خانه / پێشنیاری ده‌سته‌ی نووسه‌ران / ناساندنی کتێبی «گەشتی پاڵەوان» بەرھەمی جۆزیف کامبڵ

ناساندنی کتێبی «گەشتی پاڵەوان» بەرھەمی جۆزیف کامبڵ

ناساندنی کتێبی «گەشتی پاڵەوان» بەرھەمی جۆزیف کامبڵ

بەسادەیی ( گەشتی پاڵەوان) تەنیا بەسەرهاتی ئەو نووسەرە نییە، ئەفسانەمان لای شیرین دەکات، دڵمان لە دنیای کۆن و مۆدێرن قورتار دەکات، نایەڵێ بێزاری و ئالودەبوونی شتە خراپەکان لەگەڵ خۆیماندا بپێچێتەوە، کتێبی گەشتی پاڵەوان تەنیا گەشتی درێژخایەنی کامبڵ نییە بە نێو دەریاکانی ئەفسانە دێرینەکاندا، بەڵکو لێکۆڵینەوە و دایەلۆکگەلێکە لەمەڕ ئێمەی مرۆڤ و دنیای بنیراو و نەبینراودا، ئەم کتێبە کە دەبوایە دەمێک بوو بهێنرایەتە سەر زمانی کوردی، کردنەوەی پەنجەرەیە بە ڕووی لاو و ژن و هەرزەکار و پیر و کامڵدا، خوێندنەوەی مرۆڤ نییە، بە ئەندازەی ئەوەی کنە کردنە لە دنیای خەیاڵ و هزر و خەونەکانیدا، تێکشکانی سنووری زەمەن و زانستەدا، بەستنەوەی مرۆڤ نییە بە سەردەم و گەشەکردنی ساتەوەختێ، بەڵکو هەڵفڕاندانی مرۆڤە بەسەر باڵی ژیان، دوورخستنەوەیەتی لە سنوور، نایخاتە نێو بازنە داخراوەکان، بگرە لە دەرەوەی بازنە مامەڵەی لەگەڵدا دەکات.. لە هەشت بەشی ئەم کتێبە نووسەرە تایبەتییەکەی دنیای ئەفسانە و دەروونناسی، بانگەشەیەکمان بەڕوودا دەدات تا هەوڵی سەرچڵی و سەرکێشی بدەین، ڕێگەی ئەزموون بگرینە بەر، تا بگەینە سەرەوەری و مەزنی و باڵایی، ئەم بۆ دیداری خواکانمان دەبات ، نەک تەنیا ئەو یەزدانانەی بە چاو نابینرێن و نووریان کوێرکەر و نابیناکەرە، بگرە دەمانباتە بەردەم خوا بە مرۆڤبووەکان، بەردەم خواژنان و مێ خواکان، بەڕووماندا بەرەکەتی عەقڵ و ڕۆح دەکاتەوەز و دەروونمان پڕ لە گەشکە دەکات، نایەڵێ هەروا بڕۆین و بێئەنجامانە بە ڕێگا سەختەکانەوە بین، ئەو لە ڕێگای ئەفسانەوە فێرمان دەکات بگەڕێینەوە، بۆ سەرچاوەمان بگەڕێینەوە، بۆ لای هۆز و مرۆڤ و دورگە و دەڤەرمان، بە مەشخەڵی پڕبەرەکەت بگەڕێینەوە ، تا ئەو ڕادەیەی ببین بە گەورەی دوو جیهان، جیهانی دەرەوە و ناخ.

هەروەک فیل کۆزینیۆ ئامادەکاری کتێب و فیلمی ( گەشتی پاڵەوان) دەڵێت، کامبڵ وەک ئەفسانەناسێک بە نیگای میتافیزیقیانە بۆ ژیان دەڕوانێت، یان وەک پزیشکی شتەکانی سەرووی بینراو، ژیانی خۆی بۆ وێنەکێشانی قوڵایی ڕۆح تەرخان کرد ، کە ئەمەش خۆی لە خۆیدا هەوڵی ئەم نووسەرەیە بۆ گەیشتن بە هەردوو دنیاکە، کە کەم کەس دەرەقەتی ئەمە دێت و کەم کەس ئامڕازی سەرکەوتنی ئەم چیایەی هەیە.
کتێبی ( گەشتی پاڵەوان) لە سەرەتادا پڕۆژەی فیلمێکی دۆکومێنتی بوو، بۆ ماوەی سێ ساڵ دەربارەی خودی خۆی و کارەکان و چاوپێکەوتن و سیمینارەکانی ئامادەکرا، ئەم فیلمە باس لە قۆناغە هەمەچەشنەکانی گەشتی خودی خۆی دەکات، پاشانیش لە کتێبێکدا کۆدەکرێتەوە، ئەمەش ئەو کتێبەیە ئێمە دەیخەینە بەردەستی خوێنەری کورد.

گەشتی پاڵەوان، تەنیا ژیاننامەیەکی سادەی کەسێکی بەناوبانگ نییە، بگرە ئەم کتێبە و فیلمەکەشی جیهانێکە پڕ لە زانیاری لەمەڕ سەرجەم کار و بەرهەمەکانی دووبارە هەڵدانەوەی دەرگا نهێنئامێزەکانی کون و کەلەبەری خورافات و ئەفسانەکانە، دەرگاکردنەوەیە بەڕووی عەقڵ و زانست لە بەرامبەر ڕووناکییەکانی خەیاڵ و ئەفسانە، پەلکێشی کردنی منداڵێکی وڕکگرتووە بۆ نێو داڵانی قەرەباڵغی پڕ لە گۆڵمەز و پەشێوی ژیان، دووبارە بەیەکناساندنی مۆدێرن و پۆست مۆدێرنە و دێرن و خاچەبەردینەکانە، دووبارە ئاشناکردنمانە بە ئەشکەوت و ئاسمانە نهێنیاوییەکانی ئەفسانە.

گەشتی پاڵەوان، هەوڵێکە بۆ دووبارە کۆکردنەوەی شپرزەیی و ئاڵۆزییەکانی کارەکانی کامبڵ لە زنجیرەیەک بەسەرهات و دایەلۆگ و مشتومڕی سەرنجڕاکێش، گەشتی پاڵەوان لە سەردەمی وەرگۆڕانی خواکان، پیشاندانی وێنەی خواکانە بە شێوەیەکی نوێ، داهێنانی ئەفسانەی نوێیە، ڕوانینی نوێییە بۆ ئەو فۆرم و شێوانەی لە سەردەمێکدا بوونەتە هۆی داهێنانی عەقڵی بونیادسازی و هونەری مەزن و ئەندازەی سەرسوڕهێنەر، ئەم کتێبە چاکسازییە لە عەقڵ و بیرکردنەوە و هزری مرۆڤی مۆدێرن، ڕەواندنەوەی ڕەهایی و موتڵەقە، سنوورەکان بە کراوەیی دەهێڵێتەوە، ئەو ناهێڵێ ژیان لەو سنوورەدا بوەستێت کە بیرە موتڵەقەکان دەیانەوێ، دیالەکتیکی کاری کامبڵ لە ئەفسانەدا لەوێوە سەرچاوە دەگرێت، کە ئەو میکانیزمی هەمیشە نوێبوونەوە دەکاتە سەنگی مەحەک، پێی وا نییە، سەردەمێک تەنیا ئەو بەرهەمانە پێشکەش دەکات کە سەرددەمەکە خۆی بە دەستەوەی دەدات، بگرە بڕوای وایە، سەردەمی ئەمڕۆ و دوێنێ و داهاتووش ئەفسانەی خۆیان هەیە و بووە و دەبێت، پێماندەڵێت بۆ گرفتە دەروونی و ڕۆحی و جەستەکانتان ڕووبکەنە ئەفسانە. لەوێدا نهێنی گرفتەکانتان دەدۆزنەوە.

سەڵاح حەسەن پاڵەوان

کتێبی ( گەشتی پاڵەوان ) لە قەوارەی ٥١٦ لاپەڕەدا لە لایەن وەرگێر سەڵاح حەسەن پاڵەوان کوردێنراوە و دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم بڵاوی کردۆتەوە.

  https://t.me/kurdishbookhouse

 هر نوع بازنشر این متن با ذکر منبع «خانه کتاب کُردی» مجاز است.

درباره‌ی ماڵی کتێبی کوردی

همچنین ببینید

کتێبی شێعری «غوربەت» چاپ و بڵاو کرایەوە

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *