خانه / پێشنیاری ده‌سته‌ی نووسه‌ران / هۆکارەکانی هەڵوەشانەوەی کۆماری کوردستان لە ئاوێنەی مژاواوە

هۆکارەکانی هەڵوەشانەوەی کۆماری کوردستان لە ئاوێنەی مژاواوە

هۆکارەکانی هەڵوەشانەوەی کۆماری کوردستان لە ئاوێنەی مژاواوە

لە نووسینی: باوان موهاجر

 مژاوا گێڕانەوەی هۆکارەکانی هەڵوەشانەوی کۆماری کوردستانە لە خوارەوە بۆ سەرەوە و لە ڕوانگەی کەسێکی ئاسایی و لە چینی خوارەوەی کۆمەڵگاوە. جان دۆست بەڕەی گرێچنی کۆماری لە مژاوادا ڕاخستووە و  وەک وەستایەکی بەڕەکەری شارەزا، خەریکە گەو بە گەو و گرێ بە گرێ دەیپشکنێتەوە. وستایانە هەڵەکان و هۆیەکان دەستنیشان دەکات. بە وێناکردنی جڤاکێکی ماندوو و زامدار لە شەڕ و تاڵان و پەنابردوو بە خوڕافات دەست پێ دەکات و ئاماژە بە مێژووی پێش دامەزانی کۆمار دەکات. هاوکات دەگەڵ لەدایکبوونی« بادین» هەوڵ دەدات، کۆمار، بێجگە لە بوونی خۆی وەک ڕووداوێکی مێژووییی فرەڕەهەند و بەرفراوان هەڵکوشێتە نێو جەستە و ڕووحی مرۆڤێکی کورد. تاکوو هاوتەریب دەگەڵ گێڕانەوەی کۆمار، تاکێکی کوردیش وەک مشتێک لە خەرواری کۆمەڵگای کورد بە هەموو لایەنەکانی بوونییەوە پێناسە بکات. تا پێمان بڵێت کۆمار سەرەڕای ئەوەی کە ڕووداوێکە بەڕواڵەت یەکپارچە، بەڵام لە ڕاستیدا بەرهەمی کۆی کردەوە و دژکردەوەی هەموو تاکەکانی کۆمەڵگایە.  « بادین» کاتێک لەدایک دەبێت باب و باپیری مردوون. باب و باپیر وەک پشتیوان، وەک ژیرخان  بۆ شوناس و خۆناسین، بۆ خۆدیتنەوە و گرتنەبەری ڕێگا و ڕێچکەی تایبەت لە ژیانی  هەر تاکێکدا، بوون و نەبوونیان زۆر لێکەوتەی ئەرێ و نەرێی لێ دەکەوێتەوە. هەر وەک چۆن بوون و نەبوونی بیرەوەریی دەستهەڵات و وڵاتێکی سەربەخۆ و یەکگرتوو دە ڕابردووی گەلێکدا  پێشگریمانەی شوناسخوازی نەتەوەیی و ڕێخۆشکەری ڕەوتی گەشەسەندنە لە ئاستی گشتیدا، دەتوانێت بنەما و بناخەش بێت بۆ بە ئەنجامگەیشتنی ئاڵوگۆڕێکی گەورەی وەک کۆماریش. «بادین» و کۆمار هەردووکیان بێ پشتیوان بوون. ئەمەش هۆکارێک بوو بۆ پەلەقاژەکردن و خۆهەڵواسین بە هەر شتێک کە ئەم کەلێنە پڕ بکاتەوە. وەک ئەوین، چەک، چیا، دۆست و هاوڕێ بۆ بادین، و لە کۆماریشدا گرێدراویی هەمووشتێک بە هێزی دەرەکی.  هەروەها نەبوونی بنەمایەکی فکریی بەهێز دە کۆمەڵگادا، جێخۆشکەرە بۆ دەرکەوتنی هەموو چەشنە بیر و هزی لاواز و خۆخەڵەتێن؛  وەک باوەڕ بە خەون و خوڕافات و نوشتە و شێخ و بەختگرەوە. کە بە هەراوی لە هەموو شوێنێکی ڕۆماندا دەنگی داوەتەوە: داپیرەی بادین لەسەر حەوتووی بەختێکی بۆ دەگریتەوە، و تا دوایین دێڕەکانی ڕۆمان وەک چارەیەکی بڕاوە  دەگەڵی دێت و دەبینین کە بادین بۆخۆشی داوا لە فاڵگرێک دەکات بەختێکی بۆ بگرێتەوە. هاوکات لۆمەی موژدەش دەکات کە بۆ پەنا بۆ چاک و پیران دەبات. هەروەها نەبوونی ئەو بنەما بەهێز و ڕوونە فکرییە، جا چ ئایینی چ نەتەوەیی، هۆکارە بۆ زۆربەی خەسارەکان دە ڕۆمانەکەدا. وەک چۆن  پەروەردەی سەقەتی ئایینی و هەروەها نەتەوەیی، بوو بە هۆکاری داڕمان و هەڵوەدابوونی بادین و کچەپوورەکەی. دەزانین کە باپیری بادین مەلا بوو و یونسی بابیشی چووبوو جیهاد، کە خۆی نشان دەدات بنەماڵەیەکی ئایینی و بڕوامەند بوونە. هەروەها خواستی نەتەوەییش لەم بنەماڵەیەدا بەهێز بووە. وەک چۆن بینیمان یوونس لە کاتێکدا خێزانەکەی لەسەر مانگ و رۆژی خۆی بوو، چوو بۆ بەرەی شەڕ و بەجێی هێشت. بەڵام بادین بوو بە کەسێکی بێباوەڕ و لە باری نەتەوەییشەوە هۆکاری بوونی لە بزاوەکان، هەڵاتن لە ئێش و برینەکانی دەروونیی خۆی بوو و لە ڕەوتی پێشەوەچوونی ڕۆماندا دەماندیت کە چۆن گوشاری دەروونی، بادینی لە دامەزراوەکان دەترازاند. بۆ نموونە لەبەر ژالە دەگەڵ ڕۆژنامەی ژین و حیزبی هیوا ئاشنا بوو و دەگەڵیان تێکەڵ بوو و هەر بە هۆی دابڕانی لە ژالەش وازی لە هیوا هێنا. لە ئاستی گشتیشدا هەر بەم شێوەیە، ئەو لاوازییە هزری و باوەڕییە دەبێتە هۆی ناتەبایی و خیانەت. بۆ نموونە بوونی کەسێکی کورد لەپێش سوپای ئینگلیس لە کاتی بەدیلگرتنی شێخ مەحمووددا، یان یارمەتیدانی سوپای عیراق لەلایەن عەشیرەیەک بە دژی بارزانی و….  شتێکی دیکەش کە زۆر بەرچاوە، پشت بە پشت گوێزرانەوەی شۆڕشگێڕی وەک پیشە لە باب و باپیرەوە بۆ نەوەکانە. بادین وەک نموونەی پێشچاوی ڕۆمان، باب و باپیری لەو ڕێگایەدا تێدا چوونە و بۆخۆشی ڕێگەی ئەوان دەگریتە بەر. هەرچەند دەیتوانی وا نەکات و وەک مامۆستا خزمەت بکات. واتا شۆڕشگێڕیی پیشەییش بەبێ خەسارناسیی کار و خەباتی ڕابردوو هۆکارێکی دیکەی ڕووخانی کۆمار و تاکەکانی کۆمەڵگایە. دەرەنجامەکانی ئەو دیاردەیە، یەکێکیان ئەوەیە کە لەنێو بنەماڵەیەکدا لەدەستدان یان کاڵبوونەوەی ڕۆڵی پیاوان وەک باسکی کارای بنەماڵە لەبەر کوژارن لە شەڕەکان یان دووربوونیان لە بنەماڵە، بەرە بە بەرە دووپاتە دەبێتەوە. جا بە هەموو لێکەوتە ئابووری و فەرهەنگی و کۆمەڵایەتییەکانییەوە.  بۆ نموونە لە بواری ئابوورییەوە،  نەنکی بادین کە بەسەرهاتەکانی دوای ڕۆیشتنی بادین دەگێڕێتەوە و باس لە مردنی دڵتەزێنی کچێکی گەنج بە برووسک، و مردنی مانگایەکەشی دەکات و دەڵێت: ”ئەمن زیاتر بە مردنی مانگایەکەم نارەحەت بووم.” کە ئەمە خۆی نیشانەی ئەوپەڕی خراپیی ئابووریی ئەو بنەماڵەیەیە لەدوای لەدەستدانی یەک لەدوای یەکی پیاوەکانی بنەماڵە؛ لە سەردەمێکدا کە هێزی جەستەیی و ڕێژەی پیاوانی بنەماڵە، لە زۆر لایەنەوە بناغەی بەهێزیی بنەماڵەیە. لە هەر لایەکەوە کە لە مژاوا بڕوانی، کەسانێک دەبینی کە لە بنەماڵەیەکی ناهاوسەنگ پەروەردە بوونە و دایک یان باب یان هەردوکیان یانیش یەک یا چەند خزمی پلە یەکیان نەماوە. موژدە، ژالە، بادین، کەریم … کە ئێمە کاریگەری ئەو  کەمایەسییە دە کەسایەتیی ناوبراواندا بەئاشکرا دەبینین. بۆ نموونە پەیوەندی کریم و موژدە، چۆن بەرەو ئەو ئاقارە ڕۆیشت؟! پێکەوەبەسەرانەوەیەکی نەخۆشیئاسا لە دەرەنجانی نەبوونی کەسانی پلە یەک، دە پلەی یەکەمدا دە ژیانی موژدەدا و دوایش دە ژیانی کەریمدا، هۆکار بوو بۆ ئەوەی کە موژدە هەرچەند بادینی خۆش دەویست، نەتوانێت بە ویستی نابەجێی کریم، نا، بڵێت.  کەریمیش هەروا، تەنیا کاتێک کە بە پەیوەندیی نێوان بادین و موژدەی زانی، برینی بێکەسی لێ دەکولێتەوە و بۆ ڕزگاربوون لەم ژانە ئەم کارە نەشیاوە دەکات. هەروەها ڕۆڵی ژنیش دە ڕۆماندا زۆر کاڵ یان زۆر نەرێیە. جان دۆست بەئانقەست ژن لەو ڕۆمانەدا ئاوا وێنا دەکات. بۆ نموونە کاتێک یوونس  بۆ بەرەی شەڕ دەچێت، وەسیەت دەکات کە کوڕی بوو نێوی بنێن ”بادین”، بەڵام کە کچ بوو بۆخۆتان چیتان پێ خۆش بوو!  بەم جۆرە نووسەر دەری دەخات کە لەم کۆمەڵگایەدا ژن وەک نەبێت وا بووە.  لایەنی زایەندیی ژن بەرجەستە کراوەتەوە و وەک بیهەوێت بڵێ تەنها گرینگی ژن لەو سەردەمە هەر بۆ ئەو مەبەستە بووە. کەواتە نەبوونی ژن وەک نیوەی کۆمەڵگا دە قەبارەی گشتیی کۆماردا وەک خەسار هاتووەتە ئەژمار. هەروەها دوو هۆکاری دیکەش کە هەم لە ئاستی تاکەکەسی و هەم لە ئاستی گشتیدا خەساری زۆریان لێ کەوتووەتەوە، متمانەبەخۆبوونی لەڕادەبەدەری تاکی کوردە کە پێی وا بووە دەتوانێت بە خۆی و بە چەکەکەی هەتا بەغدا و کرماشانیش داگیر بکات. هەروەها باوەڕی لەڕادەبەدەریشی  بە دۆستایەتیی زلهێزەکانە. جان دۆست ئەوەشمان وەک خەسار و هۆکاری ڕووخانی کۆمار بۆ دەستنیشان دەکات و لە زمانی کەسانێک وەک ئانترانیک زۆر ئاشکرا دەیانڵێت، کە ئەوەش بۆخۆی تاکتێکێکە کە پێمان دەڵێت ئەگەر دەتهەوێ بە حاڵی خۆت بزانی، دەبێ خۆت بە چاوی بێگانەیەک چاو لێ بکەیت؛ بەدوور لە دەمارگرژیی ڕەگەزی، نەتەوەیی و ئۆلی. هەتا بتوانیت بارودۆخەکە هەڵسەنگێنیت و بڕیاری دروست بدەیت. کەسێکی ئەرمەنی دەیتوانی ئەو شتانە ببینێت کە پێویست بوو بادین وەک تاکی کورد بیانزانیت، کەچی بە هۆی تێکەڵاویی سۆزدارانە بە بابەتەکانەوە نەیدەتوانی بیانبینێت. وەک کەریم لە نامەیەکدا بە بادینی کوت، کاتێک لە گۆڤەندێکدا بیت ناتوانی بیبینی دەبی بێیە دەر و لێی بکشێیەوە تا بتوانی هەڵیسەنگێنی.  کەواتە ئەوەش هۆیەکە بۆ ڕووخانی کۆمار لە ڕوانگەی جان دۆستەوە. هەڵبەت هۆی ڕووخانی بادینیش بوو کە نەیدەتوانی بۆ تاوێکیش لە گۆڤەندی ئەوینی ژالە بکشێتەوە و خۆی ببینێت.  شتێکی دیکەش کە لە زمانی ئەنترانیک دەبیسین و هەر گرێدراوی ئەم بابەتەیە ئەوەیە، کە کورد باوەریان بە دۆستایەتی و بەڵێنی ئەو هێزە دەرەکییانە ئەوەندە زۆرە کە باوەڕ ناکەن ئەوان لەدوای بەرژەوەندی خۆیانن و ئارمانجەکانی کورد بۆ کورد دەکەنە چێشتە. لە ڕاستیدا باوەڕی کوردان بە سوێند و بەڵێن بووەتە بەڵای سەریان. دیوی دیکەی ئەو مژارە هەر لە ڕوانگەی باپیری بادینەوە ئەوەیە کە نەتەوە لاوازەکان هەڵەکانی خۆیان وەئەستۆ ناگرن و زلهێزەکان دەکەن بە داربەن تا لە دەرەوەی ماڵی خۆیانەوە هەڵەکانی خۆیانی پێوە هەڵواسن. ئەوەش یانی بناغەیەک بۆ دووبارەکردنەوەی ئەو هەڵانە، دە داهاتوویەکی نزیک و دە بارودۆخێکی هاوشێوەدا .  هۆیەکی دیکەش لێکدابڕانی کۆمەڵگای کوردییە، کە نووسەر بەوەی دەشووبهێنێت کە کورد لەنێو دەریایەکدایە و لە چەند دوورگەی جیادا دەژیت، یان هەر کێوە بۆ دۆڵ و گەلیی خۆی گۆرانی دەڵێت. کەس دەنگی کەس نابیسێت و یەکتر ناناسن. ئەدیب و نووسەرەکانی یەکتر ناناسن. لە زاراوەی یەکتر و کولتووری یەک تێ ناگەن و قەبووڵیشی ناکەن.  لە ئاستێکی فراواندا هەر یەک لە گەورەپیاوان لە دەڤەری خۆیان شۆڕشیان دەکرد و ڕووبارێک بوون بۆخۆیان ڕەوان بوون . وەک کاریگەریی ئەو دوورلەیەکبوونە لەسەر تاکیش دەماندیت کە بادین بە هۆی بادینیبوونی لەنێو سۆرانەکاندا بەردەوام کێشەی هەبوو. وەک نووسەر لەناو گۆڤارکاندا هیچ شوێنێکی نەبوو.  هەروەها مەسەلەی ئاغا و دەرەبەگایەتی و عەشیرەگەریش کە ڕەنگە سەرەکیترین هۆکاری ڕووخانی کۆمار هاتبێتە ئەژمار. بەرژەوەندیی عەشیرە و هۆز لەسەرووی بەرژەوەندیی نەتەوە بووە.  خراپیی باری ئابووریش یەکێکی تر لە هۆکارەکان بووە، هەر وەک دەبینین خەڵکی گوند سەرچاوەی دابینکردنی پێداویستیی هێزەکانی کۆمارن کە دە ئاخیرێدا وەزاڵە دێن. هەروەها شتێک کە ئەمیڕاڵ ئاغا باسی دەکات دووربوون لە دەریا، یان ڕەچاونەکردنی هەلومەرجی جۆگرافیایییە.

هۆکارێکی تریش دەتوانێت کوشتنی بەبێ دادگاییکردنی کەسانێکی وەک غەفووری مەحموودیان بێت، کە تەنانەت لەسەر ئەو بابەتە ڕەخنە لە پێشەواش دەگرێت کە بۆ ئەو کەسە دادگایی نەکرا. رەنگە ئەو خاڵەش بتوانین هەر پەیوەستی ئەم شێوە هەڵسوکەوتە بکەین کە ئەنترانیک دەیکوت: کەسی حیزبی فکر ناکاتەوە چون باوەری بە ڕێبەرەکەیەتی و ئەوش هۆکاری ڕوودانی ڕووداوگەلێکی وەک ئەو جۆرە کوشتنە دێتە ژمار. بادین نموونەی ئەم شێوە ڕوانینەیە، هەرچەند بەرانبەر بە هیوا دەیتوانی لاوازییەکانی ئەم ڕێکخراوەیە ببینێت بەڵام بەرانبەر بە شۆڕشی بارزانی وا نەبوو. لە ژیانی تاکەکەسیی خۆشیدا هەستەکانی پەلکێشیان دەکرد وەک باپیری پێی دەکوت ئەوینیش بۆخۆی حیزبێکە. تەنیا کاتێک وازی لە ژالە هێنا کە ڕووبەڕووی ئەو ڕاستیە بۆوە کە لەمێژ بوو دۆست و هاوڕێیەکانی پێیان دەکوت.  نەبوونی چاپخانە، ڕادیۆ وەک ئامرازی پەیوەندی و بەگشتی نەبوونی زانست و پیشەی سەردەم لە کوردستان، هۆیەک بوو کە کەرەستەی ئەدەبی و چاندی کەڵەکە نەبێت و ژێرخانی فکری لاواز بێت. جان دۆست لە مژاوادا هۆکارەکانی تێکچوونی کۆمار لە زمانی کەسایەتییەکانەوە، تا ڕادەیەک بێلایەنانە- ئەگەر چاوپۆشی لە خۆشەویستیی بارزانی بکەن-  دێنێتە بەرباس و لێوردبوونەوە. بادینیش وەک کۆمارێکی بچووک و زیندوو پێ بە پێی کۆمار دەباتە پێش، تا بە تەواوبوونی مانگی کۆماری مهاباد (مهاباد شاری مانگە) مانگی تەمەنی لە شەوێکی هیڤچاردەدا ئاوای پشت چیا بێت. وەک هێما بۆ ئاوابوونی مانگی ئاواتی تاکی کورد لە سەردەمی کۆماری کوردستاندا.

درباره‌ی ماڵی کتێبی کوردی

همچنین ببینید

خوێندنەوەی نیشانەناسییانەی ڕۆمانی مژاوا

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *