خانه / پێشنیاری ده‌سته‌ی نووسه‌ران / خوێندنەوەیەک بۆ ڕۆمانی «دەریاس و لاشەکان»

خوێندنەوەیەک بۆ ڕۆمانی «دەریاس و لاشەکان»

خوێندنەوەیەک بۆ ڕۆمانی «دەریاس و لاشەکان» نوێترین بەرهەمی بەختیار عەلی

زاگرۆس ئەحمەد

نوسین لەسەر کتێبەکانی بەختیار عەلی، هەروا سانا و بێکێشە نیە، چونکە ئەمجۆرە لە شێوە نوسینی بەختیار، ئاسان خۆی بەدەستەوە نادات و خوێنەر پەلکێشی بەرزاییەکانی وشە و هزری خۆی دەکات. تەنها شتێک، بۆ ئەوەی خوێنەر بەم کتێبە ئاشنا بکەین، نوسینی هەندێ سەرە قەڵەمە لەسەر ڕۆمانی ( دەریاس و لاشەکان).

دەریاس و لاشەکان، دواین ڕۆمانی نوسەری کورد، بەختیار عەلییە. لە دووتوێی ۲۵۶لاپەڕەدا بە زمانێکی ئەدەبی بەرز نوسراوە. پێش ئەوەی باسی کتێبەکە بکەین، نایشارینەوە کە، ئەم ڕۆمانە پەیامێکی جدی و ئەبەدی پێیە، خوێنەر مژوڵی بیرکردنەوە و تێڕامانی هزری و سیاسی دەکاتەوە، بەتایبەت قۆناغە هەستیارەکانی پاش ڕاپەڕینی باشوری کوردستان. حیزبەکان توشی ڕوتکردنەوە و داماڵینی پیرۆزییەکان دەکات. بەوپێیەی کورد، میللەتێکە تەنها کارێک زۆر شارەزای بێت، پیرۆزکردن و پەرستنی سەرۆکەکانێتی، بەختیار ڕووی ئەم جۆرە لە بیرکردنەوە دادەماڵێت و لە هەندێ شوێن بە زمانێکی تەنزی ڕەخنەیی ئەیانخاتەڕوو.

ناو و شێوەی کارەکتەرەکان، وەک تارماییەک درکی پێ دەکرێت، لەگەڵ سەرۆکە ڕاستەقینەکانی وڵات وێک دێنەوە. لە ساتەکانی خوێندنەوەدا، هەرخوێنەرێکی ئاسایی و ئاشنا بە سیاسەت، پێچەوانەی ڕۆمانەکانی تری نوسەر، زۆر خێرا ئاشنایان دەبێت و لێیان تێدەگات، هەستەکات بارودۆخی کوردستان لەسەردەمی هەردوو بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی دەگێڕێتەوە، لە ژێر ناو و ناونیشانی دوو بنەماڵە، ئەوانیش بنەماڵەی قەمەرخانی و تەلەرانی. ئەو کارەکتەرەیش کە بە گژ ئەم دوو بنەماڵەیە دەچێتەوە، جەنەڕاڵ بیلالە، کە ڕابەرایەتی بزوتنەوەیەکی ناڕازی و شۆڕشخوازە. پیاوێکی درێژ و باریک، سەرسپی و مۆن، گورج و چالاک، خاوەن دەنگێکی قرخن و ناخۆش، بەڵام لەو دەنگانەی هەرئەوەندەی هاتنە قسە ناتوانی گوێیان لێنەگری. هاوکات جێگری سەرۆکی یەکێک لە حیزبەکانە. بە ئاسانی خاوەنی ئەم وەسفە، دەکرێت نەوشیروان مستەفا بێت.

هەموو خەڵکی شار چاوەڕوانی شۆڕشن. شارێک لە چاوەڕوانی شۆڕشدا، کرۆکی ئەم کتێبەیە، وەکچۆن چاوەڕوانی بەلەمێک بن بەرەو بەهەشتیان ببات، بەوجۆرە چاوەڕوانی شۆڕشن. چونکە هەموو جۆرە کردەیەکی سیاسی بە بنبەست گەیشتووە، تاکە چارەسەر شۆڕشکردنە. ئایا خەڵکی ئەم شارە شۆڕشیان پێدەکرێت؟
لەم شارەدا، شۆڕش بەندە بە سەرکردەوە، گەر سەرکردە شۆڕشی بووێ، هەمووان شۆڕشگێڕن و ئامادەن بۆ شۆڕش، سەرکردەش شۆڕشی نەوێ، هەموو خەڵکی شار، تەنها تەماشاچیەکن. کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی و کورد، سەرکردە پیرۆزکەرن، ناتوانن بەبێ پیرۆزکردنی سەرکردە هەنگاوێکیش بنێن، سەرکردە بە مردوویش هەر لە خۆیان بە بەهێزتر دەزانن. ئەو سەرکردەیەی کە هەمووان چاوەڕوانن دوای کەون، جەنەڕاڵ بیلالە، کەسێتی جاویدی و کارەکتەری جەنەڕاڵ بیلال لەم ڕۆمانەدا، کرۆک و باسلێکراو و ڕەسەنی نێو حیکایەتەکانە.

چەندین کارەکتەر لەم ڕۆمانەدا، ڕۆڵ دەگێڕن، ئەلیاس، مامۆستا مەردان، دەریاس، ئەرشەد ساحیب. ئەم ناوانەی باسکران، لەگەڵ هەموو ئەو ناوانەی تریش کە دراون بە کارەکتەرەکان، هەمووی داتاشینی نوسەرە. نوسەری ئەم کتێبە بۆ ناونانی کارەکتەرەکان هێز و تەوژمێکی سەیر و بەتوانای هەیە. خوێنەر بە بیستنی ئەمجۆرە لە ناوهێنان، سەری سوڕدەمێنێ، ئاخۆ خەیاڵی نوسەر چەن گەورە و خاوەن چی ئەندێشەیەکی بەهێز بێت!

دوو جۆر تێڕوانین لەبارەی شۆڕش هەیە. ئەلیاس بە قوڵی بڕوای بە شۆڕش و توندوتیژی هەیە، پێی وایە مێژوونوسین ئیشێکی پوچە، دەبێت مێژوو دروست بکرێت. بەڵام دەریاسی برای، شۆرش بە پوچ پیشان دەدات. دەریاس وای دەبینێ شۆڕش لە شوێنێکی وەک ئەم وڵاتە، تەنیا ڕاپەڕینی حەیوانە، تەنها ڕاپەڕینی ئاژەڵەکەی ناومانە، نەوەک گۆڕینی ڕەوتی مێژوو. شۆڕشکردن بۆ لابردنی دەسەڵاتی سیاسی، هیچ لە مانا ڕاستەقینەکان ناگۆڕێت، چونکە دوای شۆڕش هەمان ستایڵی پێشوو دووبارە دەبێتەوە، ئەوەی گرنگە، بریتییە لە شۆڕشکردنێکی ئەخلاقی، چونکە ئەخلاق لەم وڵاتەدا لە قەیران و نەبووندایە.

دواجار شار لە ژێر ناوی سەرکردەیەکی پڕ لە وەهم و تارمایی، شۆڕش دەکات، بە لێشاو مرۆڤەکان دەمرن، دەکوژرێن، لەناوئەچن. شۆڕشگێڕان و هەردوو بنەماڵەی قەمەرخانی و تەلەرانی، ڕووبەڕووی یەک دەبنەوە. شار وێران دەکەن، شار پڕ دەکەن لە مرۆڤی کوژراو لە مەیتی ڕزیو و بێسود.

پاش شۆڕش چی؟

ئەم کتێبە، لە دوا لاپەڕەکاندا، پیشانی دەدا کە شۆڕش ناتوانێت ئەم وڵاتە مەلعونە بگۆڕێت، هەرهێندەی بتەێ بیگۆڕی، دەبێتە ئاگر و دوکەڵ و خوێن. هەرچەندە موقەدەسێکی گەورەشت هەبێت، ناتوانی لاپەڕەیەکی تازە هەڵبدەیتەوە، چونکە نەیارەکانیش موقەدەسی گەورە دروست دەکەن و دەبنە غوڵامی و بە دەوریدا دەسوڕێنەوە و بەرگری لێدەکەن. ئەوەی هەیە؛ هەموو شتێک، مرۆڤەکان، شارەکان، شۆڕش، ئەم وڵاتە، هەمووی تارماییە. هەموومان گەر بمانەوێ ئەم وڵاتە بگۆڕین، ئەوا دوای تارمایی کەوتووین، نەوەکانی تریش دوای تارمایی دەکەون.

داگرتنی ته‌واوی ده‌قه‌که‌

ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە ڕێگە پێدراوە.

 

درباره‌ی ماڵی کتێبی کوردی

همچنین ببینید

ئێوارە کۆڕەکەی مەریوان و خوێندنەوەیەکی ڕەخنەگرانەی کتێبی مۆنادۆلۆژیی دەق

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *