
نووسینه‌وه‌ی جیهانی ده‌مبا؛ (دنیای داستانیی عه‌تا نه‌هایی)

نووسینی ڕەزا عه‌لیپوور
ساڵانێکه ناسیاویم له‌گه‌ڵ کاک «عەتا نه‌هایی» و سه‌رجه‌م چیرۆک و ڕۆمانه‌کانیدا هه‌یه و ناوبه‌ناو ده‌یانخوێنمه‌وه. لە چەند ساڵی ڕابردوودا ئەم پێوەندییه لە ئاستی دەق و ناسیاوی تێپەڕیوە و گەیشتووەتە هاوڕێیەتیی نزیکتر، وەک دۆست و دراوسێ.
ئەم یادداشته ده‌نووسم بە بیانووی چاپی نوێی کتێبەکانی و ئەو نوسخە به‌نرخانه‌ی کە بە دیاری پێی‌داوم. هه‌ڵبەت له ڕاستیدا بە مەبه‌ستی وه‌بیرهێنانه‌وه‌ی سه‌نگ و پێگەی ئەم شەش کتێبە لە گێڕانەوەی کوردی‌دا. که‌واته با بزانین ئەم دهقانە، وێڕای ئاستی جیا و جیاوازییان، له کوێی ئەده‌بی کوردی‌دا ڕاده‌وه‌ستن. واته با لە سیاسه‌ت و تۆپۆسی ئەو ده‌قانه بپرسین و بزانین بۆچی وه‌ها نووسراون.
من پێموایه ئەم ده‌قانه لە نێوان دوو جه‌مسه‌ری قه‌یراناویدا جێگیرن. یه‌که‌میان به‌ستێنی مێژوویی و کانتێکستی ده‌قه‌کان، که به کورتی دۆخێکی هه‌ره تاڵ، نامسۆگه‌ر و پڕ ته‌نگانه‌یه. دووه‌م ئاراسته‌ی تێکست و که‌شی ناوخۆیی ده‌قه‌کان، که بریتییه له مه‌یل و ویستی تێپه‌ڕین لە گێڕانەوەی «کلاسیکی»یه‌وه بۆ گێڕانەوەی «مۆدێرنیستی». له‌م پێناوه‌دا دەقەکان نە یه‌کسه‌ر دهپهرژێنە سەر واقیع و جیهانی ده‌ره‌کی ده‌نوێننه‌وه، نه پشتگوێیشی ده‌خه‌ن. بەڵکوو مێژوو، جیهانی ده‌مبا و واقیعی هەلاهەلا و به‌ر زه‌بری مۆدێرنیته (له قهڵافەتی که‌سایەتی، ماجه‌را، چیرۆک و…)، بە فیلته‌ری زه‌ین و زماندا تێده‌په‌ڕێنن و جیهان و واقیعی ده‌قه‌کی به‌رهه‌م دێننەوه.
لەم هێڵە سنوورییه‌دا (تێپه‌ڕین لە ڕێئالیزمی کلاسیک و جێگیربوون له مۆدێرنیزم)، بیرگه و یادەوەری جێگای زه‌مه‌نی ڕاسته‌کی و مێژووی هێڵەکی دەگرنەوە. گومان ده‌بێته بنجوبناغەی بنبڕێتی و متمانە. ده‌ربڕین و زمانی دەق لە شەفافیەتی ئامرازییه‌وه ده‌بێتە لێڵی و, ڕیتۆریکا ده‌بێتە گرفت. کهسایەتیی دهنگبڕاو و ماجه‌رای ڕازناک ده‌درێته ده‌ست گێڕەوهری وه‌سواسی و نادڵنیا. به هه‌مووی ئەمانه و به ڕاکێشانی قه‌یرانی کانتێکست بۆ ناو تێکست، هه‌م جیهانێکی پارچه‌پارچه و خۆبژیو به‌رهه‌م دێته‌وه، هه‌م نه‌خشه‌ی تازه‌ی گێڕانه‌وه دهکێشرێتەوه.
لەم ده‌قانه‌دا کاتێک نواندنه‌وه و زمان، بیرگه و زه‌ینییه‌ت، دڵنیایی و بنبڕێتی، وه‌ک سێکوچکه‌یه‌ک، تێکڕا کێشەدار ده‌کرێنه‌وه، گێڕانەوەی کوردی ده‌ره‌تان و توانستی تێپەڕاندنی ڕێئالیزمی کلاسیک و چوونە ئاسۆی مۆدێرن دەدۆزێتەوە.
دژواره به‌بێ کورتکردنه‌وه، خاڵی هاوبه‌ش له نێوان ئەو چیرۆک و کهسایەتییه جیاوازانه‌دا په‌یدا بکه‌ین، به‌ڵام ده‌کرێ بڵێین بەده‌ر له جیاوازایی گرفت و کێشمه‌کێشی ده‌ره‌کییان، زۆرینەی کهسایەتیی ئەم ده‌قانه خاوەنی زه‌ینێکی نا ئارام و نا جێگیرن. ته‌نانه‌ت له ناو دوگمبوونیشیان هێشتا له وته، گێڕانه‌وه و بیریان خاترجه‌م نین و ڕەنجی پێوە ده‌کێشن، ته‌نانه‌ت دەکرێت بڵێین ململانێی سەره‌کی و مه‌کینه و دینامی جووڵانیان هه‌ر ئه‌وه‌یه. گێڕانه‌وه‌ی نامسۆگەریش لێرەوە دزه ده‌کاته ناو زه‌ین و زمانه‌وه. له‌م به‌ستێنه زمانی و زه‌ینییه‌دا، که‌سایەتی و گێڕەوەر، به‌پێی نیازی ڕۆمان، یان چیرۆک سەرقاڵی تێگەیشتن و تێپه‌ڕین له دۆخی شێواو و مێژووی ڕۆنراو، فامکردنی واقیعی لێکترازاو و دۆزینەوەی لانیکه‌می سه‌ره‌داوی ڕووداوەکانن. خودی ئەم گه‌ڕان و گومانه بێ ئەنجامه، دووربوونی ڕەوایەتهکان له یه‌کدی و لێکنه‌گه‌یشتن، مۆتیڤێکی هاوبه‌شی زۆربه‌ی به‌رهه‌مه‌کانه.
هه‌روه‌ها یادەوەری لەم دەقانەدا ئەرکی ئەرشیڤی نییه و بیرگهیش عه‌مباری ڕابردوو نییه. ئەزقه‌زا فه‌رامۆشی کارایه و ڕوخساری وهبیرهێنانەوە و نووسین دەگۆڕێت. هه‌ڵبه‌ت ئەم دۆخە لەگەڵ شۆک و زەبره سیاسی و کۆمەڵایەتییه‌کانی مۆدێرنیته و ترۆما جۆراوجۆرەکانی ناو دەق یەکدەگرنەوە. ئاساییە زمانیش ناچار بێت خۆی لەگەڵ ئەم وەزعهدا بگونجێنێت.
سێ که‌لێن و شا-درزی گه‌وره، به سەرانسه‌ری ئەو ده‌قانه‌دا تێپەڕیوه. درزی نێوان ئەوەی ڕوویداوه و ئەوەی وەبیردێتهوه. ئەوەی وه‌بیردێته‌وه و ئەوەی به زمان ده‌ردێت. ئەوەی ده‌ق پاڵی پێوەدهدات له‌گه‌ڵ ئەوه‌ی لێی دڵنیا نییه. دوورونزیک بینای گێڕانەوه‌ی هه‌ر شه‌ش کتێبه‌که له لێواری ئەم سێ که‌لێنه‌دا بنیات نراوه. ئەم ستراتیژه مۆدێرنیستییه، ته‌نها هه‌ڵبژاردنی بوتیقایی و مه‌یلی فۆرماڵ نییه، به‌ڵکوو ناچاری و پێویستییه‌که بۆ ده‌رکی دروستی جیهانی داستانی، نواندنه‌وه‌ی شڵەژان و درزه مێژووییه‌کانی مۆدێڕنیته که جیهانی کوردی و دنیای ده‌قه‌کان له سه‌ری ڕاوەستاون.
وریایی ئەم ده‌قانه لەوه‌دایه به بیانووی ته‌کنیک و فۆرم، چیرۆک لا ناده‌ن. هەمیشه چیرۆکمان هه‌یه، با پارچه‌پارچه‌ش بن، یان لە پشته‌وه دابنرێن. هه‌ڵبەت ئەوەی قورسایی گێڕانەوە پێکدەهێنێت، هه‌ر تەنها چیرۆک و ڕووداو نییە، بەڵکوو چه‌شنی ڕوودانیه‌تی لە زماندا که ده‌بێتە پارسەنگی سه‌ره‌کی. واته ڕووداوەکە چۆن دەگێڕدرێتەوە، بە چ زه‌ینێکدا تێدەپەڕێت و لە زماندا چیی لێدێت. لە کوێدا دەشکێت و بە چ ڕاده و ڕاژەیەکی دڵنیایی و نادڵنیایی بۆ خوێنەر دەگوازرێتەوە. واته گێڕانەوە، لەبری ئەوەی وەڵامی «چی ڕوویدا» بداتەوە، ئەو پرسیارە دەخاتەڕوو: «چۆن دەتوانرێ بگێڕدرێتەوە؟»

ئەم شەش کتێبە چ جیاجیا و وەک کۆمەڵە کتێب بخوێنرێنه‌وه، یان وەک پرۆژەیەک و جڤاتێکی پێکهاتوو له ده‌یان مرۆڤ و فۆرمی ژیان سه‌یریان بکرێت، توانیویانه و ده‌توانن ببنه پاڵپشتێکی پته‌و بۆ ڕۆمان و داستانی نوێی کوردی. پارادۆکسی زراڤی دەقەکانیش ڕێک لێرەدایە: سەرەڕای ئەو نادڵنیایی و ڕاڕاییەی کە تانوپۆی گێڕانەوەکانی پێچنراوه، خودی بەرهەمه‌کان بۆ گێڕانەوەی کوردی بنهڕەتی قایم و بینای جێمتمانەن. وێڕای فه‌رامۆشی و «به‌سته‌زمانی»ی که‌سایه‌تییه‌کان و ئاماده‌بوونی گێڕەوەری متمانه‌پێنه‌کراو، کتێبه‌کانی کاک عه‌تا، شایه‌تی «زماندار» و بیرگەی ئەرخایهن و ڕاستبێژن بۆ سته‌می دانپیانه‌نراو و ڕەنجی له‌بیرکراوی خەڵکانی ئەم زمان و خاکە.
هر نوع بازنشر این متن با ذکر منبع «خانه کتاب کُردی» مجاز است.
ماڵی کتێبی کوردی