جەلیل ڕەحیمی، ئەزموونی سەرکەوتووی گێڕانەوەی کوردی
زانیار قادرزادە
گێڕانەوە(Narrative) توخمی بنەڕەتیی چیرۆکە و کاریگەرییەکی قووڵی لەسەر چۆنیەتیی بنیاتنان، تێگەیشتن و وەرگرتنی هەستی گێڕانەوە لەلای خوێنەر و بەردەنگ هەیە. گێڕانەوە، نەک هەر ئەو شتەی دێتە سەر زمان، بەڵکو شێوازی گێڕانەوەش دیاری دەکات. هاوکات ڕاوێژ، متمانەپێکردن، گۆشەنیگای ڕوانین و کاریگەریی گشتیی چیرۆکیش دەخوڵقێنێ. گێڕەڕەوە(Narrator) پردی ڕایەڵکراوی نێوان ڕووداوەکانی چیرۆک و خوێنەرە. دەربارەی ئەو وردەکارییانە بڕیار دەدات کە پێویستە ئاوڕیان لێ بدرێتەوە و ببیندرێن، ئەو بەشەی دەبێ بە نەبوو دابندرێ و شێوازی شیکردنەوە یان داڕشتنی چوارچێوەی ڕووداوەکانیش یەکلایی دەکاتەوە.
یەکێک لە سەرەکیترین دەور و ڕۆڵەکانی گێڕانەوە، خوڵقاندنی ڕوانگەیەکە کە چیرۆک لەو ڕێیەوە دەیپێوێ. لە بابەت ئەوەی کە چیرۆک بە شێوەی کەسی یەکەم، کەسی سێیەمی سنووردار یان کەسی سێیەمی زانای گشتییەوە بگێڕدرێتەوە، کاریگەری لەسەر ئاستی ئەو زانیارییانەی کە خوێنەر وەریدەگرێت و ئاستی نزیکیی ناوبراو لە کەسایەتییەکان دادەنێت. بۆ وێنە، گێڕانەوەی کەسی یەکەم دەچێتە نێو دنیای دەروونیی کەسایەتییەوە و خۆی زیاتر لێ نزیک دەکاتەوە و ئەوەش ڕووحی هاودڵی بەهێز دەکات. لە بەرانبەردا، گێڕانەوەی کەسی سێیەمی زانای گشتی، لەوانەیە وێنای گشتیی هاوسەنگتر لە کۆی گێڕانەوەکە بدات بەدەستەوە، زۆرجارانیش دەتوانێ خوێنەر لە ڕووی هەستەوە لە گێڕانەوەکە دوور بخاتەوە.
وین سی. بووس لە کتێبی “ڕیتۆریک(بەلاغەت)ی خەیاڵدا” دەڵێ: “گێڕەڕەوە پردێکی پێوەندییە کە نووسەر لەو ڕێیەوە قسە دەکات و هەر ئەوەش وا دەکا خوێنەر کاردانەوەی هەبێت.” (بووس، ١٩٦١، ل ١٥١). بووس سەرنج و بیرۆکەی نووسەری لاوەکی و ئاماژەپێکراویشمان پێ دەناسێنێ. نوسخەیەک کە نووسەر لە ڕێی خوێنەرەوە دەنگ و هەڵبژاردەکانی گێڕەڕەوە وەدی دێنێ. ئەم چەمکە جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە گێڕانەوە چەندە بە قووڵی شوێن لەسەر لێکدانەوە دادەنێت. گێڕەڕەوە هەر ڕۆڵی گوازراوەیەکی پاسیڤی ڕووادوەکان ناگێڕێ، بەڵکو نوێنەری ڕیتۆریکە و ڕێنوێنیی پێوەندی و هەڵسوکەوتی خوێنەر لەگەڵ چیرۆک دەکات. سەرەڕای ئەمە، گێڕانەوە ڕۆڵێکی گرینگی لە پێکهێنان یان لاوازکردنی متمانەدا هەیە. گێڕەڕەوەیەکی باوەڕپێکراو، ڕووداوەکان بە شێوەیەکی یەکدەست و جێی متمانە دەگێڕێتەوە و یارمەتیی خوێنەر دەدا تا هەست بکات بە ناخی گێڕانەوەدا ڕۆ چووە. لەلایەکی دیکەوە، گێڕەڕەوەیەک کە جێی باوەڕ و متمانە نەبێ، دەقی گێڕانەوەکە ناڕوون، شاراوە و ئاڵۆز دەکات.
تەنانەت گێڕەرەوەکان کاریگەری لەسەر پێکهاتە و پۆلێنی کات و زەمانی چیرۆکیش دادەنێن. لەوانەیە بڕیار بدەن کە ڕووداوەکان بە شێوەیەک بگێڕدرێنەوە کە هێڵی و هاوتەریب نەبن. سیلەی چاوێکیان لە ڕابردوو بێ و باسی ڕووداوەکانی ڕابردوو بکەن یان بۆ هاندانی وڵامی سۆزدارانە لەسەر کات و زەمانە تایبەتەکان لەنگەر بگرن. لە ڕۆمانی Wuthering Heights نووسینی ئێمیلی بڕۆنتەدا گێڕانەوەکان زۆر ئاڵۆز و پێچەڵاوپێچن. ئەو کاتەی ئاغای لاک وود، نێلی دین دەگێڕێتەوە، ڕووداوەکان پچڕپچڕ و زۆر جارانیش دژوازانە دەگێڕدرێنەوە. ئەم تەکنیکە وا لە خوێنەر دەکات کە متمانەی هەر بڕگە و بەش و پاڵنەری پشت گێڕانەوەکان لەبەرچاو بگرێ.
بە دیوێکی دیکەدا، گێڕانەوە دەتوانێ نێوەرۆکی چیرۆک بەهێز بکات. لە ڕۆمانی “قەت بەجێم مەهێڵە”ی کازوئۆ ئیشی گوروودا، گێڕانەوەی کەسی یەکەم، ڕاوێژێکی هێدی و سەرنجڕاکێش بە چیرۆکێکی دیستۆپیایی دەبەخشێ و بە شێوەیەکی زۆر جوان سەرکوتی کەسایەتی و دەورگێڕەکان و چارەنووسیان ئاشکرا دەکا. دەنگی گێڕانەوە زۆر بەوردی داڕێژراوە تا پاکی و بێگوناحی و ڕادەستکردن تێیدا ڕەنگ بداتەوە. گێڕانەوە تەنیا دەفرێک بۆ هێنانەگۆڕی پلانی چیرۆک نییە، بەڵکو هێزێکی دینامیک و بنەڕەتییە و هەموو لایەنەکانی چیرۆک لەسەریەک هەڵدەچنێ. میکی باڵ لە “گێڕانەوەناسی: بەرکوتێک لە تیۆریی گێڕانەوەدا” باس لەوە دەکات کە: “گێڕانەوە پردی پێوەندیی نێوان چیرۆک و خوێنەرە و ڕووداوە خاوەکان دەکاتە ئەزموونێکی بەنرخ” (باڵ، ١٩٩٧، ل. ٨). هەربۆیە دەرک و فامی گێڕانەوە، شاکلیلی دەرک و تێگەیشتنی خودی چیرۆکە.”
جەلیل ڕەحیمی
لە دنیای هەراوی گێڕانەوەی کوردیدا یەکێک لەو قەڵەمە دەروەستانەی زۆر شارەزایانە و بەجوانی سەرنجی خوێنەر ڕادەکێشێ و پێوەندییەکی نزیک و دۆستانەی لەگەڵ دەگرێ، قەڵەمی بەڕێز جەلیل ڕەحیمییە. ئەو زمانەی ناوبراو لە چیرۆکەکان و ئەم دوایییانەش لە ڕۆمانی “دەستەکان و نامەکان”دا دەکاری کردووە، ئەم زمانە پاراوەیە کە خەڵکی کووچە و کۆڵان و سەرشەقام قسەی پێ دەکەن، نووسەر هەوڵ نادا بە زمانێکی ڕەقوتەق، میکانیکی و دەستکرد بنووسێ، بەڵکو بە زمانێک دەنووسێ کە خوێنەری ئاسایی و جیددی هەرتکیان پێی سەرخۆش دەبن. هونەری بەرزی نووسینەکانی بەڕێز ڕەحیمی زمانی گێڕانەوەیە. گێڕانەوەی ئەو ڕووداوانەی من و تۆ هەموو ڕۆژێ لەگەڵیان دەژین و ڕەنگە یەکێک لە بکەرانی ئەم ڕووداوە تڕاژیک، کۆمێدی یان خەیاڵییانە بین. مرۆڤ لە سەردەمی مۆدێرندا بەدووی ناسنامە و شوناسی ونبووی خۆیدا زۆر جاران سەری لێ دەشێوێ و لە ئاکامدا دەچەقێ و بەرەو بێ هیوایی و بێبڕوایی ملی ڕێیە دەگرێ.
ڕۆمانی “دەستەکان و نامەکان” ئەوپەڕی گەندەڵی و داڕمانی مامۆستا و بەڕێوەبەرانی سیستەمی پەروەردەمان پێ نیشان دەدات. پەروەردەیەک کە بڕیار وایە نەوەیەک لەسەر دەستیان پێ بگات. چوار کەسایەتی و دەورگێڕی سەرەکیی ئەم ڕۆمانە، واتا مەنسوور، سەرتەپڵەگوێنی، کیسەسیمان و کەیوان هەر کامەیان بە جۆرێک قوربانیی ئەم سیستەم و گەندەڵییەن کە ئێمە ڕۆژانە لە نزیکەوە هەستیان پێ دەکەین و لەوانەیە ئێمەش بە جۆرێک دەورگێڕی سەرەکیی ئەم بەسەرهاتانە بین. کچانی گوند وێنایەکی جیاوازیان لە مامۆستا و پەروەردە هەیە، نەرمین یەکێکی دیکە لەو کەسانەیە کە پێی خۆشە پێوەندیی ئەویندارانە لەگەڵ کەیوان بگرێ، هەموو ئەو دیالۆگ و قسانەی لەوێدا هاتوون، ئەوکاتەی نیشتمان لەپشت دەرگایە و نەرمینیش دەرگای لەپشتەوەڕا داخستووە، کەیوانی دێنێ و دەبا تا بە جۆرێک ئەوین و خۆشەویستیی خۆی پێ نیشان بدا، کەچی کەیوان وەکو نەرمین ئەوەندە گەرموگوڕ نییە. لەو دیمەنانەدا کەسایەتیی ڕاستەقینەی هەردووکیان دەردەکەون. نووسەر لەو ڕۆمانەدا دەستی بۆ ئەو شتانە بردووە و ئەو دیمەنانەمان بۆ دەگێڕێتەوە کە لەنێو ئێمەدا بە جۆرێک باسکردنیان عەیبە و شوورەیییە.
فۆڕمی ڕۆمانەکە هێڵییە و کەسایەتییەکان بەدوای یەکدا و بە ڕیزبەندییەکی زەمانی لە سەرەتاوە دەست پێ دەکرێ، هەر بەو فۆڕمەش کۆتایی پێ دێت. ئاغای مرادلوو، حەسەنەشێت، مەرزە، نەرمین و نیشتمان دەورگێڕی لاوەکیی ئەم ڕۆمانەن. کیسەسیمان ئەوەی دە دڵیدایە و لەو دنیایەدا پێی فشەیە، بەدڵی خۆی دەیکات و دەیڵێ، هەرچەند سەرتەپڵەگوێنیش هەروایە، بەڵام ئەو بەپارێزترە. لە دیالۆگەکاندا ئەو شتە بەڕوونی دیارە کە کیسەسیمان چەندە دنیای پێ فشەیە، کەیف بە گۆرانی گوتن دەکا و پەکی بە دنیا ناکەوێ.
ئەوەی زۆر گرینگە نووسەر زۆر جوان، کەسێتی بە دەورگێڕەکانی نێو ڕۆمانەکە بەخشێوە و ئەو ناوانەی بۆی هەڵبژاردوون پڕ بە پێستی خۆیانن. بۆ وێنە، ناوی سەرتەپڵەگوێنی و کیسەسیمان ئەو وێنانەمان لەلا قوت دەکەنەوە کە چۆن کەسێکن، تەنانەت ئەو کەسێتییەی پێی بەخشیون زۆر جوان لە گێڕانەوەکەدا خۆیانمان پێ نیشان دەدەن. یان حەسەنەشیت کە بە شێتی هێناویەتی لەژێڵڵا، خۆی ڕووت دەکاتەوە، غارغارێنێ دەکا، بەردی بە خەڵکی دادەدا و هاوشێوەی ئینسانی ناتەواو و ئەقڵسووک دەجووڵێتەوە. لایەنێکی گرینگی دیکەی ئەم ڕۆمانە توخمی خەیاڵە، لە بڕگەیەکدا خەیاڵ و وەهم باڵ بەسەر گێڕانەوەدا دەکێشێ و کەسایەتییەکانیش بەو وەهمەوە دەژین و لە دەوروبەری خۆیان دەڕوانن. لەم ڕۆمانەدا بەشێک لە کەسایەتییەکان بەسەرهاتەکەیان لە شوێنێک بەبێ ئاکام دوایی دێ و لە بەشێکی ڕۆمانەکەدا بزر دەبن و خوێنەر بۆخۆی سەرپشکە لە زەینی خۆیدا چ لەو کەسایەتییانە دەکا، بەڵام کەیوانی مامۆستا، کوڕێکی شاییبەخۆ کە ئاوات و ئارەزووی زۆر هەبوون، بڕیار بوو لەگەڵ دایەگەورەی دوایین سەفەریان پێکەوە بێ، کەچی دایەگەورە لە سەروبەندی بەهاردا لە گیانەڵڵادایە و خزم و کەس هاتوونە لای و کەیوانیش خەیاڵ هەڵیگرتووە و هەر جارە و دیمەنێکی خەیاڵی دێتە نێو زەینییەوە. دایەگەورە دەمرێ و لەسەر قەبران کە ئێستا گڵیان وەسەر نەکردووە، کەیوان دەچێتە نێو گۆڕەکە و سەری مەیتەکە هەڵدەداتەوە و تاوێکی چاک چاو لە دایەگەورە دەکا و دیسان وەهم و خەیاڵ هەڵیدەگرێتەوە، چاوێک بە خەڵکیدا دەگێڕێ بۆ ئەوەی هەموو شتێکی لەبیر بمێنێ. کەیوان دوای مەرگی دایەگەورە و ئەو نەخۆشییەی بەرۆکی دەگرێ، ئیدی دەست لە دنیا بەر دەدات، هەرچی هەیەتی دەیبەخشێ. وەهم و خەیاڵ بەرۆکی بەر نادەن، لە تەویلە، لەکن جوانەگاڕەش، لە شەقامەکانی ورمێ مەرزە دێتە خەیاڵییەوە، جڕوجانەوەرەکانی نێو سینگی لێی نابنەوە. کەیوان کەسێکی زۆر بێمرادە، زۆری کوێرەوەری دیتووە. ئەوانە و سەدان خەیاڵ، وەهم و ڕووداوی نێو زەینی کەیوان ڕۆژانە دووپاتە دەبنەوە.
هر نوع بازنشر این متن با ذکر منبع «خانه کتاب کُردی» مجاز است.