خانه / پێشنیاری ده‌سته‌ی نووسه‌ران / کتێبی «ناسیۆناڵیزم و بێدەوڵەتی» لە لایەن چاپەمەنی سەردەم بڵاوکرایەوە

کتێبی «ناسیۆناڵیزم و بێدەوڵەتی» لە لایەن چاپەمەنی سەردەم بڵاوکرایەوە

کتێبی «ناسیۆناڵیزم و بێدەوڵەتی» لە لایەن چاپەمەنی سەردەم بڵاوکرایەوە

پێشەکی وەرگێڕ

ئەندێشە بە گشتی، ڕامانە لە دۆخی باو و ئۆنتۆلۆژیای ئێستاکە؛ واتە لێکۆڵینەوەیە لەوەیکە چ توخمگەلێ دۆخی دیارکراوی ئێستاکەی فۆڕمڕێژ کردووە؟ لەم بەستێنەدا ئەگەر وردتر بۆی بڕوانین کارکردی ئەندێشە لەمەڕ دۆخ و موودی مرۆڤی کورد، قووڵبوونەوەیە لەوەیکە ئەو دۆخە سازێندراوی چ ماکگەلێکە؟ بە واتایەکی دیکە مرۆڤی کورد لە چ ئێستایەکدا دەژی؟ لەم گۆشەنیگایەوە دەتوانین ئیددعای ئەوە بکەین کە کاری فیکری، چ لە ئاستی نووسین و چ لە ئاستی وەرگێڕاندا، کاتێک بتوانێت وەڵامی ئەو پرسیارە بداتەوە کە لە چ ئێستایەکدا دەژین و چ ھێزگەلێ لە بیچمگرتنی ئێستاکەی ئێمەدا کاریگەریی ھەبووە، ئەوا توانیویەتی باشتر لایەنەکانی دۆخی مرۆڤی کورد شەنوکەو بکات. بە باوەڕی خاوەنی ئەم قەڵەمە جیا لەوەی مرۆڤی کورد لە دۆخێکی دەگمەن و تایبەت و ئاوارتەدا ھەڵکەوتووە و سەروەری سیاسیی بەسەر خۆیدا نییە، یان بە تەعبیری دونیای مودێڕن لە دۆخی بێدەوڵەتیدا دەژی کە ئەمە بۆ خۆی جوگرافیای فیکر و فەلسەفەی تایبەتی دەوێت، ھێزگەلێکی جۆراوجۆر و جاری وایە دژیەکیش لەسەر تەسخیری جەستەی ئەو مرۆڤە ململانێیان ھەیە و لەو ململانێدایە کە ئێستاکەی تایبەتیی کورد هاتۆتە ئاراوە.

بەشێکی زۆر لەو ھێزانەی ئێستاکەی مرۆڤی کوردیان فۆڕمڕێژ کردووە، بریتین لە ھێزگەلێکی جۆراوجۆری وەک خواستی سەروەری سیاسی و ڕزگاری، خوێندنەوەی جیاواز و فرەچەشن لە ئایین، ھێزگەلی جیھانیبوون، سەرمایەدارییەک لە جۆری خۆی تایبەت بە کوردستان، مەسەلەی ژنان و ژینگە و نیسبەتی لەگەڵ کوردییەت و کوردستان، هەژموونی ئاپاڕاتووسی سەردەستەکان و… هێزگەلێکن کە باندۆری تایبەتی خۆیان لەسەر دۆخ و شوێن-کاتی ئێستای ئێمەدا هەبووە. ھەر بۆیە خاوەنی ئەم قەڵەمە لەم ساڵانەدا ھەوڵی داوە، بە توانای کەموکوڕی خۆیەوە، لە دۆخی ئێستاکەی خۆی وەکوو مرۆڤێکی کوردی دیاریکراو لە مێژوویەکی تایبەتدا ڕابمێنت و لەسەری بخوێنێتەوە و ئەگەر لە جێگایەک توانیبێتی، بە نووسین یان بە وەرگێڕان، ھەندێک تێڕامان و ڕاوبۆچوون لە سەر شیکاری ئەم ھێزە جۆراوجۆرانە بڵاو بکاتەوە.

ئەم وتارانە کە لە دووتۆی ئەم کتێبەدا بۆ خوێنەری کورد کۆ دەکرێتەوە، لە نووسەری جۆراوجۆرن و وەرگێڕانەکەیان پێشتر لە گۆڤار و ماڵپەری جیاوازدا بڵاو بوونەتەوە. بەگشتی ئەم کۆوتارە خوێندنەوەیەکی زانستی و تیۆریکە لەسەر ناسیۆناڵیزم و بێدەوڵەتی و هەندێک بابەتی پەیوەندیدار بەوانەوە. بەباوەڕی ئێمە ھەر ھەموویشیان زەروورەتی تایبەتیی خۆیان لە ڕوونکردنەوەی دۆخی تایبەتی گەمارۆدراوی کورددا هەیە. دیارە لەم کتێبەدا پاڕادایمی ناسیۆناڵیزم داگر و بەرگر و بەرفراوانتر لە ئایین و مارکسیزم و… گریمان کراوە و زۆر جار لە بەستێن و مێژووی جۆراوجۆردا، ئایین و مارکسیزم و ئەندێشە جۆراوجۆرەکانیتر بە پێیی پاڕادایم و سەرچەشنی ناسیۆناڵیزم چەمێندراوەتەوە و خوێندنەوەی جیاوازیان بۆ کراوە. لە ڕوویەکی دیکەیشەوە پێویستە ئاماژە بکرێت، ئەم باسانە تەنیا باسێکی ئاکادمیک و زەینی ڕووتوقووت نین و گرینگایەتی تایبەتیشیان ھەیە بۆ ژیانی ڕۆژانەی ئێستای مرۆڤی کورد؛ چونکە، خوازراو یان نەخوازراو، ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەو مژارانە دەستەویەخەیە. کەوایە ھیوامە توانیبێتم بەم کارە چووکە تیشکێکم خستبێتە سەر ئەو هەلومەرجەی مرۆڤی کوردی تێدا ھەڵکەوتووە تا باشتر ڕابمێنێت لەوەیکە لە چ ئێستایەکدا دەژی؟

ئەم وتارانە لە درێژایی نزیکەی چوار ساڵ و ناوبەناو کاری لەسەر کراوە و ئەگەری ئەوە هەیە زمان و ڕاوێژیان هەوراز و نشێوی تێدا بەدی بکرێت. ئەگەری ئەوە هەیە زۆر جار زەین و زمانی خوێندنەوەکانم کاریگەری نووسەرانی دیکەی پێوە دیار بێت. لە هەندێک شوێنیشدا بۆ یەکەم جار داهێنانی نوێم لە چەمکاندن و دەستەواژەسازیدا کردووە کە پێشتر کەڵکی لێوەرنەگیراوە. بۆ نموونە وشەی “ناسیۆناڵیزمی هەرڕۆژەیی ” داهێنانی خۆمە و بۆ یەکەمجار لە ئەدەبیاتی ناسیۆناڵیزمناسیدا بە زمانی کوردی دەکارم کردووە. هەمووی وتارەکانیش لە زمانی ئینگلیزییەوە وەرگێڕدراون بۆ کوردی جگە لە وتاری “ناسنامە کوژراوەکان” و هەروەها وتاری “بێدەوڵەتی ئەمازیغەکان و کاریگەرییەکەی لەسەر زمان و ناسنامەیان” کە لە زمانی عەرەبییەوە وەرگێڕدراوە. بۆ هەندێکیش لەو وتارانە کە زانیومە خوێنەری کورد کەمتر لەگەڵیان ئاشنایە پێشەکییەکی کورتم نووسیوە تا خوێنەر ئاسانتر بچێتە نێو دڵی باسەکانەوە

  https://t.me/kurdishbookhouse

 هر نوع بازنشر این متن با ذکر منبع «خانه کتاب کُردی» مجاز است.

درباره‌ی ماڵی کتێبی کوردی

همچنین ببینید

کتێبی «بنەماکانی جوگرافیایی گوندی» چاپ و بڵاوکرایەوە

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *