ڕۆمانی «۱۰۱ پەراوێز لەبارەی ژیانە ئاڵۆزەکەی بێکەسەوە» بەرهەمی عەتا محەمەد بڵاوکرایەوە
ڕۆمانی «۱۰۱ پەراوێز لەبارەی ژیانە ئاڵۆزەکەی بێکەسەوە» بەرهەمی عەتا محەمەد، کارێکی تازە و ناوازەیە کە بە دەرچوون لە بازنەی پێکهاتە باوەکانی سەردەم، خوێنەر دەباتە ناو فەزایەکی فەلسەفی و زەینییەوە. نووسەر گێڕانەوەکەی لە بازنەی یەکدەستییەکی هێڵی و هۆکارـبەرهۆی ئاسایی و باو، دەباتە دەرەوە و جەخت دەکاتە سەر ئەزموونی دەروونی و پرشوبڵاوی و ئاڵۆزیی مێشکی کەسایەتیی سەرەکی ـواتە بێکەسـ.
بێکەس هێمای مرۆڤی کوردی ئەم سەردەمە، لە ڕەوگەی ئاڵۆزی دۆزینەوەی پێناسەدا گیری کردووە. کەسێک کە لە نێوان ئاوارەیی، تەنیایی و نەبوونی پێگەیەکی مێژووییـکۆمەڵایەتیدا خەریکی مشتومڕە. ڕۆمان لە بەستێنی جیهانێکی پڕ لە ئاژاوە و پانتایییەکی بەربڵاو (سوێد، سلێمانی، ئێران، تورکیا و یۆنان)دا، لە جەرگەی شەڕی ناوخۆی کوردستاندا دەگێڕرێتەوە؛ شوێنێک کە بێکەس لە چنگاوەشێکی هەمیشەیی لەگەڵ نەبوونی ڕەهەندەکانی پێناسەی خۆی و هەستی ونبووندایە. عەتا محەمەد بە کەڵکوەرگرتن لە تەکنیکی گێڕانەوەی موزاییکی و تێکەڵکردنی ئێپیزۆدەکان، کەلێنەکان و بۆشایییەکانی مێشکی کەسایەتییەکەی دەکاتە بەشێک لە گێڕانەوەکەی. ئەم بەرهەمە نەتەنیا خوێنەر دەکێشێتە ناو ئەزموونی یەک چیرۆک و گێڕانەوە، بەڵکو ناچاری دەکات بە بیرکردنەوە و تێڕامان سەبارەت بە پێناسە، مێژوو و تەنیایییەکانی مرۆڤە ئاوارە و دەربەدەرەکان.
نووسەر زمانێکی ساکار بەڵام کاریگەری هەیە و جۆرێک بیچم دەدات بە گێڕانەوەکەی کە خوێنەر دوای خوێندنەوەی ڕۆمانەکە، بەردەوام لە پرسیار و مانا شاراوەکاندا ڕادەمێنێ و چێژێکی ئەدەبیی قووڵ و بێوێنە ئەزموون دەکاتەوە.
عەتا محەمەد لەم ڕۆمانەدا لەسەر «کەلێن/قەڵشت» و «بزربوون» جەخت دەکات، واتە ئەو شوێنەی کە گێڕانەوەکە تەواو نییە، وەستانەکان و بۆشایییەکانی مێشک، خۆیان دەبنە بەشێک لە گێڕانەوە. خوێنەر لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئەم کەلێنانە و نایەکپارچەیی دەقدا چێژ وەردەگرێت و هەر ئەم ئەزموونکردنە، دەبێتە هۆی بیچمگرتن و سازبوونی واتا.
کەلێنەکان لە گێڕانەوەی بێکەسدا، هەم باس لە نەبوونی پێناسە و بزربوونی دەکەن و هەم هێمایەکن لە ئەزموونی بەکۆمەڵی کوردە تاراوەکان (کوردانی تاراوگە). بزربوونی پێناسە، بە شێوەیەکی خوازەیی باس لە نەبوونی پێگە و پێناسەی مێژوویی و کۆمەڵایەتیی ئەوان (کوردان) لە «ناوەند»دا دەکات.
لەم بەرهەمەدا ئێپیزۆدەکان و گەڵاڵە/پلانە لێکدابڕاوەکان، بە هەر کەلێنێک و هەر داکەوتنێک، فەزای مێشک و عاتیفەی بێکەس دەوڵەمەندتر دەکەن و خوێنەر دەبەنە دنیایەکی بشێو و هەڵاوەسراودا. پەخشانی عەتا محەمەد ساکار، بەبێ ئاڵۆزی و ساختەیی زمانییە، بەڵام هەژێنەر و گورزوەشێنە. ئەو خۆی لە کڵێشە بەلاغییەکان و کایەکانی زمان دوور دەخاتەوە و بە پێچەوانەوە بەوردی و بەشێنەیی، واتایەکی توێتوێ و لۆلۆ دەگوازێتەوە بۆ خوێنەر.
بێکەس هێمای تاکەکەس و کۆی گشتیی کوردە و نەبوونی «ڕەهەند» خوازەیەکە لە ئەزموونی مێژوویی کوردان. نەتەوەیەک کە بەردەوام لە ڕێگە و لە ڕەوگەدایە و دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتا و، سەرلەنوێ دەستپێدەکاتەوە. عەتا محەمەد بە داڕشتەیەکی ورد و داهێنەرانە، پیشان دەدات کە پێناسەی کوردان نەتەنیا بابەتێکی سەقام و نەگۆڕ نییە، بەڵکو ڕەوتێکی بزۆز و پڕلەقڕەیە کە لە ناو دڵی ئاوارەیی، شەڕ و کۆچدا دەیان جار پێناسە دەکرێتەوە.
نووسەر کەلێنەکان و بزربوونەکان دەکاتە هێمانی سەرەکیی گێڕانەوەکەی و بەم شێوەیە پیشان دەدات کە دەکرێ لە نەدارییەکان و نایەکپارچەیییەکانیشدا، چیرۆکەکان و پێناسەکان سەرلەنوێ هەڵسازرێنەوە. ئەو لە ناو دڵی گێڕانەوەی تاران (مەنفا) و بێپێناسەییدا، نەتەوە لە خەیاڵی تاکەکەسدا هەڵدەسازێتەوە.
هر نوع بازنشر این متن با ذکر منبع «خانه کتاب کُردی» مجاز است.