کتێبی «بنەماکانی جوگرافیایی گوندی» چاپ و بڵاوکرایەوە
ناسنامەی کتێب: بنەماکانی جوگرافیای گوندی، دوکتۆر عەباس سەعیدی، وەرگێڕانی موزەفەر خوسپی، چاپەمەنی سەردەم، سلێمانی ۲۰۲۵.
ئەگەرچی لێکۆڵینەوەی زانستییانە لە گوندەکان وەک بەستێنێکی توێژینەوە، لەمێژە جێگای سەرنج بووە، بەڵام تەنیا لەم چەند دەیەی دواییدا، ئاوڕی تایبەتی لێدراوەتەوە. ئەوەی کە پێویستیی ئەم بابەتە زۆرتر دەردەخات، ئەو ڕاستییەیە کە پەرەسەندنی بێئامانی شارەکان و کەموکورتی و ئاڵۆزییە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان، دەرئەنجامی دواکەوتوویی، لەرزۆکی و داڕمانی ژیانی گوندییە و گەشە و پەرەسەندنی زۆربەی وڵاتان، لە ڕێگای ڕێکخستنەوەی بەستێنە گوندییەکانەوە دێتە ئاراوە. هەربۆیە ناسینی وارژینە گوندییەکان بایەخێکی زۆری لە زانستگەلی وەک جوگرافیا، ئابووری و کۆمەڵناسیدا هەیە. مەبەستی سەرەکیی ئەم کتێبە، گەڵاڵەکردنی پرس و ڕەهەندە بنەڕەتییەکانی گوندناسی لە ڕوانگەیەکی شوێنی ـ فەزاییە و هەوڵ دراوە تاکو کتێبەکە تەکووز و پێکهاتەیەکی بنەڕەتیی هەبێت. ئەم کتێبە بە مەبەستی وانەگوتنەوە ئامادە کراوە. هەڵبەت باسەکان بە چەشنێک ئامادە کراون کە هەم وەڵامدەری پێویستییەکانی خوێندکارانی بەشی جوگرافیا بن و هەم بۆ توێژەران و شارەزایانی ئابووری، کۆمەڵناسی، بەڕێوەبەرایەتی، نژیاری و زانستە ڕامیارییەکان بەکەڵک بن.
هر نوع بازنشر این متن با ذکر منبع «خانه کتاب کُردی» مجاز است.