمی بەربا جار جار دەگەشێنەوە و پاشان نوورەکەیان بەرەو کزبوون دەچێت.
چەند کەسایەتیی ژن کە دەو ڕۆمانەدا ڕۆڵ دە گێڕن بریتین لە داپیرەی بادین، هامێستی دایکی بادین، کچەپووری بادین، ژالە و موژدە، خۆشەویستەکانی بادین.
داپیرە هێمای چینێک لە ژنانی کۆمەڵگای کوردەوارییە کە ئەرکی ڕاگوازتنی دابونەریتی مێژووی گەلێکیان لە ئەستۆیە. ئەو دابونەریتانەی کە ڕێگری گەیشتن بە هیواکانن و وەک کۆت و زنجیر کەوتوونەتە پێی مرۆڤ. ئەوکات کە بادین هەستی بە خۆشەویستیی کچی پووری کرد داپیرە بەپێی نەریت ئەوی ئاگاداری هێڵی سووری ئەڤین کرد و بوو بە ڕێگرێک بۆ گە یشتن بە خۆشەویستەکەی.
هامێست، دایکی بادین، وە ک زۆرێک لە ژنانی کۆمەڵگای کوردی، ژیانی پڕە لە ڕەنج و مەینەت و ناکامی و بە هەر شێوەیەک بووە دەبێ ئەرکی منداڵبوونی، ئەویش لە ڕەگەزی نێرینە ڕابسپێرێ.
ژالە بووەتە هێمایەک لە ژن کە وەک کەرەستەیەک دە دەستی پیاودایە بۆ دابینکردنی داخوازییەکانی ئەو.
بەڵام موژدە ژنێکی جیاوازترە لە ئەوانی دیکە. ئەو بە باوەڕی بادین بەهارێکی سەرسەوزە کە لەسەر دوو پێ بە ڕێدا دەڕوا. ژنێکە کە خولیای پێشکەوتنە، بەڵام دابونەریتی عەشیرەیی ڕێی پێ دەگرێت و ناهێڵێت بە ئامانجەکانی بگات. ئەویش بەبێ ململانێ و هیچ هەوڵ و تێکۆشانێک ڕادەستی چارەنووس دەبێت.
ڕۆمانی مژاوا ڕەخنەیەکی توند ئاڕاستەی ژنانی سەردەمی کۆمار و ئەو کەسانە دەکا کە خوازیاری بەردەوامیی بارودۆخی نەریتی پێش کۆمار بوون.
ژن لە کۆمەڵگادا بە دوو شێوە پێناسە دەکری؛ یا ڕۆڵی دە کۆمەڵگادا ئەو دەناسێنێت، یا ئەو پێناسەیەی کە خۆی لە خۆی بڵاوی دەکاتەوە. ژنی پێش کۆمار بێدەسەڵات و ژێردەست بوو و بێبەش لە مافە سەرەکییەکانی خۆی، بەڵام دە سەردەمی کۆماردا هەلی بۆ ڕەخسابوو کە خۆی لەو بارودۆخە ڕزگار بکا؛ بەڵام یا بۆخۆی نەیەهەویست کە پێش کەوێت یا ڕێگریکردن و پاڵپشتنەبوونی بنەماڵە و دابونەریتی کۆمەڵگا پێشی پێ گرت.
ئەوەی بەرچاوە تا ڕادەیەک ژن بۆخۆی نەیهەویست سەر کەوێت و بە ڕۆڵی ژنی ماڵ قانع بوو؛ هەر ئەو جۆرەی کە ژنان دە بەرانبەر ناردنی کچەکانیان بۆ قوتابخانە ڕاوەستان.
بەڵگەیەکی دیکە کە ژن نەیویستووە کەسایەتییەکی سەربەخۆی هەبێت ئەوەیە کە، کاتێک لە سەردەمی کۆمار بۆ یارمەتیدانی ڕێکخراوە پوڵ کۆ دەکراوە، دە بڵاوکراوەکاندا بڵاو دەبۆوە، ژنانی یارمەتیدەر بە نێوی مێردەکانیان نێویان دەنووسرا، بو نموونە خانمی…. هاوسەری بەڕێز کاک …
ژن تەنانەت ئەو مافەشی بە خۆی نەداوە کە بە نێوی خۆی بناسرێت دەبا بە نێوی مێردەکەی ناسرابا.
هە ر بەو هۆیەشە کە جان دۆست دە ڕۆمانی مژاوادا ژنی وەک تاکێکی نەکارەی کۆمەڵگا ناساندووە کە زۆر بەکەمی دە کۆمەڵگادا بەشداری دەکات و زۆر کاڵ دەبیندرێت و تەنانەت وەک کەرەستەیەک بۆ زیادکردنی وەچە و بەڕێوەبردنی کاری نێوماڵ و منداڵداری و بەجێیگەیاندنی ئەرکی هاوسەرایەتی چاوی لێ دەکرێت.
داگرتنی کۆی وتارەکە